جەژنێکی گۆڕاو

کاوە شێخ عەبدولآ

جاران جەژن بۆیە خۆشبوو، تەنیا ئەو ڕۆژە هەبوو بەکامی دڵ برنج و شلە و گۆشت بخورێت، تەنیا ئەو چەند ڕۆژە هەبوو کە‌ ئیسراحەتی تیابکرێ. خزمان بەوپەڕی تامەزرۆییەوە دەچوون بۆ سەردان و خانەخوێ بێ ئەندازە دڵخۆش دەبوو بەهاتنی میوانەکانی.

کۆندۆستی بەڕێز.. هەبوونی سەیارەی مۆدێل بەرز یەعنی ئەوەی ئیتر تۆ هیچ شوێنێک دوور و ئەستەم نییە بۆ چوون و گەڕانەوەت.
هەبوونی مۆبایلی مۆدێل بەرز، یەعنی هەموو کەسوکار و خرم و هاوڕێکانت گرمۆڵەکراون لە گیرفانتا و هەرکات بتەوێ گوێت لێان دەبێ یان دەیانبینی. هەبوونی خانووی خۆش و تازە بۆ خۆی هەبوونی نوایەکی ئارامە و دەتوانی تیای بمێنیتەوە. هەموو ئەمانە بە مانای ئەوەیە هیچ بیانوویەکیان نەهێشتووەتەوە بۆ تامەزرۆیی.

دنیاکەت گۆڕاوە، بەڵام خەیاڵەکانی تۆیە نایەوێ بگۆڕێ. ئەوەی مرۆف بەوپەڕی ئیسراحەتەوە بیەوێ لەم دنیایەدا ها لەبەردەستیا، بۆیە دنیای نوێ.. مۆبایل و سەیارە و خانووی تازە و خواردنی خۆش، نیشانەی ئەوەیە ئیتر ئێستا دنیاکەی تۆ دنیاکەی جاران نییە. هەوڵ مەدە بە ئاخ و ئۆهەڵکێشان بۆ ڕابردوو ئەمەی هەتە لە خۆتی تاڵ بکەی.

هیچ شتێک کە وەکجاران خۆش نییە مەسەلەکە ئەوەیە، جاران هیچی تازەمان نەبوو، دنیایەکی کلاسیک و نەگۆڕاوبوو، بۆیە خۆمان بە سەردان و دیدار و پەیوەندی گەرموگوڕ شتێکمان بۆ دروستکردبوو. بەڵام ئێستا یەکدنیا شتی نوێ و باوەڕپێنەکراو هان لە ژیان و بەردەستمانا کە دەتوانن ژیانێکی تازە و فراوانمان بۆ دابین بکەن کە داپیرە و باپیرەگەورەمان و حەوت پشتی ئەوانیش نەیاندەتوانی بیهێننە خەیاڵی خۆیان کە نەوەکانیان پێیان دەگەن.

کەواتە جەژنێکی گۆڕاو لە هەمووان پیرۆزبێ.

16/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر