ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە

ئەمڕۆ  چوارشەممە، لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لەمرۆوە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، چەندین چالاكی بەڕێوەدەچن بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان.

 

رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری كراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ هەڵمەتێكی نیشتیمانی رادەگەیەنرێت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت لەهەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و سیمینار و هۆشیاركردنەوەی ژنان لەمافە یاساییەكانیان، كردنەوەی پێشانگا بۆ نیشاندانی ئازار و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان كراوە لەهەرێمی كوردستان.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا شەش هەزار و ٤٣٢ حاڵەتی توندوتیژیی دژ بە ژنان تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش ٢٢٢٠ حاڵەتی لە هەولێر، هەزار و ٦١٤ حاڵەت لە دهۆک و بەدوای ئەویشدا سلێمانی دێت، کە هەزار و ٥٥٨ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە.

 

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات، لە سەردەمی کۆرۆنادا تووندوتیژی دژ بە ژنان زیادیکردووە، بەڵام دەڵێت، ئاماری ئەو تووندوتیژییانە پێش کۆرۆناش مەترسیداربوون، ساڵی رابردوو ١٨%ی ژن و کچان رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی یاخود تووندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە.



AM:09:22:25/11/2020