نێچیر بارزانی ، دیندار زێباری بەدرۆ خستەوە

گۆران هەڵەبجەیی
هەندێک بەناو سیاسی هەن هەرگیز تەڕنابن ،یەکێک لەوانە {دیندار زێباری} ڕێکخەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستانە.
ئەم کابرایە کوردواتەنی [ڕاستی لە قەلبیدا نیە]، تەنها بۆ ئەوە خولقاوە کە درۆبکات.
خۆی باش دەزانێت درۆدەکات،لەوەش دڵنیایە کە کەس بڕوای بە قسەکانی نیە،لەوەش گرنگتر  ئەو وەزارەت و دەزگاو بەرپرسانەی ئەم بۆ جوانکردنیان  بەناویانەوە درۆدەکات،ئەوانیش چاک دەزانن دیندار درۆدەکات و لەوەش خراپتر هەست دەکات کە  ئەو بەرپرسانە  بەسوکی سەیری دەکەن.
دەی کەواتە بۆ درۆدەکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە، هەرکەس  بەجۆرێک پارەپەیدادەکات،هەیە بە دزی و گەندەڵی،هەشە بە ڕەنجی شانی خۆی،هەیە بەهۆی بەهرەکەیەوە ئیدی هەر بەهرەیەک بێت،هەشە بە هۆی درۆکردنەوە بۆلایەک حیزبێک دەسەڵاتێک پارە پەیدادەکات،جا دیندار دەکەوێتە ئەم خانەوە ،واتە بەدرۆ دەژی و نانی درۆ دەخوات.
ئەم درۆزنە وەک [سندوقی مووزیک] وایە،ئەو سندوقانەی لە هەندێک لە باڕەکانی ئەوروپا هەن ،کەی پارەت تێکرد ئەو دەمە  ئەو گۆرانیەت بۆ دەڵێت کەلەسەر سندوقەکە دیاریت کردوە.
جا ئەمیش  کەی درۆکەیان بۆدیاری کرد وەک سندوقەکە  درۆکە دەکات و لەپاداشتیدا جگە لەمووچەکەی [ئیکرامیەش] وەردەگرێت.
ئەم درۆزنە بەردەوام لەلایەن میدیاکانەوە،دەزگاکانی مافی مرۆڤی کوردستان،حیزبە سیاسیەکانەوە بەدرۆخراوەتە ،بەڵام کەڵکی نەبووە چونکە بەهۆی پاڵپشتی حیزبیەوە حسابیان بۆ ناکات.
ئەو تەنانەت ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو وڵاتانی دیکە، بێ شەرمانە بەدرۆدەخاتەوە کە تایبەتن بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەکوردستان.
بەڵام ئەمجارە زلەیەکی وا بەهێز لە بناگوێی درا هەرگیز ئازارەکەی لەیاد ناکات.  ئەم جارە لە ترۆپکی حیزبەکەی و دەسەڵاتەوە زۆر بەزوویی بەدرۆخرایەوە ،ئەوەبوو لەلایەن سەرۆکی هەرێم نێچیر بارزانی بەناڕاستەوخۆ وەڵامی درایەوە.پاش کەمتر لە تێپەڕبوونی [٢٤] کاتژمێر  بەسەر درۆکەی دینداردا کە گووتی{ دادگاکان لەهەرێم سەربەخۆن‌و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی‌و دەرەکیش بۆیان نییە دەست لەکاروباریان وەربدات}،نێچیر بەجۆرێکی تر باسی دەزگای دادوەری کرد کە تەواو پێچەوانەی قسەکانی دیندار بوو.
پێموایە نێچیر  بەم ڕەخنەیەی لە دەزگاکانی دادوەری بەتیرێک سێ نیشانی شکاند کە گووتی (دادگاکان لەژێر گوشاری سیاسیدان‌و دەسەڵاتی دادوەری ڕوبەڕوی تەحەدیات‌و کێشەی گەورە دەبێتەوە).
نیشانی یەکەم دەخوازێت بەخەڵک بڵێت، تەنها ئێوە  نین کەگلەیتان لە بێ دەسەڵاتی داگاکان هەیە ، ئەوەتە منێکی سەرۆکی هەرێم هەمان گلەیم هەیە ،بەمەش دەخوازێت بڵێت من لەگەڵ ئەوبڕیارانەی دادگاکاندا نیم کەلەژێر گووشاری دەسەڵاتداراندا دەردەچن،کەزیاتر مەبەستی ئامۆزاکەیەتی..نیشانی دووەم خودی  دیندار زێباریە کە دەخوازێت پێی بڵێت{بەسە درۆی بێتام بەناوی حکومەتەوە}.نیشانی سێیەم کە زۆر گرنگە پەیامێکە بۆ مەسرووری ئامۆزای  پێی دەڵێ درێژکردنەوەی سزای شیروان شیروانی  چوار ساڵی دیکە ئارەزوویەکی دیکتاتۆریانەی تۆیەو  هەرگیز بڕیاری دادگا نیە و دەزگاکانی دادوەری گەمەیەکی مەترسیدارن بەدەستتەوە.
ئەم بەدرۆخستنەوەی دیندار لەلایەن نێچیرەوە  پێیان دەڵێت وڵات بەدرۆ و ساختەکاری بەڕێوەناچێت.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت دەمێک نێچیر لەهەرەمی دەسەڵاتدابوو درۆی زۆری بۆرا، بۆیە ئەم گلەییەی جۆرێکە لە ململانێ لەگەڵ ئامۆزاکەیدا کە خەریکە هێدی هێدی بەڕەکە لەژێرپێی هەموان ڕادەکێشێت بەتایبەتی نێچیر.


28/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر