پزیشکیان و سیناریۆ چاوەڕواننەکراوەکە!

سەردار عەبدوڵا
ئەگەر سبەینێ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئێرانی یەکلا نەبێتەوە و بچێتە خولی دوەم ئەوا بێگومان سەرۆکی داهاتووی ئێران پزیشکیان نابێت و قالیباف شانسی زۆرتر دەبێت. بەڵام ئەی بۆچی دوور لە وێنە ڕووکەشە و دوور لەو دابەشکردنە ساویلکەیەی پێیوایە مادام خامنەئی پشتگیری موحافیزکارەکانە، هەربۆیە پزیشکیان چانسی نیە و سەرۆکی داهاتوو حوکمە کە موحافیزکار بێت. دوور لەو ڕووکەشیی و تێڕوانینە ساویلکەیە بۆچی سیناریۆ چاوەڕواننەکراوەکە بەدوور بگرین؟ خۆ گەر ئەم سیناریۆیە بێتە دیی ئەوا بەئەگەری زۆر سبەینێ هەڵبژاردن یەکلا دەبێتەوە و پزیشکیان سەرۆک دەبێت، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
ئێران پەلەیەتی سەرۆک هەڵببژێردرێت، وا باشترە مەسەلەکە یەکلا ببێتەوە و خێرا سەرۆک هەڵببژێرەدرێت. وەک وتیشمان ئەگەر سبەینێ یەکلا ببێتەوە ئەوە چانسی پزیشکیان زۆرتر دەبێت.
دۆخی خراپی ئابووریی و هەمەلایەنەی ئێران، پێویستی بە روخسارێکی قبووڵکراوترە لە جیهاندا، واتا سەرۆکێکی ریفۆرمخواز. گوتاری پزییشکیان و سەرکردە ریفۆرمخوازەکان بە زەقیی جەختی لەسەر ئەم لایەنە دەکردەوە تا ئەو ئاستەی بە ڕاشکاویی باس لە زەروورەتی دیالۆگ لەگەڵ جیهان و بایەخدان بە ئابووریی و گوزەرانی خەڵک و دوورگرتن لەو هەموو خەرجیەی لە ململانێکانی دەرەوە بەهەدەر دەدرێت. کە ئەمە دەکرێ لای بەشێکی خەڵک سەدای دیاری هەبێت.
بۆ ئەو دۆخە خراپانەش پێویستی بە روخسارێکی لەو جۆرە هەیە، لەلایەکەوە بۆ هێورکردنەوەی خەڵک و لەلاشەوە بۆ بەخشینی دەرفەتێک بۆ کردنەوەی دەرگاکانی دانوستاندن لەگەڵ جیهان و بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژئاوایی. هەر کات بەرژەوەندی ڕژێم خواستی بیکەن و هەر کاتێکیش نەیانویست ئەوا دامەزراوەی ڕابەر و سوپای پاسدارن دەتوانن دەرگای گفتوگۆی پێ دابخەن.
دۆخی ناوخۆیی ئێران لە ترۆپکی دابەشبوونی سیاسیی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە. ئەمەش بە هاتنی سەرۆکێکی توندڕەو ئەو گرژیی و دابەشبوونانە قووڵتر دەکاتەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە کە ڕژێم دڵنیاییەکی ئەگەر ڕووکەشیش بێت بداتە خەڵک. ئەمەش بۆ خۆی ڕەنگە تەقینەوەی دیکەی لێ بکەوێتەوە.
لە ئاستی ئازادییەکاندا، ئێران وەکو ڕژێم لە خراپترین دۆخیدایە، چونکە ئاستی خەبات و داکۆکی و ئامادەیی خەڵک لە ئازادی هەرگیز بەو ئاستەی ئێستای نەبوە، بەمەش ڕەنگە وا باشتر بێت بۆ ڕژێم لانیکەم بۆ هێورکردنەوەی ئەو خەبات و هەڵچوونانە روخسارێکی ریفۆرمخواز بێش بخات و (ئومێد)ێک بەخەڵک بفرۆشێت کە مومکینە بە هاتنی سەرۆکێکی ریفۆرمخواز دۆخی ئازادییەکان باشتر ببێت. ئەمەش یەکەم جار نیە بۆ ئەم سیناریۆیە، کاتی خۆی دەرفەت بە حەسەن ڕووحانی درا تەنانەت بەسەر حەداد عادلی خزمی خامنەئیدا سەر بکەوێت، بیرمە ئەو کاتەش هەمان بۆچوونی ئێستام هەبوو، کە ڕژێم پێویستی بە سەرۆکێکی ریفۆرمخواز هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە پێشبینیی سەرکەوتنی ڕوحانیم کرد.
سەبارەت بە ململانێی نێوان باڵەکانیش، ئەگەرێکی دیکەی نەگوتراو هەیە، کە بریتیە لەوەی کە ئەسڵەن هاوکێشەی لاسەنگ و یەکلابەوەوە بەلای موحافیزکارەکاندا خۆی پێویستی بەوە هەیە کە ڕابەریش و ڕژێم پێویستیان بەوە بێت ئەو هاوکێشەیە ڕاست بکەنەوە. بەتایبەتیش کە لە دوادەرەنجامدا سەرۆک هەر کەسێک و لە هەر باڵێل بێت، مەعلوومە کە دەسەڵات و بڕیار لە جێگەی ترە، هەربۆیە هاتنی سەرۆکێکی ریفۆرمخواز لە ئاستی ململانێ ناوخۆییەکەدا شتێک ئەوتۆ ناگۆڕێت، ئەمە بۆ پزیشکیان ڕاستترە چونکە کاراکتەرێکی کارازماتیک نیە کە جێی ترس بێت لەوەی مومکین بێت لەدەست دەربچێت.
هەر پەیوەست بەو خاڵەی پێشەوە، تاز هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە واتا ئەگەر پزیشکیان سەر بکەوێت ئەوا بەم نزیکانە هەڵبژاردن لە پێش نیە تا ئەو ڕێژەی دەنگانەی وەکو سەردەمی خاتەمی ببێتە مایەی سەرکەوتنێکی هاوشێوەی ریفۆرمخوازەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.
ئەو هۆیانەی سەرەوە، زۆر بە کورتی و بەچڕیی دەکرێ هەڵگری سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو بن و لەدەرەوەی پێشبینییەکان سبەینێ پزیشکیان ببێتە سەرۆکی ئێران، ئەوەی چانسی ئەم سیناریۆیە زیاد دەکات لێدوانەکەی ئەمڕۆی خامنەئییە کە بەڕوونی دژ بە پزیشکیان بوو، چونکە ئەم لێدوانە نەک هەر دژی بەرژەوەندی پزیشکیان نیە، بگرە تەنانەت خزمەتیشی دەکات و ڕەنگە ڕێژەیەکی خەڵکی تووڕەی ئێران وا لێبکات لە دوا ساتدا بەچڕیی دەبگ بە پزیشکیان بدەن.
خۆ گەر ڕژێم مەبەستی سەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدە موحافیزکارەکان بوایە، ئەوا دەیتوانی وایان لێ بکات هەموویان بکشێنەوە و تەنها یەک کاندیدی موحافیزکار لەبەرامبەر پزیشیکیاندا بهێڵێتەوە، بەڵام زۆریی کاندیدەکانیان وەک کارتێکی سەرکەوتن وایە بۆ تاکە کاندیدی ریفۆرمخواز.
ڕژێم بەم کارە ڕێژەی دەنگدان بەرز دەکاتەوە کە ئەمە کێشەی هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بوو.
وابزانم پێویستە ئەم سیناریۆیەش نادیدە نەگرین..
 

28/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر