پێکەوە ژیانی ڕۆژئاوای کوردستان یان سەلاحەدینێک بۆ کەرکوک

دلێر محەمەد
ئەگەر چی هیچ کات سەرسام نەبووم بە سەلاحەدینی ئەیوبی، بەڵام سەرکەوتنیشی لە دابین کردنی زەمینەی پێکەوەژیان لە قودس، ناکرێت نادیدە بگیرێت. منیش وەکو زۆرێک لە کورد هەمیشە ڕووی دەمی بە گلەییمان لە سەلاحەدین ئەوەیە: ئاخۆ نەدەکرا لە بەرهەمی ئەو هەموو دەسەڵات و هێز و سەرکەوتنانەدا، ئیمراتۆرییەتێکی لە وێنەی سەفەوی یان عوسمانی بۆ کورد دابمەزرێنێ؟ ئاخۆ نەدەکرا زمان و کولتور و ئەدەبیاتی کورد، بە سەر ناوچەیەکی فراوان و هەزارەها خەڵکی غەیرە کورد بسەپێنێ؟ جگە لەم گلەیی و چاوەڕوانییە کوردانەیەش، مێژوو توانای سەلاحەدینی لە دابین کردنی زەمینەی پێکەوە ژیان، لە نێوان موسڵمانان و کریستیان و جووەکاندا بەرز نرخاندووە. هەر ئەمەشە ڕێزی بۆ سەڵاحەدینی لای کریستییان و جووەکان داناوە و لای ئەوانیش سەلاحەدین، وەکو لای عەرەب‌ و موسوڵمانان کەسایەتییەکی ڕێز لێگیراوە. 

ئەمڕۆ لە بیرکردنەوە لە دۆخی قودسەکەی کورد "کەرکوک"دا، بیر و هۆشم بۆ قودسەکەی عەرەب چوو. ئەو سەڵاحەدینەی کە وەکو داگیرکەر و بە هێزەوە چووە ناو قودس و داگیری کرد. ئاشکراشە بەهێزترین‌ ئەتوانێ قسەی خۆشی بسەپێنێ. بەڵام سەلاحەدین لە جێگەی ئەوەی، یاسا و ڕێسا توند و نامرۆڤانەکانی غەزا بسەپێنێ، پێکەوە ژیان و فرەیی هەڵبژارد.

 لە بەر ڕووناکی ئەم کاراکتەرە مێژووییەدا، با بگەڕێینەوە بۆ چەند ڕووداوێکی مێژووی نزیکی کەرکوک، دڵ و قودس و پایتەختە داگیرکراوەکەی کورد.

لە بەهاری ١٩٩١دا، هێزەکانی بەرەی کوردستانی توانیان کەرکوک ڕزگار بکەن و هێزی خۆیان بسەپێنن. ئەوان بە چەشنی سەلاحەدین توانیان تورکمانی شارەکە و تەنانەت بەشێک لە عەڕەبیش بخزێننە ناو پڕۆسەکەوە. ئەوان جگە لە پەلاماردانی ستەمکاران و بەرهەڵستکاران، تەنانەت لێبوردنی گشتییان بۆ زۆرێک لە تاوانبار و جاشەکانیش دەرکرد. هەموومان وتاردانی بەرەی کوردستانیمان لە یادە کە بە زمانی تورکمانی هاواری دەکرد "قاخن" کە بە واتای هەستن یاخود ڕابن دژی ڕژێمی بەعس. تورکمان و عەرەبە ڕەسەنەکانی ئەو سەردەمە، خۆیان بە بەشێک لەو ڕاپەڕینە دەزانی. من خۆم مناڵی کەرکوکم لەو گەڕەکەی ئێمەدا ماڵە عەرەب برینداری کوردی ڕاپەڕیویان شاردەوە تا گەیشنی هێزی پێشمەرگە. تورکمانەکانیش وەکو کورد، بانگەوازیان ئەکرد و پەلاماریان ئەدا. ئەو کاتە هەم  ئاسوی بیرکردنەوەی هێزە کوردییەکان فراوانتر بوو و هەم تورکمان و عەرەبی کەرکوکیش، ئاوها دژ بە کورد تەیار نەکرابوون. لە بەراوردکردن بە ئەمڕۆمان لەو بڕوایەدام کە ئەگەر پارسەنگی هێز بەلای ڕژیمی بەعسدا نەشکایەتەوە، ئێستا دەمێک بوو کەرکوک یەکێک بوو لە جوانترین شارەکانی کوردستان و نموونەی بەرزی پێکەوەژیان.

‌بەڵام گەر بێینە سەر باسی چوونی کورد بۆ کەرکوک بەو  بەهێزییەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا. بە هەمان شێوەی ١٩٩١ و بگرە باشتریش ئامادە بوو، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە هەم کوردەکان شیاوی بەڕێوەبردنی ئەم شارەن و هەم ئەوانیش ئەتوانن ببنە پارێزەری هەموو نەتەوە جیاواز و کەمایەتییە ئایینییەکان. چونکە ئەو کاتە بەربەستی ڕژێمی بەعس و هێزی داپڵۆسێنەر لەناوچوو بوو. تاکەهێزی چەکدار و ئیدارەی ڕێکخراو لە کوردستان بوو. هەموو هێزە ئۆپۆسزیۆنە تورکمان و عەرەبەکان کە دواتر بوون بە بڕیاربەدەست لەعێراقدا، ساڵانێکی زۆر ئاسایشیان لە کوردستان  پارێزراو بوو و یارمەتیش دەدران. هیچ کامێکیشیان تەیار نەکرابوون بۆ دژایەتی کورد. بەڵکو دەنگی ستایشی ئەو هێزانە بۆ باوەشی گەرمی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان، هەمیشە ئەبیستران. لەو ساڵەدا دەبوو سەرکردەکانی کورد هەر وەکو سەڵاحەدین هێزی خۆیان داکووتییایە و دەستی ئاوەدانی و بەرنامەی پێکەوەژیان و ئەمن و ئاسایشی ئەو شارەیان هاوتای هەرێم بکرادایەتەوە. بەڵام چوون و بوون بە گوێڕایەڵی حاکمێکی ئەمریکی کە زیاتر تیشکی لە سەر‌ بەرنامەی کاری وڵاتەکەی خۆی بوو نەک کورد چی ئەخوازێت و چی ئەکات! کورد ئەمجارەش کەرکوکی فەرامۆش کرد و چارەنووسی خستە دەستی بریمەر و مێزی گفت وگۆی مادەی ١٤٠ی، دیزە بە دەرخۆنە کراو. 

بەم جۆرەش چارەنووسی کەرکوک، تا هەڵگیرسانی شەڕی تیرۆر و داعش لە ٢٠١٤دا، بەهەڵواسراوی و نیمچە فەرامۆشکراوی مایەوە. بەهێز بوونی داعش و پەرتەوازە بوونی سووپای عێراق، دووبارە ئەستێرەی بەختی کوردی لە کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان گەشانەوە. گەر خۆم لابدەم لە درێژەدان بە باس کردنی ئەو مێژووە کە هەمووان وردەکارییەکانیمان لەبیرە، دەتوانم بە هاسانی بڵێم کەحکومەتی بەغدا و ئەمریکییەکانیش، خەریک بوون دەگەیشتنە ئەو بڕوایەی کە کورد زیاترلە هەمووان شایەنی ئەوەیە و لە توانایدایە، ئەو ناوچانە بەڕێوە ببات و بیانپارێزێت. لێرەشدا بۆ ئەوەی خۆم لە چەلەحانێی  ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ش بپارێزم، دەتوانم دیسان بە ئاسانی بڵێم کە ئەگەرچی خودی پڕۆسەی ڕیفراندۆم کەمترین مافی ڕەوای کوردە لەعێراقدا بەڵام مێژوو سەلماندی نە کاتەکەی گونجاوبوو و نە زەمینەسازیشی بۆ کرابوو. کورد ئەیتوانی لەو کاتەدا بە بێ ڕێفراندۆم دەسکەوتی زۆر مەزنتر بە دەست بهێنێ لەو زیانە هێجگار گەورەیەی کە بە هۆی ڕیفراندۆمی ناوەخت و پاشهاتەکانی بەرمان کەوتن. بە جۆرێک لە نێوان بەغدا و زلهێز و داگیرکەرانی چواردەور‌تەنها و تەریکی خستین.

ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارەدا بێمە سەر باسی، گەڕانەوەی ئەمجارەی کوردە بۆ کەرکوک! کورد ئەوەی لە بەهێزی سەربازیدا و لە باڵادەستی  سیاسی خۆیدا، بە هۆی کورتبینی و نائاگاهی سەرکردەکانییەوە لە دەستیدا، وا دەنگدەری کورد لەو شارەدا لە ژێر هەموو جۆرەکانی فشاری ئیقلیمی و ناوەندی و ڕەفتاری شۆڤێنییانەشدا، بە دەستیان هێنایەوە. ئەوان توانیان ناوی کورد و دەنگی کورد و ڕەنگی کورد لەو شارەدا بهێنێتەوە ناوان. ئەمڕۆ کورد وەکو ئەو مێژووانەی باسمان کردن ژمارەیەک نیە وەکو هێزی سەربازی بەڵکو کورد تەنها دەنگ و تەحەدای جەماوەرەکەیەتی. واش بە دیاردەکەوێ کە دەنگدەری کورد بەو ڕێژە کەمەی بەشداریشیانەوە لە چاو ڕێژەی عەرەبدا، تۆپەکەیان خستۆتە گۆڕەبانی کورد و ئیستا لە قاچی سیاسییەکاندایە. ئەوەی کورد لە بەهێزی سەربازیدا ئاسان لە دەستی داوە، ئەبێ چەند گران بە سیاسەت و دیبلۆماسییەت بتوانێ بە دەستی بهێنێتەوە. کورد لە ڕابردوودا وەکو سەڵاحەدین بەهێزەوە گەڕایەوە نێو قودسەکەی خۆی و لە دەستیدا. ئەبێ ئەمڕۆ بە بێ هێز و بە وێنەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، بە دەستی بهێننەوە. نەبووە و نەکراوە لە وێنەی ئەو کارە مەزنەی ئیدارەی خۆسەری کردوویەتی. ئەوان بە جۆرێک کورد و تورکمان و عەرەب و تەواوی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانی لە نێو چوارچێوەیەکدا توانۆتەوە، کەس نازانێ کێ خاوەنی ئەم قەوارەیەیە. هەمووان پێکەوە وەکو شانەی هەنگ بۆ ئەو قەوارەیە کاردەکەن. پێویستە سیاسییەکانی کورد ئەم ئەفسوونە لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە  فێربن تاوەکو ناوچە دابڕێنراوەکانی پێ بەڕێوەببەن و ئیدارە بدەن. ئەبێ سیاسییەکان بتوانن سەڵاحەدین ئاسا گیانی پێکەوەژیان ببووژێننەوە و وەکو ئیدارەی خۆسەریش هەموو جیاوازییەکان لە بۆتەی خۆیاندا بتوێننەوە.

29/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر