چۆن لەڕووداوی فڕۆكەكەی سەرۆكی ئێران تێبگەین؟!

د. سەعید عەلی محمد


بێگومان ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سەرۆكی ئێران و هاوڕێكانی لەبەر هۆكاری خراپی كەش و هەوا بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە ئەگەرەكان ، بەڵام لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك تێبینی و سەرنج هەن لەسەر كۆی ڕووداوەكە كە دەكرێ مۆركێكی تر بە ڕووداوەكە ببەخشن تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوە و ڕێوشوێنە ئەمنییەكان پێچەوانەكە دەسەلمێنن!

یەكەم : هەرچەندە هێرشەكانی 14ی نیسانی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تا ڕادەیەكی زۆر سنووردار بوون و  بە ئاگاییەكی زۆرەوە ئەنجامدران ، بەڵام ناكرێ قەوارەی جولەكە ئەو هێرشانەی بەسەردا تێپەڕێ بەبێ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەیەكی قووڵ و بەهێز، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی پێكهاتەی دەوڵەتی جولەكە کە ناكرێ لەبەر كۆمەڵێ هۆكاری ستراتیژیی ڕێگە بدات ئەو هەیمەنە و دەسەڵاتە سەربازییەی كە لەناوچەكەدا هەیەتی - وەك قەوارەیەكی دروستكراو و نامۆ – بشكێنرێ و لێی بدرێ ، ئەمەش ڕاستیەكە كە بە ڕوونی لەمێژووی تەمەنی ئەو قەوارەیەدا دیارە ، كە چۆن مامەڵەی كردووە كاتێك ئەگەر بچوكترین شۆڕشگێڕێكی فەلەستینی ئازاری دابێ ، ئەی دەبێ چۆن مامەڵە بكات ئەگەر دەوڵەتێك بۆ یەكەمجار هێرش بكاتە سەری لەدوای هێرشەكانی سەدام حسێنی سەرۆكی پێشووی عێراق لە ساڵی 1991 ەوە!

دووەم : لەبەر هەندێ هۆكاری تری جیۆستراتیژیی كە پەیوەندیان بە ڕێوشوێنە تایبەتەكانی ئەمریكاوە هەیە لە ناوچەكەدا ، باشترین بژاردەی بەردەم دەوڵەتی جولەكە لەبەرانبەر هێرشەكانی ئێراندا ئەوە بوو وەڵامێكی هەبێت كە لە ئاستی دەوڵەتدا بێت بەڵام وەڵامەكە لەچوارچێوەی شەڕێكی ناڕاستەوخۆی سێبەردا بێ .

سێهەم : چونكە دەوڵەتی جولەكە توانایەكی بێ وێنەی هەیە لەڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و شەڕی سێبەردا ، بۆیە لەو بوارەدا لە توانای خۆی زۆر دڵنیابوو، هەر لەدوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر هێرشەكانی ئێران زۆرێك لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئەمنیی و سەربازیی ئاماژەیان بۆ ئەوەدا كە قەوارەی جولەكە لە وەڵامدانەوەی ئێراندا پەنا بۆ شەڕی سێبەر دەبات ، ئەو شەڕە سێبەرەی كە ئەزموون سەلماندوویەتی دوژمنەكانی دەوڵەتی جولەكە لەو بوارەدا ئەو توانا هاوشێوەیەیان نیە ، بەتایبەت كە ئەو دەوڵەتە خاوەن چەندین تۆڕی ئەمنیی و سیخوڕیی تۆكمەیە لە قوڵایی چەندین وڵات لەوانەش :  ئێران .

چوارەم  : مەرج نیە تەلئەبیب نەخشەی تیرۆركردنی سەرۆكی ئێرانی داڕشتبێ ، بەڵام یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە : پێدەچێت ئەو هەلە لە بارودۆخێكی گونجاوی وادا هاتبێتە پێش كە زۆر یارمەتیدەر بووە بۆ توانای خێرا جێبەجێكردن و پیادەكردنی نەخشە و بیرۆكەكە .

پێنجەم  : بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ڕێڕەو و ئاڕاستەی گەشتەكەی سەرۆكی ئێران ڕوون و ئاشكرا بوو لای ئیسرائیلییەكان ، ڕۆشتنی بۆ بینینی سەرۆكی وڵاتێكی هاوپەیمانی جولەكە كە ئازەربایجانە ، واتە: ئیسرائیل زانیاری پێش وەختەی لەبەردەستدا بووە سەبارەت بە ئاڕاستەی فڕۆكەكان و شوێنی نیشتنەوەیان ، ئەمە جگە لەوەی ناوچەكە جوگرافیای سیاسیی مەیدانیی چالاكی دەزگا سیخوڕیەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلە : ڕۆژهەڵاتی توركیا ، باكووری ڕۆژهەڵاتی عێراق ، ئەرمینیا ، ئازەربایجان ، بۆیە توانا ئەمنیە خێراكان زۆر بە ئاسانی لە بەردەست بوون بۆ جێبەجێكردن.

شەشەم  : دەوترێ فڕۆكەكەی (ڕەئیسی) پشتی بە سیستمی (G-P-S) بەستووە ، كە ئەم سیستمەش ئیسرائیلییەكان زۆر بە ئاسانی و بەتوانایەكی باشەوە دەتوانن تەشویش بخەنە سەری و تێكی بدەن ، ئەڵبەت سەرەڕای بوونی هۆكاری سروشتی – بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ لەنێو سێ فڕۆكەدا تەنها لەنێو فڕۆكەی سەرۆكدا كەمتەرخەمی هەبووبێ ، دیارە ئەمەش كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنێ و، وەڵامدانەوەشیان پێویست بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی وورد دەکات.

حەوتەم : هەندێك پرسیاری ئەوە دەكەن ئاخۆ پۆستی سەرۆك لە ئێراندا گرنگە؟ ئایا خودی كەسایەتی ڕەئیسی گرنگ بوو؟ لە وەلامدا دەڵێین : بیرۆكەكە لە سروشتی مەعنەویی قوڵی ئامانجەكەدایە ، بەشێوەیەك كە هاوتابێت لەگەڵ قەبارەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر جولەكە ، بەو پێودانگەی كە ئێران دەوڵەتێكی هەرێمایەتی گەورەی ناوچەكەیە.

هەشتەم : لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی سەرۆك لە ئێراندا گرنگە و پەراوێزیی نیە هەروەك هەندێك دەڵێن! پۆستی سەرۆك لە ئێراندا یەكێكە لە ئامڕازەكانی بەردەستی ئەو وڵاتە لە ڕێكخستنی دژ بەیەكەكان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان ، ڕابەری ئێستاش لە سەردەمی خومەینیدا هەر سەرۆك بوو.

نۆیەم : (ڕەئیسی) و (عەبدول لاهیان)ی وەزیری دەرەوە هەردووكیان سەر بە پەیڕەو و خەتی ڕابەری ڕۆحیی بوون و، لە كەسایەتیە هەرە نزیكەكانی بوون ، ئەمە جگە لەوەی كە (ڕەئیسی) بە جێگرەوەی ڕابەری ئێستا پێشبینی دەكرا ، كە ئەمەش بایەخ و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و ناكرێ فەرامۆش بكرێ.

دەیەم : بە چاوپۆشی لەوەی كە ڕووداوەكە سروشتی بووە یان مەبەستدارو پلان بۆ داڕێژراو بووە ، دەكرێ بڵێین : گەشتی سەرۆك بە هاوڕێیەتی چەندین كەسایەتی گرنگ بە كۆپتەرێك كە خاوەن توانایەكی ئەوتۆی پێویست نیە لە پاراستنی سەلامەتی گیانی سەرنشینەكانی ، هەروەها لە كەشوهەوایەكی دژوارو، لەنێو ناوچەیەكی شاخاوی سەختدا بۆ ناوچەیەكی هەستیار لەڕووی ئەمنیەوە بۆ بینینی سەرۆكی دەوڵەتێكی هاوپەیمانی ئیسرائیل ، هاوكات لەگەڵ ئەو گرژیە بەرفراوانەی لە ناوچەكەدا هەیە ، ئەمانە هەر هەموویان جێی سەرسوڕمان و تێڕامانن ، چونكە ئاماژەن بۆ بوونی بۆشایی و كەمتەرخەمیەكی ئەمنیی ناڕوون ، ئەمە بێجگە لە دەستەبەرنەكردنی دەزگاو كەل و پەلی پێویست لەنیو فڕۆكەكەدا بۆ بینین و ڕێكردنی شەوانە كە ئەمەش دووبارە جێی سەرسوڕمانە ، چونكە دەكرا تەكنەلۆژیای ئەو بوارە لە وڵاتی چین یان كۆریای باكوور وەربگیرێ و كۆپتەرەكەی سەرۆكی پێ سازو ئامادە بكرێ.

لەلایەكی ترەوە پشت بەستن بە فڕۆكەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە كاری پشكنین و فریاكەوتن و گەڕاندا ، واتە : دەستخستنی زانیاری وورد و خێرا بۆ ئەمریكییەكان پێش ئێرانییەكان خۆیان ، لەکۆتاییدا دەڵێم : ئەم ڕووداوانەش نیشاندەری ئەوەن كە بۆشاییەك و خاوبوونەوەیەكی ئەمنیی گەورە هەیە لەو یاریە شەترنجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە زۆر  مەترسیدارەدا.

22/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر