بەبێ بەشداری لایەنەکان سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم كۆده‌بنه‌وه‌

بڕیارە ئەمڕۆ  سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم بەبێ بەشداری لایەنەکان لە بارەى بڕینى ٣٢٠ ملیار دینارەکەى هەرێم کۆببنەوە.

 

بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆدەبنەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەشدار دەبن. 

 

لە کۆبوونەوەکەدا پرسی بڕینی پشكی هەرێم لە یاسای قەرز و رەوانە كردنی شاندێك بۆ بەغدا تاوتوێ‌ دەكرێن. 

 

بڕیار بوو كۆبوونەوەكە لەگەڵ ئەندامانی كوردی پەڕلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو نەوەی نوێ و ئایندە و كۆمەڵ و گۆڕان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا داوای كرد ئەو كۆبوونەوەیە دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكە بۆ ئەوەی هەموو لایەنە كوردیەكان تێیدا بەشداری بكەن. 

 

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌بێ به‌شداری نوێنه‌رانی كورد پرۆژه‌ یاسای كورتهێنانی دارایی په‌سه‌ندكرد، به‌گوێره‌ی پرۆژه‌یاساكه‌ش، حكومه‌تی عێراق بڕی ١٢ ترلیۆن دینار قه‌رز ده‌كات بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. 



AM:09:46:15/11/2020