سەدد ڕەحمەت لە شێخ جەعفەر

دلێر محەمەد
کورد ئەڵێ خەسوو لە گەڵ تۆمە بووکێ گوێ بگرە. ئەو ناونیشانەش ئەگەر چی ڕەحمەت کردنی جەنابی شێخ جەعفەری کۆنە پارێزگاری سلێمانیی سەردەمی بەعسی تێدایە، بەڵام گەورەترین نەفرەتکردنی بۆ شۆڕشگێرەکانی دوێنی و پارێزگار و وەزیر و گوزیرە و سەرۆک و سەرکردە خائین و گەندەڵەکانی ئەمڕۆی تێدایە.

شێخ جەعفەر شایەنی هیچ ڕەحمەتێک نیە بەڵام لە چاو غەدر و خیانەت و گەندەڵییەکانی ئەو شۆڕشگێڕانەی، شێخ جەعفەر بە موخەریبی ئەزانین، نەفرەتەکەی بە ڕەحمەت بۆ ئەنووسرێ. جەنابی شێخ لە ساڵی ١٩٨٠ ەوە تا ١٩٩٠ بە فەرمی پارێزگاری سلێمانی بوو. ئەگەر شێخ جەعفەر لە عەلی حەسەن مەجید دڵسۆزتر نەبووایە بۆ بەعس نەدەکرا بە پارێزگاری شارە ئاڵۆزەکە یان شارە عاسییەکەی عێراق (المدینة الصعبة). لێرە پێویست ناکات باس لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد و شۆڕش و دیهاتەکانی کوردستان بکەین لەو کاتەی کە جەنابی شێخ پارێزگار بوو. چونکە ئاشکرایە چ دڕەندەییە دەرهەق بە کورد و کوردستان کرا. هەر بۆیە ڕەحمەتی ناونیشانەکە بۆ شێخ نیە بەڵکو نەفرەتی بەرپرسانی کوردایەتی هێندە گەورەیە لە چاو ئەوان نەفرەتی شێخ ڕەحمەتە. 

شێخ جەعفەر لە نێوان شاخ و شۆڕش،  شار و بەعسی هەڵبژارد و نەیشاردەوە. ڕاستگۆبوو لە گەڵ خۆی و وڵات و حکومەتی ئەو سەردەمەی خۆی. ئەو پێی وا بوو کە ئەو کوردە یاخییانەی، ئەو شەڕیان ئەکات، موخەریبن. ئەوان نابێت دەسەڵات بگرنە دەست.

((چونکە دواتر شارەکان تاڵان ئەکەن، قووت و مووچەی خەڵکی ئەخۆن، خزمەتگووزاری و ژێرخانی ئابوری وێران ئەکەن، سەروەت و سامانی ژێر زەوی بە خۆڕایی ئەدەنە دوژمنان و هەروەها هەموو دوژمنانی چواردەور پەلکێشی سەر نشتیمانی دایک ئەکەن. شێخ جەعفەر کاتی خۆی پێی وتین ئێوە بە من ئەڵێن پیاوی بەعس و جاش، بەڵام خوا بەو ڕۆژە نەکات ئەوان بگەنە دەسەڵات لە من جاشتر و ستەمکارتر ئەبینن. خوانەکردە ئەوە ڕوو بدات ئەبێت ڕۆژانە ڕەحمەت بۆ من بنێرن.))

هەر واش دەرچوو، گەر تاوانەکانی شێخ جەعفەر، بە سەرۆک و سەرکردەکانی حزبی دەسەڵاتی ئەمڕۆ بەراورد بکەی، ئەوا تای تەرازووەکەی ژێخ جەعفەر لە حەواوە تەماشای تای  جەماعەتی کوردایەتی ئەکات.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سیاسەت مەدار و نووسەر و چاودێری عێراقی فایەق شێخ عەلی، نوکتەیەکی سەرنج ڕاکێشی دەربارەی شای ئێران گێڕایەوە. بە کورتی باسی لە پیاوخراپ و مەی خۆرێک ئەکرد کە لەو دونیا دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بە ئاستەم و بە هەندێک مەرجی قورسەوە، ڕێگەی ئەدەن بچێتە بەهەشتەوە. پاش ئەوەی لە دەرگای بەهەشت ئەچێتە ژوورەوە، شای ئێران ئەبینێ کە پیر بووە و بە دیار ژنێکی گەنجەوە دانیشتووە. کاتێ لە شا ئەپرسێ لە پای ئەو هەموو تاوانە چۆن چۆنی بووە بە بەهەشتی؟ شای ئێرانیش لە وەڵامدا ئەڵێ ئەوانەی دوای من هاتوون ئەوەندەیان تاوان کردووە چل ساڵە هەشتا ملیۆن ئێرانی، پێنج فەرزە نزای خێر بۆ من ئەکەن. کاتێ دادگاییان کردم دوعاکان هێندە زۆر بوون، بە هەندێ مەرجەوە بووم بە بەهەشتی. ئەوەی سەیرە چل ساڵە کەسێک لەو ئاخوند و مەلایانە لەو دەرگای بەهەشتەوە نەهاتوونەتە ئەمدیو!

کورتەی کەلام خەمت نەبێ جەنابی شێخ ، جەماعەتی کوردایەتی و شۆڕش، کارێکیان کردووە، ٣٠ساڵ زیاتر ڕۆژانە ملیۆنان کەس ڕەحمەت بۆ گۆڕی نەوەکو ئێوە، بگرە بۆ سەددام حوسێنیشی ئەنێرێت.


27/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر