هاوگیرفان

پشکۆ ناکام

..... کە بار و دۆخی ووڵاتێک یان لەتە ووڵاتێک وەک ئەوەی پێی ئەووترێ هەرێم!!داتەپێ وەک چێشتی مجەوری لێ یەت و " چڵاوخۆرشتی ئێرانی و تەپسی تورکی و ساوەری خۆماڵی " تێکەڵ  بە یەکتری ئەبێ ئیتر پایەکانی کۆمەڵ ئەڕزێن و مەتریس ئەکەوێتە سەر فەرهەنگ و " زمان" کە زۆرتر لە هەر لایەنێکی تر بڕزێ تا ئاستی هەڵوەشانن....

ئەمڕۆ لە کوردستان زمان بۆتە تورەکەی مولاکەمە و هەر دەزگا و کەس و بەناو میدیایەک هەڵئەستێ بۆکسێکی پیا ئەکێشێ بە تایبەتی دەزگا حیزبی و کەناڵە تێوەگلاوەکانی مافیاکانی نەوت ، بۆ نموونە کەناڵێکی "نەوتاو" کە بە مەبەستی سیاسی و  ئەجندای حیزبییەوە قوورسایی خۆی خستۆتە سەر شاری سلێمانی و مێشی سلێمانی ئەکا بە " گا " و گای ئەوبەریش نەک هەر ناکا بە مێش بەڵکو ئەیکا بە " پەپوولە"  !!بە خاوەندارێتیەک کە لە هەر چیەک بزانێ تەنها لە میدیا و فەرهەنگ نازانێ و ڕۆژانی [کەرەج] تووشی دەیان گرێ کوێرەی نەفسی و کۆمەڵایەتی کردوە و نازانێ چۆن و بە کێی بڕێژێ، کەناڵەکەی کە کۆمەڵێ کەسی نەخوێنەوار و وەک عەلاگەی جل هەڵواسراو بە میدیاوە و بە پشت بەستن بە "مایە"یەکی زەبەلاحی بێ شومار جگە لە پیاکێشانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەر بونەتە زمانی کوردی و بە ئارەزووی خۆیان دەستکای ئەو  زمانە ئەکەن کە لە میراتی باوک و باپیرانمانەوە هەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە و ئەوانیش کە تەنانەت بۆ  ئەوی بزانن سەعات چەنە سەیرێکی ڕەسمە زلەکەی پشتیانەوە ئەکەن ئاخۆ ڕازیە سەیری سەعاتەکانیان بکەن یان نا ؟ وەک ناحەزێکی سەسەختی ئەو زمانە مامەڵە ئەکەن..

ئەو میدیا نەوتاوییانە وەرەشەیەکی گەورەیان لە چەکوش ومشار و بزمار و کەتیرە هەیە بۆ داتاشینی ووشەی کوردی و جێی داخیشە کە سایت و پەیجەکان ئەو داتاشینە بە ناچاری یان بە داهێنان!! ئەزانن و تا ئێستاش هیچ دەزگایەک کە پەیوندی بەو بابەتەوە هەیە نوتقیان لێ نایەت بەڵکو لەبەر خاتری" یان لە ترسی" خاوەنی کەناڵەکان بە نا ڕاستەوخۆ پشتگیرییان ئەکەن، نەوت کە "قووت"ی خەڵکە بوە بە " نقود "ی خاوەنی ئەو جۆرە کەناڵانە کە نەوتیان لێ ئەچۆڕێ و زمانی کوردیش بۆنی نەوتی لێ یەت ، گەر وەک ژماردن " ستاتستیک " ئەو وێرانکارییانە بنووسین کە ئەو کەناڵانە دەرهەق بە زمانی کوردی کردویانە بە دەیان لاپەڕە  تەواو نابێ..

زمانی کوردی کە خۆی نە یەکگرتوە و نە ڕێزمانێکی هاوبەشی هەیە و گیرۆدەی دەیان گرفتی مێژوویی و سەلماننی سەرچاوە ئەتنێکیەکانی هەیە چەکوشی ئەو کەناڵە نەوتاوویانەشی هاتۆتەسەر و ئەوەنەی تر دایتەپانوە ،،، کۆیلەیەکی نەک حیزب بەڵکو هی کەسێکی ناو حیزب ئەوەنە ئەقڵی بە زمان نەشکێ کە "هاوسەر" و " هاوژین" لەیەک جیابکاتەوە و بەجێگری یەکتریان بزانێ ، 
ئەبێ چ "هاو" ێکی لەگەڵ میللەت و فەرهەنگ و میژوو هەبێ جگە لە یەک  [هاو ]کە ئەویش" هاوگیرفانی" دوای ڕاپەڕینە

27/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر