(لە سنوری سلێمانی پەکەکە هێزی چەکدار دروست دەکات و دەیانێرێتە قەندیل و ڕۆژئاوا).

ئارێز عەبدولآ
                                                                                                   
ئەم هەواڵەی سەرەوە مانشێتی ڕۆژنامەی خەبات،  ژمارە (٦٧٤١)ی ڕۆژی ١٤-٥ -٢٠٢٤ی زمان حاڵی پارتییە، کە دێرینترین حزبی کوردستانە و سەرۆکەکەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆکی هەرێم و ئێستاش جێگری سەرۆکەکەی سەرۆک و جێگری دووەمیشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کەچی بەم شێوەیە لە پێناوی راکێشانی سەرنجی ئەو دەوڵەتەی کە بەهۆی (کورد) بوون جیاوازی لە نێوان کاک مسعود بارزانی و عبداللە ئۆج ئاڵان ناکات، ئەو هەواڵە چەواشەکارییە هەڵدەبەستێ و بڵاوی دەکاتەوە! 

باشە ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاستبێ چۆن دەکرێ ئەو حزبەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە لە دەستە بەم شێوەیە بڕوانێتە پارێزگایەکی دی نیشتمان؟!

ئەگەر ڕاست نییە، چۆن دەکرێ هانی دەوڵەتێک بدا کە هەر دوێنێ بوو لە فڕۆکەخانەی عەربەت ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمانی شەهید کردن و ڕۆژانەش بە پاساوی هەبوونی پەکەکە لە بادینان و بناری قەندیل و شارباژێڕ بە فڕۆکە و دڕۆن هاوڵاتیانی سڤیل شەهید دەکات؟

 ئێستا هاوڵاتیان هەقیانە بپرسن، ئایا بەڕاستی کاک مسعود و کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور ئاگاداری ئەو مانشێتەی خەباتن یان نا؟

 ئایا ئەگەر ئەو زانیارییە ڕاستیش بێ (کە ڕاست نییە) دەکرێ بە ئاشکرایی و (فی سبیل اللە)یە  پێشکەش بە تورکیا بکرێ؟ 

ئایا ئەوە پاساو و هاندان نییە بۆ ئەوە تورکیا جارێکی تر دەست لە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بووەشێنێتەوە و ئابلۆقەی سەر فرۆکەخانەکەی بهێڵێتەوە؟ 

هیوادارم ئەم مانشێتە بێئاگاداری سەرۆکایەتی پارتی بێ و لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوە بدەن؟

18/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر