پێشەکەوتنی تەکنەلۆژیای گەیاندن کاری بڵاوکردنەوە و گەیاندنی زانیاری و هەواڵەکانی ئەوەندە ئاسان کردوە، کە کەسێک بە تەنیا دەتوانێ لە ماڵی خۆی کەناڵێک بکاتەوە ڕاست و چەپ ئەوەی بەسەر زمانی دادێ بڵاوی بکاتەوە و نەیگێڕێتەوە.
لەم کوردستانەی ئێمەش بەهۆکارەکانی بێکاری و بێکاری ڕووداپۆشراو و خەریکبوونی زۆربەی خەڵکی بە سیاسەت ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەست کردۆتەوە، بۆیە هەر هاوڵاتییەک ڕۆژانە دەیان هەواڵی ڕاست و ناڕاست و دژ بەیەکیش دەبیستێ و ڕەنگە نەشتوانێ لە یەکتریان جیابکاتەوە، بۆیە توشی سەر لێشێوان دەبێ یان ئەوە بە ڕاست وەردەگرێ، کە خۆی پێی خۆشە.
ململانێ سیاسیەکان ئاسایی نین و هەموو حزبەکانیش بە پێی توانای خۆیان کەم تا زۆر خاوەنی کەناڵی خۆیانن، کە هەندێکیان زۆر زەبەڵاحن. هەر لایەنە و لای خۆیەوە هەوڵدەدا لە کەناڵە تایبەتیەکانی خۆی پەیامە ڕاست و چەواشەکارییەکانی خۆی بگەیەنێ، بەو هۆیەشەوە سەر لە خەڵکی شێوێندراوە و بەزۆری ئەندام و لایەنگرانی هەر حزبێکیش ڕاست و چەپ لە سۆشیال میدیا پشتگیری لە هەواڵ و زانیارییەکانی کەناڵەکانی خۆیان دەکەن و ئەوانەی تر ئەگەر ڕاستیش بن ڕەت دەکەنەوە و گومانیان دەخەنە سەر!
بە کورتی لەم کوردستانە چاواشەکارییەکی گەورە هەیە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و زوو یان درەنگ لێکەوتە خراپەکانی دەردەکەون. ئایا کەی ئێمە ڕاگەیاندنێکی بەرپرسمان دەبێ؟
دەتوانین ڕۆژانە قامک لەسەر دەیان هەواڵ و زانیاری کەناڵە گەورە و بچووکەکان دابنێین. ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر بابەتەکە حاڵەتێکی بەسەردا تێپەڕین بێ یان بە هەڵە وەرگرتن و زانیاریەک بێ تا ڕاددەیەک ئاساییە، بەڵام کاتێک ئەوە دەبێتە میتۆد نەک هەر نا ئاساییە، بەڵکو مەترسیداریشە.
ئێستا دوو ئاراستەی ڕاگەیاندنی دژ بەیەک هەن یەکیان کاری تەنیا بەشان و باڵ هەڵدانی دەسەڵات و دەسەڵادارانە و ئەوەی دیشیان خەریکی سوککردن و ڕەشکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانە، بەشێوەیەک وەکو ئەوەی هیچی باش لەم وڵاتە نەکرابێ و نەکرێت!
دەمەوێ لێرەدا نموونەیەکی ئەمڕۆ بێنمەوە:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەند کەناڵێک هەواڵی ڕێککەوتنی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند! ..
بۆ بەدواداچوونی ئەو هەواڵە پەیوەندیم بە ئەندامێکی شاندەکەی بەغداوە کرد و گوتی: دوور و نزیک لە کۆبونەوەی دوێنێ ئێوارە باسی ئەم بابەتە هەر نەکراوە.
زۆری نەبرد سەرۆکی یەکێتی کاک بافڵ تاڵەبانی بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند: هەڵبژاردن دواناخرێ و لە کاتی خۆیدا دەکرێ.
هەر ئەمڕۆ لە کەناڵە جیاجیاکانی پارتیم بیست کە بەهەوڵ و هیمەتی پارتی و سەرۆکی حکومەت کێشەی مووچە چارەسەر و دابەشکراوە!
گومانمان نییە لەوەی هەموو حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەیان داوە، حزبیش نییە لە کوردستان حەزی نەکردبێ کێشەی مووچە چارەسەربکرێ، مەگەر ئەوانە نەبێ کە بڕیاریان داوە لە خراپە زیاتر هیچی حکومەت نەبینن.
بۆ دەبێ بەو شێوەیە کاربکرێ و پەنجە بۆ لایەنێکی گرنگی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە درێژ نەکرێ؟!
لایەنی سەرەکی چارەسەرکردنەکە دادگای فیدراڵیی بووە، چونکە بڕیاری ئەو دامەزراوە فیدراڵییە بوو بابەتی مووچەی لە کیشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا جیاکردەوە و سەپاندییە سەر حکومەتی فیدراڵی کە مانگانە وەک مووچەخۆرانی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانیش بدا!.