له كۆتایی مانگی ئازاری ئه‌مساڵدا له سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبی شیوعی چین سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌م كرد و، له دووا دانیشتن‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی چین له میانه‌ی گفتوگۆكاندا ئه‌م پرسیاره‌ی خواره‌وه ئاراسته‌ی من كرا:
چۆن هه‌ڵسه‌گاندن بۆ ڕه‌وشی ئێستای هێزه چه‌په‌كان له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كه‌ی و چۆن ده‌روانیته دووا ڕۆژی ئه‌و هێزانه؟
چۆن حزب و لایه‌نه چه‌په‌كان ده‌توانن ڕۆڵێكی تیۆری و سیاسی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كه هه‌یه، ئه‌نجام بده‌ن؟
وه‌ڵامه‌كان به ئاخافتن بوو و، دوای ته‌واوبوونی كۆبونه‌وه‌كه داوایان كرد به نوسراو بیانده‌مێ و بۆ زمانی چینی وهریدهگێرن و بۆ ده‌سته باڵاكانی حزبی خۆیان به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌ڵامه‌كان:
ناكرێ ڕه‌وشی ئێستای لایه‌نه چه‌په‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژئاوای ئاسیا و باكوری ئه‌فریقیا و دواڕۆژی تێكۆشانی سیاسی ئه‌و هێز و لایه‌نانه له ڕه‌وشی هێزی چه‌پ له جیهاندا دابڕین، به‌تایبه‌تی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، كه چاوگه‌كانی بارگرژی و، چه‌نگ و بارگرژی ههمهجۆر له ئاكامی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه له ئارادایه، له‌وانه:
ـ شكستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كان له ڕێگای ئاشتییه‌وه و، نه‌بوونی میكانیزمی جێبه‌جێكردنی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به شێوه‌یكی كرده‌یی.
ـ پاشه‌كشه‌كردنی ڕه‌وته‌كانی ڕۆشنفیكری و مۆدێرنه‌ته و په‌ره‌سه‌ندنی قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داری و، زیادبوونی هه‌ژموونی هێزی ئایینی سیاسی.
ـ لاوازی هێزی چه‌پ له جیهاندا و نه‌بوونی دید و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به گۆڕانكارییه‌كان. هه‌ر بۆ نموونه سێ هه‌ڵوێستی جیاوازی حزبه چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا هه‌یه. هه‌ندێك لایه‌نی ڕوسیا و ههندێًكیش لایه‌نی ئۆكرانیا په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.
هه‌ڵوێستی ئێمه دژ به شه‌ڕه و نزیكه له هه‌ڵوێستی حزبی شیوعی چین و، هه‌ڵوێستمان پشت به بۆچوونه‌كانی لینین له نوسینی(مایهپۆچبوونی نێونه‌ته‌وه‌یی دووه‌م) ده‌به‌ستێت. هێزی كۆمۆنیست و چه‌پی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی له‌مه‌ڕ كێشه‌ی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل دوو هه‌ڵوێستن.
هه‌ڵوێستێك له‌گه‌ڵ یاسای شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ته، واته بوونی ده‌وڵه‌تی فه‌لستین و ده‌وڵه‌تی ئسرائیل و به‌رقه‌رابوونی ئاشتی نێوانیاندا. هه‌ڵوێستێكی دیكه، كه له‌گه‌ڵ بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نییه و باوه‌ڕی به بڕیاری دابه‌شكردن بۆ دوو دووڵهت كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1948 وه‌ریگرتووه، نییه . ئێمه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تین.
ـ ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌پاندنی گوتارێكی پۆپۆلیستی، كه به‌به‌رامبه‌ر قایل نابێت و له لایه‌ن ناوه‌نده سه‌رمایه‌داره‌كان و سه‌رمایه‌داری وابه‌سته‌وه ئاراسته‌ده‌كرێت.
ـ زیادبوونی هه‌ژموونی هێزی ڕاستڕه‌و له وڵاتانی ئوروپا و گه‌یشتنیان به حوكمرانی وه‌ك نموونه‌كانی: سوئید، دانمارك، هۆڵه‌ند، هه‌نگاریا، ئیتاڵیا.
ـ نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌یكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ڕه‌وشی سیاسی و ئابووری و چینایه‌تی له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ناوه‌ند و وابه‌ست، كه بۆته هۆی نه‌بوونی سیاسه‌تێكی ئه‌لته‌رناتیف و، ئه‌مه‌ش بارودۆخه‌كه‌ی له‌بارتر كرد بۆ هێزی ڕاستڕه‌و و فاشیستی كۆن و نوێ و، ئه‌و هێزانه‌ی ئایین له كاری سیاسی‌دا وه‌به‌رده‌هێنن و، ئه‌مه‌ش وای كرد ڕێكخراوه توندڕه‌و وتیرۆریستییهكان سه‌رقافڵه‌ی دیمه‌نی سیاسیبن و توانای ئاراسته‌كردنی ڕووداوه‌كانیان هه‌بێت، له كاتێكدا یاسای نێوده‌وڵه‌تی و سیستمی ئێستای نێوده‌وڵه‌تی كنهفت و ئیفلیجه و توانای ڕاگرتنی شێوازه‌كانی تیرۆر و كوژاندنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نییه.
به‌م جۆره ناوچه‌كه، كه به‌شێكه له جیهان له سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا به گیره‌شێوێنی و بێسهرهوبهرییهكی گشتیر تێده‌په‌ڕێت.
به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له ئێستادا هه‌یه وه‌ستاو نییه و به هۆی چه‌ندین هۆكاره‌وه له جموجۆڵدایه و، ئاسۆی گۆڕانكاری و كارابوونی ڕۆڵ و چالاكی سیاسی و تیۆری پارته چه‌په‌كان له ئارادایه و، له‌وانه:
ـ زیادبوونی كه‌لێن و بۆشایی نێوان باكوری ده‌وڵه‌مه‌ند و باشوری هه‌ژار و، ته‌نانه‌ت جیاوازی نێوان باشورێك، كه گه‌شه‌پێدانی تێدایه وه‌ك چین له‌گه‌ڵ باشورێك وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه به‌ده‌ست قه‌یرانی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه ده‌ناڵێنێت، هه‌یه.
ـ كارتێكردنی نه‌رێنی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری جیهانی له‌سه‌ر ڕه‌وشی چینی ناوه‌ند له جیهاندا، به هۆی فه‌رامۆشكردنی سیاسه‌تی (ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران) له ڕۆژئاوا و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نیولیبراڵ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له سایه‌ی سه‌رمایه‌داری دوواكه‌وتوو له ڕه‌وتی گه‌شه‌پێدان و وابه‌ست به ناوه‌نده‌كانی سه‌رمایه‌داری جیهانییه‌وه.
ـ بوونی جموجۆڵی ناڕهزاریی سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی جیهان و ناوچه‌كه‌مان، به‌ڵام له كاتێكدایه جاری به‌رنامه‌یه‌كی واقیعبینانه‌ی چه‌پ گه‌ڵاڵه نه‌بووه، كه پشت به به‌رنامه‌ی جێگره‌وه و ئه‌لته‌رناتیف بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان ببه‌ستێت و، هه‌ر له‌سه‌رتاوه شوناسی قه‌یران ده‌ستنیشان بكات و ڕێگای قورتاربوون دابڕێژێت و، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش ته‌نیا چاره‌یه بۆ ڕێگاگرتن له به‌رهه‌مهێنانه‌ی فاشی نوێ و ڕێكخراوی توندڕه‌و و تیرۆریست.
ئه‌م تابلۆ ئاڵۆز و تێكرژاوه، كه ئاماژه‌مان پێكرد كۆتایی مێژوو نییه و له قۆڵایی قه‌یرانه‌كان و ریزبه‌ندنی چینایه‌تی نوێ و گۆڕانكاری له سروشتی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاسۆی گۆڕانكارییه‌كان له ڕه‌وشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌گه‌ری درووستبوون و خولقاندنی فرسه‌تی نوێ بۆ گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه.
چه‌پ له ناوچه‌كه‌مان به گشتی و چه‌پی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی نوێ وه‌به‌ربهێنێت و، له گۆڕه‌پانه‌كانی تێكۆشانی سیاسی و تیۆری كارابێت، گرنگه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بكاته‌وه:
ـ ئاماده‌یی هێزی چه‌پ له ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا بۆ پێداچوونه به گوتاری سیاسی خۆی و، ئه‌و وته و بۆچوون و ئه‌و ڕسته سیاسییه ئاماده‌كراوانه‌ی، كه ژیان هه‌ڵه‌بوونی سه‌لماندوویه‌تی جێبهێڵێت و، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه گۆرانكاری ڕوونی هه‌ڵوێستیان له ڕژێمه ئۆلیگارشی و دیكاتۆرییهكان گرنكه.
ـ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و هه‌ڵوێسته‌كانیان له مه‌ڕ بابه‌ت و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان و، وریابوون له ڕاكێشانه نێو جه‌مسه‌رگیرییه نێودهولًهتی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان، كه ئاكامه‌كه‌ی حزبه چه‌په‌كان ده‌بنه په‌نجه و له‌پی ده‌ستی ئه‌و جه‌مسه‌ره سه‌رمایه‌دارانه و شه‌ڕی به وه‌كاله‌تیان پێ ده‌كه‌ن.
ـ پێداچوونه‌وه به سه‌رچاوه تیۆرییه‌كانی هزری چه‌پ و بیری پێشكه‌وتنخواز، به جۆرێك خۆیان له وابه‌سته‌بوون به ڕابووردوو و سه‌رجه‌م دیارده‌كانی دۆگماتیزم قورتاركهن.
ـ جه‌ختكردنه‌وه له سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌گرانه و وازهێنان له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بۆچون و ئاراستانه‌ی ژیان هه‌ڵه‌بوونی سه‌لماند.
ـ توێژنهوهكردن له بواری ریزبه‌ندی نوێ چینایه‌تی له ئاستی كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كان و جیهان و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه سه‌باره‌ت به درووستبوونی توێژه په‌راوێزخراوه‌كان و تێكه‌ڵبوونی ململانێی چینایه‌تی به بابه‌ته‌كانی فیمینزم و ژینگه و یه‌كسانی جه‌نده‌ری.
له كۆتایشدا جگه له تێكۆشان چه‌پ نابێ بژارده‌ی دیكه‌ی هه‌بێت