قاسمی سلێمانی شاری سەردەشتی بە كیمیابارانكردن دا

عەلی مەحمود
بۆ حكومەتی عێراقی شاری سەردەشتی هەڵبژارد لەو كات و ساتەدا؟.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ڕوداوەكانی چەند رۆژ پێشووتری ئەو ناوچەیە بڕوانین, دەستنیشانی روداوەكان و جوڵە سەربازییەكانی بەرەی بەرامبەر عێراق بكەین ئەوانەی لەو رۆژگارەدا گوزەراون, بۆ هۆكاری كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, ئەمەش سەرەتا  با لە زمانی شایەد حاڵەكانی خەڵكی شارەكەوە بزانین شاری سەردەشت لەو چركە ساتەدا بۆچوونی ئەوان لەو بارەیەوە چی بووە؟, بۆچی عێراق شاری سەردەشتی هەڵبژارد بۆ لێدانی بە چەكی تایبەت  و خەڵكە سڤیلەكەی كردە نیشانەی خۆی لەو كات و ساتەدا؟؟, بزانین لەم بارەیەوە لە لایەن خڵكی شارەكەوە چی وتراوە: (( لە پاش روودانی ئەو كارەساتە و رۆژێك دواتر لە نێو خەڵكی شاردا بڵاوبۆوە، كە بەرەی كوردستانی (باشووری كوردستان) لە شوێنێكی شاری سەردەشت كۆبوونەوەیان كردووە و رێژیمی عێراق لەو كۆبوونەوەیە ئاگادار بوون بە واتایەكی دیكە، ئەوكات باسی ئەوە دەكرا، كە كەسانی ئاگادار و تەنانەت بەشدار لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی، وەك سیخوڕ بەرپرسانی عێڕاقیان لە شوێن و كاتی كۆبوونەوە ئاگادار كردۆتەوە. شایانی باسە، كە هیچ كام لە بەرپرسی حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی باشووری كوردستان باسیان لە دروستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە نەكردۆتەوە و تەنانەت لە راگەیاندنی فەرمی خۆیاندا زۆر بە كەمی باسی ئەو كارەساتە دەكەن.- 22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی -ئا: عەزیز شێخانی )). دیارە لە راستیدا لەو كاتەدا بەرەی كوردستانی دانەمەزرابوو, بگرە بیرۆكەی دامەزراندنیشی هێشتا نەهاتبووە ئاراوە, بۆ زانیاریتان لە 7ی ئایاری 1988 بەرەی كوردستانی راگەیەندراوە,  وە لە كۆی 7 پارتی ئەندامی بەرەی كوردستانی چواریان "شیوعی, پاسۆك, گەل, زەحمەتكێشان" بەشداری هیچ جەنگێكی هاوبەشی  پێشمەرگە - ئێرانییان نەكردووە. 

لێ لێكۆڵەری بە ناو بانگی هۆڵەندی یۆست هلتەرمان لە بارەی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت و هۆكارەكەی دەڵێت: ((سەردەشت كە شارۆچكەیەكی كورد نشینی سەر سنوور و نزیكی بەرەبوو (مەبەست بەرەی شەڕی عێراق ئێرانە), بوو بووە داڵدە و پەناگای گوندنشینە ئاوارەكان و سەربازگەی هێزەكانی ئێران, كە وەك ناوچەیەكی پشتی بەرە بەكاریان دەهێنا, پێشتر سەردەشت گەلێ جار بە فڕۆكە بۆردمان كرابوو چەند ڕۆژێك پێش هیرشە كیمیاویەكەش, هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتبوونە شەڕەوە لە نزیك چیای مامەندە و پاشان لە هێڵەكانی بەرەدا, یەكەمجار ئێرانییەكان بە یارمەتی پێشمەرگەكانی ینك, بەر لە هێرشێكی عێراق بگرن و بیانشكێنن, بەڵام وەك حەمەی حەمە سەعید, كە بەشداربوویەكی ینك بوو لەو شەڕانەدا (چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا) دەیگێڕێتەوە كە هێزەكانی عێراق خۆیان كۆكردەوە و جارێكیتر هێرشیان كردەوە و كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكەیان كرد, ئا لەم كاتەدا بوو كە عێراق بە كیمیاوی پەلاماری شارۆچكەكەیدا. گەلێ شایەتحاڵ لە سەردەشتدا دەگێڕنەوە كە فڕۆكەكانی عێراق چەندین بۆمبی كیمیاییان خستووەتە خوارەوە و پاشان بۆ ماوەی بیست دەقیقە بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە, پێش ئەوەی لە ئاسۆدا لە چاو ونبن - كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە- ل112)).

ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5 
ئەو جەنگە هاوبەشە كە كاك حەمەی حەمە سەعید باسی كردووە,  ئێران لە مێژووی جەنگی ئێران عێراقدا ناوی ناوە ئۆپەراسیۆنی نەسری 5, ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێكەوتی 21-6-1987 قاسم سلێمانی فەرماندەیی  كردووە, بووە هۆی دەیان هەزار كوژراو بریندار, یەكێكە لەو جەنگانەی قاسم سلێمانی سەركردایەتی كردووەو شكستی تێدا هێناوە, بە یەكێك لە شكستە سەربازییەكانی قاسم سلێمانی لە مێژووی ئەودا دێتە ژماردن. 

ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج لە كاتژمێر 0:15 شەوی 22-6-1987بە دروشمی یا زەهرا لە بەرزاییەكانی فەرفەرە لە باشووری خۆرئاوای شاری سەردەشت دەستی پێكرد, ئامانجی سەرەكیش لێی رێگا گرتن بوو لە هاتوچۆی پێشمەرگەی  رۆژهەلات بۆ دەشتی بۆجار لە ناوچەی سەردەشت.

ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دوای ئۆپەراسیۆنی كەربەلا 10 لە رێكەوتی 14-4-1987 بۆ 25-4-1987 لە ناوچەی سەردەشت--بانە لە رۆژهەڵات و  ناوچەی ماوەت بەرەو سوركێو لە باشووری كوردستان بە بەشداری پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف  ئەنجام درا, تیایدا 250 كم چوارگۆشە خاكی عێراق لە لایەن رژێمی ئێرانەوە داگیر كرا, لەم ئۆپەراسیۆنە فەرماندەی تۆپخانەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران حەسەن شەفیزادە و  فەرماندەی تیپ ئەحمەد قادر زادە و چەند فەرماندەیەكی دیكەی ئێرانی كوژران.

هاوكات لە گەڵ ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج, رۆژی پێشتر ئۆپەراسیۆنی نەسری چوار لە رێكەوتی 21-6-1987 بۆ رۆژی هەینی 26-6-1987 لە میحوەری سەردەشت- بانە بە هاوكاری پێشمەرگەكانی ینك ئەنجامدرا, تیایدا شارۆچكەی ماوەت داگیر كرا وە 6000  كەس لە هێزەكانی عێراق كوژرا وە 557 كەسیش دیل كران بە وتەی كۆماری ئیسلامی  ئێران, ئۆپەراسیۆنەكە دیسانەوە لە لایەن بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف بەڕێوەبردرا .

ئەدی ئامارەكانی حكومەتی عێراقی چی دەڵێن؟

رژێمی عێراقی لە رێگای نامەیەكەوە كە بە واژۆی عەمیدی روكن بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی هەواڵگری سەربازی نووسراوەو ئاراستەی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی یەكەی پێنج كراوە وەك زانیاری, لە رێكەوتی 4ی ئۆگستۆسی 1987 , بە  ژمارە ش1-ق1-81-ق ص-1654, كە ئەمەش تاكە بەڵكەنامەیە سەبارەت بە كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت تا ئێستا بەردەست كەوتبێت.
سەبارەت بە زیانەكانی مانگی ئەپرێل كە ئێرانییەكان بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 ناویان ناوە, شەڕێكی هاوبەشە  لە نێوان كۆماری ئیسلامی و هێزەكانی ینك وەك ئاماژەمان پێدا, لە ناوچەی سەردەشت -بانە, سەرجەم  18000  كوژراو 24000 بریندار هەبووە, لێ  بە پێی حكومەتی عێراقی زیانەكانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەكانی مانگی یۆنی  كە هەردوو ئۆپەراسیۆنی نەسری 4 و 5 ە, لە هەردوو دیوی باكورو باشووری ماوەت" 12000 كوژراو, 14700 بریندار,8500 بەركەوتەی چەكی كیمیاوی بەهۆی لێدانی چەكی تایبەت"كیمیاوی" ەوە", وە 155  شەهید  و 4600  بریندار لە شاری  سەردەشت بە چەكی كیمیاوی لە خەڵكی سڤیل  وە  900 بریندار لە بەسیج و پاسدار لە نێوێیاندا فەرماندەی هێزەكانی جونداڵلە لە شاری سەردەشت .

زیانەكانی خەڵكی شاری سەردەشت

ئەوەی شایانی باسە لەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەدا كە دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا, بەپێی ئامارە فەرمییەكان، 8025 كەس لە كۆی 12000 دانیشتووانی شاری سەردەشت  شەهید و بریندار بوون, واتا نزیك 67%ی كۆی دانیشتووانی شارەكە, لانی كەم  4500 كەس لەو بریندارانە واتا 56%ی كۆی بریندارەكان پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەبووە, لەوانە 1500 كەسیان لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە لە دەرەوەی شاری سەردەشت, لە چركە ساتی یەكەم 20 كەس بوونەتە قوربانی و دواتر وردە وردە ژمارەی قوربانیان بۆ 130 كەس بەرزبۆتەوە.

داوای  لێبوردن بكەن
هەفتەی پێش كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی  ئێران و پێشمەرگەی ینك لە ناوچەی سەردەشت بەناوەكانی نەسری 4 و 5   بەڕێوە چووە, لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 بوونە لە هەمان ناوچە, كە 57 رۆژ پێشتر لە هەمان جوگرافیا ئەنجامدراوە, لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكاندا سوپای كۆماری ئیسلامی دەستپێشخەر بووە لە هێرشەكەیاندا.
وەك هەموو جارەكان دیكە, نهێنی كیمیابارانەكە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5 ە, قوربانیش بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە خەڵكی سڤیلی شاری سەردەشت  و نەهێشتنی چالاكی پێشمەرگەی رۆژهەڵات بووە لە رێگای رێگاگرتن لە چوونە ناوەوە لە دەروازەی بێجاڕەوە.
واتا شاری سەردەشت بە دەردی دەستە خوشكەكەی هەڵەبجە چوو, گەل كوژەی كورد شەڕی هاوبەش سەرچاوەی دەردە سەرەكییەكەی هەردوو شارەكەو هەشتاكانی گەلی كوردە.

خەڵكی شاری سەردەشت لە كۆڕ و كۆبونەوەكان, نەیان شاردۆتەوە ڕاشكاوانە لێرەو لەوێ ئۆباڵی كیمیابارانكردنی شارەكەیان خستۆتە سەر هاوكاری ئێران-پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئاماژەمان پێی دا ((جێگای ئاماژەكردنە، كە نە ‌ ئێران و بەرپرسانی رێژیمی تاران لە بیری هەزاران برینداری كارەساتی ٧ ی پووشپەڕدان و نە بەرپرسە كوردەكانی باشووری كوردستان، كە هۆكارێك بوون بۆ ئەو پەلامارە بە هیچ جۆر ئاوڕیان لە قوربانییەكان و ئازاردیتوەكانی ئەو رووداوە ژانهێنەرە نەداوەتەوە -22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی-ئا: عەزیز شێخانی )) . 

كەواتا ئەركێكی ئەخلاقییە ئەوانەی بڕیاری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەیان دا, وە بەشدارییان تێدا كرد ناوی گەورەی وەك داستانی رزگارییان لێی ناوە, داوای لێبوردن لە خەڵكی شاری سەردەشت و گوندەكانی دەوروبەری بكەن, وە پەیمان بدەن ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە داهاتوودا دوبارە نەكەنەوە لە گەڵ هەر وڵاتێكی دیكە, بە  هەر شێوازو جۆرێكی دیكە لە هەموو كات و زەمانێكدا, وە مۆنمێنتی تایبەت بۆ قوربانیانی شاری سەەردەشت دروست بكەن, جێگایەك یان چەندێك بە ناویانەوە بكەنەوە, قەرەبووی مادی قوربانیەكانی تاوانەكە بكەنەوەو بە شەهید و برینداری چەكی كیمیاوی دیارییان بكەن, وەك هێمایەكیش پڕۆژەیەكی ئاوەدانی لە شاری سەردەشت ئاوا بكەنەوە لە خزمەت برینداران و قوربانیانی تاوانەكە.


28/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر