ڕۆشناییەک لە کڵاوڕۆنەی محەمەد ساڵحەوە

گۆران هەڵەبجەیی

ئەوەتەی ئیسلام هەیە هەرگیز ڕێگەی بە  ڕەخنە و دەنگی جیاواز نەداوە،لەمێژووی١٤٠٠ ساڵەی ئیسلامدا ،کەم نەبوون ئەودەنگانەی کە دەیانویست ئاینی ئیسلام لەڕەوتە باوەکەی دووربخەنەوە ،کە تژیە لە تووندوتیژی و کووشتن و قەبوڵنەکردنی موخالف.ئەوانە دەیانخواست بەرگێکی عەقلانی و تۆلەرانس بکەن بە ئیسلامدا ،بەجۆرێک لەهەموو لایەک و سەردەمێکدا بتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت،لێ بەداخەوە بەبیانوی ئەوەی ئیسلام ئاینێکی متەکاملەو وەڵامی هەمووپرسیارێکی تێدایەو بۆهەمووسەردەمێک دەگونجێت ،زۆر بە دڕندانە ئەو دەنگانە لەنێوبران و بەرهەمە عەقڵیەکانیشیان سووتێنراو تۆمەتی زەندەق و ئیلحادیشیان دایە پاڵیان.

دواهەوڵ بۆ ڕەفۆرمکردنی ئیسلام لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا بوو کە سێ کەسایەتی ناودار پێی هەستان ،ئەوانیش شێخ جمال بەنا برای حسن بەنا دامەزرێنەری ئیخوان لەمیسر،دکتۆر حسن ترابی سودانی،حامید ابوزید میسری.هەوڵەکانی ئەم بەڕێزانە نەک هەر شکستی خوارد بەڵکو لە لایەن زۆرێک لە وەکیلەکانی خواوە هەڕەشەی کووشتنیان لێکرا.

ئەزموونی ژیان سەلماندویەتی لە هەر بوارو چالاکیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی فکری ئاینی یا هەر بوارێکی دیکەبێت، گەر  ڕێگە بە هەوڵی گۆڕانکاری،ڕەخنە،ڕای جیاواز،پێداچوونەوە نەدرابێت،ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو هەوڵانە لە دەرفەتی گونجاودا لەفۆرم و بۆچوونی جیاوازی دژبە ڕەوتەباوەکە خۆیان نمایش کردوەو دەیکەن،کە بەرەنگاربوونەوەیان ئەستەم یا شکستخواردوودەبێت و لەکۆتایدا بەناچاری قەبوڵدەکرێن.
ئەوەتەی ئاینی ئیسلام وەک ئاینی زۆرینەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ڕۆڵدەبینێت ، تاڕادەیەک پابەندبوونی زۆرینەی ئیمانداران پابەندبوونێکی ڕووکەش و سادەو سەرەتایی بووە،واتە باگراونێکی مەعریفی بوونی لەزهنیاندا نەبووە.

ئەوەی لەدەمی پیاوانی ئاینی ومەلاکانەوە وەریان گرتوە هەرئەوەبووە ئیدی بڕوای ڕەهایان هەبووە پێیان .جگە لەمە پرسیارکردن لەبارەی ئاینەکەوە ڕێگەپێنەدراوبووە. هاوکات ئەم زۆرینە ئیماندارە هەوڵی گەڕان بەدووی ڕاست و درووستی قسەکانی مەلاکان یا وەرگرتنی زانیاری و قووڵبوونەوە نەداوە ،واتە ئەوانە کیفایەتیان بە بەجێگەیاندنی ئەرکە سەرەکیەکانی ئیسلام کردوە ،وەک نوێژ ،ڕۆژو  ، حەج ، بەخشینی سەرفترەو زەکات و قوربانیکردن.

لەوەش دڵنیام کە ملیۆنەها مسوڵمانی غەیرە عەرەب نەلە ماناکانی تێکستەکانی نوێژ تێدەگەن و نەدەتوانن بێ هەڵە بیانخوێنن،بەڵکو تەنها لەبەریان کردوەو بەهەڵە دەیڵێنەوە.

ئەم حاڵەتەش بۆ مەلاو سومبوڵەکانی ئیسلام گەلێک بەسوودبووە ،هاوکات بەگەمژەیی و دەبەنگی دواکەوتوانیان خۆشحاڵ بوون .
لێ ئەم دۆخە تا ئەوکاتە درێژەی کێشا کە سۆشیالمیدیا پەیدابوو.

پەیدابوونی سۆشیال میدیا کارەسات بوو بۆیان ،چونکە چیتر نەیانتوانی خەڵکی ئیماندارو کۆمەڵگە  بەدرۆکانیان بەئارەزوی خۆیان لێبخووڕن.

هاوکات کاریگەریەکی دیکەی مەزنی سۆشیال میدیا پەیدابوونی ئەوژمارە زۆرەبوو لەکەسانی سیکولار و بیرمەند  کە دەرفەتیان بۆپەیدابوو بۆ بەدرۆخستنەوەو بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئاینی ،کە ئاینی ئیسلامیان کردوەتە بزنس بۆ  خۆدەوڵەمەندکردن و دابینکردنی ژیانێکی خۆش.
یەکێک لەو مرۆڤە بەتواناو بوێرانەی کە بووەتە کێشەی گەورە بۆ پیاوانی ئاینی و کەسایەتیە ئیسلامیەکان بەڕێز{محەمەد ساڵح}ە.

وەک خۆی زۆرجار لەلایڤەکانیدا ئاماژەی پێکردوە پتر لە{٢٥} ساڵ لەتەمەنی لەبواری ئاینی ئیسلامدا بەسەربردوە، وەک وانەبێژ وپێش نوێژ و دراسەو قوڵبوونەوە لە شەریعەتی ئیسلامدا.

هەر ئەم خەرمانە زانیاریانە توانایەکی وای پێبەخشیوە کە بێ باکانە ڕووبەڕووی ئەوانە  ببێتەوە کە گومانیان لە تواناکانی هەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم مرۆڤە دەتوانم بڵێم هەموو قورئان و حەدیس و شیکردنەوەکان و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمەکانی خەلافەتی ئیسلامی  بەناوەکانەوە لەبەرە، جادەمێک بەشداربوویەک ئایەتێک بەهەڵە دەخوێنێتەوە ئەم بۆی ڕاستدەکاتەوە،یاخود پێیان دەڵێت بۆ دڵنیابوون لە قسەکانم چ ئایەت یا سورەتێک بخوێننەوە .

ئەو خەسڵەتە جوانانەی لەو مرۆڤەدا بەدیم کردوە بریتین لە هاێمنی،هەڵنەچوون،ئاخافتن بە زمانی شیرین،وەڵامدانەوەی خێرا ،ڕێزگرتنی بەرامبەر[لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان بێڕێزی بەرامبەردەکەن تا ئاستی هەڕەشەی کووشتن].

ئەم کەسە چاک دەزانێت چۆن  بەرامبەرەکانی بخاتە گۆشەیەکەوە کە نەتوانن بەسەرکەوتوویی لێی دەرچن.ئەو لەیەکەم چرکەوە ئاستی توانای کەسی بەرامبەری بۆدەردەکەوێت ،کە زۆربەیان  تەنها بەسۆزو ویراسە مسوڵمانن و لە زانیاریدا زۆر کۆڵەوارن. ئەم داکۆکیکارانە لەئیسلام چونکە پاشخانی زانیاریان لاوازە زوو دەیدۆڕێنن ، هەندێکیان دان بەشکستیەکەیاندا دەهێنن ،هەندێکیشیان دانی پێدانانێن و لەبری ئەوە هەڵدەچن و جۆرەها تۆمەت و تانەو تەشەرو  جنێو ئاراستەی بەرامبەر دەکەن ،بەنمونەی تۆمەتی پیاوی ئیسرائیل و ئەمریکا کە زۆر دووبارە دەبێتەوە.

کەم نین ئەوانەی لەلایڤەکەیدا  بێشەرمانە دەڵێن بەڵێ ئامادەین کەسە نزیکەکانی خۆمان بکوژین گەر ئاینەکەیان بگۆڕن.

ژمارەیەکی بەرچاو لەو مسوڵمانانەی بە کە بۆ جاری دووەم و سێیەم بەشداریان لە لایڤەکانیدا کردوەتەوە، ڕاستگۆیانە دانیان بەوەدا ناوە کە گومانیان لادرووست بووە بەرامبەر بەئیسلام،ئەمەش بۆخۆی کارێکی گرنگەو سەرەتایەکە بۆ گەڕان بەدووی حەقیقەتدا.

هەروەها بڕێک لە بەشداربووان بەئاشکرا وازهێنانی خۆیان لەئیسلام و بێ ئاینی خۆیان نەشاردەوە.ئەوکەسانەش کە ویستویانە سەرسەختانە داکۆکی لەئیسلام بکەن و خاڵە لاواز و نائینسانیەکانی بپۆشن لەئەنجامدا بەهۆی بەڵگەکانی محەمەد ساڵحەوە شکستخوارد بوون و بەتووڕەییەوە یا بە جنێو لایڤەکەیان جێهێشتوە،یاخود هەندێک لە بەشداربوان پاش ئەوەی دان بە نەشارەزایی و بێتواناییان لەئیسلامدا دەنێن ،ئەوجا  ویستویانە بە جۆرێکی دیکە تەحەدای بکەن ،بەوەی کە پێی دەڵێن بۆ ناوێریت لەگەڵ پیاوانی ئاینی و بانگخوازان دیبەیت بکەیت،ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت من لەمێژە داوام لێکردون بەڵام کەسیان نەینوێراوە ڕووبەڕووم ببنەوە،جا ئێستەش لەڕێگەی بەڕێزتەوە داواکەم نوێدەکەمەوە یا تۆ یەکێکم بۆپەیدا بکە.

سەبارەت بە وازهێنانی لە ئیسلام دەڵێ مەسەلەکە زۆر سادەیە ،پاش ئەوەی پتر لە چارەکە سەدەیەک لەتەمەنم لە دراسەکردن و پێشنوێژی و وانەگووتنەوە و پێشتریش وەک ئیماندارێکی زۆر پابەند بەئیسلامەوە  بەسەربرد ،گەشتمە ئەو قەناعەتەی کە ئەم ئاینە ئەوەنیە کەمن تەمەنێکم لەپێناویدا بەسەربردوە.

هەر لەم ڕووەوە دەڵێت دەمێک بیر لە خوێندکارەکانم دەکەمەوە کەبەهۆی وتارەکانمەوە دەگریان،خۆم بەتاوانباردەزانم کە درۆم کردوە بۆیان.
محەمەد ساڵح ڕێزێکی زۆری بۆکورد هەیە و بەئیجابی و وەک ڕووی گەشی نەتەوەیەک باسی ئاهەنگەکانی نەورۆز و بۆنەکان دەکات،هاوکات بەشانازیەوە باسی ئازایەتی  ژنانی گەریلاو شەڕڤانان دەکات و بە تێکشکێنەری داعش ناویان دەبات.

پێدەچێت بپرسن ئامانجی محەمەد ساڵح لەم لایڤانەی چییەو هەوڵەکانی بەکوێ دەگات؟

بۆوەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لەمێژوی کۆن و نوێی مرۆڤایەتی بدەینەوە ،لەوێدا بگەڕێین بەدووی کاریگەری ئەو کەسانەی کەهەوڵی ڕەفۆرمیان داوە ،ئیدی لەئایندا بێت یا کایە زانستی و هزری و فەلسەفی و کۆمەڵایەتیەکاندا،لەئاکامدا بۆمان دەردەکەوێت لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان سەرکەوتوونەبوون بەڵام جێدەست و نەخشیان بەسەر ئەوبوارەوە تا ئیمڕۆش دیارە،ئەوانەش کە لەهەوڵەکانیاندا سەرکەوتووبوون ،ئەوە مێژوی مرۆڤایەتی قەرزاریانە بەوەی وەرچەرخانی مێژوویی و شۆڕشی مەزنیان لە بوارەکانیاندا  بەرپاکرد ،بەنمونەی {مارتن لۆپەر}.

کەواتە هەوڵەکانی محەمەد ساڵحیش دەکەوێتە هەمان چوارچێوەوە،ئەو دەخوازێت خەڵکی ئیماندار هۆشیار بکاتەوە،دەخوازێت ئەقڵی خۆیان بەکار بهێنن بۆ شرۆفەکردن و  ناسینی ئیسلام نەک ئەقڵی کەسانی کە .

لەگەڵ ئەوەی لە  ئێستادا کاریگەری لایڤەکانی  بەدیار کەوتوەو هەستی پێدەکرێت و بینەرانی لەهەڵکشاندان ،بەڵام لەوە دڵنیام کە لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەری ڕوونتر و زەقتر بەسیمای ئیسلامەوە دەبینرێت، ئەوەش پاش ئەوەی ئەقڵی ئیمانداران لەداگیرکردن ڕزگاردەبێت و خۆیان دەبنە خاوەنی.

سەرنج/ {مارتن لۆپەر}قەشەیەکی ئەڵمانی بوو ،ساڵی١٤٨٣ لەدایک بووە،ساڵی ١٥٤٦ و لەتەمەنی [٦٢]ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە.
بە داهێنەرو ڕابەری ڕەفۆرم لە ئاینی کرستیاندا ناسراوە،ساڵی ١٥١٦شۆڕشێکی  بنەڕەتی لە کەنیسەدا بەرپاکرد کە تێیدا  درۆ مەزنەکانی پیاوانی کەنیسەی ئاشکراکرد،بەتایبەتی لەمەسەلەی فرۆشتنی [پسوڵەی چونە بەهەشت] بە مرۆڤە هەژارەکان.پاش ئەوەی شۆڕشەکەی بە چەندین قۆناغی خوێناویدا تێپەڕی ،لەئاکامدا سەری گرت و بەهۆیەوە ئاینی کرستیان بوو بەدووبەشەوە.[کاپۆلیک] و [پرۆتستانت]،ئیدی لەوەبەدواوە جیهان وە بەتایبەتی ئەوروپا لە زەبروزەنگ وجەوروستەمی پیاوانی ئاینی ڕزگاریان بوو،هاوکات سەرەتایەک بوو بۆ جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەت و پەیدابوونی دەوڵەتی عەلمانی

02/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر