بازرگانی و کاری سیاسی!

ئارێز عەبدولآ

ئێمە ڕاهاتووین یان بۆ بەرژەوەندیی خۆمانە هێشتا بەکاری سیاسی دەڵێین خەبات!.. ئەگەر خەبات لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی نەبێ تەنیا بازرگانی کردنە بە سەروەرییەکانی وڵات. 

ترامپ سەرمایەدارێکی گەورەی ئەمریکایە و کاری سیاسیش دەکات، بەڵام وەکو هەموو هاوڵاتیانی تر یاساکانی ئەمریکا بەسەر خۆی و کۆمپانیاکانیشیدا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە ئەو ناوتوانێ بە ئارەزووی خۆی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەکاربێنێ و هەر ڕۆژە و پارچە زەوییەکی شارەوانی داگیر بکات یان بەبێ سەرمایە ببێتە هاوبەشی (تەنیا) قازانجی کۆمپانیاکان.

 کوردستان وەکو ئەمریکا نییە، چونکە وەک پێویست لێپرسینەوە لە باڵادەستەکان ناکرێ و بە ئاشکرا دیارە، کە لەو بوارەدا ئەوەی لێرە دەگوزەری لە ئەفغانستانی تاڵیبان و سۆماڵیش هەر ئەوەندە وڵات بەناشیرنی بەڕێوەدەبرێ. 

ئەوانەی کاری سیاسی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەکەن ئەرکێکی پێویستە و ئەوانەیش کە بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەکەن ئەگەر دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدار نەبن کارێکی باشە و وڵات بەرەو پێشەوە دەبەن، بەڵام ئەوانەی سیاسی و دەسەڵاتدارن و بەناوی (خەبات)ەوە خۆڵ لە چاوی خەڵکی دەکەن. تەنیا وڵات دادەڕمێنن و سیستەمی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن.

19/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر