شەڕی من و براکەی ئاواتی شێخ جەناب!

کاوە شێخ عەبدولآ

ڕۆژێک دوو پیاوی شیک و شاریی هاتن بۆ دوکانەکەم، وتیان دوو قاپ مشکەلمان بۆ دانێ. وتم دووان زۆرە با قاپێکتان بۆ دانێم،  وتیان دووان بێنە.
کاتێ هەستا  بڕۆن سەیرمکرد قاپەکان هەر پڕن لە پەنیر و قەیماخ و گوێز و هەنگوین!
ــ کاکە بۆچی نەتانخوارد .. ناخۆشبوو؟
ــ نەوەڵڵا زۆریش خۆشبوو، بەس من بەشێکی مەعیدەم بە عەمەلیات بڕیوەو ئەم پیاوەش هەر ئەوەندەی بۆ خورا.
ــ ئەیجا هەر ئەوەندەتان داوا بکردایە کە پێتان دەخورا، من پێم کفرە یەک کەوچ ماستیش بڕێژم.
ئیتر من قسەکەی ئۆجەلانم بۆ هێنانەوە کە وتوویەتی: ئینسانی کورد بۆ سفرە ئەبێتە جاش، کەچی سفرەکەشی ئەڕێژێ! ئەم قسەیەی ئۆجەلان بۆ زۆربەی مشتەرییەکانم دەگێڕمەوە.
یەکێ لە پیاوەکان ئەم قسەیەی پێناخۆشبوو، پانزە هەزار دیناری دانا و بەنیگەرانییەکەوە وتی: بابە ئێمە جاش نین و ئەوە پارەی خۆت... رۆشتن بەس دیاربوو بە دڵ ئێشاوی.
حەفتەیەک بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕێ، ڕۆژێک پیاوێک هات وتی: کوا کڵاوبەسەرەکە؟
ـــ فەرموو
ـــ دوو چا بێنە و وەرە دەرەوە.
ئیتر کەوتە قسەکردن: تۆ بەم کڵاوەوە ڕاست ناکەی تەنیا چایچیی نیت، ئەو ڕۆژە قسەیەکی ناخۆشتکرد، بەڵام دواتر لەماڵەوە زۆر لە یەکم دایەوە زۆر ڕاستبوو قسەکەی ئۆجەلان. بەڕاستی زیادەڕۆیی لەسفرەدا خەوشێکی ئێمەی کوردە.
وتی:  تۆ من ناناسی.. پێشمەرگەی کۆنی یەکێتیم.. برازای خاڵە شەهابم، خاڵە شەهاب دەیناسیت؟
ــ ئەیچۆن خاڵە شەهاب ناناسم، چۆن ئەبێ کوردبیت و ئەو نموونە باڵایەی ئومێد و هەستانەوە نەناسی. بنەماڵەیەک بە کوڕ و کچ و بووکەوە خۆیان تێکەڵی شۆڕش و گیانفیداییەک کرد کە زۆر ئەستەم بوو کە خەڵک باوەڕ بە سەرکەوتنی بکات.
ــ دە من برازای ئەوم و برای ئاواتی شێخ جەنابیشم، ناوم خەباتە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە کاک خەبات ئەگەر لە کوردستانبێ، حەفتانە یان مانگی دووجار دێت بۆ دوکانەکەم و بووینە هاوڕێی یەکتر.
لەدڵی خۆما وتم:  خۆ دەزانم ئاواتی شێخ جەناب کە ئێستا وەزیری داراییە بچووکترین بەشداری نەبووە لە وێرانکردنی ئابووریی و رۆحی ئینسانی کوردی باشووردا، کەچی ئێستا بووەتە هێمای رق و نەفرەتی خەڵک لەم حکومەتە داڕزاوە. ئەوەی بیەوێ قینی خۆی دەرببڕێ بە ئاوات دەری دەبڕێ!
زۆر ناخۆشە بنەماڵەکەت و مامت .. شەهید خاڵەشەهاب... پێشەنگ و هێمای ئومێدی هەستانەوەی دوای شکستی پشتشکێنی  حەفتاوپێنج بیێ، کەچی ئێستا هێمای بێئومێدی و کەوتن و داڕمان بی!!
ئەگەر بتەوێ خاڵەشەهاب و گیانفیداییەکەی بە گەنجێک بناسێنی کە بەدانانی گیانیی خۆی لە ژووری ئیعداما بووە هێمای هەستانەوە، ئەبێ بڵێی مامی ئەم ئاواتی شێخ جەنابەیە ئەگینا بە ئاسانیی ناناسرێتەوە، خۆ ئاواتیش هۆکاری سەرەکی داڕمانەکە نییە بەس بووەتە هێمای داڕمانەکە!!
حەیف بۆ ئەو هەموو خوێن و فرمێسک نەهامەتییەی خەڵک دای، کەچی کۆتاییەکەی بەم شکست و بێبەهابوونە تەواوبێ.

24/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر