ناتوانم ئەمە نەڵێم

سەربەست حسین

ئەمڕۆ یادی ٨٠ ساڵەی یەکێ لە پێکادانە چارەنوسسازەکانی جەنگی دوهەمی جیهانە، کە ناسراوە بە ( دی دەی). لەم ڕۆژ دا، ١٣٣٠٠٠ سەربازی هاوپەیمانان - بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا- لە بەری بەریتانیاوە بە ڕێگەی ئاو، پەلاماری سوپای ئەڵمانیایان دا، لە وشکانیەکانی بەری فەڕەنسا. لەو ڕۆژەدا، ٤٤٠٠ سەربازی هاوپەیمانان کوژرا، ٩٠٠٠ ی تر بریندار، یا بێ سەروشوێن بوون.

ئەمڕۆ، لەم یادەدا، پاشای بەریتانیا ( چارڵس ) و سەرۆکی فەڕەنسا ( ماکرۆن ) لە ڕیزی دوهەمی ئامادەبوان دانرابون. ڕیزی یەکەم، تەنها بۆ سەربازە دێرینەکان تەرخان کرابو. ئەوانەی لەو شەڕە دا هاوبەش بوون. 

ماکڕۆن، لە وتەکەیدا گوتی : « هەتا ماوین لە چاکەی ئێوە و هاوەڵەکانتان دەرناچین. هەشتا ساڵە ئێمە لە سێبەری قوربانیەکانی ئێوە، ئاسودە دەژین». پاشای بەریتانیاش وتی: « چیرۆکەکانی ئازایەتی، کۆڵنەدان و هاوخەباتیی ئێوە، دەبێ هەرگیز لەبیر نەکەین. ئێمە قەرزاری ڕۆڵە قارەمانەکانی ئەو ڕۆژانەین.»

ئەمە بەراورد بکە بە یادی ئەنفال، کیمیاباران، ڕۆژی شەهیدان، ڕۆژی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شۆڕشی نوێی دوای ئاشبەتاڵ، مێژوێکی بێوێنەی قارەمانی و هەستانەوەیان تۆمار کرد. 

بەراوردی تێکۆشەری ئەمان - کە لە پێشی پاشا و سەرۆ کۆمار دادەنرێن -  بە پێشمەرگەی دێرینی خۆمان، ئەوانەی لەگەڵ کۆنە جاش، لە هەمان سرەی خانەنشین دەوەستن. ئەوانەی لە ناو خەڵک، چیتر ڕویان نایە بزانرێ (کۆنە پێشمەرگەن). ئەوانەی کۆڵیان داوە، چیتر لەناو خەڵک دیفاع لە ڕەوشتی بەرزی پێشمەرگەی کۆن بکەن. دەسەڵات وای لە خەڵک گەیاندوە کە، پێشمەرگەی دێرین، تەنها ئەوانەن کە سێتی ئوتومبیل بە دواوەیانەوەیە، تاسە و کابینەی حەرەس لەبەر ماڵیانە. باخ و باخەوان و حەسحەس و شەوانی سوریان هەیە.  پێشمەرگەی دێرین، تەنانەت مناڵەکانی خۆشیان لێیان کەوتونەتە گومان کە، ئەوەی دەربارەی قوربانی و گیانبازی خۆیان دەیڵێن، ڕەنگە ڕاست نەبێ. ئەو مناڵانە لە باوکیان دەپرسن؛ کە تۆ تێکۆشەربووی، ئەی کوا ڕیزی ئوتومبیلەکانمان؟ کوا حەرەس و حیمایەکانمان؟ کوا تاسەی بەرد رگاو کابینەی حەرەسیاتمان؟ ئەمانە وای کردوە، نەوەی تازە بگاتە قەناعەت کە،  تەواوی تێکۆشەرەکان، لە شاخیش، هەر خەریکی چەتەیی و زوڵمکردن بوون.

دەسەڵاتی کورد، بە دەستی ئەنقەست، پێشمەرگەی دێرینی سوک و لەکەدار کرد، تاوەکو نازیان هەڵنەگرێ. نەوەی ئەمڕۆشیان لە هەزاران سەگوزەشتە و داستانی قارەمانیێتی پێشمەرگە، مەحروم کرد، کە دەبوایە لە فێرگەکاندا بە شانازیەوە بگوترێتەوە. ئەم تێکۆشانە هی هەمو چین و توێژەکان بوو، بۆی هەبوو وەک کەتیرە کۆمەڵانی خەڵک پێکەوە ببەستێتەوە. نەک وەک ئێستا، کۆمەڵگایەکی لەتوپەتی ڕق لە یەک.

سەرم ئێشاندن. نەمتوانی ئەمە نەڵێم.

07/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر