ئایا حازری بۆ ئیمام؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
عێراق لە ڕوی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیەوە بەرەو وەرچەرخانێکی گەورە دەڕوات. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، مۆدێلێک لە حوکمڕانی لە عێراق پەیڕەوکراوە کە بە مۆدێلی پێکهاتەیی ناسراوە. ئەم مۆدێلە، یان چەمکە، گەرچی ناوازەیە، بەڵام دەرخەری کۆمەڵێک گرێ و ترسە لە هەناو سیستەمی دەسەڵاتداریی عێراقدا، لە سەری هەمویانەوە ترسی زاڵبونی لایەک و پەراوێزخستنی ئەوانیترە. مۆدێلی پێکهاتەیی لە سەر ئەو بنەمایەیە کە شیعە و کورد و سوننە، پێکهاتەن، بەو مانایە دەبێت وەک یەک بەشداربن لە حوکمدا.

لە گەڵ ئەمەدا چەمکی کەمینە بۆ ئەو گروپانە بەکاردێت کە هەمان مافی یەکسانی ئەو سێ پێکهاتەیان نیە، وەک تورکمان، کەمینە ئاینییەکان و ئەوانیتر.

بەمجۆرە عێراقی پاش سەدام، خۆی لە چەمکی زۆرینە دەپاراست. چونکە زۆرینە میکانیکییەن، کەمینە بەرهەم دەهێنێت، ئەم میکانیزمەش، مایەی ترسە، چونکە پێکهاتەکانی عێراق خاوەن مێژویەکی خوێناوین.

ئێستا ئێمە هەست بە وەرچەرخان دەکەین لە سەر بنەمای ئەوەی کە چەمکی زۆرینە بەکار دەبرێت لە لایەن شیعەوە. زۆرینە، یانی بونی مافی زۆرتر لە ئەوانیتر. خۆی لە هەناو سیستەمی زۆرینە و کەمینەدا، زۆرینە خاوەن هەموو مافێکە، بەڵام جێگای کەمینە دەکاتەوە وەک بەشێک لە خۆی یان پێدانی ئەو مافانەی کە هیچ لە پێگەی زۆرینەیی زۆرینە کەمناکاتەوە. بە زمانێکی تر کەمینە، دەگونجێنرێن لە هەناو سیستەمی زۆرینەو کەمینەدا، بەجۆرێک کە هیچ ئالەنگارییەک بۆ زۆرینە دروست نەکات. دیارە ئەمە لە باشترین دۆخدا، ئەگیان بە گشتی کەمینە دەسەڵاتی بە سەردا پیادە دەکرێت، بۆیە بە گشتی کەمدەسەڵات یان بێدەسەڵاتە.

ڕەنگە وتەکانی بەها ئەلئەعرەجی زەقترین دەربڕی ئەم دۆخە بێت، بەڵام بەکاربردنی چەمک و دیدی زۆرینە هەتابێت زیاتر دەبێت.
ڕەنگە پرۆژەی سەدر لە هەموان زیاتر جەخت لە سەر ئەم ئاراستەیە بکاتەوە. سەدر نەک بەوەی لە گەڵ حەلبوسی و بارزانیدا ویستی حکومەتی زۆرینەو کەمینە پێکبهێنێت، بەڵکو دوا هەوڵی بۆ تێپەڕاندنی پشوی ڕۆژی غەدیر بە چڕی کارکردنە بەم ئاراستەیەدا.

غەدیر تەنها ڕەهەندی تایفی یان جەدەلی نێوان سوننە و شیعەنیە، بەڵکو هێنانی چەمک و دونیابینی ئیمامەتە بۆ ناو سیاسەت. بەپێی تەفسیری شیعە بۆ غەدیر، لەو ڕۆژەدا خوێن و بنەماڵەیی و نەسەب دەبێت بنەمای حوکمرانی ئیسلام. ئەمەش خۆی لە چەمکی ئیمامدا دەبینێتەوە. ئیمامەت ڕەهەندی زۆرە، بەڵام دەرکەوتەی کردەیی ئێرانە.

ئێران لە سەر بنەمای ئیمام و سەرۆک کار دەکات. وەک ئەمیر تاهیری نوسیبوی ڕەئیسی تەنها سەرۆک بوو کە پێگەی ئیمامی لە ناو کایەی سیستەمی ئێرانیدا بەباشی دەزانی، بۆیە هەمیشە خۆی وەک بچوک و موتیعێک دەبینی نەک سەرۆک.

لە سیستەمی ئیمامیدا، ڕۆژانە و دینیانە تێکەڵ دەبن. نهێنی نیە کە سەدر دەخوازێت سیاسییەکی پیرۆزبێت. وەک سیاسییەک وتە و بڕیارەکانی مشتومڕ نەکرێن، بە هەناو ناوەند و کەناڵ و دەزگادا تێنەپەڕن، بەڵکو دەستبورد پیادەبکرێن.

ئیمامەت کۆتایی بە عەلمانیەتی حکومەتی عێراقی دەهێنێت. زۆرینەی کورد نازانن عەلمانی یانی چی، چونکە هێزە ئیسلامیەکان بە ئەنقەست شێواندویانە، بۆ دروستکردنی بەرە و دوژمنی وەهمی. عەلمانی یانی سیاسەتکردن بۆ پرسە دونیاییەکان بە شێوازیی دونیایی، یان مرۆیی. بۆ نمونە داڕشتنی بودجە کردەیەکی عەلمانییە. دەبێت بزانرێت داهات چەندە، لە کوێوە دێت، چۆن سەرف بکرێت، بۆکوێ بڕوات باشترە، چۆن بنەمای داهاتوی لێ دابڕێژێت.

ئێران لە بەر بونی کەلتوری ئیمپراتۆریی ئەم دەزگایانەی هەیە. بەڵام عێراق نیەتی. بۆیە لەم بۆشاییەدا، مەرجەعیەت، کەسایەتیەکان، هێزە دەسەڵاتدارەکان، بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە.

دیارە بێگومان ئیمام نایەت، چونکە ئێمام لێرەیە. بەڵام کەس نایناسێتەوە، هەتا گەڵاکە نەکەوێت. ئەمە جۆرێکە لە مەسیانیک پۆلەتیک.

messianic politics
سیاسەتکردن لە چاوەڕوانی عیسادا، وەک ئەوەی عیسا لێرەبێت.

27/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر