یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نی كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پێویسته‌!

کاوە مەحمود

زیاتر له‌ شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك تێپه‌رده‌بێت و، تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراو كارا نه‌بووه‌ و پارێزگار هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و كاره‌كانی جێبه‌جێكردن به‌ پێی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و مادده‌ یاسایانه‌ی پۆسته‌ كارگێرییه‌كان ڕێكده‌خات، جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ڕه‌وشه‌ به‌ گشتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و پێكهاته‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌یه‌، كه‌ دوای گۆڕانكاری ڕه‌وشی سیاسی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی سیاسییان سه‌پاند و، لایه‌نی كوردستانی به‌ گشتی په‌راوێزكرا و، له‌ میانه‌ی ئه‌م ڕه‌وشه‌ نوێیه‌شدا هه‌نگاوه‌كانی گۆڕانكاری دیموگرافی و ڕه‌وشی خزمه‌تگوزاری به‌تایبه‌تی له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان خراپتر بوو، جگه‌ له‌ ڕه‌وشی جوتیاران كورد و كاركردنی به‌رده‌وام بۆ ده‌ڕپه‌ڕاندنیان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زه‌وییه‌كانیان.

لایه‌نی كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك زۆربه‌یه‌كی ڕێژه‌ییه‌ و، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م حزبییه‌ كوردستانییه‌كان به‌ یه‌كگرتوویی له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا به‌شداربوونایه‌ گومان نییه‌ زۆربه‌ی ڕه‌هایان به‌ده‌ست ئه‌هێنا. نه‌بوونی هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی پێشتر و نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو له‌ ئێستادا، دیسانه‌وه‌ پێگه‌ی لایه‌نی كوردستانی لاواز ده‌كات و، ته‌نانه‌ت به‌رده‌وامبوونی مانه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌، كه‌ كاراناكرێت بابه‌تێكی نه‌رێنییه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و دوور له‌ وردكاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بابه‌تی پاراستنی شوناسی كوردستانیبوونی كه‌ركوكدا نییه‌.

نه‌بوونی لیستێكی كوردستانی یه‌كگرتوو بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌بوو، ئێستاش نه‌بوونی هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی لایه‌نی كوردستانی له‌ نێو ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژێردراودا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.

22/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر