ژینگەو مرۆڤ

لەتیف فاتیح
بابەتی ژینگە بابەتێکی گرنگی ئەم ساڵانەی دواییە، کەزۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت، مەترسیەکانی شێواندن و پیس بونی ژینگە، ناهۆشیاری گشتی بەرانبەر ژینگەو هەروەها پیسکردنی ژینگە لەلایە دەوڵەتە زلەکان وکۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە وای کردوە، هەر ڕۆژ زیاتر بیر لەڕێ و شوێنی باشتر بکرێتەوە، هەرچەند تائێستا زۆربەی هەوڵەکان لەهەموو دنیادا لەچوار چێوەی قسە دەرنەچونە، بۆ نمونە هیچ سزایەکی گەورە نیە بەرانبەر وێرانکردنی ژینگە، هی کۆمپانیاو کارخانەیەک داناخرێن، کاتێک بە بیانوی بوونی شەڕو ناجۆریەوە دەوڵەتێک دارستان و شاخ و ژینگەیەک وێراندەکات و دەسوتێنێت و گڕ تێبەردەدا کەس نیە سزای بدات، ئەمەش وای کردوە ئەوانەی ژینگە وێران دەکەن هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەبێت، هەروەها تاکەکانیش هیچ خەمێکی ئەوتۆیان بۆ ماڵە گەورەکەیان نەبێت، کەگۆی زەویە.

ئەمڕۆ لەهەمو کات زیاتر مرۆڤ دەبێت بەرپرسیارانە ماماڵە لەگەڵ ژینگەو سروشتەکەیدا بکات، ئەمە دەبێ ببێتە وانەی بەردەوام و هەمیشەی تاکەکان، بالەشتە زۆر بچوکەکانەوە دەست پێبکەین، ئەوبتڵە پلاستیکیەی کە ئاوەی دەخۆیتەوەو دواتر لەجامی سەیارەکەتەوە توڕی دەدەی بەلای کەمەوە بۆ شیبوونەوەی لەزەویدا پێویستی بە دووسەت تا پێنجسەت ساڵە، ئەوە جگەلەوەی یەکێکە لەهۆیەکانی گەرم بوونی زەوی، ئەمە پێویستی بەهۆشیاریە، توڕی مەدەو بزانە دەبێت لەکوێ فڕە بدرێت، من بتڵی فڕێدراوم هەر لەسلێمانی و چەمچەماڵ نا لەپاریس و وینیپیکیش بینیوە،کەواتەمرۆڤ لەسەرتاسەری دنیا پێویستی بەهۆشیاری ژینگەییە، ئێمە دەبێت وانەیەکی تایبەت لە قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆ و مزگەو ت کەنیسەو میدیا دابنەین بۆ ژینگە، دەبێ هەرکەس لەکەسێکەوە تا کۆمپانیاو دەوڵەتێک لەسەر پیس بوونی ژینگە سزا بدرێت، پێویستەناوەندێکی جیهانی هەبێت مرۆڤ ناچاری ئەوە بکات ڕێز لەژینگە بگرێت.

سوتاندنی هەر دارێک ڕەنگە هۆیەک بێت بۆ ئەوەی مرۆڤێک ، ئاژەڵێک، پەلەوەرو باڵدارێک توشی تەنگە نەفەسی و ڕەبوو بێت، ئەی ئەگەر دارستانێک بسوتێنرێت چی دەبێت، هەڵبەت مرۆڤ بێئاگا لەوەی کە لەبڕین یان سوتاندنی هەر دارێکا تەنها ئەوەی نەکردوە کەدارێک نەمێنێ و سروشت ناشرین بکات، بگرە دەشێت لانەو ماڵی پەلەوەرێ ، باڵدارێک یان سێبەری ئاژەڵێکی وێرانکردبێت، ئەمە جۆرێکە لەدڕندەیی، بۆیە پەروەردەی ژینگەیی بۆ هەموان پێویستە لە مناڵێکەوەتا سەرۆکی وڵاتێک، تا ئەوسەربازەی بەقسەی سەرەوەی خۆی ژینگەکەی خۆی وێران دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی کەسێکی خۆی.

مرۆڤ دەبێت فێر بکرێت کە بەر پرسیارەتیەکی گەورەی لەئەستۆیە دەرهەق ژینگە، فڕێدانی فلتەری جگەرەیەک ناۆشیاریەکی گەورەیە، ناکرێت مرۆڤ ماڵەکەی خۆش بوێت و گەڕەکەکەی نا، گەڕەکەکەی خۆش بوێت و شارەکەی نا، شارەکەی خۆش بوێت و وڵاتەکەی نا، وڵاتەکەی خۆش بوێت و جیهانەکەی نا، ئێمە لەسەرتاسەری دنیا گرێدراوین بەیەکەوە.

20/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر