بەرپرسێکی عێراقی هۆکاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکرا دەکات



سەرۆکی لیژنەی ئابوریی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کردووەو، ئاشکرای دەکات کە لەسەر پێشنیاری سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرزکراوەتەوە. 

 


ئەحمەد کینانی کە سەرۆکی لیژنەی ئابوریی وەبەرهێنانە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "مەدا"ی رایگەیاندووە" لە دوایین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ کازمی تاوتوێی پیشنیاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرا کە تێیدا پێشنیازی کردبووە، بەهای دینار کەم بکرێتەوە بەرانبەر بە دۆلار، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت ئەو قەیرانە سەختەی ئابورییەی  کە تێیکەوتووە تێپەڕێنێت".  

 


  
سەرۆکی لیژنەی ئابوریی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەکات، "بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق خولی بێت، بەجۆرێک هەموو سەرۆک لیژنە پەرلەمانییەکان بگرێتەوە، ئەوش بە مەبەستی نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان".  

 


 لە کۆبوونەوەکەدا بودجەی وەبەرهێنان، موچەی فەرمانبەران بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، نرخی نەوت، بەهای دیناری عێراقی و کاریگەرییەکانی لەسەر بازار تاوتوێی کراون".  


  


کینانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، " تائێستا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لەلایەن حکومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە".   

 


لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە بە فەرمی بانکی ناوەندی عێراق نرخی دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند بۆ ١٤٧ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

 


AM:11:15:27/12/2020