دنیای تازە ڕەشەبایە، کوردستانیش دارێکی کلۆر

سەربەست حسین

دنیا لە لە سەر گۆڕانێکی گەورە دایە. ئەو دنیایەی لە دوای دوهەم جەنگی جهانەوە هاتە کایەوە، وا بەبەرچاومانەوە، دەپوکێتەوە و نامێنێ.  بە واتایەکی تر؛ بەم زوانە، چیتر ئەمریکا، تاکە زلهێزی دنیا نامێنێ. چین هاتۆتە مەیدان و ئەو دەبێت بە پێشڕەوی سەدەی ٢١، بە تەنهاش نیە.

لەم نوسینە دا، دەمەوێ نیشانی بدەم، چۆن ئەم گۆڕانکاریە هاتە کایەوە؟ هەوێنەکەی چی بوو؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێ نەهێڵێ ڕوو بدات؟ ئایا کوردستان، لە کوێی ئەم گۆڕانکاریە دایە؟ ڕۆڵەی کورد و دەسەڵاتەکەی، چی بکەن باشە؟

 کاتی خۆی:
 
لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوەوە تا ئەمڕۆ، دنیا ژمارەیەک ئیمپراتۆر و سوپەرپاوەری گەورەی، یەک بەدوا یەکی، بەخۆیەوە بینیوە؛ عوسمانی ١٢٩٩-١٩٢٢, پڕوشیا ١٧٠١ - ١٩١٨، هۆڵەندا  ١٥٩٥ - ١٧٩٥, بەریتانیا ( لە ناوەڕاستی سەدەی شانزە٫ تا ناوەڕاستی سەدەی بیست) و ئەمریکا ( ١٨١٥ تا ئەمڕۆ). توێژینەوە دەری خستوە کە، لە پلیکانەی سەرکەوتنی ووڵاتان و بوون بە زلهێز, پێنج پلەی سەرەکیی، بەدی دەکرێت. هەمو زلهێزەکان، بەم پلیکانەیەدا و بە هەمان ڕیزبەند، سەرکەوتون. بە هەمان ڕیزبەندیش شۆڕ دەبنەوە. بۆیە، وەک یاسایەکی لێهاتوە. ئەمانەی خوارەوەن:

١. پەروەردە و فێرکردن
٢. داهێنان
٣. بەرهەمهێنان
٤. قەوارە لە بازاڕی جهان دا
٥. توانای سەربازی

هەر وڵاتێکی ئاسایی، ئەگەر پلەی یەکەم - پەروەردە و فێرکردن - ، ببڕێ، ئەوا دەبێ بە ڕێخۆشکەر بۆ هەر چوار پلەکانی تر، یەک بە دوای یەک: پەروەردەکردنی نەوەیەکی، هوشیار بە باشترین فێرکردن، نەوەی داهێنانەری لێ دەکەوێتەوە. داهێنان، بەرهەمی کاڵای لێ دەکەوێتەوە. کاڵا پێویستیی بە بازاڕە - واتە ئابوری - ئابوری گەورەش پێویستیی بە هێزی سەربازیە.
 ڕیزبەستنی ئەم پێنج فاکتەرە، هێندە زانستی و ڕاستە، دەتوانین وەک بنچینەی پێوەری پێشکەوتویی، هەر وڵات و کۆمەڵگایەک بەکاری بهێنین، لەم ڕێگەیەوە, بزانین ئایا و کەی، وڵاتێک دەبێ بە سوپەرپاوەر.

ئەمریکا چۆن بو بە زلهێز؟؛ 

 ئەمریکا - لە ٤/٧/١٧٧٦ - سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەست هێنا. پڕۆسەیەکی پەروەردە و فیرکردنی دوور و درێژی گرتە بەر؛ ( هەر گوندێک ڕوبەرەکەی لە یەک میل دوجاوە بەرەو سەر بێت، دەبێ لانی کەم خوێندنگەیەکی تێدا بکرێتەوە). ئەمە گوتەی (جۆن ئادامس) ە ، - سەرۆکی ئەمریکا  لە      ١٧٨٥.  لە ساڵی١٨٧٠، ئەمریکا، پلەی خاوەن بەرزترین ڕێژەی خوێندەواریی لە جهادا، بە دەست هێنا. 

سەرەتا، قەوارەی ئابوریەکەی بچوک بوو،  تەنها ٪٣٠ ئەوەی بەریتانیا بوو، کە زلهێزی دنیای ئەوسا بوو. ساڵی ١٨٩٠، ئەمریکا، بۆ یەکەمجار، گەیشت بە پلەی گەورەترین بەرهەمێنی کاڵا، لە دنیا. ٪٨٠ی کاڵای بازاڕی جیهان ، لە ئەمریکا دروست دەکرا - وەک ئێستای چین -. پێشی بە کاڵای بەریتانیا گرتەوە. بەڵام هێشتا، هێزە سەربازییەکەی ئەمریکا بچوک بوو. - تەنها ٣٠،٠٠٠ سەرباز-،  پێنج قات لە هی بەریتانیا کەمتر بوو. 

ئەمریکا، وڵاتێک بوو، دەریالوشێک لە باقی دنیاوە دوور بوو. هەڕەشەی سەربازیی لەسەر نەبوو. هێشتا، هیچ شوێنێکیشی لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی، داگیر نەکردبوو. بۆیە پێویستیی بە هێزی سەربازیی گەورە نەبوو. وەک (چین)ی ئەمڕۆ، زۆرترین کاڵای بە نزمترین نرخ دەخستە بازاڕەوە. بەوە، ، قەوارەی ئەمریکا لە بازاڕی جیهان، و  بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابووریی، لە دنیا ، زیاد بوو. بۆ هێشتنەوەی بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، پێویستی بە گەورەکردنی هێزە سەربازییەکەی پەیدا بوو. لە سەرەتای سەدەی بیست، دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی، لە جیگای جیا جیا، بە جۆرێک کە ئێستا، ٧٥٠ بنکەی سەربازیی هەمیشەیی، لە ٨٠ وڵات دا هەیە.

وەک دەبینین، ئەم گەشتەی ئەمریکا، لە وڵاتێکی ژێردەستەی دواکەوتوی دوورەدەستەوە بۆ سوپەرپاوەر، زیاد لە ١٠٠ ساڵی خایاندوە. وا دەبێ بە ١٠٠ ساڵیش سوپەرپاوەرە. بەڵام سوپەرپاوەری، تاسەر، بۆ کەس نەبوە. لەو ماوەیەدا، وڵات و میللەتانی تریش بە پلیکانەکەدا هەنگاویان ناوە. خەریک بوون و ئەنجامی هەبوە. یەکێ لەمانە، وڵاتی چینە.

چین لە کوێی پلیکانەکەدایە؟

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنست لە ساڵی ١٩٤٩، چین وڵاتێکی داڕوخاو بوو. ڕێژەی هەژاری ٪٨٧،٥ بوو. تەنانەت، دوای سەرکەوتنیش، دەیان ملیۆن هاووڵاتی لە برسا مردن. (ماوتسی دۆنگ), بە پڕۆسەیەکی دوور و درێژ و زەحمەت، پەروەردە و فێرکردنی پەرەپێدا. ناوی نا ( شۆرشی ڕۆشەنبیری). لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ٢٠، سەرۆک ( دێنگ چاوبینگ)، ژمارەیەک ڕیفۆڕمی ئابووریی، دوور لە پرینسیپە کۆمۆنستیەکەی پێشوو، پیادە کرد. لە ٢٠١١، چین وەک ئەندام لە ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕی جیهانی، WTO وەرگیرا.  بەوە دەستی کرایەوە. توانی،  کاڵای هەرزانی خۆی، بە بازاڕە دوور و نزیکەکانی دنیا، بگەیەنێ. لە ٢٠٠٩، ڕێژەی بەرهەمی چین بۆ بازاڕی جهان، بوو بە گەورەترین لە جیهاندا. لەو کاتەوە قەوارەی بازرگانیەکەی لە جیهاندا، یەکەمە.
چەند ساڵێکە، چین، لە ژمارەیەک داهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ. وەک: هۆشیاریی دەستکرد Artificial Intelligence، تێلی کۆمیونیکەیشن، تەکنەلۆژیای زانیاری، لە پلەی یەکەمدایە. چین، زۆربەی کانەکانی کانزا هەرە پێویستەکانی بەرهەمی تەکنەلۆژیای لە دنیا کریوە.

وەک دەبینین، وڵاتی چین، نزیکەی ١٠٠ ساڵە، بە هەمان پلیکانەدا سەردەکەوێت. لە پێنج پلەکە، چواری بڕیوە. هەمان ئەو فاکتەرانەی، ئەمریکایان کرد بە سوپەرپاوە، لەمیشا بە ئەنجام گەیشتوون. ماوەتەوە پلەی هێزی سەربازی. لەوە دەچێت ئەمەشی بڕیبێت. بەپێی دەزگای Market Research Future, قەوارەی هێزی دەریایی چین، لە دەریای باشوری چین، دوو هێندەی ئەوەی ئەمریکایە. ئێستا ئەم باڵادەستە.

یەکەمی پێشبڕکێ، چۆن دیاری دەکرێت؟

ئەمڕۆ، ( حوسێن بۆڵت)، خێراترین ڕاکەری جیهانە. چونکە، ١٠٠ مەتری بە ٩،٥٨ چرکە بڕیوە. یەکەمە چونکە، کەس تا ئێستا لەو خێرا تر، ڕاینەکردوە. ئەگەر ڕاکەرێکی تر، بە یەک چرکە، زووتر ١٠٠ مەترەکەی ببڕێ، با حوسێن بشتوانێ بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەو خێراییە ڕابکا، ئەو دەبێ بە یەکەم. سوپەرپاوەریەکەی ئەمریکاش، هەر بەم شێوەیەیە. با ١٠٠ ساڵ بێت یەکەمی بێ ڕکابەر بوبێت. با ئەمریکا لە پوکانەوەش دا نەبێت، کە وڵاتێک پەیدا بوو، خوێندەوار تر، بەرهەمهێن تر، داهێنەرتر، ئەو پێشی پێ دەگرێتەوە.

پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە:

ئایا ئەمریکا دەتوانێ ڕێژەی توانای  پێنج پلەکەی پەرە پێ بدا؟ یا هیچ نەبێ لە پوکانەوە بیانپارێزێ؟

وەڵامی ئەم پرسیارە، بێ گەڕانەوە بۆ بەڵگە و زانیاری، وەک فاڵگرتنەوە وایە. بۆ ئەوەی توشی فاڵگرتنەوە نەبین، با جارێکی تر ئەمریکا، بە هەمان پێنج پلەی پلیکانەکە، بە پێوەری ئەمڕۆ هەڵسەنگێنینەوە:

پەروەردە و فێرکردن: بە پێی پێوەری ڕیزبەندیی بیرکاری و زانست، لە خوێندنگە ناوەندیەکان، لە سەر ئاستی جیهان، ئەمریکا،. لە دوای چین و ڕوسیا، پلەی سێهەمە. بە پێی سەرژمێری، لە ساڵی ٢٠١٥ وە، ژمارەی داهێنانەکانی چین، لەوەی ئەمریکا، زیاترە. قەوارەی هەناردەی بازاڕی چین زیاترە. ساڵی ٢٠٢١ ئابووری ئەمریکا ( GDP تێکڕای بەرهەمی خۆجێیی)، بەڕێژەی ٢،٣٪ نزم بوەتەوە، بەڵام، هی چین ٢،٣٪  بەرز بوەتەوە . شارەزایان پێیان وایە، ئابووریی چین، ئێستا لە هی ئەمریکا، گەورەترە. ئەگەر وردتری بکەینەوە، بەرهەمهێنان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هیتر.. ژمارەکان پێشڕەوی چین نیشان دەدەن. سەرچاوەکانی کۆتایی ئەم باسە، وردەکاریی ئەم ژمارانەی تێدایە.

بڵندیی چین، ئەمڕۆ بوە بە واقعێک، ئەمریکا چیتر ناتوانێ پشتگوێی بخات.  دەبێ مامەڵەی لەگەڵ دا بکات، چ بە شەڕ، چ بە ئاشتی. 
ئێستا، ناوەڕاستی ،٢٠٢٣ کە ئەم دێڕانەی تیا دەنوسرێ، ئەمریکا، دژ بە چین، لەم بەرانە دا، ، لە گەرمەی شەڕێکی سەخت دایە: تەکنەلۆژیا؛ ئەمریکا، لە دادگای نێودەوڵەتی، سەدان کەیسی لە دژی چین، بە تۆمەتی دزینی داهێنانی تەکنەلۆژیا، تۆمارکردوە،. جەنگی ئابووری؛ لە ڕێگەی بەرز کردنەوەی باج لەسەر هاوردەکردنی کاڵای چین بۆ ناو ئەمریکا. جەنگی دراو؛ لە ڕێگەی فەڕزکردنی دۆلار لە هەر ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و بانکی. جەنگی ڕاگەیاندن، مافی مرۆڤ و زۆری تر. تەنها ماوە بگاتە شەڕی دەستەویەخەی سەربازی. ئەویش دوور نیە.

نەگبەتیی سوپەرپاوەر بوون، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ:

بیرمەندی گەورەی سەردەمی عەباسی، (ئیبن خەلدون ١٣٣٢ - ١٤٠٦)، سەرهەڵدان و نەمانی زلهێز، ئاوا دەچوێنێ, دەڵێ: بیهێنە بەرچاوت، شارێک هەیە، خەڵکەکەی خەرکی کار و کاسبین، پیشەوەرن، بازرگانن یا جوتیارن. کێشەکانیان لە ڕێگەی دادگا و ڕیشسپیان چارەسەر دەکەن. ژیانێکی دوور لە توند و تیژی، بەسەر دەبەن. لەولایانەوە، تیرەیەکی ڕەوەند -هەمەج- یان لێ پەیدادەبێ. ژیانیان بە کۆچەری و لەسەر پشتی وڵاخ، بەسەر دەبەن. بە چەتەگەری بژێوی پەیدادەکەن. بە شمشێر کێشەکانی نێوانیان چارەسەر دەکەن. چاو دەبڕنە ئەو شارە. پەلاماری دەدەن. بێگومان، مەعلومە کە هەمەجەکە سەردەکەوێ، چونکە شەڕکەری چاکترن. دەچنە سەر موڵک و ماڵی شارنشینەکان. ئیتر، ئەمان دەبن بە شاری. خاو دەبنەوە. دەبن بە کاسبکار و پیشەوەر، - ورگیان زل دەبێ -. سوارچاکییان بیر دەچێتەوە. ئینجا تیرەیەکی هەمەجی تر بۆ ئەوانیش پەیدا دەبێ و چەرخەکە جارێکی تر، دەسوڕێتەوە.

بۆ وەرچەرخانی زلهێزیی ئم سەردەمەشمان، دەتوانیت، ئاوا بیهێنیتە بەرچاوت: تۆ، بە هەوڵ و کۆشش بە, هەورازی ژیان دا سەر دەکەوی، پاش ڕەنج و ئارەقەیەکی زۆر، دەگەیتە لوتکە. لەوێ چی دەکەی؟ دەحەسێیتەوە. خاو دەبیتەوە و بڕیار دەدەی ئیتر لەزەت لە سەرکەوتنەکەت وەربگری. کاتێ تۆ لە لوتکە خەریکی خۆشیی ژیانیت، کەسانێک کە هێشتا، لە دامێنی هەورازەکەن، بڕیاریان داوە شەوورۆژ لێکدەن تا بە لوتکە بگەن. زۆری پێ ناچێ،  لە دەورت، کەسانی تر پەیدا دەبن. ئیتر، لوتکە، چیتر، بە تەنها هی تۆ نیە. ئەگەر نەکەویتە خۆت و واز لە تەمبەڵی نەهێنی، ڕەنگە ئەوان بەرەو لوتکەی بەرز تر بڕۆن. تۆش، بەرەو لێژی شۆڕ دەبیتەوە.
بە پێی لێکۆڵینەوەی شارەزایان، سێ دیاردە هەن، ئەگەر لە هەر زلهێزێکدا دەرکەوتن، ئاقاری داڕمان مسۆگەرە. کە ئەمانەن:

١. کێشەی ئابووری و دراو
٢. کێشەی ناوخۆ
٣. سەرهەڵدانی هێزی بەدیل

١. کێشەی ئابووری و دراو

لە ٢٠٢٣ خەزێنەی ئەمریکا، بڕی ٣١.٥ ترلیۆن دۆلار قەرزار بوو. بۆ ئەوەی ئەم کورتهێنانە، لە دەست دەرنەچێ، ئەمریکا چی دەکات؟ کارە ئاسانەکە. چاپکردنی دۆلار -بە بێ هیچ پشتیوانەیەک - ، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠، ئەمریکا بایی ٣ ترلیۆن دۆلار کاغەزی سپیی کردوە بە دۆلار!. کە زیاترە لەو پارەیەی، ئەمریکا، بە درێژایی تەمەنی خۆی، چاپی کردوە. ڕژانی ئەم پارە زۆرە بێ زیادکردنی بەرهەم ، کێشەی هەڵاوسانی لەگەڵ خۆی هێناوە. هەڵاوسانیش، دابەزینی نرخی دراوی بەدوادا دێت، یا بە کوردیی پەتی (گرانی). بە پێی ڕاپۆرتی (کۆشکی سپی) ، هەڵاوسان ٪٩,١ ە، شارەزایان دەڵێن بەرزترە.

دۆلار، دراوێکی ئایندە تەماویە. بۆ هەر دۆلارێک کە ئەمریکا لە کاغەزی سپی دروستی دەکات، هاووڵاتیەکی جیهان، دەبێ بە ئیش و بەرهەمی کاڵا، بە دەستی بهێنێ. هەتا ئەمریکا زیاتر ئەم کارە بکات، ناڕەزایی وڵاتانی دنیا، لەدەست دۆلار، زیاد دەکات. تا دەگاتە ئەو ڕۆژەی ئیتر، وڵاتان، چیتر، بە دۆلار مامەڵە ناکەن. دۆلار دەتەپێ. ئەمە، کوشندەترین گورزە لە ئابوریی ئەمریکا و هەڵناسێتەوە. 
 ژمارەیەک وڵات، بەم دواییە، جورئەتیان کردوە،  ڕایبگەیەنن کە، خەریکی دانانی ڕێوشوێنی ئەوەن کە لەمەودوا بە دۆلار مامەڵە نەکەن. ئەوانیش: (چین، ڕوسیا، ئێران، بەڕازیل و ئەفریقای باشور) ژمارەیەک وڵاتی تریش، ڕیزیان بەستوە.. ئەمە گورزە هەرە کوشندەکەیە کە لە ئابووری ئەمریکا بدرێت. ئەمریکا، بەبێ شەڕێکی گەورە، واز لە زاڵیی دۆلار ناهێنێ. 

٢. کێشەی ناوخۆ. یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی کێشەی ناوخۆ، جیاوازیی ئاستی ژیانی هەژار و دەوڵەمەندە. بە هۆی فاکتەرەکەی یەکەمەوە دروست دەبێ. ئەم جیاوازیە، ئەمڕۆ، لە ناو کۆمەڵگای ئەمریکا، زۆر زەقە. ئەمە وای کردوە، حزبە چەپ و ڕاستڕەوەکان، زۆر لێک دوور بن.  لە هەرکامیان، ئەوانە ببن بە دەمڕاست، کە دەمارگیر و توند ڕەون. دۆناڵد ترەمپ لە بەرەی ڕاستڕەوەکان. لە جیاتی زمانی سوڵح و پێکەوەژیان، بەرامبەرەکەی بە (خائن بە گەل و نیشتمان)، ناو دەبات. ترەمپ بوە بە پێشڕەوی بەشخوراوە دەمارگرتوە ڕاستڕەوەکان. لە دژی ئەم، بایدن، بوە بە پێشڕەوی بەشخوراوە دەمارگیرە چەپەکان. هێڵەکانی بەرەی شەڕی هەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەمریکا لە ٢٠٢٤، وا نیشان دەدەن کە، ئاژاوەیەکی گەورە، بەڕێوەیە. بۆی هەیە وڵاتەکە بخاتە ناو کێشەی ناوخۆیی سەختەوە. 

٣.سەرهەڵدانی هێزی بەدیل

 بەدەر لەوەی، ئایا ئەمریکا لە کێشە دایە یان نا، (چین) لە بوژانەوەیەکی مسۆگەر دایە. ڕاستیەک کە دەبێ بیزانین، ئەمەیە؛ چین پێویستیی بەوە نیە، ئەمریکا بتەپێ، تا ئەم ببێ بە زلهێز - وەک یەکەمیەکەی حوسێن بۆڵت وایە -. بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەڵکشانی ئەم، ئەمریکا لە داکشاندا بێت، ڕێگای گەیشتن بە (زلهێ ی بێ ڕکابەر) یۆ چین، کورت دەبێتەوە. ئەم ڕاستیە، وا دەکات، ئەوەی چین، پێی وابوو سبەی پێی دەکرێ، ئەمڕۆ بیکات. وەک، چالاک کردنی ڕۆڵی خۆی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی؛ ئاشتکردنەوەی ئێران و سعودیە. نێوەندگیریی ڕوسیا و ئۆکرانیا. توندکردنی هەڕەشەکانی گرتنەوەی (تایوان), دانانی بنکەی سەربازیی لە ( دەریای باشوری چین). چین بوە بە سوپەرپاوەرێکی تازەپێگەیشتوی، پڕ لە خەون و پلانی جهانگیر. ئێستا دەڵێ، (جگە لە ئاشتی و بوژانەوەی ئابووریی لە دنیا، هیچ پلانێکی ترمان نیە)، ئەمە قسەی هەمو زلهێزە تازەپێگەیشتوەکانە. هەموو هەر وایان وت. ئەمیش بەم زوانە، دەبێ هێزێکی سەربازیی زەبەلاح، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، بە دنیادا بڵاوبکاتەوە. و دنیایەکی نوێ دەست پێ دەکات.

کوردستان لە کوێی ئەم دنیا تازەیە دایە؟

هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ژێر کاریگەریی سێ جوغز، دەجوڵێنەوە. یەکەم؛ سوپەرپاوەری جیهانی؛ ئەمریکا و چین، دووهەم ؛ دەوڵەتانی دراوسێ؛ تورکیا، ئێران و عێراق و سێهەم ؛ جوغزی ناو ماڵی کورد.

١. جوغزی سوپەرپاوەر (ئەمریکا و چین)

ئاکامی لەدەستدانی پێشڕەویی ئەمریکا لە سەر دەستی چین، دوو ئەگەری هەیە: یەکەم؛ پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو چین ، واتە جەنگی سێهەمی جهان و کۆتایی دنیا. ئەگەرێکی لاوازە. دوهەم؛ تێکەڵێک لە جەنگی سارد لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە، جەنگی گەرمی بە وەکالەت، لە دەرەوەی سەرزەمینی خۆیان. ئەمەیان، ئەگەرێکی بەهێزترە. لە ڕاستیدا، ئێستا، لە گەرمەی ئەو جەنگەیان داین. 
سەرووی ٣٠ ساڵە، ئەمریکا زلهێزی بێ ڕکابەرە. خۆی لە ژمارەیەک جەنگەوە ئاڵاند، کە مەسرەفی هەندێکیان لە داهاتی زیاتر بووە. شارەزایانی ئەمریکا، خۆیان, بە هەڵەیەکی گەورەی دەزانن. چەند ساڵێکە ئەمریکا، خەرکی کشانەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانیەتی. بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر سەرنج بدەین، لەم ساڵانەی دواییەوە، ئەمریکا، لە هەر شوێنێک کێشە و زەحمەتی هاتبێتە پێش، لە جیاتی، وەک جاران، هێزئاخنی بکات، چۆڵی کردوە. وەک ئەفغانستان ، سوریا، یەمەن و عێراق. ڕۆژانی ڕژێم گۆڕین و میللەت دروستکردن، بەسەرچوو. مەسرەفی ئەمریکا لە عێراق، زۆر لە داهاتەکەی زیاترە. سێ ساڵ نابێت، ترەمپ ڕایگەیاند، هێزەکانی لە عێراق، بۆ تەنها ٢٠٠٠ سەرباز، کەمکردۆتەوە. دەست بەجێ، ئێران دەستی کرد بە ڕۆکێتبارانکردنی سەفارەت و کونسوڵخانەیان لە بەغدا و هەولێر. تورکیاش، بەشێک لە خاکی ڕۆژاڤای داگیر کرد. (جۆن بایدن) لە سەردانەکەی بۆ سعودیە ساڵی ٢٠٢٢ گوتی « ناوچەکە بە تەواوی چۆڵ ناکەین، تاکو بۆشاییەک دروست نەبێ، چین، ڕوس و ئێران پڕی بکەنەوە». کورد دەبێ لەوە تێبگات کە، ئەمە پوختەی ستراتیژی نوێی ئەمریکایە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

چین، تا ئێستا، بەرژەوەنییەکی ئەوتۆی نەخستوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. بەڵام وا دەستی پێ کرد. ئەمساڵ، ئێران و سعودیەی ئاشت کردەوە. ڕیسەکەی ئەمریکای کردەوە بە خوری. کە ئەوە بوو، ئێران و سعودیە پێکدابدەن. 

چین دەیەوێ نیشانی بدات کە، کاتێک ئەمریکا،  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریکی نانەوەی ئاشوب و کوشتارە، ئەوان هاتوون تۆوی ئاشتی و برایەتی دەچێنین. ئەوە، بەرژەوەندیی ئەمریکا، لە ناوچەکە، دەخاتە مەترسیەوە. بۆیە، هەبوونی شەڕ و ئاواژە، بە قازانجی ئەمریکا دەشکێتەوە. ئەگەر پاشکۆیی سعودیە بۆ ئەمریکا، لاواز بێت، کە بوە، تورکیاش، پاش هەڵبژاردنەوەی ئۆردوگان، وەک سوپەرپاوەرێکی ئیقلیمی سیاسەت بکات، کە دەیکات. ئەوا ئەمریکا، دوای ئیسرائیل، تەنها هەرێمی کوردستانی، وەک بنەگەیەک، بەدەستەوە دەمێنێ. بایەخی دەمێنێ. بەڵام دەبێ کورد ئەوە بزانێ کە، بۆ ئەمە، دوو مەرج هەن؛ یەکەم: دوژمنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، زۆر هەراسانی نەکەن. دووهەم: باری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، فشەڵ نەبێ. لانی کەمی سەقامگیری تێدا بێت. وەک یەک قەوارە ببینرێ. 

جوغزی دەر و دراوسێ

 لە سەر ئاستی دەوروبەر, هەرسێ نەتەوە کانی دەوری کوردستان، تورک، فارس و عەرەب، بێگومان، لە بەرژەوەندیانە، قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤاش، نەمێنن. ئێران و سوریا، کە بە ڕەسمی سەر بە ئۆردووی چینن، حکومەتی عێراقیش، کە هەژمونی ئێرانی بەسەرا زاڵترە، لە بەرژەوەندیانە، ئەو قەوارانە، نەمێنن. تورکیا، لە بەرژەوەنیەتی، قەوارەی هەرێم نەمێنێ، یا لاواز بێت. هەرچەندە لە (ناتۆ) دایە و بە ناو، دۆستی ئەمریکایە، بەڵام، دە ساڵێکە، ڕۆڵی  لە دەوروبەری خۆی، زۆر چالاک کردوە. ئەو تورکیا بێ بەڵایەی جاران، نەماوە. لە باکوری خۆیەوە، دەوڵەتانی (ستانەکان) ی هێناوەتەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بە سەرکەوتویی، نێوەندیی لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستان کرد. لە سوریا و عێراق، هێزی سەربازیی جێگیر کردوە. لە دەریای ناوەڕاست، ملی ناوە بە ملی ئیسراێیل و یۆنانەوە، بەدوای گازی سروشتی دا دەگەڕێ. ، لە لیبیا، قسەی دەڕوا. ڕوسیا و ئۆکرانیا، لە سەرەتای شەڕەکەیانەوە تا ئەمڕۆ، تەنها یەک جار، ڕوو بە ڕوو بۆ گفتوگۆ، دانیشتوون، ئەویش لە دیوەخانەکەی تورکیا بوو. هەڵەیە ئەگەر، تەنها لەبەر دابەزینی نرخی لیرەکەی، پێمان وابێ، تورکیا لە سەرەمەرگدایە.

 دەزگاکنی هەواڵگریی ئەم چوار حوکمەتەی دەورمان، دەستیان کردۆتەوە بە کۆبوونەوە. هەوڵدەدەن بگەنە هەمئاهەنگی. دیارە هێشتا نەگەیشتون، چونکە، تورکیا و ئێران، لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام، بەرژەوەندیەکانی یەکتر، دەکوتن؛ تورکیا، بە دڕۆن و فڕۆکە و تۆپ، لەو پارچەیەی هەرێمی کوردستان دەدا کە ئێران بەسەریدا زاڵە، -زۆنی سەوز-, ئێرانیش بە ڕۆکێتی دورمەودا، ئەو ناوچانە دەکوتێ کە ئەمریکا و تورکیای تێدا زاڵن، - زۆنی زەرد. بەخێربێیتەوە بۆ شەڕی عوسمانی و سەفەوی لە کوردستان!

جوغزی ناو ماڵی کورد

ناو ماڵی کورد ئەمڕۆ، لەتو پەتە. سەرچاوەی داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بەغدا، پەرلەمانی نیە، حوکمەتەکەی ماوەیەسەرچوە. ئازادیی ڕادەربڕین کزە. دادگاکانی ئیفلیجە. خاکەکەی لە زەمین و ئاسمانەوە پەلامار دەدرێ. ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی، هیواش هێواش دەگەڕێنەوە بن دەستی بێگانە. ئەمانە هەموی بە تەوژمێکی ئەوتۆ گوڕیان بەستوە، گەر وا بڕوا، لە ماوەی ساڵێکدا خودی قەوارەکە دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەوەی مافی کوردی لە عێراق پاراستوو، دەستورە. بەڵام دەبێ کورد ئەوە بزانێ؛ دەستور مرۆڤ نوسیویەتی، مرۆڤیش دەیگۆڕێ. کورد بەم حاڵەیەوە، تەنها بەرەوخوار دەڕوا. بۆ؟ ئەم وەزعە، بۆ گەیشت بە ئێستا؟

ئەوسا و ئێستا

 ساڵی ١٩٩١، بەڕابەریی زلهێزترین وڵاتی دنیا و، ٦٤ وڵاتی تر، پاش سەدان ساڵ لە زوڵم و چەرمەسەری، زوڵمی دەرەکی لە سەر کوردی عێراق هەڵگیرا. بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆی دا، کورد لە بری ئەوەی دنیا غەدری لێ بکات، غەدری لەسەر هەڵگرت. دیسان، ڕەنگە بۆ یەکەمین جار بێت، کە زیاد لە ٣٠ ساڵە، لەبەر چاوسورکردنەوەی ئەمریکا، هیچ کام لە دوژمنە دەرەکیەکان، تا ئەم ساڵانەی دوایی، پەلاماری کوردستانی عێراقیان نەدا. کورد بەو هیوایە گەیشت، کە ڕۆشەنبیر و بیرمەندەکانی دەیانگوت، « هەر ئەوەندە، زوڵمی دەرەکیمان لەسەر لابچێ، ئێمەی کوردیش توانامان هەیە، کۆمەڵگایەکی عادل، بوژاوە و بەختەوەر، بخەینەوە». دەیانگوت؛ «سەدان ساڵە، دەستی دەرەکی، نەیهێشتوە، ئێمەش وەک باقیی نەتەوەکان، بژین». کورد خەونەکەی هاتە دی.

لە ساڵی١٩٩٢, کورد، بۆ یەکەمجار، بو بە خاوەن پەرلەمانی خۆی. حوکمەت و ئابوری و هێزی چەکداری خۆی.  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەک پارچە لە دەوری حزبەکانی کوردستان، بە تایبەتی یەکیێتی و پارتی، کۆبوونەوە. لەو دەنگدانە، ڕێژەی بەشداربوون، ٪٩٨ بوو. پیرە ژن و پیرەپیاوی وا بەکۆڵی نەوەکانیان هێنران بۆ دەنگدان، کە لەسەر لێواری قەبر بوون. دنیا واقی وڕمابوو. خەڵک هەبو، دە ڕۆژ دوای دەنگدان، مەرەکەبەکەی پەنجەی نەدەشتەوە. وەک موتفەڕک هەڵیگرتبو. کورد بوو بە خاوەنی حوکمەتی خۆی. کوێخای ماڵی خۆی. خەونی شەهیدان و  باوک و باپیران، هاتە دی.

ئەو سەربەخۆییە، نەمامێکی گەش بوو. بە خوێنی دەیان هەزار، خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگە، ئاو درابوو. هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هی خۆیان دەزانی. بەوانەشەوە کە، لە ڕابروو دا، پشتیان لە گەل و، پاڵیان بە دوژمنەوە دابوو. سەرەتای نەوەدەکان، گەلی کوردستان، لە پێناوی هێشتنەوەی نەمامەکەی سەربەخۆیی، ئیرادەیەکی پۆڵایینی نیشان دا. ، بەرگەی سەختترین ئابڵوقە و گرانی و قەیرانی گرت.  پشتی حزبەکانی بەر نەدا.

کەچی، کە برسێتی نەما، پارە کەوتە هەرێمەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی تەماعی پارە و گەندەڵیی بێ لێپرسینەوە، بە تێپەڕبوونی ساڵ و کابینەی حوکمەت، دوای کابینە، حزبەکان، پشتی خەڵکی کوردستانیان بەردا. بە کردەوە نیشانیان دا کە، نیشتیمان، چیتر، هی هەموان نیە. سامانی کوردستان، هی هەموان نیە. هی دوو حزبە. با کەس، تورەکەی بۆ نەدروێ. خەونی سەوز و سوری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کاڵ و کاڵتر یوو. کە نیشتیمان نەوتی تێدا دۆزرایەوە، خاوەنداریەکەی لە خەڵکەوە چوو بۆ حیزب. دەرکەوت، کە نیشتیمان تەنها ئەو کاتانە هی خەڵک بوو، کە پێویستیی بە خوێن و ئارەقە بوو، کە نیشتمان پەروەرێتی، بۆ خەڵک مایەی ماڵ وێرانی بوو.  پاش زیاد لە ٣٠ ساڵ، ئەو نەمامە، لە بری ئەوەی ببێ بەدرەختێک، نەوەکان لە بەرەکەی بخۆن، لە سێبەرەکەیدا بحەوێنەوە، بو بە دارێکی کلۆر، بێ بەر، بێ سێبەر. نە پەرژینێکی هەیە، نە چوار ڕۆڵە پاسەوانیەتی.  جیلی لەدایک بووی ساڵانی ئەم هەرێمە فیدراڵیە، کە دەبوایە، بەختەوەر ترین نەوە بن، بێ نان، بێ کار، بێ سێبەر، بێ پەروەردە،  لەناو نیشتمانەکەیاندا، بێ خەمخۆرێک، بەرەڵا کراون. بە ناچاری،  پەیتا پەیتا، سەری خۆیان هەڵدەگرن، چۆڵی دەکەن. بۆ کوێ؟ بۆ هەر وڵاتێک کە کوردستان نیە. 

کوردستانێک، کە ساڵانی سەرەتای دوای ڕوخانی سەدام، کوردانی تاراوگە، ، بە بڕوانامە و پسپۆڕیی ناوازەوە،  بە سامانی پاشەکەوتی ڕەنج و ئارەقەی خۆیانەوە،  -تەنانەت، هەزاران کۆمپانیای بێگانەش -، پۆل پۆل هاتنەوە وڵات، بۆ ئەوەی شەرەفی بیناکردنی یەکەم قەوارەی کوردیان پێ ببڕێ، سودمەند بن، وردە وردە، بە کردەوە،  تێگەیانران، کەبە هەڵە لەوەزعەکە تێگەیشتوون. کوردستان نیازی نیە ببێ بە وڵاتێکی وەبەرهێنان. کوردستان نایەوێ ببێ بە (دوبەی). کوردستان دەیەوێ ببێ بە (ئەفگانستان)، وڵاتی تیرە و هۆزی چەکدار.
 ڕۆڵەکانی جیلی ئاڵتونی، تەنها ناویان ئاڵتونە. ژیانیان تەنەکەیە.  گیرفانیان بەتاڵە، نەخوێندەوارن. بێ ڕێزن. بێ پێژڕەو و بێ سەرپەرشتیارن. هێشتا، بێئاگان لەوەی، نەک تەنها گیرفان بەتاڵن، بەڵکە ٣٢ ملیار دۆلاریش قەرزارن. ڕۆژێک، دەبێ ئەمان بیدەنەوە!، کەسێ نیە ڕوونی کاتەوە بۆیان؛ ئایا، کورد بۆ قەرزارە؟ نەوتی فرۆشتوە، یا نەوتی کڕێوە؟ 

ئەم دارە کلۆرە و هەنگوینەکەی ناوی، خێرەکەی، بۆ بێگانەیە. پێشینان، بۆ شتێک کە بە ئاسان و بە خۆڕایی دەستیکەوتبێ، وتویانە: « هەنگوینی لە کلۆری دار دا دۆزیوەتەوە.» ئێستا کوردستان ئەو دارە کلۆرەیە  نەوتەکەشی ئەو هەنگوینە، بۆ بێگانە. 

ئەو نەمامە، چۆن بوو بەم دارە کلۆرە؟

 بەراوردێکی خێرای ئەو دەسەڵاتەی ئەوکاتە و ئێستا:

کورد چۆن مامەڵەی لەگەڵ کۆڵەگەکانی حوکمی دیموکرات کرد؟

١. لەیەکەم خولی پەرلمان, - هەرچەندە هەردو حزبە سەرەکیەکە، کەسی یەکەمیان نەچو. جێکەی پرسیارە -، کەسە سەنگین و ڕێزدارەکانی خۆیان ناردە ناو پەرلەمانەوە. ، پەرلەمان جێگای مشت ومڕی ڕاز و نیازەکانی خەڵک بوو. بەڵام، دوای چەند خولێک, وردە وردە، حزبەکان، ئەم سەنگە لە کەسایەتیەکانیان کێشایە دواوە. لە بری ئەوان، خول لە دوای خول، - لەگەڵ ڕێز بۆ دڵسۆز و ئیشکەرەکان -, پەرلەمان کرا بە شوێنی، چاوەش، شەق وەشێن، ئاژاوەگێر، قسە نەزان و بێ ئاگا -.  پەرلەمان ئەو شوێنە نەما، کە ژیان و ئایندە خەڵکی تێدا تاوتوێ دەکرا. ئەو دەسەڵاتە نەما کە، بەسەر حوکمەت و وەزیرەکانیەوە ڕەقیب بوو. وای لێهاتوە، هەرکاتێک، هەڵوێستی پێچەوانە بێتە ناو پەرلەمانەوە - کە ئێستا زۆرە - ، ئەو لایەنە نایباتەوە کە حجە وهێزی لۆژیک و ئاماری توندتری پێیە، ئەو لایەنە دەیباتەوە کە شەق و بۆکس وەشێنی توندتری پێیە. دوای ٣٠ ساڵ، خەڵک خۆزگە بە پەرلەمانەکەی ئەوسا دەخوازن.
ڕەنگە سوک کردنی پەرلەمان، - دەسەڵاتی یاسادانان -, گەورەترین هەڵەی حزبەکانی دەسەڵات بێت. ئەمە بوو بە دایکی تەواوی ئەو کێشانەی ئەمڕۆ هەن. ئەزمونەکەی خستۆتە سەر لێواری مەرگ.

٢. سەرەتا دوو حوکمەت هەبو. پاشان تێکەڵکرا و بوو بە یەک. خەڵک خۆشحاڵ بوون، چونکە، هەستیان کرد، شەڕی ناوخۆ زەحمەتتر بوە. ئێستا ئەو یەک حوکمەتە، لە سایەی ئەو پەرلەمانەدا، هی هەموان نیە. هی یەک حزبە. بۆ یەک دەڤەرە. حوکمەتی کۆمەڵانی خەڵک نیە.

٣. جاران دوو هێزی پێشمەرگە، دوو دەزگای هەواڵگری، دوو جۆر خیتابی ڕاگەیاندن هەبون، ئێستاش دوای ٣٠ ساڵ، هەر دوون. ئەگەر جاران دوور لە یەکتر بوون، ئێستا دژ بە یەکن. تەنانەت پاڕانەوە و چاوسورکردنەوەی دۆستەکانیش - ئەمریکا و بەریتانیا - نەیتوانیوە ئەم دوو هێزە یەکبخات. سەیرە، بێگانە بە کورد دەڵێ؛ یەک بن، کورد هەر دووبەرەکە. کەچی کە ڕۆشەنبیرانمان دەیانەوێ، هۆی شکستەکانمان دەستنیشانبکەن، دەڵێن؛ دەستی دەرەکی ناهێڵێ کورد یەک بێت. 
 
٤. جاران کورد، لە حوکمەتی مەرکەزی و لە لای وڵاتانی دەوروبەر و دوور، یەک نوێنەرایەتی هەبو. ئێستا دوان. دوانی دژ بەیەک. لە بەغدا، هەر لایەنێک کارێکی کرد، باش یا خراپ، لاکەی تر، ئیش بۆ ئەوە دەکات هەڵی بوەشێنێتەوە.  لە ئایندەیەکی نزیکدا، دەردەکەوێت کە، باجی ئەم یەکترشکاندنە لە بەغدا، لەسەر قەوارەی کورد و خەڵک و خاکەکەی، چەندێک قورس دەشکێتەوە.

٥. سەرەتا، بیری ئازاد لە ژێر هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دابوو. خەڵک لەسەر بیر و ڕای جیاواز، لێی دەدرا، دە کوژرا. بەڵام هێشتا هەناسەی بیری ئازاد، وەک ئێستا، تەنگ نەکرابوو. جاران چالاکوانان و ڕۆژنامەگەران لە سوچی کۆڵانەکان و، لە ڕێگەی کەسی سێهەمەوە، ئازار دەدران، ئێستا لە ڕێگەی دادگاوە، بە یاسا و بە ئاشکرا. ئەمەیان مەترسیدار ترە.

جێگەی داخە کە دەسەڵات، بەم تۆقاندنەی بیرە ئازادەکان، خۆی بێبەش کردوە لە بیر و هزری هەزاران، ڕۆشەنبیر، پسپۆڕ و شارەزا، کە بێ ئەوەی، حزب هیچ مەسرەفێکی تێدا کردبن، خۆیان خۆیان پێگەیاندوە. ماندوو  بوون و شەونخونیان کردوە. بۆ گەل و نیشتیمان دڵسۆزن. ئامادەن بە بێ بەرامبەر،  خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بکەن، کەچی دەسەڵات خۆی ڕێگە نادات. دەستی کردوەتە سەر دەمیان.  لە جیاتی ئەوەی ئەوهەڵبژاردە بەنرخە، لە خۆیان نزیک بکەنەوە. ئامۆژگاریان لێ وەرگرن، خۆیان دەورەداوە بە ڕاوێژکاری زوڕنا ژەن، ماستاوچی، ئەوانەی تەنها ئەو شتانەیان پێ دەڵێن کە پێیان خۆشە بیبیستن. ئەگەر درۆش بێت. ئاماژەیەکی باش نیە بۆ خەڵک و بۆ دەرەوەی هەرێم، کە ببینن؛ لە کوردستان، هوشیار و ڕۆشەنبیر لە زیندان یا لە سوچێکی تاریکدایە، شەقوەشێنیش لە ناو پەرلەمان.

٦. یەکیێتی و پارتی، و چەند حزبێکی بە ناو ئۆپۆزسیۆن، فێربوون، کە شتێکیان لە کوردستان بە دڵ نەبێ، بەغدا دەکەن بە پشتیوان، یا هیچ نەبێ، ڕیشسپی و بڕیاردەر. ئەمە قەوارەی کورد لاواز دەکات. ڕەنگە هێزی بەرانبەر، پاکانەی ئەوە بکات کە، ئەم نیشتیمانپەروەرە و،  ئەوەی دەچێ بۆ بەغدا، خائنی گەل و نیشتیمانە. دەبێ ئەوە بزانێ کە، دەبێ چ زۆڵم و ناعەدالەتیەک، وا بکات، پاش ٣٠، ساڵ، حزبێک بڵێ؛ ( سەد خۆزگە بە کفندزی پێشوو). دەبێ هەردوو لا ئەوە بزانن، کە لەم مەسەلەیەدا،هەموان وەک یەک تاوانبارن. دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە، مێژوو، ڕووداو تۆمار دەکات، نەک هاش و هوشی پاکانەی ڕووداو. ١٠٠ ساڵی تر، مێژوو تەنها ئەوەندە دەڵێ کە: «کوردی عێراق، دوای زیاد لە ٣٠ ساڵ فیدراڵییەکی نایاب، سەرەڕای ئەوەی هەمودنیا پاڵپشتیان یوو، نەیانتوانی حوکمی خۆیان درێژە پێ بدەن. بە دەستی خۆیان دەسەڵاتەکانیان گەڕاندەوە بەغدا». مێژو ڕەنگە هەر باسیشی نەکات، ئاخۆ خەتای کامیان بوو.  نمونەشمان هەیە: ئیمارەتی بابان بەوە کۆتایی هات کە ئیبراهیم پاشا و عبداللە پاشای برای، - پێش ئەوانیش ژمارەیەکی تر-  یەکیان لە داخی ئەوەی تر، چوو عەجەمی هێناو بابانی کۆتا پێهێنا. دەچون بەغدایان دەهێنا. بۆ ئێمە کوا گرنگە خەتابار، ئیبراهیم بو یا عبداللە. ١٠٠ ساڵی تر ئەم دۆڕانەش هەروا باس دەکرێ. کەس لای گرنگ نابێ، کێ تێکی دا؟ پارتی یا یەکیێتی؟ مێژوو دەڵێ؛ کورد شایانی ئەو مافە نەبوو کە پێی درا.

کەس گرەو لەسەر ئەسپی شەل ناکات

هەردوو لا، ئەوەیان بیرچوەتەوە کە، ئەو دەسکەوتەی بە دەست هات، بەرهەمی خوێن و ئارەقەی، دەیان هەزار پێشمەرگە و، لەناوچوونی سەدان هەزار خەڵکی مەدەنی بوو. موڵکی نەوەکانی ئایندەیە. مەسئولیەتێکی گەورەیە. جێگەی داخە کە، ئەم ڕاستیە ڕەچاو نەکراوە کە، ئەوەی ٣٠ ساڵە، کزی دەکەن و دەیمرێنن، ڕەنگە هەلومەرجەکەی، بە سەد ساڵی تر، نەخەمڵێتەوە. کەس نەزانێ، کورد دەزانێ کە، چەرخی فەلەک، ئەوەندەی بە دژی کورد چەرخاوە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی کورد، نەچەرخاوە. 

هەرێمی کوردستان، ماڵێکە لە گوزەرێک، بە دراوسێی ناحەز، دەورە دراوە. ناو ماڵەکەشی، پڕە لە ئاشوب و ناسەقامگیریی ئابوری و کۆمەڵایەتی. دووبەرەکیی ناوماڵی کورد، قوڵ و ئاشکرایە. ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، زەحمەتە ئەمریکا، بۆ دۆستایەتیی، چیتر، پشتی پێ ببەستێ.  پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بە شەڕی ناوخۆی کورد، چین زەرەر دەکات, یا ئەمریکا؟ وەڵامەکە ئاشکرایە؛ هێشتا بەرژەوەندیی ئەمریکا لە کوردستان، لەوەی چین زیاترە.  بۆیە تا ئەمڕۆش، شەڕی ناوخۆی کورد، بە زەرەری ئەمریکا دەشکێتەوە. بەڵام سەرانی کورد، دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە، ٣٠ ساڵە بە لاساری خۆیان، ئەمریکایان هیلاک کردوە. دەسەڵاتی کورد، ئەوەندەی ئیشیان لەسەر یەکتر شکاندن کردوە، ئەوەندە ئیشیان لەسەر سەقامگیری و یەکڕێزیی خەڵکەکەیان نەکردوە. ئەوەندەی ئیشیان بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن کردوە، ئەوەندە ئیشیان بۆ خەڵک دەوڵەمەندکردن، نەکردوە. ئابووریی هەرێم بەوە بەهێز نابێت کە  یەکدوو کۆمپانیای ملیار دۆلاری تێدایە. بەوە دەڵەمەند دەبو کە، هەزاران کۆمپانیای ملێۆنی تێدایوایە. قەوارەی هەرێم بەوە بەهێز نەبو کە، لە سەرەتاوە،  کەوتە هەراسانکردن و تۆقاندنی، عەرەب، تورکمان و کەمایەتیەکانی تر. بەوە بەهێز دەبوو کە، هەرێمی کوردستان بکەن بە سەرزەمینێک، هەموان، بە غەیرە کوردیشەوە، بە هی خۆیانی بزانن. دەسەڵاتی کورد، نەک غەیرەکوردیان کرد بە دوژمن، بەڵکە، کوردیشیان، بۆ تیرە و هۆز و ناوچەی دژبەیەک، لەت لەت کرد. ئێستا لە کوردستان، لە بری ئەوەی بپرسرێ، بڕوانامە و لێهاتویت چیە؟ دەپرسن: کام عەشرەتی؟ لە ڕاستی دا، تاکە شتێک کە بە کۆمەڵگای ئاوا، بە باشی دەکرێ، ، تەنها شەڕە. ئەمریکاش، لەمەودوا، تەنها بۆ ئەم مەبەستە، دەتوانێ سوود لە تواناکانی کورد وەربگرێ. وەک چۆن ڕوسیا سوود لە چێچنیەکان وەردەگرێ.

ئەو ڕۆژانە بەسەر چوو کە، جارێکی تر، ئەمریکا، سەرانی کورد بەرێتەوە واشنگتۆن و، لەسەر دەستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاشتیان بکاتەوە.

سەرانی کورد، دەبێ ئەو ڕاستیەیان بیر نەچێت کە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کوردیان ڕزگار نەکرد، چونکە پێشمەرگەکانی شەڕکەری چاک یوون، لەبەر ئەوە بوو کە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان - خەڵکی مەدەنی - بە کردەوە، نیشانیان دا کە شایانی ژیانێکی باشترن و لە پێناوی دا، ژیانیان خستە مەترسیەوە. لەبەر ئەوە بوو کە - سەرەڕای هەزاران شەهیدی پێشمەرگەی قارەمان - دەیان هەزار خەڵکی مەدەنیش، گیانیان سپارد و، بوون بە چرای ڕۆشەنکردنە وەی ڕێگا. هەق نیە سەرانی کورد، فوو لەو چرا و مەشخەڵانە بکەن.  ڕێگای ئایندەی کورد، هێشتا زۆر دژوار و تاریکە.  ڕۆڵەی ئایندە، پێویستیی بە کزترین ڕوناکیە. دەر و دراوسێ زۆرن، ئیش لەسەر تاریکیمان دەکەن.

ئەم ڕاستیانەی سەرەوە، نیشانی دەدەن کە بەختی کورد ڕوو لە خوارە. ئایندە، تاریکیی زیاتر تێدایە لە ڕوناکی. کورد بەدەستی خۆی، ڕێگەی ژیان، بۆ خۆی و نەوەکانی ئایندە. تاریک دەکات. بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران دەکات. کورد لە گوزەرێکی دژواردا دەژی، پێویستتی بە ڕوناکیی بچوکترین چرایە. کەچی نەک پەیدای نایکات، فوی لێ دەکات.

ئەگەر ئەمجارە کورد کەوتەوە بەر پۆستاڵی داگیرکەر و (حەسەن پلایسە کان)، نەوەی ئایندە تێدەگات کە، ئەگەر هەمو کات خەتای بێگانە بوبێ، ئەمجارە خەتای کورد خۆیەتی.

دەرئەنجام
 
٠١ تاکە هێزێک، لە بەرژەوەندیی دا بێت، کورد ئەمڕۆ، یەکماڵ و بەهێز بێت، ئەمریکایە. بەڵام ئەمریکا، بەدەست ناوچەکەوە هیلاکە. لەبەرژەوەندیەتی، تەنها لانی کەمی قەوارەکەی بهێڵێتەوە. بەشی ئەوە کە بۆشاییەک لە ناوچەکە دروست نەبێت، چین و دۆستەکانی پری کەنەوە. 

ئەمریکا، لە دوای ئیسرائیل، تەنها کوردی عێراقی بەدەستەوە ماوە - سعودیە و تورکیا گەورەبوون و نیشانیان داوە، چیتر، کوێرانە، پاسەوانیی بۆ ئەمریکا ناکەن. - . بۆیە دەبێ تێبگەین کە، لەمەودوا، گرنگیی ئەمریکا بە هەرێمی کوردستان، لە ناچاریەتی، نەک ستراتیژ.
ئەگەر کورد، ئەو توانایە نیشان نەدات کە، قەوارەکەی خۆی و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای پێ دەپارێزرێ، ئەمریکا چۆڵی دەکات و ئەو مەسرەفەش لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە. ئینجا دەرودراوسێ، تۆڵەی ٣٠ ساڵ، ئاڵای کوردستان ڕاوەشاندن، لە خەڵکەکەی دەکەنەوە. 

٢. لە تورکیا، ئۆردوگان هەڵبژێرداوەتەوە. بەڵام، زۆر بە لاوازی. نزیکەی نیوەی خەڵک دژی ئەو دەنگیان داوە. ئابوریی تورکیا لاوازە. بۆ ڕازیکردنی هەمو خەڵک، ئۆردوگان دەبێ دەسکەوتێکی ئابووریی گەورە بۆ گەلی تورکیا بەدەستبهێنێ. لە دەریای ناوەڕاست گاز و نەوتی نەدۆزیەوە. زۆر بۆی هەیە، پەلاماری دەوروبەر بدات. بەتایبەتی ئەو شوێنانەی سامانی سروشتییان تێدایە.  نەوتەکەی ڕۆژاوا و هەرێمی خۆمان، دەسکەوتی ئاسانن. - هەنگوینن لە کلۆری دارا -. خۆی بۆ ناوەتەوە.

٣. ئێران، لە هەموو کات بەهێزترە. چەکی هاوچەرخی زۆری دروست کردوە. لەگەڵ سعودیە ئاشت بوەتەوە. بستێک سازشی بۆ ئەمریکا نەکردوە. هاتنە ناو کوردستانی عێراق، وەک پیاسەیەکی ئێوارانە.

٤. عێراقیش عێراقی جاران نەماوە: ا) دەست وەردانی ئێران کەمتر دەبینرێ. ب) میلیشیاکانی شیعە، کەمتر هێز دەڕژێننە سەر شەقام. ج) (سودانی) زیاتر قسەی دەڕوا، باشتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی کراوەتەوە. هەم لای سعودیە و هەم لای ئێران، پێگەی باشە. د) نرخی نەوت بەرزە. ت) جوڵانێکی ئاوەدانی و کاسبی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق لە برەو دایە.

 ئەمانە وای کردوە حکومەتی ناوەند بتوانێ سەرنج بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و لاساریەکانی لە دەستوری عێراق، لە بودجە، نەوت فرۆشتن و تەنانەت دەروازەکان. ماسولکەی عێراق ئەوەی جاران نەماوە. نازی کوردیش ئەوەی جاران نەماوە. 
کورد لە هەرکات زیاتر پێویستیی بە هێزە. بە یەکڕیزیە. بەڵام نیەتی.


بۆ ئامادەکردنی ئەم باسە، سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

https://www.digitalhistory.uh.edu/disp_textbook.cfm?smtid=2&psid=3158#:~:text=By%201890%2C%20the%20United%20States,had%20only%20about%2010%2C000%20seamen.

https://csfla.org/news/john-adams-view-of-purpose-for-americas-schools

https://worldpopulationreview.com/country-rankings/math-rankings-by-country

https://www.cnbc.com/2021/02/01/new-chart-shows-china-gdp-could-overtake-us-sooner-as-covid-took-its-toll.html



https://www.encyclopedia.com/history/encyclopedias-almanacs-transcripts-and-maps/bases-military-development

https://www.democracynow.org/2023/2/14/david_vine_us_bases_china_philippines#:~:text=The%20U.S.%20has%20about%20750,China%2C%20says%20researcher%20David%20Vine.

https://www.loc.gov/classroom-materials/united-states-history-primary-source-timeline/rise-of-industrial-america-1876-1900/#:~:text=Overview%20In%20the%20decades%20following,to%20settlement%20and%20economic%20development.

https://en.m.wikipedia.org/wiki/Economic_history_of_the_United_States

https://acrobat.adobe.com/link/review?uri=urn:aaid:scds:US:310b3309-d5ec-3bd4-be14-4e1af78e2846

https://www.investopedia.com/ask/answers/011915/what-country-worlds-largest-exporter-goods.asp#:~:text=China%20has%20been%20the%20largest,trading%20nation%20in%20the%20world.

https://www.marketresearchfuture.com/

https://oec.world/en/profile/country/usa#:~:text=Historical%20Data&text=In%202021%2C%20United%20States%20exported,to%20%241.63T%20in%202021.

https://fiscaldata.treasury.gov/americas-finance-guide/national-debt/#:~:text=Over%20the%20past%20100%20years,to%20pay%20down%20its%20debt.

https://www.statista.com/statistics/263591/gross-domestic-product-gdp-of-the-united-states/#:~:text=The%20statistic%20shows%20the%20gross,around%2025.5%20trillion%20U.S.%20dollars.

https://www.whitehouse.gov/briefing-room/speeches-remarks/2023/01/12/remarks-by-president-biden-on-the-economy-and-efforts-to-tackle-inflation/



https://www.scmp.com/news/china/science/article/3223810/nature-index-rates-chinese-universities-ahead-oxbridge-caltech-quality-research-output

https://www.csis.org/analysis/what-can-patent-data-reveal-about-us-china-technology-competition

















08/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر