مێژوی داهاتوو: سەروەری لە پاش ئەمەریکا

د. سه‌ردار عه‌زیز
زۆرینەی ئەو خەڵکانەی کە لە دونیای ئێمەدا دەژین خەڵکی سەردەمی ئەمریکین. ئەمە بە مانای ئەوەی خەڵکی سەردەمێکی تایبەتن لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، کە گۆی زەوی تاکە زلهێزێک بەڕێوەی دەبرد. هەرگیز لە مێژوی مرۆڤایەتیدا شتی وەها ڕوینەدابوو. ئێستا ئێمە لە سەرەتاکانی کۆتایی ئەم سەردەمەداین. 
ئەم سەردەمەی کە دێت، هێشتا جوت جەمسەریی یان فرە جەمسەریی نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ڕێگریی لە بەردەم تاک جەمسەریدا. هۆکاری ئەمە تەنها سەرهەڵدانی هێزی تر یان ئایدەلۆژیای ترنیە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی گۆڕانی ئەمریکا خۆیەتی لە ناوەوە. ئیان برێمەر وەک یەکێک لە کاریگەرترین ڕاڤەکەرانی ڕیسک و جیوپۆلەتیک وەهای دەبینێت یەکێک لە مەترسیەکانی ئەمساڵ ئەمریکا دژ بە خۆیەتی، چونکە لە سەد و پەنجا ساڵی رابوردودا ئەمریکا وەها پەرت و دژ بە خۆی نەبوە.
سەرقاڵبونی ئەمریکا بە خۆیەوە، پەرتبونی لە نێوان هێزی دیموکراسیی، شارنشینی، خاوەن بڕوانامەی جیهانگەرادا، لە بەرامبەر خەڵکانێکی زۆر کە هەست دەکەن سودمەند نەبوون لەم سیستەمە و دژینی. هەروەها کاریگەری دیموگرافیا و گۆڕینی ژینگەی کەلتوری ئەمریکا. بیست ساڵ لەمەوپێش سەمۆئێل هەنتنگتۆن لە کتێبی ئێمە کێین و پرسی کۆچبەر باسی لێوەکرد.
ئەمریکای سەرقالە بەخۆیەوە، هەروەها کشانەوەی ئەمریکا لە گرتنە بەری بەرپرسیارێتی ئازادی لە دونیادا، مەبەستم، ئازادی هاتوچۆ و کاڵا و زانیاری و شمەکە، دۆخێک دێنێتە ئاراوە کە جوڵە چیدی ئاسان نەبێت یان تێچونی زۆر بێت، وەک لە ئێستای دەریای سوردا دەیبینین.
دەکرێت لە دۆخێکی وەها باس لە سەردەمی پاش ئەمریکا بکەین. لە سەردەمێکی وەهادا ئەمریکا سەرقاڵی دونیا و هاوشێوەکردنی دونیا و هەناردەکردنی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و ئەم بەهایانە نیە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە چۆن دۆستەکانی رابگرێت لە پێناو هاوسەنگکردن و ڕکەبەری نەیارەکانی. 
ئەم دۆخە وەک جەنگی ساردی لێدێتەوە. ساڵانێکی پێشتر، بیرمەندی ڕیالیستی ناسراو جۆن مێرشمایەر پێی گوتین کە ئەمریکا تەنها لە سەردەمی تاک جەمسەریدا لیبرال دەبێت و هەوڵی تەشەنەی لیبرالیزم دەدات لە دونیادا. هەرکاتێک ئەمریکا ڕکەبەری بۆ پەیدابوو، ئەوا بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوسەنگی هێز و گوێ بە بەها و خەسڵەتی هاوەڵەکانی نادات.
لە سەردەمی ئەمریکادا، کەمینەکان، دەزگاکان، هێزە نادەوڵەتیەکان، ڕێکخراوەکان مافی مرۆڤ دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە لە دونیای دەوڵەتدا، لە هەناو سیستەمی دەوڵەتدا بواریان بۆ بڕەخسێت، فشار بکەن، ئامادەیی و کاریگەرییان هەبێت، بەڵام هەموو ئەمانە، ئەگەر کۆتاییشیان نەیەت، بە تەواوی لاواز دەبن.
سەروەریی دەبێتە چەمکێکی کاریگەر. چەمکی سەروەریی لە دوو دەیەی ڕابوردودا لە ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لای بیرمەندانی چەپی پۆستمۆدێرن وەک درێدا، ئەگامبین و فۆکۆ ڕوبەڕوی ڕەخنەی جەرگبڕ بوەوە. لای ئەوان سەروەر کە پادشا یان دەوڵەت بێت، نابێت مافی ژیان و مەرگی خەڵکەکانی هەبێت، یان مافی ئەوەی هەبێت کە باری عورفی ڕابگەیەنێت. بەڵام سەروەری لە سەردەمی پاش ئەمریکادا چەند مانایەکی جیاواز وەردەگرێت.
یەکەم، هەر وڵاتێک سەروەریی نەمێنێت، ئەوا ئەوانیتر کوشتنی خەڵکەکانی سەر بەو وڵاتە بێ سەروەرانە بە کارێکی ئاسایی و بێ کێشە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها لە میانەی کێشەکانیاندا بەکوشتیان دەدەن، وەک مرۆڤی بێ ماف یان بێ دادکۆکیکەر.
بۆ نمونە، وەک قەیس خەزعەلی گوتی، ئەمریکاییەکان ئێرانیەکان ناکوژن، هەروەها ئێرانیەکانیش ئەمریکیەکان ناکوژن. بەڵام هەردولا عێراقیەکان دەکوژن. ئەم درک پێکردنەی قەیس لە بینین و واقیعەوەیە، ئەگینا ئەو هێندە خاوەن عەقڵ و ئاگایی نیە. ئەم دۆخە بۆ سوری و یەمەنی و لوبنانی و کورد و ئەوانیتریش ڕاستە. بەم پێیە لە سەردەمی پاش ئەمریکادا، مرۆڤی بێدەوڵەت، مرۆڤێک دەبێت بەکار دەهێنرێت وەک زەخیرەیەک بۆ شەڕی وڵاتانی خاوەن سەروەر. 
لە ڕاستیدا سەروەری مانای تری زۆر وەردەگرێت لە مانا تەقلیدیەکەی. لە پاش ئەمریکا چەمکی سەروەری وەک چەمکێکی دژ بە دیموکراسی بەکاردێت. بۆ نمونە، لە سەردەمی ئەمریکیدا، دەستوەردان و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی بەشێک بوو لە جیهانگەریی، بەڵام سەروەریی لە لایەن وڵاتانی دژ بە دیموکراسیەوە بەکاردێت بۆ دروستکردنی بەهانە بەوەی زلهەزەکان مافیان نەبێت دەستوەردان بکەن. ئەمڕۆ هەموو قسەکەرێک لە عێراق ئەوە خراوەتە سەر زمانی کە باس لە سەروەریی بکات، دیارە بەبێ بونی ئاگاییەکی ئەوتۆ بە مانا و پاشخان و ڕەهەندەکانی ئەم چەمکە.
سەروەریی لە ڕەهەندێکی تریدا، مانای دژ بە سەروەریی لیبرالە. سەروەری لە پاش ئەمریکا یانی بونی دەسەڵاتی دەوڵەت بە سەر خەڵکی ناو تیرەتۆری خۆیدا، هەتا ئاستی قەتڵوعام و کوشتن. چین داکۆکیکەری ئەم تێزەیە.
دەوڵەتی چینی بە تێکەڵەیەک لە کەلتوری دژە مرۆڤی و هەروەها لە هەوڵێک بۆ ڕێگریی دەستوەردان، ماف بە دەوڵەت دەدات کە بەبێ هیچ ڕێگرییەک وەک پێداویستیەکی مانەوە بە ملیونان لە هاوڵاتیانی بکوژێت. ئەمە بە زەقی لە پەیوەندی چین و سوریادا دەیبینین. دوا سەردانی بەشار ئەسەد بۆ چین، دەرخەری ئەوەبوو کە چین زۆر بێباکە بەرامبەر کوشتنەکانی ئەسەد بۆ خەڵکەکەی.
ڕەهەندێکی تری گرنگی دۆخی پاش ئەمریکایی، کۆتایی هاوکاریی ئەمریکا بۆ بونیادنان و گۆڕانکاریی. لە پاش هەردوو هەوڵی بونیادی دەوڵەت و نەتەوە لە عێراق و ئەفغانستان، ئەمریکا گەشتە ئەو باوەرەی کە بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە لەم کۆمەڵگایانەدا مەحاڵە. لە وڵاتێکی وەک عێراقدا ئەمریکا بە ملیار دۆلاری لە بواری کۆمەڵگای مەدەنی، میدیا، هێز، دەزگادا بە فیڕۆ دا. پرۆسەکە پڕ پڕ بوو لە هەڵە، بۆیە شکست و مایەپوچی دەرئەنجامی بوو. هەڵەیەکی زەق ئەمریکاییەکان دەیکەن، ئەویش لە مامەڵەکردنە لە گەڵ ئەو لایەن و کەسانەی کە لە ناوخۆدان. کێن ئەوانەی ئەمریکاییەکان مامەڵەیان لە گەڵدا دەکەن؟ بە زۆری خەڵکی بێکاریگەر و بێتوانان.
بەڵام کۆتاییهێنانی ئەمریکا بۆ هەوڵی گۆڕین و بونیادنان یەکێک دەبێت لە قوربانییەکانی کۆتایی سەردەمی تاک جەمسەریی. لە دۆخێکی وەهادا جێگرەوەی ئەم هێزانە ئەو لایەن و هێزانە دەبن کە ئەجیندای تریان هەیە. 
ئەوەی بۆ ئێمە سەختە ئەوەیە کە لە کاتێکدا نەمانتوانی سودمەندبین لە هەوڵەکانی بونیادنانی دەزگا و کۆمەڵگا و پێداویستیەکانی تری حوکمڕانی، لە هەمانکاتدا، ڕەوتێکی بەهێزی دژایەتیکردنی بونی هەیە. 
پاش ئەمریکا دونیا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەکەی جارانی، دۆخی شلی و ناسەقامگیر. لەم دۆخەدا، ئەوەی وەک جاران نیە، توانا و ئامرازەکانە. گەشەی تەکنەلۆجی کاتێک بۆ پەرتکردن و وێرانکردن و لاوازکردن و زاڵبون بەکاردێت زۆر کاریگەرە. لە دۆخێکی وەهادا جوداکردنەوەی باش و خراپ، بینینی هەموو ئاڵۆزییەکان، بەرژەوەندییە تایبەتەکان و بەرژەوەندییە گشتیەکان هەموو تێکەڵ دەبێت. 
لە دۆخی کورددا دۆخەکە بە جۆرێکی زێدە ئاڵۆزە. کورد کەمێک هاتە ناو دونیاوە لە ساڵانی ڕابوردودا، دەستی بە سەرەتاکانی مەعریفە کەوت. ئێستا ئەم نیمچە مەعریفەیە، زیانی زۆرترە لە سودی. ئێستا هێز و کەسایەتی و لایەنەکان زۆر باش دەزانن چۆن فریوبدەن، چۆن ئاراستە بکەن، چۆن پرسی فەیک دروست بکەن. لە کاتێکدا کۆمەڵگایەکی ماندوو توانا و پشوو درێژی ئەوەی نیە کە بتوانێت خۆی بونیاد بنێت یان بەرگریی بکات. جەنگی سارد بۆ کورد خراپ بوو، بەڵام کورد وەک کۆمەڵگا و کەسایەتی و بونیادەکانی تیایدا بەشدار نەبوو. ئێستا کورد بە هەموو بوارەکانی ناچارانە ڕوتە لە دونیاد

03/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر