پێش مردنی ڕێزی لێبگرن دواتر چلەی ماتەمینی بۆ ڕێک مەخەن

مەعروف مەجید

ئێمە میللەتێکین، زیندوو کوژی مردوو دۆستین، ئێمە تا کەسە باشەکانمان لە ژیاندان پشتگوێیان دەخەین، بەڵام هەر کە مرد، پرسەیەکی باش، خواردنێکی باش، زۆرترین لافیتە، دوای چل ڕۆژ چلەی ماتەمینی، برووسکەی حکومەت و حزب و مەکتەب ساسی و دواتر ئەگەر پشت و پەنایەکی لە حزب و حکومەتیش هەبێ، باخچەیەک، شەقامێک، قوتابخانەیەک، نەخۆشخانەیەک هەر هیچ نەبێ، وێنەیەکی بە گەورەیی لە سەر ڕێگایەکی سەرەکی نزیک بازگەیەک دادەنێین.

دەمەوێ باسی کەسێکتان بۆ بکەم تا لە دەستی نەدەین هەست بەو خەسارەتە ناکەین، تا لە دەستی نەدەین نازانین چی گەوهەرێکمان لە دەستداوە، تەمەننا دەکەم خوای گەورە تەمەن درێژ و تەندرووست باشی بکات بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت، وە بۆ ئەوانەشی بە بینینی نیگەران دەبن.

شێخ جەمالی کڕبچنە، ئەگەر پێشتر هەندێک لە بەرپرسان بە دەنگێکی نزم پێیان شەرم بو پێی بڵێن، جوتیاری نمونەیی، ئێستا دەبێ پڕ بە گەروویان پێی بڵێن، تاکە جوتیاری نموونەیی و داهێنەر و هەڵبژێردراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان، لەسەر ئاستی جیهان.

جوتیارێک بە بێ پشتیوانی حکومەت و حزب و کەرتی تایبەت، کوردستانی خستە سەر نەخشەی کشتوکاڵی جیهانی، لە کاتێکدا، لە ماوەی ۳۲ساڵی حوکمڕانی کوردی لە دوای نۆ کابینە، کورد ئەو نازناوەی بە دەستنەهێناوە.

ئێستا پێم بڵێن، شێخ جەمالێک لە گوندێکی دوورە دەستی بێ خزمەتگوزاری، گوندێک بستێک قیر و کۆنکرێتی تێدا نیە، گوندێک تا ئێستاش ئاوەڕۆکانی بە بەردەم ماڵان دەڕوات، گوندێک تا دەگەی پێی تووشی سەدان تاسە دەبی لەبەر خراپی ڕێگاو بانەکانی، ئاخۆ ئەم پیاوە، هێندەی هەموو کابینەکان خزمەتی زیاتری‌ به نازناوی کوردستان نەکردووە لە بواری سێکتەری کشتوکاڵیدا ؟.

 لە ماوەی کارکردنی لەم ساڵانەی دوایی زیاتر شێخ جەمال، کارەکانی کەوتە ناو ڕاگەیاندن و سۆشیاڵمیدیا، بە دەیان داهێنان و توێژنەوەی ئەنجام دا، چەندین نوێکاری کرد لە چاندنی بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە پێشتر لە کوردستان کاری لەسەر نەکرابوو، هەر تاکێک ئەگەر دەیەوێ بە کارەکانی ئاشنا بێت تەنها گەڕانێکی بۆ بکە بنووسە، کڕبچنە  ئەوا بێشک کارە ناوازەکانی دێنە بەردەستت، کەواتە کەسانێک بۆ ئەوەی نەپرسن ئاخۆ ئەم جوتیارە چی کردووە.

ئەوەی مایەی نیگەرانیە لای بەندە، لە بەرواری ۱۰ئازاری ۲۰۲٤، بە فەڕمی ناوی شێخ جەمال وەکو داهێنەرێکی کشتوکاڵی جیهانی ڕاگەیەنرا لەلایەن وەزیری کشتوکاڵی هەرێمەوە، سیانزەیەمین کەس لەسەر ئاستی جیهان و یەکەمین کەس لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کە بابەتەکە دەنووسم، هیچ دەزگایەکی باڵای فەڕمی، حکومەتی هەرێم نەک بانگهێشتی نەکردووە بۆ دەستخۆشی تەنانەت ڕێزلێنانێکیشان لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە بۆ ڕەوانە نەکردووە.
لە کاتێکدا دەبوو، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و چەندین لایەنی تر بانگهێشتیان بکردایە و مەڕاسیمی تایەتیان بۆ ڕێک بخستایە، سەرەڕای هەرێم، دەبوو سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی کورد لە پەڕلەمان و حکومەتی عێراقیش ئەم کارەیان بکردایە لەبەر ئەوەی شێخ جەمال وەکو تاکێکی کوردی عێراق ئەم شەرەفەی پێبەخشراوە.

لایەنی کەم حزب و لایەنە سیاسییەکان و سەندیکا و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری کشتوکاڵ، مەڕاسیمی تایبەتیان بۆ سازبکردایە، بەڵام بە داخەوە، ئەوەشمان نەبینی، چەند هەوڵێکمان بینی ئەویش لەسەر ئاستی تاکە کەسی بوون کە دەکرا کاری زیاتری بۆ بکرایە.

 لەم ڕۆژانە گەشتێکمان کرد بەیەکەوە کەوتینە دەردەدڵی لەگەڵ یەک، باسی ئەوەمان کرد مرۆڤ لەم ووڵاته تا زیندووە وون دەکرێ کاتێ دەمرێ چلەی ماتەمینی بۆ ڕێک دەخرێ، بەڕێزیان  هێندە بێتاقەت بوو وتی وەسیەتم کردووە بۆ نەوەکانم دوای مردنم نەک چلەم بۆ نەکرێ تەنانەت پرسەشم بۆ دانەنرێت، دەبێ هەتا کەی ئەم میللەتەی ئێمە زیندوو کوژی مردوو دۆستبن.

هەر ئەو بێتاقەتییەیە، وای کرد ئەمساڵ دەستبەرداری بەشێک لە کارە کشتوکاڵییەکانی ببێت، ئەو شێخ جەمالەی لە هۆڵەندا جوتیاری داهێنەر و نموونەییە ئەمساڵ کێڵگەکەی لە گوندی کڕبچنە خامۆشە،  تەماتە ڕەنگاو ڕەنگەکانی و بەرهەمە هەمەجەشنەکانی نابینرێن، ئیتر خوێندکاران و مامۆستایانی کشتوکاڵ ناتوانن گەشتی زانستی بۆ ئەنجام بدەن. 

کەواتە، پەیامێک بۆ بەرپرسان، لە هەرێمێکی چوار پارێزگادا سەدان شێخ جەمال لە بوارە جیاجیاکاندا بە هەوڵ و کۆششی خۆیان بونیان هەیە، نەک لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی  دەتوانن لەسەر ئاستی جیهانی خەڵاتی بەرز بە دەستبهێنن و سەری خۆیان و نەتەوەکانیان بەرز بکەنەوە، ئێستاش کات درەنگ نەبووە شێخ جەمال بانگهێشت بکەن و پێش پێدانی ڕێزلێنانەکە داوای لێبووردنی لێبکەن کە نەتانتوانی لە کات وساتی خۆیدا سوپاس و پێزانینی خۆتان پێشکەشی بکەن. 

ئەگەرنا مێژوو ڕەحمتتان پێناکات و ڕۆژانێک لە بیرەوەرییەکانی شێخ جەمال و هاوڕێکانیدا ئەم پشتگوێخستنە دەنوسرێتەوە و نەوەکانی داهاتووش ئەم گوێپێنەدانەتان دەبیستننەوە.

12/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر