حەوتەمین مەراسیمی ساڵڕۆژی شەهید کاوە گەرمیانی سازکرا

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٥ی کانوونی یەکەم، مەراسیمی حەوتەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی سازکراو خەڵاتی ئەمساڵی شە‌هید بەخشرایە رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا.


کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مەراسیمی حەوتەمین ساڵرۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕی ئەو رۆژنامەنوسە شەهید بە ئامادەبونی چەندین رۆژنامەنوس و چالاكوان و كەسایەتی بەڕێوەچوو.


لە مەراسیمەكەدا چەند وتەیەك سەبارەت بە شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی و دۆخی رۆژنامەوانی پێشكەشكران و دواتر وتاری لیژنەی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لەلایەن رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان پێشكەشكراو خەڵاتی ئەمساڵی کاوە گەرمیانی درا بە رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا. 
مەراسیمی خەڵات بەخشینەکە لەلایەن شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیانی پێشكەش بە نیاز عەبدوڵا كرا.


دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە نیاز عەبدوڵا رایگەیاند"هەم خۆشحاڵم و هەم نیگەرانم لەوەی ئێمە هەمو ساڵێك لە یادكردنەوەی تیرۆری رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانی شەهیددا بەیەك دەگەینەوە، خۆشحاڵم لەوەی كە ئێمە هەمومان بە بێ كۆڵنەدان و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەردەوامین لەسەر بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و دژایەتی ستەم، نیگەرانم لەوەی ئێمە ساڵ لەدوای ساڵ كە پێكەوە كۆدەبینەوە بەڵام تاوانباران و بكوژان دەربازبون لە سزا."
 


PM:09:49:05/12/2020