یەکێتی و پارتی وەک دووحیزبی ڕەفتار کۆلۆنیالیزم

گۆران هەڵەبجەیی
لەوکاتە دەترسێم کە کوردستان لەلایەن کوردەوە داگیردەکرێت.{حەمەسەعیدحەسەن}

خەسڵەتی داگیرکەر{کۆلۆنیال} بریتیە لە بەتاڵانبردنی هەرچی داهاتوبەروبوومی وڵاتی داگیرکراوە ،واتە هەرچیەک سوودی هەبێت وەک کانزاوکانەکانی ژێرزەوی،بەروبوومی سەرزەوی و کشتوکاڵ،خاک و سەرخاک و شتی دیکەی تر کە بکەوێتە خانەی ئابووریەوە و جێگەی بایەخبێت.
دەمێک وڵاتێکی داگیرکەر وڵاتێکی دیکە یا دەڤەرێکی دیکە داگیر دەکات،پارەخەرج دەکات ،سوپا دەنێرێت ،پلان دادەنێت ،تەنها لەپێناوی یەک ئامانجدا  ،ئەویش قازانجی ماددیە . [بۆگەشتن بەئامانج وڵاتی داگیرکەر هەموو ڕێگەیەک بەمەشروع دەزانێت] کە ئەمەش{ مەبدەئێکی میکافیلییە} .
لەکن داگیرکەر ئەوەی نرخی نیە مرۆڤەکانی وڵاتی داگیرکراوە، حسابی ئاژەڵیان بۆدەکرێت ،مافیان دەخورێت ،سوکایەتیان پێدەکرێت،زیندانی دەکرێن،دەکوژرێن،تەرۆردەکرێن .
گەر ئەم کوورتە پێناسەیە بەراورد بکەین لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا  ڕێک [کاڵا بەقەد باڵا]دەبێت.
ڕەفتارو سیاسەتی ئەم دووحیزبە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە گەڵ خەڵک و خاکدا تەواو داگیرکەرانەیە. شتێک نیە وڵاتانی داگیرکەر کردبێتیان و یەکێتی و پارتی لەهەرێمی کوردستاندا نەیانکردبێت.لەو دەمەوە تا ئێستا هەرچیان کردوە تەنها یەک ئامانجی لەپشت بووە ئەویش دزی و تاڵانییە.
لەبەرئەوی خۆیان دەسەڵاتداری ڕەهان، هەربۆیە دزی ،داگیرکردنی شوێنە بەنرخەکان،گەندەڵی، زەوتکردن ، بێکێشە ئەنجامیان داوە.خۆگەر هەر تەگەرەیەکیش هاتبێتە ڕێگەیان ئەوە لەڕێگەی هێزو هەڕەشەوە بەتەلەفۆنێک  چارەسەریان کردوە. 
باوەڕناکەم سەکتەرێک،بوارێک،پێگەیەک ،زەویەکی بەبەها و بایەخدار ،شوێنێکی ستراتیژ ، زەویەکی بەپیت و بەرهەمدار مابێت و دەستی ئەم مافیایانەی  پێنەگەشتبێت.ئەمانە لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتدا ، بەتاڵانبردنی بەروبووم و داهاتدا ،قۆرخکردنی کایە ئابوریەکاندا، چەوساندنەوە و بێ کەرامەتکردنی خەڵکەکەیدا ،لە ئیستعمار ئیستعمارتر و بێبەزەیترن.
دەبینین ئەم دووحیزبە ڕەفتار ئیستعماریە بەردەوام بەبەرچاومانەوە،دارستانی سنەوبەر  ئەسوتێنن و دەیکەنە پرۆژەی کۆمپانیاکانیان،گوێچەم و گردو تەپۆڵکە  تێکدەدەن و دەیکەنە ئەپارتمان،زەوی کشتوکاڵی تەلبەند دەکەن و دەیکەن بەشوێنی ڕابواردن،{خانوو سینەما گەڕەکی کۆن گوند} دەڕوخێنن و دەیکەنە مۆڵ و بازاڕ،گەراجی پاس و سایلۆ تێکدەدەن و دەیکەنە پرۆژەی بازرگانی، قوتابخانەی تەمەن پتر لە{٦٠} ساڵ دەڕوخێنن و دەیکەنە گەراجی مۆڵەکەیان،تەجاوز لەسەر کۆڵان،شەقام،ڕێگای دەرەوە ،یاریگا و باخچەو زەوی ڕووکن و داروبەرد دەکەن و دەیانخەنەسەر ئەملاکەکانیان.بستێ زەوی کوردستان نەماوە بۆنەوت هەڵنەکەنرابێت ،شوێنی خۆش و بەرزایی و گردۆڵکە نەماوە  بۆ بارەگاو نیشتەجێبوون داگیر نەکرابێت.
کەواتە ئەتککردنی شاخی گۆیژەش دەکەوێتە نێو هەمان پرۆژەی کۆلۆنیالیەوەو بەئاسانیش دەستبەرداری نابن.
کەی وازیان لەسرووشتی داگیرکەرانەیان هێنا[کە مەحاڵە] ،ئەوکاتەش تەجاوازکردن لەسەر موڵک و سامانی گشی کۆتایی دێت.
هەست دەکەم لەم دۆسیەشدا کە گرنگ و بایەخدارە  و پەیوەندی بەژینگەو سیمای سلیمانیەوە هەیە،خەڵکی باژێڕ و  و زۆرێک لەڕووناکبیرانی زۆر خەمساردن، ئەم ئەرکە قورسە بەتەنها کەوتوەتە سەرشانی چەند بەڕێزێک ،وەک ئەوەی دانیشتوانی سلیمانی هەر ئەوچەند کەسەبن.
پاڵپشتی ئەو گرووپە ئەرکی هەمووانە ،چونکە تا فشارەکان زیاتربن و بازنەی بەشداربووان فراوانتر بێت کاریگەری لەسەر ئەو کۆمپانیا حیزبیانەی گۆیژە ئەتک دەکەن زیاتر دەبێت.



30/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر