حەماس ئاوا غەزەی بەڕێوە برد ؟؟

عەلی مەحمود
ئەم جەنگە بۆ حەماس  و لیكۆد  شەڕێكی باش بوو, چونكە لە بەرنامەی هەردولایاندایە یەكتری تەواو بكەن، حەماس هەموو جوو، لیكۆدیش حەماس و جیهاد، راگەیاندنی جەنگ لە 7ی ئۆكتۆبەر دەرگاكەی كردەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی دوورو نزیكەكانیان، تاكتیك و ستراتیجییەكانیان، سەرباری شەڕی هەردوولایان لەگەڵ عەلمانیەكان ناوخۆیان، بەم جەنگە هەموو دەرگایەكیان لەبەردەمیان داخست، مرۆڤایەتییان پەراوێز خست، تا ئاستی ئەوەی وەك خائین سەیر بكرێن، لایەنگرانی تیۆری ململانێی شارستانیەتەكانیش وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كونە دارا دۆزیبێتەوە بانگەشەی دروستی بۆچوونەكەیان دەكەن بەوەی جەنگەكە ئاینییە، ئەوان هەموو روداوەكان تەنها لەرۆژی 7ی ئۆكتۆبەر دەبیننەوە، نەك مانگەكەی  دواتر كە زیاتر لە 10 هەار كەسی بێتاوان بوونە قوربانی وێڕای ئابلوقەی ئابووری بڕینی ئاوو كارەبا لە هاوولاتیانی كەرتی غەزە.

جەنگەكە یەك پاكێجە 7ی ئۆكتۆبەر كە لە چەند كاژێرێك 1400 كوژراوو 250  دیل كە قوربانییەكان زۆرینەیان خەڵكی سڤیلن، وە پاكێجی دووەم سزا دانی خەڵكانێك بە كۆمەڵكوژی و ئابلووقەی ئابووری  پەیوەندییان بە حەماسەوە نییە، هەردوو  تاوانەكەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تا  ئاستی جینۆساید، نكۆڵی كردنیش لێیان بۆخۆی تاوانە.

عوفەر كسیف پەرلەمانتارێكی چەپی جووە رەخنەی گرت لە جەنگ، 45 رۆژ لە پەرلەمان سڕ  كرا و 14 رۆژیش موچەكەی بڕا، كەواتە تەنها گوێ لە كەڕەناكانی جەنگ دەگیرێت.

پێش  ئەم خولەی جەنگ 43%ی هاوولاتیانی ئیسرائیلی بوونی دەسەڵاتێكی فەڵەستینییان بە قازانج دەزانی، تەنها 13% دژ بوون 1، لە  بەرامبەردا 54%ی فەڵەستینیەكان پێچەوانەی حەماس لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتن لە پاڵ یەكتر بۆ فەڵەستین و جوو 2 ، ئێستا  بەهۆی فەزای جەگ و رژانی خوێنەوە ئەم راپرسییانە بە قازانجی هەردوو پارتی راستڕەوی فاشستی حەماس  و لیكۆدو هاوپەیمانەكانی گۆڕاون، خوێن هەلی عەقڵی نەهێشتووە، با بزانین  بە راستی خەڵكی غەزە شایانی ئەم سزادانە بە كۆمەڵەن لە برشی تاوانەكانی 7ی ئۆكتۆبەر؟.

حەماس  و هەڵبژاردن

حەماس لە ساڵی 1996 بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن رەتكردەوەو بە حەرامی زانی، بەڵام  كاتێك لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ساڵی 2005 سەركەوتنی  بە دەست هێنا،  33,5% ی دەنگەكانی هێنایەوە 3، ساڵی دواتر لە 2006 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڵەستینی كرد، ئەوەش بووە دوا هەڵبژاردن  بۆ خەڵكی غەزە.

لەو كاتەوە بۆ هەنووكە هەژدە ساڵە تەنانەت هەڵبژاردنی پۆلێكی قوتابخانە،  گوند و یانەیەكیش لە كەرتی غەزە نەكراوە، هەرچەندە لەو هەڵبژاردنەی شارەوانییەكان  فەتح لە كۆی 8 شارەوانی 5ی بردەوە، واتا غەزەش  هێلكەی پاككراو نەبووە بۆ حەماس.
 
لە رێكەوتی 25-1-2006 دوا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە فەڵەستین بە هەردوو كەرتەكەیەوە لێواری رۆژئاواو كەرتی غەزە كرا، حەماس 44,45%ی دەنگەكان و 74 كورسی بەدەست هێنا،  فەتح  41,43%ی دەنگەكان و 45 كورسی  هێنایەوە  لە كۆی 132  كورسی پەرلەمانی فەڵەستین.
لە ئەنجامدا حەماس لە رێكەوتی 29-3-2006 حكومەتی بە تەنها پێك هێنا بەسەرۆكایەتی ئیسماعیل هنییە، بەهۆی نەدانی موچەوە  لە ئەیلولی 2007 دا  كەرتی گشتی مانگرتنی گشتی راگەیاند، كێشەو ئاڵۆزی لە گەڵ فەتح درووست بوو،  چونكە حەماس نەیتوانی موچەیان دابین بكات، لە رێكەوتی 8-2-2007 رێككەوتن حكومەتی ئیتلافی لە نێوان فەتح و حەماس پێك بهێنن، لێ لە رێكەوتی 14-6-2007  حەماس دەستی بەسەر تەواوی كەرتی غەزەدا گرت، دوا تەڵە موی پەیوەندی نێوانیانی پچڕی، رۆژی دواتر مەحمود عەباس تاك لایەنە سەلام فەیازی كردە سەرەك وەزیران، لەوكاتەوە دوو ئیدارەیی دەستی پێكرد، بەلام بێ دەرگەڵە چوونكە دووری نێوانیان 115 كیلۆمەترە.
لە رێكەوتی 11-12-2021 و 25-3-2022 هەڵبژاردنی شارەوانی لە كەرتی لێواری رۆژئاوا ئەنجامدرا، حەماس نەچووە ناو  كایەكەوە.

بە پێی راپرسییەكان  پێش روداوەكان 7ی ئۆكتۆبەر 63%ی هاووڵاتیانی فەڵەستینی داوای گۆڕینی سەركردایەتی فەڵەستینی دەكەن تا چالاكترو كەمتر گەندەڵ بێت، واتا زۆرینە رازی نین لەوانەی حەماس و فەتح ،  65%یش داوا لە حەماس و فەتح دەكەن هەڵبژاردنی ئازاد و پاكژ  ئەنجام بدەن 4.

بەلام حەماس  ئەو مەقولەیەی سەلماند كە لایەنێكی ئیسلامی لە هەڵبژاردن سەر بكەوێت دەبێتە دوا هەڵبژاردنی ولات.

حەماس رێگای نەداوە خەڵك راپرسی لەسەر شێوازی حوكمڕانییەكەی بكەن، تا بزانن لە دەرەوەی راپرسی چۆن وەڵامی دەدەنەوە، هەرچەندە پێویستە ئەوە بزانین لە ماوەی ئەم هەژدە ساڵەی دەسەڵاتداری حەماس هەژاری، بێكاری زیادیان كردووە، دادپەروەری نەبووە، ئازادی بڤە بووە، زانست و پیشەسازی  وێران بوونە، ئابووری داتەپیووە..

بودجەی كەرتی غەزە 

بودجەی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە  تەنها 630 ملیۆن دۆلار بووە لە ساڵی 2011 ، لە ساڵی 2012 زیادی كردووە بووە بە 769 ملیۆن دۆلار، واتا  بە ئەندازەی 1 مانگی موچەی هەرێمی كوردستان.
زۆربەی پارەداركردنی كارگێڕی حكومەتی كەرتی غەزە هاوكاری دەرەوەیی بە تایبەت ئێران، قەتەر، توركیا و  ئەمەریكا، یەكێتی ئەوروپا، جامیعەی عەرەبی و رێكخراوەكان دەیكەن، ئێران  سالانە نزیك 300  ملیۆن دۆلاری داوە بە حەماس، ئەردۆگانیش هاوكاری كردووە نموونە  لە ساڵی 2012  بە 300 ملیۆن دۆلار بەشداری بودجەی حكومەتەكەی حەماسی كردووە.

لایەنێنێكی دیكە لە داهاتی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە ناردنەوەی پارەی پەنابەرانە بۆ ناوەوە كە نزیك 20%ی خەڵكەكەی لەسەر دەژێت،  تەنانەت دابینكردنی بودجە زەكات و پشكی خێرەومەندانیش لە ناوخۆو دەرەوەی تێ دەكەوێت 5. 
دوو سەرچاوەی دیكەش  بۆ داهات  هەیە  لە كەرتی غەزە ئەویش 18500 كرێكاریان لەناو ئیسرائیل كاردەكەن موچەكانیان باشە.
كەرتێكی دیكەی ئابووری قاچاخچێتی ناو نەفەقەكانە لە سیناوە بۆ ناو كەرتی غەزە، دیارە كۆڵبەرەكان زۆرینەیان بە مەحسوبیەت لەو جێگایە داندراون لە قاچاخچییە دەسترۆیشتووەكانی حەماسەوە نزیكن،  لێرە حەماس سالانە لە 300 ملیۆنەوە بۆ نیو ملیار دۆلار داهاتی دەست دەكەوێت.

ئیدارەی ئابووری حەماس 

بە پێی ئاماری رێكخراوی ئۆنكتادی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان داهاتی تاك لە كەرتی غەزە  نیوەی لێواری رۆژئاوای حكومەتەكەی فەتحە، رێژەی بەشداری كەرتی پیشەسازی لە بەرهەمی نەتەوەیی تەنها 8% ، واتا بۆ نیوەی پێش  كودەتای حەماس دابەزیووە، بەشداری كەرتی كشتوكاڵیش  لە كۆی بەرهەمی نەتەوەیی  لە 9% ەوە بۆ 5% دابەزیووە، واتا رێژەی  هەردوو كەرتی بەرهەم هێنی ئابووری پیشەسازی و كستوكاڵ جێگای حەسودی نییە و وێران كراون لە لایەن دەسەڵاتدارێتی حەماسەوە، هەرچی پشكی  كەرتی غەزە لە كۆی ئابووری قەوارەی فەڵەستینی  لە نیوەوە بۆ چارەكی كۆی ئابووری فەڵەستین دابەزیوە.

ئەمە سەرباری  ئەوەی 60%ی  كارەبای  غەزە لە ئیسرائیلەوەیە، تەنانەت كارەبای ئەوەی نییە بۆ دابینكردنی پاككردنەوەی ئاو بەكاری بهێنێت  بۆ هاوولاتیانی 6.

بە گشتی داهێنانی حەماس تەنها لە لێدانی  تونێل لە ژێر زەوی كە گەیشتۆتە 500 كیلۆمەترو خۆ پڕ چەك كردن بووە. 
ئیسرائیل  دوای ئەم جەنگە غەزەش بۆ حەماس چی جێ بهێلێت، بە دەیان ساڵی دیكە  ناتوانێت تەنها چیمەنتۆ بۆ چاككردنەوەی خانووە  روخاوەكان دابین بكات، كە بە كۆڵ لە تونێلەكانەوە لە میسرەوە هاوردە دەكرێت.

ئەدی ژیانی هاووڵاتیانی غەزە

حەماس ژیانی خەڵكی غەزەی وێران  كرد، لە ساڵی 2022 ەوە زیاتر لە نیوەی هاوولاتیانی غەزە بە پێی وتەی رێكخراوی  فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان  ئاسایشی خۆراكیان نییە.

رێژەی هەژاری لە كەرتی غەزە 53% یە، بەڵام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا، ئەو بەشەی لە ژێر دەستی فەتحی عەلمانییە 13,9%ەیە، هەروەها  33,7% ی هاووڵاتیانی كەرتی غەزە زۆر هەژارن، بەلام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا  ئەو رێژەیە تەنها 5,8%ە 7.
هەروەها 83%ی كرێكاران لە كەرتی غەزە بە  كەمتر لە لانی كەمی كرێ كار دەكەن كە 520 دۆلارە لە مانگێك 8. 
زۆرجار كرێی كرێكاران ئەوەی وەریدەگرن نیوەی لانی كەمی  كرێیە بە كاژێری كاركردنی زیاترەوە 9 .  

ئەمە  لە كاتێكدایە لانی كەمی كرێ  لە وڵاتی ئیسرائیل مانگانە 1400 ئیرۆیە، بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە 1600 ئیرۆ 10. 
هەروەها بۆ دەرچووان و گەنجان و ژنان كێشەكە زۆر قورسترەو رێژەی بێكاری لە ناویان  زۆر زیاترە، 74%ی  دەرچووانی زانكۆ لە كەرتی غەزە بێكارن 11. 

ئازادییەكان

  لە ساڵی 2011  عەبدالەتیف موسا ئیمارەی ئیسلامی لە رەفەح دامەزراند,  حەماس پەلاماری دان و  ئەمیرو نۆ لە ئەندامانی كوشت. پەلاماری جند ئەنساراللەی سەر بە قاعیدەی دا و 22 ی لێكوشتن، پەلاماری جیهاد و تەوحیدی سەر بە داعشی دا لە ساڵی 2015،  ئەمانە هەموو هاوئاوازی بن بەم شێوەیە مامەڵەیان لە گەڵدا بكات دەبێت بەرامبەر بە فەتح و لایەنە چەپگەراكان و ژنان و خەڵكی دیكە چی بكات؟؟.
پەروەندەی حەماس لە بەرامبەر ئازادییەكان و  رۆژنامەگەری پەروەندەیەكی رەشە، بە پێی راپۆرتەكان 12.

دوا راپرسی بۆ حەماس  كارەسات بوو 

رۆژێك پێش 7ی ئۆكتۆبەر تۆڕی بارۆمیتەری عەرەبی بە هاوكاری ناوەندی فەڵەستینی بۆ توێژینەوەی سیاسی و گۆڤاری فۆرین ئەفیرەزی ئەمەریكی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراتیەت راپرسییەكیان ئەنجامدا، راپرسییەكە راستەوخۆ و رووبەڕو ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا دەركەوت زۆربەی هاووڵاتیانی كەرتی غەزە باری ئابوورییان خراپە بەهۆی دەسەڵاتی خراپی حەماس 44%یان هیچ متمانەیەكیان بە حەماس نییە، لە بەرامبەردا 29% یان زۆر متمانەیان بە حەماسە،  72%یان پێیان وایە گەندەڵی لە دەسەلاتی حەماس هەیە، هەروەها زۆرینەی هاووڵاتیانی غەزە ئایدۆلۆجیای حەماس رەت دەكەنەوە، 
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی قەوارەی یەكگرتووی  فەڵەستینیش مەروان بەرغوسی 32% و ئیسماعیل هەنییە 24% و مەحمود عەباس 21% ی دەنگەكان دەهێننەوە ئەگەر لەوكاتە هەڵبژاردن بكرابایە، مەروان بەرغوسی زیندانییە و سەر بە رێكخراوی فەتحە، هەروەها بە پێی ئامارەكە 78%ی هاوولاتیانی غەزە كێشەی دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان هەیە.
 بە گشتی تەنها 27%ی هاووڵاتیان حەماس پارتی بژاردەیانە، لە ساڵی 2021  ئەو رێژەیە  34% بووە 13. 
كەواتە 73%ی ئەو خەڵكەی لە غەزە  ئەمڕۆ بوونەتە قوربانی نەك لایەنگرو دەنگدەری حەماس نین، بەڵكە بەشێكی نەیاری توندین، ئێستا  لە جیاتی ئەو سزا دەدرێن، هەر 5 دەقە منداڵێكیان لێ دەكوژرێت، ئەوان پێشتر حەماس سزای سیاسی و برسیكردنی دابوون، ئێستا نەتەنیاهۆ.
لە كاتێكدا خەڵك لە بری حەماس سزا دەدرێن  زۆرینەی مەكتەبی  سیاسی  حەماس و خێزانەكانیان لە دەرەوەی فەڵەستینن دەژێن  بە تایبەت  لە شاری دۆحە، بە هەردوو كەسایەتی یەكەم و دووەمیان خالد مەشعەل و  ئیسماعیل هنییەو ماڵ و منداڵیان و  7 ئەندامی مەكتەبی سیاسییانەوە.

خالید مەشعەل لە ژیانی تەنها 3  رۆژ كەرتی غەزەی بینیوە، موسا ئەبو مەرزوق تەنها 5  رۆژ  گەڕایەوە  بۆ غەزە، كەچی بە وتارە ئاگراوییەكانیان هانی گەنجان دەدەن بۆ غەزاو جیهاد، ئەبو شادییە دۆستەكەی هەژاران كە رۆژانە شیرینی بەسەریان دابەش دەكرد دەبێتە قوربانی  14.

سەرچاوەكان:



5-
8-
11-
12-
13-
14-



12/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر