مارکس لە دۆڵە ڕوت

د. سه‌ردار عه‌زیز


لە بەشی هەشتی کتێبی سەرمایەدا کارل مارکس چەمکی کەڵەکەکردنی سەرەتایی یان پێشوو دەهێنێتەوە ناو باسەوە. 

مارکس ئەم بەشە بە "Die sogenannte ursprungliche Akkumulation"  ناو دەبات. خوێندنەوەیەکی وورد لە ناونیشانەکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مەبەست. مارکس هەموو چەمکەکە دەخاتە ناو کۆتەیشن یان ئیقتیباسەوە، هەروەها دەنوسێت بەناو کەڵەکەکردنی سەرەتایی. دیارە پێشگریی ئور لە زمانی ئەڵمانیدا لە ئوری عێراقەوە وەرگیراوە، بە مانای کۆن، دێرین یان پێشینە.
هەموو ئەمانە پێکەوە پێمان دەڵێن، مارکس بڕوای بە چیرۆکی کەڵەکەکردنی پێشینەیی نیە، بەڵکو ڕەخنەی دەکات. دیارە مارکس ئەم چەمکە لە ئابوریناسی سکۆتلەندی ئادەم سمسەوە وەردەگرێت. کە وەهای دەبینێت بریتیە لە بردنی زەوی و زار و بەکاربردنی بۆ مەبەستی سەرمایە.
دەیڤد هارڤی لە ڕاڤەی چەمکەکەی مارکسدا ئاماژە بەوە دەکات کە بردنی زەوی و زار و دەست بە سەراگرتنی، زەوییە بە مەبەستی دەرکردنی خەڵکەکەی و دروستکردنی توێژی بێ-زەویی و لە ئەنجامدا پرۆلیتاریا. چەمکی پرۆلیتاریا، یانی ئەو خەڵکەی کە تەنها توانای زاوزێیان هەیە.

هەموو ئەمانە لە دۆڵە ڕوت دەبینین. دۆڵە ڕوت وەها پۆلێن دەکرێت کە خاکێکی ڕەقەڵەی بێ سودە و ئەم کۆمپانیایانە دێن دەیگۆڕن بۆ جێگایەکی سودمەند. هەمیشە لە مێژودا کاتێک هێزێک دەیەوێت جێگایەک ببات، وەها پۆلێنی دەکات کە بێ سودە، بۆیە شایانی ئەوە نیە کە ناڕەزایی لە سەری دەرببڕێت.

گۆڕینی یاڵ و گرد و دۆڵ و زەوییە کشتوکاڵیەکان بۆ پرۆژەی خانوبەرە، بەرفراوانترین جۆری کەڵەکردنی سامان و دروستکردنی توێژێژێکی موڵکدارانی ساماندار لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی بێ دەرامەتە یان کەمدەرامەت.

دۆڵە ڕوت و شوێنەکانی تر، هەموو ئاماژەن بۆ دروستبونی کۆمەڵگایەکی ئێجگار چینایەتی لە کوردستان. دروستبونی توێژێک کە خاوەنی داهاتی زەبەلاحە، لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی کەمدەرامەت، جگە لە دروستبونی ناوچەی دابڕاو و داخراو، هەموو دەبنە بنەمای دروستبونی نایەکسانی کە هۆکارێکی هەرە سەرەکی نا-دیموکراسیی بونە.

چارلس تیللی دوو هۆکار بە سەرەکی دەبینێت لە پرۆسەی نا-دیموکراسیبون، de-democratization ئەوانیش نەبونی باوەڕ یان سیقە لە گەڵ نایەکسانی. پێویست بە ئاماژەدان ناکات کە نەمانی باوەڕ لە نێو کۆمەڵگا و نایەکسانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندێک زەقە. هۆکاری تری زۆر هەیە کە دەبنە مایەی نا-دیموکراسیی.

ڕەنگە دۆڵە ڕوت بکرێتە شوێنێکی جوان و ئاوەدان، بەڵام زۆرینەی زۆری خەڵک لێی مەحروم دەبن. لە نەبونی ئاگایی فیکریی، ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یان لە سەروی هەمویەوە ئاگایی ژینگەیی ئەم دیاردانە بە ئاسانی بەڕێوە دەچن. بەشی زۆری بەناو ئۆپۆزسیون یان سەرقافلەی ئەم کارانەیە یان توانای تێگەیشتنی ئەم دیاردانەی نیە. ئەوانیتریش خاوەن گەمەکەن.

31/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر