پزیشکیان، سەرۆکێکی دیکۆر

د. سه‌ردار عه‌زیز

بردنەوەی پزیشکیان مایەی سەرنجە. ئەمە سێیەم جارە پزیشکیان هەوڵی بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدات، بەڵام دووجاری پێشوو ڕەتکرایەوە.

کاندیدی دەوڵەتی قوڵ قالیباف بوو. تەنانەت ئێرانییەکان پەیامیان بۆ ئەمریکی و ئەوروپییەکان ناردبوو کە دوای خامنەئی ئێران پێویستی بە کەسێکی بەهێزە، بۆ قالیباف گونجاوە.

کاتێک دواجار قاانی سەردانی عێراقی کرد، بە لایەنە دۆستەکانی ڕاگەیاندبوو کە قالیباف دەبێت بە سەرۆک.

سوپای پاسداران هەوڵیدا سەعید جەلیلی ڕازی بکات بە کشانەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نیشانەی ئەوەیە کە ناو بازنەی ئسوڵییەکانیشدا ململانێ توندە. 

سەعید جەلیلی گونجاو نەبوو چونکە هەموو کەسایەتی و باری دەرونی لای دەزگای سیخوڕی سی ئای ئەی بە ووردی هەیە. سەرۆکی ئێستای سی ئای ئەی بە تایبەت باس لە کەسایەتی بێزارکەری ئەو دەکات لە دیدارەکانی مەسقەت.

پزیشکیان وەها دیارە بۆ ئەوە هێنرا کە کەمێک گەرموگوڕی بخاتە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە. چونکە دەنگنەدانی ئێرانییەکان بە زۆرینەی زۆر، دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئێرانی شەرعیەتی نیە و بە پشتی زەبر و بەرژەوەندی حوکم دەکات. هەروەها دەرخەریی لاوازی ئێرانە بەرامبەر ڕۆژئاوا.

بەڵام دەرکەوت کۆماڵگای ئێرانی دوانەی ئسولی و ڕیفۆرمخوازی تێپەڕاندوە. 

چاودێران دەڵێن بۆ ئەوەی ئێرانی داهاتوو ببینی تەماشایەکی ژێر عابای ژنانی ئێران بکە. 

ناوەندەکانی بیرکردنەوە لە ڕۆژئاوا ئێران وەها دەبینن کە بەرەو مۆدێلی چینی دەچێیت، بەناو ئیسلامی، دەوڵەتێکی سەربازی ستەمکار، بەڵام لە داهاتودا هەوڵی کرانەوە دەدات بە سەر ڕۆژئاوادا و زیاتر ناسیونالیست دەبێت.

بیرمەندی ناسراوی ئێرانی عەلی ئەنساری وەهای دەبینێت جۆرێک لە مۆدێلی شایەکی ئیسلامی دروست دەبێت، کە دەسەڵات پشتاوپشتیش دەکات. کوروش جێگای ئیمامی عەلی دەگرێتەوە.

06/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر