ئیسلامۆفۆبیا وه‌ک تارمایی
به‌شی یه‌که‌م
ماردین ئیبراهیم
هه‌میشه گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌سته و جڤاکه‌کان کۆمه‌ڵێک پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپ، ڕستێک تێڕوانینی گریمانه‌کراویان له‌سه‌ر ده‌سته و جڤاکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان هه‌یه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ک کۆمه‌ڵگاشدا ده‌سته‌و گروپ و کۆمه‌ڵه‌یه‌ک پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپی دیاریکراو له‌سه‌ر گروپه‌کانی دیکه گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن؛ له زۆربه‌ی دۆخه‌کانیشدا ئه‌و پێشداوه‌رییانه له‌گه‌ڵ فاکته‌کان یه‌کناگرنه‌وه. هه‌ندێکجار ئه‌و پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپانه- با زۆرجار ناڕاستیش بن- ده‌کرێت ئه‌رێنی بن و به‌شدارییه‌کی بنیادنه‌رانه بکه‌ن له ڕۆنانی ناسنامه‌ی گروپێک بۆ نمونه بۆچوونێکی بڵاو هه‌یه که کورده‌کان ئازان، کوڕی ئیتاڵی که‌شخه‌ن، خه‌ڵکی پاریس ڕاقین، خه‌ڵکی پشده‌ر میوان نه‌وازن. ئه‌و ستیریۆتایپانه ده‌کرێت ڕاست بن و ده‌کرێت ڕاست نه‌بن، به‌ڵام له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا کارکردێکی ئه‌رێنی دروست ده‌که‌ن و هه‌ندێک جار پاڵ به‌و گروپه‌وه ده‌نێن له‌گه‌ڵ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا بێنه‌وه. زۆرجاری تریش ئه‌و پێشداوه‌ری و ستریۆتایپانه نه‌رێنین، بۆ نمونه ده‌کرێت ستیریۆتایپێک له‌سه‌ر خه‌ڵکی گوندێک هه‌بێت که گوایه توندوتیژن، یان گروپێکی ئیتنی یان ئاینی وه‌کو پیسوپۆخڵ، یان دانیشتووانی ناوچه‌یه‌ک وه‌کو که‌سانی که‌له‌ڕه‌ق ببینرێن. ئه‌و ستیریۆتایپ و پێشداوه‌رییانه که زۆربه‌ی جار ناڕاستن کارکردێکی نه‌رێنی ده‌که‌نه سه‌ر گروپه‌که و له هه‌ندێک دۆخیشدا سه‌ر ده‌کێشێت بۆ هه‌ڵاواردن و سته‌م و ناڕه‌وایی.
.....
ئیسلامۆفۆبیا وه‌ک پێناسه ئاماژه‌یه به هه‌ڵاواردن، به‌که‌مگرتن، خراپ مامه‌ڵه‌کردن، به‌دگۆیی و توندوتیژی زمانی و هه‌ندێکجار فیزیکیش به‌رامبه‌ر مرۆڤی موسوڵمان و کۆمه‌ڵێک ستیریۆتایپ و پێشداوه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه ته‌نیا له‌به‌ر موسوڵمان بوونه‌که‌ی. ئه‌وه پێناسه‌که‌یه‌تی؛ به‌ڵام من له‌م وتاره‌دا ڕه‌خنه له‌م تێرمه ده‌گرم و هه‌وڵی بنیادنانی دیدێک ده‌ده‌م که ئیسلامۆفۆبیا ناتوانێت گوزارشت له کێشه‌یه‌کی واقیعی بکات، به‌ڵکو هۆشیارییه‌کی ساخته‌یه، ئایدیۆلۆجیایه‌که که هێنده‌ی ڕاستی ده‌شارێته‌وه هێنده شتێکی گرنگمان پێناڵێت له‌سه‌ر بارودۆخی مرۆڤی موسوڵمان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی له خۆرئاوادا ڕوبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه.
.....
ڕۆنانی چه‌مکی ئیسلامۆفۆبیا به‌رئه‌نجامی تێنه‌گه‌یشتن و به‌هه‌ڵه شیکاریی کۆمه‌ڵگا لیبراڵه‌کانی خۆرئاوایه بۆ کێشه‌کانی هه‌ناوی خۆیان. خۆرئاوا له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک کێشه‌دایه و له‌ناویاندا کێشه‌ی ئیسلام که نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات و به چه‌مکی ساده و سانای وه‌کو ئیسلامۆفۆبیا له کۆڵ خۆی ده‌کاته‌وه. چه‌په‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی داهێنانێکی گه‌وره‌یان کردبێت به خوێنگه‌رمییه‌وه به‌و چه‌مکه‌وه نوساون و به‌ڕاده‌یه‌ک پارتی کرێکارانی به‌ریتانیا کۆرسی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌ندامه‌کانی بۆ دژایه‌تی ئیسلامۆفۆبیا. ئه‌و به‌هه‌ڵه پێناسه‌کردنه ده‌بێته ڕێگر له تێگه‌یشتنێکی زانستی له دیارده‌ی ئیسلامیزم هاوکات باڵی ڕاستی کۆمه‌ڵگا خۆرئاواییه‌کان ڕادیکاڵتر ده‌کاته‌وه و هۆکارێکه له‌ناو چه‌ندان هۆکاری تردا که بۆ نمونه گروپێکی ڕاستڕه‌وی توندئاژۆی ناو پارتی کۆنزه‌رڤاتیڤ هه‌وڵ بده‌ن ڕووی کۆمه‌ڵگای به‌ریتانی له سه‌دان کێشه‌ی ئاڵۆزی خوێندن و ته‌ندروستی و بێ‌کاری و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیان و باج وه‌ربگێڕن و به‌ره‌و هه‌ندێک کێشه‌ی دیکه‌ی ئاراسته بکه‌ن. هه‌ردووک به‌ره‌که‌ش، به ڕاست و چه‌په‌وه؛ له جڤاکی موسوڵمانانی ناو وڵاتانی خۆرئاوا و موسوڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاواش هه‌ر نه‌فره‌ت و کینه ده‌چننه‌وه.
.....
پێشتر و له ساڵانی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان، پێش ئه‌وه‌ی تێرمی ئیسلامۆفۆبیا به‌م فراوانییه‌ی ئێستا به‌کار بهێنرێت، چه‌مکێکی دیکه باو بوو که ئه‌ویش 'مه‌ڵتیکه‌ڵچرالیزم یاخود فره‌کلتووری' بوو، ئه‌مه نه‌ک هه‌ر تێرمێک بوو بگره پۆڵه‌سییه‌کی حکومه‌ت بوو و پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌کرا و کۆڕ و سیمینار و کۆرسی زانکۆ و چه‌ندان ڕێکخراو پێیه‌وه سه‌رقاڵ بوون، دوواتر له‌به‌ر ناکاراییه‌که‌ی و له‌به‌ر ئه‌و به‌رئه‌نجامه پێچه‌وانانه‌ی که لێی که‌وته‌وه و وایکرد کۆمیونیتییه‌کان نه‌ک ئاوێزانی کۆمه‌ڵگای خۆرئاوا نه‌بن به‌ڵکو هێنده‌ی دیکه ئه‌و گروپانه‌ی له یه‌کتر دابڕی، وازییان له پۆڵه‌سییه‌که هێنا و بێده‌نگه‌یان لێکرد. پۆڵه‌سییه‌که شکستی خووارد به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه بوو که ئێستا گروپه‌کان له‌ناو یه‌کتردا ناژین به‌ڵکو له ته‌نیشت یه‌کتره‌وه ده‌ژین و هه‌ر گروپه‌ی جیهانێکی خۆی هه‌یه، یاخود وه‌ک ده‌ڵێن 'پارالێڵ کۆمیونیتی'ن.
به‌ڵام کوا بڕیار وابوو ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی لیبڕاڵ له کۆمه‌ڵێک کۆمیونیتی پاڕالێل پێک بێت که گروپ و ده‌سته‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌یه‌که‌وه نه‌بێت و هه‌ر یه‌که‌ی له جیهانی فیزیکی و گریمانه‌کراوی خۆیدا بێت؟ به‌ڕاده‌یه‌ک که‌سانێکی په‌نابه‌ر ببنه بازرگان و سه‌رکرده‌ی دینی فه‌ناتیک و که‌م و زۆر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به وڵاتی خانه‌خوێوه نه‌بێت؟ نه له‌ناو سیسته‌می ئابورییه‌که‌یدا بن، نه هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌کی کلتوری به‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه بیانبه‌ستێته‌وه و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه بگره دژی ئه‌و به‌هایانه‌ش بن که ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی دروست کردووه؟
.....
چه‌ند کتێبێکی په‌یوه‌ندیدار
له دووای ڕوخانی دیواری به‌رلین و بلۆکی کۆمۆنیستی خۆرهه‌ڵات کۆمه‌ڵێک کتێب ده‌رچوون، له‌ناویاندا 'کۆتایی مێژو و دوواهه‌مین مرۆڤ'ی 'فرانسیس فۆکۆیاما' و 'پێکدادانی شارستانێتییه‌کان' ی 'سامۆوێل هه‌نتیگتن'. هه‌ردوو ئه‌و کتێبه به ئاراسته و به‌هانه‌ی فیکریی و میتۆدی خۆیان، جیاوازی کۆمه‌ڵگای خۆرئاوا و کۆمه‌ڵگاکانی تر وه‌ک جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ئاشتیهه‌ڵنه‌گر وێنا ده‌که‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به تێزه‌که‌ی فۆکۆیاماوه هه‌یه که پێی وابوو لیبراڵیزم سه‌رکه‌وت و وه‌کو دووا قۆناغی مێژو و ئیتر هیچ سیسته‌مێکی ئابوری و فیکری نا‌تووانێت مه‌یدانخووازی له به‌رامبه‌ردا بکات، که‌چی ساڵانی دووای ڕوخانی دیواری به‌رلین نه‌ک ساڵانی سه‌رکه‌وتنی لیبراڵیزم نه‌بوون به‌ڵکو ڕه‌وتی دژه لیبڕاڵ به‌شێوه‌یه‌کی دوژمنکارانه و توندوتیژ ڕوبه‌روی جیهانی لیبڕاڵ بووه‌وه و جه‌نگه‌که هێشتا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئاستی پێکدادانی ڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر ئاستی به‌هاکان و له‌سه‌ر ئاستی گوتاره‌کان. مۆدێلی ده‌وڵه‌تی چینی که مۆدێلێکی نادیموکراته له جاران به‌هێزتره، پۆتین و فه‌یله‌سوفه فاشیسته‌که‌ی 'ئه‌لیکسانده‌ر دۆگین' بابه‌تی ئازادی و به‌هاکانی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن به نوکته، ئیسلامیزم به‌شێوه‌یه‌کی بێپه‌رده و ڕاشکاو که‌وتۆته جه‌نگێکی وێرانکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ جیهانی خۆی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ش. هه‌رچی هه‌نتیگتنه له کتێبه‌که‌یدا وێنای شارستانێتییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ی که هه‌ر شارستانێتییه‌ک کرۆکێکی هه‌یه، یاخود بڕبڕه‌ی پشتی هه‌ر شارستانێتییه‌ک ئایینێکی دیاریکراوه، شارستانێتی خۆرئاوا کرۆکه‌که‌ی مه‌سیحییه‌ته و باکوری ئه‌فه‌ریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ند که شارستانێتی ئیسلامییه و کرۆکه‌که‌ی ئاینی ئیسلامه و کۆمه‌ڵگاکانی تریش به هه‌مان شێوه. به‌پێی تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن ئه‌و جیاوازییانه جیاوازی قووڵی ترادیسیۆن و به‌ها و که‌لتوورن، جیاوازییه‌کی ته‌واوی جیهانبینین به‌ڕاده‌یه‌ک جگه له پێکدادان هیچ ڕێگایه‌کی تریان بۆ نامێنێته‌وه. دوواتر ڕۆشنبیری به‌ریتانی به بنه‌چه پاکستانی 'تاریق عه‌لی' کتێبێکی بڵاوکرده‌وه به‌ناوی 'پێکدادانی فه‌نده‌مێنتالیزمه‌کان'. تاریق عه‌لی له کتێبه‌که‌یدا که وه‌کو وه‌ڵامێک بۆ تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن وایه ده‌یه‌وێت تێڕوانینێک بباته پێشه‌وه که له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی هه‌نتیگتن وه‌کو پێکدادانی شارستانێتییه‌کان وێنای ده‌کات؛ پێکدادانی شارستانێتییه‌کان نییه به‌ڵکو پێکدادانی گروپ و ده‌سته و ڕه‌وته فه‌نده‌مێنتالیسته‌کانی ئه‌و شارستانێتییانه‌یه. دیاره تاریق عه‌لی گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتن که پێکدادانی شارشتانێتییه‌کانه تێده‌په‌ڕێنێت به‌ڵام خۆی ده‌که‌وێته ناو دوو گرفتی تره‌وه، گرفتێکیان هه‌ر هه‌مان گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتنه که شارستانێتییه‌کان وه‌کو یه‌که‌ی خالیس و بێگه‌رد و ناپه‌یوه‌ندیدار وێنا ده‌کات، گرفته‌که‌ی تریش ئه‌وه‌یه که تاریق عه‌لی ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو فه‌نده‌مێنتالیزمێک یه‌کسان ده‌کات به یه‌کتر. ڕاسته فه‌نده‌مێنتالیزمی مه‌سیحی له ئه‌مه‌ریکا فه‌نده‌مه‌نتالیزمێکه به‌شێوه‌یه‌کی زێده‌ڕۆ پێ له‌سه‌ر کۆنزه‌رڤاتیڤیزم داده‌گرێت، به‌ڵام توندوتیژی نه به‌شێکه له ستراتیجی ئه‌و ڕه‌وته و نه هیچ دیدێکی خوێناوی په‌روه‌رده ده‌کات، جگه له‌وه‌ش باڵی ڕاستی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکا ئه‌و پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییانه‌شییان قبوڵ کردووه که سیسته‌م و کۆمه‌ڵگای ئه‌مه‌ریکی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و کردوویه‌تی به پێشکه‌وتووترین و به‌هێزترین کۆمه‌ڵگای دیموکراسی. ئه‌مه له کاتێکدا فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی ڕه‌وتێکی دڕنده و وێرانکار و که‌ڵبه‌داره که مه‌یلی له خاپوورکردنی دنیایه به به‌شه موسوڵمانه‌که‌ی دنیاشه‌وه و ململانێی گوتاره‌کان و ئایدیاکان له‌ناو فه‌زایه‌کی مه‌ده‌نی و پرۆسه‌ی سیاسی‌دا ڕه‌تده‌کاته‌وه.
کارڵ پۆپه‌ر، له کتێبێکی گرنگی خۆیدا به‌ناوی 'ئه‌فسانه‌ی چوارچێوه' ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئه‌و دید و تێڕوانینانه ده‌کات که هێڵێکی تۆخ له نێوان شارستانێتی و ترادیسیۆن و که‌لتور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کاندا ده‌کێشن و له‌وه‌ش واوه‌تر بیرۆکه‌ی چوارچێوه جا چوارچێوه‌ی که‌لتوری یان شارستانی بێت وه‌کو ئه‌فسانه وێنا ده‌کات.
پۆپه‌ر پێی وایه که هیچ شارستانێتییه‌ک نییه بێگه‌رد و خاڵس و سه‌ربه‌خۆ بێت و پڕ نه‌بێت له ڕه‌گه‌زی شارستانێتییه‌کانی تر، هه‌ر که‌لتورێک بیگریت پڕه له توخمی که‌لتوره‌کانی تر، هه‌ر زمانێک له چه‌ندان توخمی زمانی تر پێکهاتووه. له ڕاستیدا ئه‌و دیده‌ی پۆپه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی ئاشکرایه له تێرمی 'ئه‌بستیم' و 'شارستانێتی' و 'که‌لتوور' که چه‌ندان فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند به‌کاریان هێناون و ئه‌و یه‌کانه‌یان وه‌کو یه‌که‌ی دابڕا و و هۆمۆجین سه‌یرکردووه. پۆپه‌ر که خۆی فه‌یله‌سوفی زانسته به‌ڵام به‌شدارییه‌کانی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا زۆر گرنگ و به‌هادارن تاکو ئه‌و جێگایه ده‌ڕووات که ته‌نانه‌ت هیچ پارادایمێکمان نییه وه‌کو ته‌ونێک به‌ناو پارادایمی دیکه‌دا نه‌چووبێت به پارادایمی زانستیشه‌وه.
.....
نیگایه‌ک له مێژوو
نه‌ک هه‌ر ئێستا، به‌ڵکو له ڕابردووش‌دا کۆمه‌ڵگاکان و شارستانێتییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتر داناوه و به یه‌کداچوون و توخمی که‌لتوری و زمانی و به‌هاو داهێنراو و که‌ره‌سته‌ی مادیان له یه‌کتر خوواستووه و ئه‌وه‌ی پێیان گوتووه ترادیسیۆنی جیاواز؛ له ڕاستیدا به چه‌ندان رایه‌ڵه به ترادیسیۆنه‌کانی تره‌وه به‌سترابوون. هه‌رسێ ئاینی جو و مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام له‌ناو یه‌ک ناوچه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه و پاشان بڵاوبوونه‌ته‌وه. بێرنارد لویس ده‌ڵێت خۆرئاوایی و موسوڵمانه‌کان یه‌کتریان ده‌ناسی، له‌ناو په‌یوه‌ندیدا بوون و له هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژیان و ئاگایان له یه‌کتر هه‌بوو. که‌واته ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که ده‌ڵێن ئیسلامۆفۆبیا له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه که خۆرئاواییه‌کان ئیسلام ناناسن ڕاست نییه. خۆرئاواییه‌کان ئیسلام زۆر زیاتر ده‌ناسن له هیندویزم و بودیزم و کۆنفۆشیۆنیزم، ئه‌دی چۆنه باسی ڕق له بودییه‌کان ناکرێت؟ موسوڵمانه‌کان ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان کردووه؟
کۆمه‌ڵگا و شارستانێتی ئیسلامی پێشتریش هه‌ر تێکه‌ڵاوی و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵئه‌وانی تردا هه‌بووه، مرۆڤه‌کانی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و دووای سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌یشی؛ جا له ڕێگای بازرگانی و ڕیتمی ئاسایی ژیان و ئابورییه‌وه بووبێت یان له ڕێگای جه‌نگه‌وه تێکه‌ڵاویان له‌گه‌ل ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌بووه. به‌شی زۆری دیدگا و تێڕوانینه‌کان ده‌رباره‌ی ئیسلام به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له گۆشه‌نیگای ئیسلامه‌وه مێژوویان نووسیوه تێڕوانینی نامێژوویین و به‌شێوه‌یه‌ک باسی ئیسلام ده‌کرێت وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕوداو و ململانێکانی له‌ناو بۆشاییدا ڕوویان دابێت. ئه‌و کاته‌ی ئیسلام له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی سه‌رهه‌ڵده‌دات ڕۆمه‌کان و ساسانییه‌کان له ته‌نیشتییانه‌وه بوون. پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان تا کۆچی دوواییشی کرد مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی به پاره‌ی بیزه‌نتییه‌کان و ئێرانییه‌کان بوو، ئه‌و جلانه‌ی ده‌یپۆشی و ئه‌و سوپه‌ر و قه‌ڵغان و که‌ره‌سته جه‌نگییانه‌ی به‌کاری ده‌هێنا له‌شامه‌وه که ڕۆمه‌کانی لێبوون؛ بازرگانه‌کان ده‌یانهێنا، نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی له ده‌ره‌وه‌ی دنیا نه‌بوو. کاتێک موسوڵمانه تازه‌کان له‌لایه‌ن قوڕه‌یشه‌وه گوشاریان بۆ هات ده‌سته‌یه‌کیان- که کچێکی پێغه‌مبه‌ر و عوسمانی کوڕی عه‌فان و جه‌عفه‌ری برای عه‌لی ئه‌بوتالیبیان له‌ناودا بووه- په‌نایان برده به‌ر حه‌به‌شه که ئه‌سیوپیای ئێستا ده‌کات و ئه‌وکاته پاشایه‌کی مه‌سیحی شانشینێکی به‌ڕێوه ده‌برد به‌ناوی شانشینی ئه‌کسوم- پاشاکه خۆی ناوی ئه‌شامه بووه عه‌ره‌به‌کان پێیان وتووه ئه‌سحه‌مه و له مێژووی ئیسلامی‌دا هه‌ر به نه‌جاشی حه‌به‌شی ناسراوه و له ڕاستیدا نه‌جاشی له‌قه‌بی شایانه‌یه وه‌ک چۆن ده‌ڵێین فیرعه‌ونی میسر، قه‌یسه‌ری ڕوس، کیسرای ئێران- حوکمی ده‌کرد که هه‌ر به ئیعتیرافی خودی موحه‌مه‌د، پاشایه‌کی دادپه‌روه‌ر بووه. ئه‌و شانشینه مه‌سیحییه له‌گه‌ڵ قوڕه‌یشییه په‌یگانه‌کاندا په‌یوه‌ندی هه‌بووه و کاتێک قوڕه‌یشییه‌کان ده‌زانن ئه‌و تازه موسوڵمان بووانه ڕوویان کردۆته حه‌به‌شه، ئه‌وانیش وه‌فدێک ده‌نێرن ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یان ڕاده‌ست بکه‌نه‌وه، سه‌رۆکی وه‌فدی قوڕه‌یشییه‌کان بۆ لای نه‌جاشی، سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌توانای عه‌ره‌ب بووه و هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌جاشیدا هه‌بووه که دوواتر موسوڵمان ده‌بێت و ده‌بێته فیگه‌رێکی گرنگ له مێژووی ئیسلامدا، ئه‌ویش عه‌مری کوڕی عاسه. جوله‌که‌کان له مه‌دینه بوون و مه‌سیحییه‌کان له نه‌جران. ئه‌و کاته‌ی موحه‌مه‌د کۆچ ده‌کات بۆ مه‌دینه کوڕانی مه‌دینه که هه‌ندێکییان منداڵانی تازه موسوڵمان بووه‌کانن لای جوله‌که‌کان ده‌خوێنن و کاتێک جوله‌که‌کان ته‌نگییان پێ هه‌ڵده‌چنرێت و مه‌دینه جێده‌هێڵن ئه‌و کوڕانه له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆن و ناگه‌ڕێنه‌وه لای خێزانه‌کانیان به ڕاده‌یه‌ک کێشه‌یه‌ک چێده‌بێت و خێزانه‌کان سه‌خڵه‌ت ده‌بن و ئایه‌تی 'دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان' زاده‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌یه.
له ده‌وری موحه‌مه‌د سه‌لمانی فارسی هه‌بووه که باوکی پیاوێکی ئاینی و ئاگره‌وانی په‌رستگای زه‌رده‌شتی بووه و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌نده‌قێک به ده‌وری مه‌دینه‌دا له جه‌نگی خه‌نده‌ق بیرۆکه‌ی سه‌لمان بووه، سوهه‌یبی ڕۆمی هه‌بووه که خێزانه‌که‌یان ڕۆمی بوون، چابانی کوردی هه‌بووه که به ئه‌گه‌ری زۆر له دایک و باوکێکی مانه‌وی بووه. لوئلوئه‌ی فه‌یروز که فارس بووه و له بنه‌ماڵه‌ی له‌کارخراوی ساسانییه‌کان نزیک بووه له‌ناو مه‌که‌دا عومه‌ری کوڕی خه‌تابی کوشتووه. بوکه‌کانی عه‌لی کوڕی ئه‌بو تالیب، هاوسه‌رانی حه‌سه‌ن و حوسه‌ین فارسن و کچانی یه‌زگه‌ردن. دوواتر معاویه له‌ژێر کاریگه‌ری بیزه‌نتییه‌کان که‌شتیگه‌ل دروست ده‌کات. معاویه و خه‌لیفه‌کانی ئومه‌وی له چه‌ند هه‌وڵیکدا بۆ گرتنی کۆسته‌نتینییه - ئه‌سته‌نبوڵی ئێستا- شکست ده‌خۆن بۆ چوونه ناو ئه‌وروپاوه، هه‌رچه‌نده چوونه ناو ئه‌وروپا گوزارشتێکی دروست نییه چونکه ئه‌و کاته هێز و سوپا و ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان هه‌موو جێگایه‌کییان وه‌کو ناوچه‌یه‌ک ده‌بینی که ئه‌گه‌ر بتووانن داگیری بکه‌ن؛ داگیری ده‌که‌ن. له خۆرئاوای جیهانی ئیسلامییه‌وه که ئێستا به باکوری ئه‌فه‌ریقا ناسراوه موسای کوڕی نوسه‌یر که دووای کشانی ئیسلام بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێته والی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کی جه‌نگاوه‌ری ئه‌مازیغی که تاریقی کوڕی زیاد ده‌بێت ده‌تووانن ناکۆکی و چه‌ندبه‌ره‌کیی میر و ده‌سه‌ڵاتدار و پاشاکانی ئیبیریا که به ئه‌نده‌لوس ناسراوه بقۆزنه‌وه و له ده‌ریا بپه‌ڕنه‌وه و ئه‌و ناوچه‌یه داگیر بکه‌ن. پاش ساڵانێکی دوواتر عه‌بدولڕه‌حمانی داخیل له ده‌ست عه‌باسییه‌کان ڕاده‌کات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ناوچه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئه‌نده‌لوس یه‌کده‌خات. گه‌شه‌ی هونه‌ر و فه‌لسه‌فه و موزیک و ته‌لارسازی ئه‌نده‌لوسی به‌رهه‌می پێکداچوونی هه‌ردوو که‌لتوری مه‌سیحی و ئیسلامی و که‌لتوره ناوچه‌ییه‌کانی هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته. سۆفیزم و عیرفانی ئیسلامی به‌رئه‌نجامی به‌رکه‌وتنی ئیسلامه به عیرفانی مه‌سیحی و سۆفیزمی هیندویزم و بودیزم. مه‌ئمونی کوڕی هارونه ڕه‌شید - که دایکی ئه‌ویش عه‌ره‌ب نه‌بووه- وه‌فدێک ده‌نێرێت بۆ لای ڕۆمه‌کان و بۆ لای پاشای قوبروس بۆ ئه‌وه‌ی کتێب بهێنن و دارولحیکمه وه‌ریان بگێڕێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌مینداری کاری وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌زگایه 'یوحه‌نا کوڕی به‌تریق' و پشکنه‌ر و به‌راوردکه‌ری وه‌رگێڕانه‌کانیش'حونه‌ین کوڕی ئیسحاق' بووه که مه‌سیحی بوون. پزیشکی تایبه‌تی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی، پزیشکێکی جوو بووه که جگه له پزیشکییه‌که‌ی، ناسراوترین فه‌یله‌سوفی جوله‌که‌یه له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا ئه‌ویش 'مو‌سا ئیبن مه‌یمونه'. ده‌تووانین هه‌زاران نمونه بهێنینه‌وه له‌و به‌یه‌کداچوونه‌ی موسوڵمانه‌کان و ناموسوڵمانه‌کان، عه‌ره‌به‌کان و ناعه‌ره‌به‌کان. چیرۆکی فه‌یله‌سوفه موسوڵمانه‌کان و کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان له‌سه‌ریان و پاشان دووای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست؛ کاریگه‌ری فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب و کتێب و نوسین و وه‌رگێڕانه‌کانیان له سه‌ر بوژانه‌وه‌ی فیکری خۆرئاوا خۆی بابه‌تی چه‌ندان کتێبه. گه‌شه‌ی پزیشکی و فه‌لسه‌فه و زانست له سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهانی ئیسلامی به‌رهه‌می به‌ریه‌ککه‌وتنی ئیسلامه به ڕۆمه‌کان، فارسه‌کان و بودییه‌کان و هیندۆسه‌کان ئه‌مه‌ش دۆخێکی سروشتیی شارستانییه‌ته که بڵاوده‌بێته‌وه و گه‌شه ده‌کات و کاریگه‌ری داده‌نێت و ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌وه. هه‌تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده له زمانی عه‌ره‌بیدا وشه‌ی 'موسته‌شفا' نییه و به نه‌خۆشخانه گوتراوه بیمارستان و له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌کاندا عه‌ره‌به‌کان له فارسه‌کانیان وه‌رگرتووه.
.....
مرۆڤ و به‌های گڵۆباڵ
له دووای گۆڕانکارییه گه‌وره‌کانی خۆرئاواوه که له ڕێنیسانسه‌وه ده‌ست پێده‌کات و به‌ناو ڕیفۆرمی ئاینی و ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی پیشه‌سازیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌لومه‌رجێک له‌دایک ده‌بێت که هه‌لومه‌رجی مۆدێرنیتییه. ئه‌م گۆڕانکارییانه شارستانێتییه‌ک دروست ده‌که‌ن که زانست بڕبڕه پشته‌که‌یه‌تی نه‌ک ئاین، ئه‌مه‌ش مرۆڤێک دروست ده‌کات که نوێیه و کۆمه‌ڵێک داموده‌زگا و به‌هاو فۆرمی به‌ڕێوه‌بردن و سیسته‌می سیاسی داده‌ڕێژێت که تازه‌ن. ئه‌گه‌ر تێڕوانینه‌که‌ی پۆپه‌ر بکه‌ینه بنه‌ما ده‌تووانین بڵێین جیهان ئێستا هه‌مووی له‌ناو یه‌ک پارادایمدایه، له‌ناو یه‌ک شارستانێتیدایه. ئه‌وه‌ی به‌های کلتوری و وێژه‌یی و هه‌ندێک کۆدی کۆمه‌لایه‌تی له جێگاکانی دنیادا جیاوازن هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که ئه‌و شارستانێتییه‌ی له خۆرئاوادا سه‌ری هه‌ڵدا و گه‌شه‌ی کرد‌و بڵاوبووه‌وه؛ کۆمه‌ڵگاکانی تری دنیا وه‌کو نمونه‌یه‌ک و مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو چاوی لێده‌که‌ن.
ئه‌و بینینه‌ی خۆرئاوا وه‌ک ئه‌زمونێکی پێشه‌که‌وتو و به‌مۆدێلبوونه‌ی نابێت به گوزاره‌ی بێقوڵایی وه‌کوو 'لاسایی کردنه‌وه و چاولێکه‌ری' خۆرئاوا، خۆی لێ بدزرێته‌وه. ئه‌دیسۆن کاره‌بای داهێناوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێکی تریش دایبهێنایه بۆ نمونه خه‌ڵکی چین بووایه هه‌ر هه‌مان نرخی شارستانی ده‌بوو، هه‌رکه‌سێک بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی به‌تاریکی نه‌مێنێته‌وه وه‌ری ده‌گرێت؛ له‌و وه‌رگرتنه‌ش که‌س لۆمه‌ی ناکات چونکه داهێنانه‌که ئه‌گه‌ر له به‌ستێنی گشتی مرۆڤایه‌تیدا سه‌یر بکرێت داهێنانێکی هاوبه‌شه و مرۆڤایه‌تی به هه‌وڵی ورد و به‌رده‌وام و مێژوویی به‌ده‌ستی هێناوه و له‌و هه‌وڵانه‌شدا هه‌مووان به‌شدار بوون. ووشه‌ی ئه‌لگۆریتم له زمانه ئه‌وروپییه‌کاندا له بنه‌ڕه‌تدا له‌ناوی ئه‌لخه‌وارزمییه‌وه وه‌رگیراوه و هیچ که‌سێکی زانستخواز سڵناکاته‌وه له‌وه‌ی له خووارزمییه‌وه شت وه‌ربگرێت و لێیه‌وه فێر بێت. ئیبن خه‌لدون سه‌ره‌تاکانی زانستی کۆمه‌ڵناسی داڕشتووه و ئیبن خه‌لدوون موڵکی هه‌مووانه و سوده‌کانی زانستی کۆمه‌ڵناسی بۆ بودییه‌ک و هیندۆسێک و بێدینێک وه‌کو یه‌که. ئه‌و پێوه‌ره ئه‌گه‌ر بۆ زانست و پزیشکی و سه‌رجه‌م زانسته سروشتی و مرۆییه‌کان ڕاست بێت، بۆ سیسته‌می سیاسی و به‌هاکانیش هه‌ر ڕاسته. ئه‌و وڵاتانه‌ی چاویان له نمونه‌ی ئه‌مه‌ریکا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی خۆرئاوای ئه‌وروپا کرد ؛ پێشکه‌وتن، که نمونه‌کانی یابان و کۆریای باشور زۆر به‌رچاون، ئه‌وانه‌شی به‌هه‌ر بیانوویه‌ک ئه‌و نمونه‌یه‌یان ڕه‌تکرده‌وه ده‌سه‌لاتی سته‌مکار و له ڕووی به‌هاییه‌وه دوواکه‌وتووی وه‌کو کۆریای باکور و سعودیه و ئێران و سوریا و ئه‌ریتیریاو به هه‌ندێک پێوه‌ری تر چین و روسیا و ڤێتنام و نیپاڵیان لێده‌رچوو. له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای گه‌ردوونیبوونی شارستانی، جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ و سیسته‌می دیموکراسی مۆدێرن داڕێژراوه که ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی قوڵ و پایه‌داری هه‌یه و فه‌لسه‌فه‌ی نوێی خۆرئاوا گه‌شه‌ی پێداوه و له ڕاستیدا خۆدزینه‌وه لێیان به به‌هانه‌ی جیاوازی کلتوری و ئاینی به‌هانه‌یه‌که که له ناواخنی خۆیدا سته‌م و ملهوڕی په‌روه‌رده ده‌کات.