مووشەکباران لە بەغدا، وەڵام لە واشنتن

سەردار عەبدوڵا
بێئاگایی و نوقمبوونی لۆکاڵانەی سیاسی و میدیا و ڕۆشنبیری کورد لەناو کووچە باریکەکانی گەڕەکدا، گەیشتۆتە جێیەک کە مایەی بەزەیی بێت نەک ڕەخنە. بۆ یەکەم جار پاش هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە ئەم بەیانییە بەمووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عیراق، تەوقیتی ئەم پەلامارە زۆر گرنگ و جیاوازە لە پەلامارەکانی پێشوو، بەتێگەیشتن لە تەوقیتەکەی دۆخێکی باش و لەهەمان کاتدا زۆر خراپ و ناخۆشمان بۆ دەردەکەوێت.
بێئاگایی سیاسی و میدیا و ڕۆشنبیری لۆکاڵی کورد لەو تەوقیت و سیاقەی پەلامارەکە وای لێدەکات وەک هەر پەلامارێکی وئاسایی دیکەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا سەیر بکرێت، چونکە ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەمان پێدەڵێت کە ئەمانە بێئاگان لەوەی چەند هەفتەیەکە پرۆژە بڕیارێک ئامادە کراوە بۆ دەنگدان لەسەری لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە. ئەو پرۆژەیە سێناتۆری کۆماری راند پۆل پێشکەشی کردوە و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کە لەڕاستیدا دەکاتە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاخر هەوڵێک بەو ترسناکییە و لە دەزگایەکی وەها باڵا و پڕدەسەڵاتی ئەمریکادا تەنانەت نەبێتە هەواڵێکی سەرنجڕاکێشیش لای ئێمە، ئیدی ئەو کاتە ڕەخنە لەوە بێدەسەڵاتتر دەبێ لەوەی هیچی پێ بکرێ، مەگەر تەنها بەزەیی و دوعای خێر دادمان بدات. بەهەرحاڵ، لە دواییدا دەنگدانەکەی ئەمجومەنی پیران وەک چاوەڕوان دەکرا زۆر بەهێز بوو، (٨٤) دەنگ پرۆژەکەیان ڕەت کردەوە، لەبەرامبەر تەنها (١٣) دەنگدا. لەدوای پێشکەشکردنی پرۆژەکە بە (سێنات) ئێمە ڕامان گەیاند کە پەلامارەکانی میلیشاکان لەعیراق و سوریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا سروشتی (ئیستعرازی) یان هەیە و کار لە سیاسەتی ئەمریکا ناکەن و ناچاری ناکەن بکشێتەوە، تەنانەت ڕامان گەیاند کە زلهێزی گەورە بە چوار درۆن و چوار مووشەک ناکشێتەوە، بەڵام ئێستا کاتی وەڵامیدانەوەی ئەو پرسیارەش هاتوە: کە داخۆ بۆچی میلیشیاکان لەم دواییەدا هێرشەکانیان زیاتر و هەمەچەشنتر کرد؟
لەڕاستیدا ئەگەر بچینەوە سەر پاساوەکانی سێناتۆر راند پۆل کە دەکرێ خۆتان بۆی بگەڕێن و لێرەدا تەنها هێندە دەڵێم کە سروشتێکی ترساندن و بێبایەخکردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە عیراق و سوریا هەیە، کە دەچینەوە سەر ئەو پاساوانە و وردەکارییەکانی ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو هێرشە بەردەوامانەی مووشەک و درۆنەکانی میلیشیاکان لەڕووی فیزیکییەوە ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا دەکران، بەڵام ئامانجە سەرەکیەکەیان ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و دانیشتنی دەنگدان لەسەر پرۆژە بڕیارەکەی راند پۆل بوو. وەک بینیشمان وەڵامەکەیان زۆر لە خودی هێرشەکانی میلیشیاکان بەهێزتر بوو.
گرەوی دۆڕاوی میلیشیاکانیش دەرەنجامی نەخوێندنەوەی وردی وردەکاریی پرۆژەبڕیارەکە بوو. بەڕەچاوکردنی ئەوەی راند پۆل کۆمارییە و ڕابەرە گەورەکانی کۆماریەکان لە کۆنگرێس هەڵوێستی تۆکمەیان سەبارەت داکۆکی لەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو پارچەی کوردستان هەیە، دەبوو بزانن کە پرۆژەی لەمجۆرە نەک تێناپەڕێت بەڵکوو وەڵامی توندیشی دەبێت. بەشێکی وەڵامەکە دەنگداندە بەهێزەکەی (سێنات) بوو، بەشەکەی تریشی هەڵوێستی توند و بێچەندوچوونی ئەمریکا بوو کە لەپاش مووشەکبارانکردن باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا ڕایگەیاند کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا داکۆکی لەخۆی دەکات.
زۆر دەمێکە ئێمە دەمانگوت: هەموو پیلان و هەوڵەکانی لێدان و بچووککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، پیلانێکی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییە و جگە لە لێدانی کورد، ئمانجە سەرەکییەکەی دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لەسوریا. ئەو کاتەی سەرنجمان بۆ ئەو پیلانە ترسناکانە ڕاکێشا بۆ ئەوەمان بوو کە لە یارییە گەورە جیهانییەکە بگەین تاکو بزانین بەباشیی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
هەربۆیە ئەم مەسەلە هەروا بەسەرپێی باس ناکەم و دواتر بەوردیی دێمەوە سەری و هەوڵیش دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییە بدەمەوە کە ئایا دەکرێ ئەمریکا بکشێتەوە. هەڵبەتە هەوڵ دەدەم وێنەیەکی پانۆرامی مێژوویی ئەم مەسەلەیە و لێکەوتەکانیشی باس بکەم.
تا ئەو کاتەش لە دڵەوە و بەوپەڕی ئیمان و ڕاستگۆیی و خشووعەوە دەپاڕێمە:
خودایە، کوردستان بپارێزە،
خودایە، کەمێک هەستی بەرپرسیارێتی بەسەر بێئاگا لۆکاڵەکانماندا ببارێنە
ئامین...


08/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر