عەسائیب ئەهلی حەق‌و خوێندنی باڵا!

عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی"عەسائیبی ئەهلی حەق" هەوڵی ئەوە دەدات بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەستۆ بگرێت، کە سەرپەرشتی زیاتر لە ملیۆنێک خوێندکاری عێراقی دەکات.
هەرچەندە ئەمەریکا عەسائیبی ئەهلی حەقی خستۆتە لیستی ڕێکخراوێکی تیرۆرستیەوە، هەروەها سەرکردەکەیان، قەیس خەزعەلی کەوتۆتە ژێر لیستی سزاکانەوە، بەڵام ئەم گروپە بەهۆی چالاکیەکانی لەناو هەندێک کەرتی حکومەتی عێراقدا، ئیمتیازێکی بەهێز و کاریگەری فراوانیان هەیە و لە سوودی دارایی بەهرەمەندە.
پێشتر گروپەکانی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق کۆنترۆڵی وەزارەتی گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری و ئاسەوارەکانیان دەکرد، کە لە گەشتوگوزاردا قازانجێکی بێشوماریان لە بازرگانی خواردنەوە کحولیەکان بەدەست دەهێنا، بەڵام دواتر لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستبەرداری ئەو وەزارەتانە بوون، چونکە بەمشێوەیە دەیانەوێت پێگەی نوێی خۆیان لە خوێندنی باڵادا بسەپێنن، تا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت قەرەبوی کەمی گەنجان بکەنەوە لەناو هێزە میلیشیاکانیاندا. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەی گەنجان کە هەڵوێستی ئەرێنی و لایەنگریان هەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی شارستانی و مەدەنی نێودەوڵەتی کە لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا کاردەکەن، تێکبدەن. ئەو گەنجان و خوێندکارانەی کەڕۆڵی سەرەکیان بینی لە ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بەمەبەستی تێکدانی دەسەڵاتی میلیشیاکان و کۆتاییهێنان بە حکومەتی تائفی، لەپێناو خواستە ڕەواکانی هاووڵاتیانی عێراق بۆ ژیانێکی باشتر و دەوڵەتێکی دوور لە نفوزی ئێران، مەیدانەکانی ناوشاریان بەدەستەوەگرت. بۆیە وەرگرتنی وەزارەتی خۆێندنی باڵا لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە لەڕێڕەوی سیاسەتی تێکدانی ناڕەزایەتیەکانی گەنجانی عێراقەوە، تێکدانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بە دوای خوڵقاندنی تۆمارکردنی  ژیانێکی شایستەو هاوچەرخ و باشترەوەن بۆ دانیشتوانی عێراق، کردۆتە ئامانج.
بەمشێوەیە عەسائیبی ئەهلی حەق و میلیشیاکانی کاردەکەن بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئەو گروپە خوێندکارانە و دەمکوتکردنیان، بەتایبەتی لەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠دا، فراکسیۆنەکانیان کاردەکەن بۆ لاسایکردنەوەی مۆدێلی ئێرانی ناسراو بە ولایەتی فەقیه(ولایە الفقیە)، وێنەی ئەبومەهدی موهەندیسیان وەک "پاڵەوانێکی نیشتمانی" بەشێوەیەکی فراوان لە شوێنی جیاواز لەعێراقدا نمایشکردوە، وێنەکان لە شەقام و گۆڕەپان و پارکە گشتیەکان و وەزارەتەکانی دەوڵەت و زانکۆکاندا هەڵواسراوە، ئەوەش کە بەکۆبوونەوەی "گروپی کوڕانی موهەندیس" وەک دامەزراوەیەک ناسراوە، بەشێوەیەکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ کارەکانی ناو زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات و هەوڵدەدەن گەنجان بۆ پرسە جیاوازەکانی پڕۆژەی "ولایەتی فەقیه" کێش بکەن بۆناو چەکدارە میلیشیاکان بەبیانوی ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری ئەمریکا و ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لەبڵاوکردنەوەی کلتورەکەی لە کۆمەڵگەی عێراقدا. ئەوەی شایانی باسە کۆبوونەوەی گروپی "کورەکانی موهەندیس" لە نێو زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆکاندا بێوەڵام ماوەتەوە. هەرچەندە نەعیم ئەلعەبودی کە بەرپرسیارە لەڕێنماییە ئایدۆلۆژیەکانی بزووتنەوەی عەسائیب، بەشداریکرد لە بەهێزکردنی کۆبوونەوەی کوڕانی موهەندیس لە دابینکردنی کەڤەرێکی حکومەتی بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، هەروەها پاڵپشتی دارایی و سیاسی پێویستی بۆ دابینکردن.
چۆنیەتی چالاکی و گردبونەوەی کوڕانی موهەندیس هەوڵیانداوە لاساییکردنەوەو هاوشێوەی ئەو چالاکیانە بێت کەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق ئەنجامی دەدەن، بەڵام بە سروشتێکی جیاواز لە ناوەڕۆکدا دەستیان پێکرد. بۆنمونە سپۆنسەری و ۆرکشۆپی ڕاهێنان و دانیشتنە گشتی و تایبەتەکان و فێستیڤاڵ و کۆنفرانس ساز دەکەن، بەڵام بە ئەجێندایەک کە گرنگی بە چەسپاندنی وێنەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدەن لەبەرامبەر باقی دامەزراوە ئەمنیەکانی دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا جگە لە گرنگیدان بە بابەتەکانی فیقهی کەڕەهەندی سیاسیان هەیەو پەیوەندیان بەو هەڵوێستەوەیە کەبەرامبەر بە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، و باقی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانە عەرەبیەکانی لە ناوچەکەدا وەها دەوستنەوە، کە ڕەواجدانە بە دامەزراندنی هەڵوێستێکی دوژمنانەو نەرێنی بەرامبەریان. لە لایەکی دیکەوە وەها ئێران دەناسێنن، کە وەک تاکە پارێزەری عەقیدەی شیعە و پێویستی هاوسۆزی شیعەکانی عێراقە. جگە لە پڕوپاگەندەی تەقلیدی بۆ"وەلایەتی فەقیه"، کۆبوونەوەی کوڕەکانی موهەندیس میوانداری سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن بەناوی ئەوەی کە مەیلی دڵسۆزیان بۆ خوێندکارانی زانکۆ هەیە!.
لەلایەکی ترەوە کوڕەکانی موهەندیس هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر گەنجانی شیعە هەرە کۆنەپەرستەکان دروست بکەن، کە بە نەریتی خۆیان دەسەڵاتی نەجەف پەیڕەو دەکەن، بۆیە لەو لایەنەوە سەرکەوتوو دەبن لەڕاکێشانی خوێندکارە کۆنەپەرستە شیعەکان بەرەو مۆدێلی ئێرانی، بەڵام نەیانتوانیوە کاریگەریان هەبێت لەسەر خوێندکارانی عەلمانی و ئەوانەی کە پابەند نین بە ئاینەوە.
پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس هەیە، وەک یەکێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەک کۆمەڵەیەکی خوێندکاران، کوڕانی موهەندیس وەک فەرمانبەرانی دەزگای ئەلحەشد مووچە وەردەگرن و سەرچاوەی داراییان هەیە، پشتیوانی ئەم گروپە کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە وەک دامەزراوەیەک دەدرێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەرگێک کەڕێگە بدات چالاکیەکانیان بەڕێوەبچێت. 
لەچەندین بۆنەدا، حەشد ئامڕازێکیان بۆ کۆبونەوەی کوڕەکانی موهەندیس دابینکردوە، کە بریتی بووە لە ئاسانکاری بۆ چوونەژورەوەی وێنەی قاسم سولەیمانی و هێما سیاسیەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ ناو کەمپی زانکۆ، هەروەها لۆبیکردن بۆئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەکارهێنانی پۆلەکانی کۆلێژ بۆ میوانداری لە ۆرکشۆپ، خول و کۆبونەوە بۆ کوڕانی موهەندیس ڕێکبخرێت.
لەبەرامبەردا، کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس پەنجەرەی گونجاو بۆ هێزەکانی حەشد دابیندەکەن بۆ دەستنیشانکردنی خوێندکارە سەرکەوتوەکان لە بوارەکانی ئەندازیاری و ڕاکێشانیان بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەکانی پەیوەست بە دروستکردنی"کۆمپانیای ئەندازیار"، هەروەها پڕۆژەکانی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ میلیشیاکان.
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دۆخەکەی زیاتر ئاواڵاکردەوە بۆ کوڕەکانی موهەندیس لە ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، پێش دامەزراندنی ئەم گروپە واتە کوڕانی موهەندیس، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا (عەلی العادیب) بڕیاریدا سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی بەرپرسیار لە پاراستنی زانکۆکان بگۆڕن بە کوتلە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە زانکۆکان. لەوکاتەدا ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕوبەڕوبونەوەی پەرەسەندنی زەریای مەدەنی و شارستانی بو لە نێو خوێندکارانی زانکۆدا، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیە گشتیەکان لەناو زانکۆدا و هەڵوەشاندنەوەی دەرکەوتنی دیاردەی شارستنی لە زانکۆدا.
هەرچەندە لەوکاتەدا هیچ نیازێکی ڕاستەوخۆی پەیوەندیدار بە کوڕانی موهەندیس نەبو، بەڵام ئەم هەنگاوە ئێستا سوودی بۆ کورانی موهەنیس هەبوو، ئاسانکاری کرد بۆ چوونە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان و ڕووماڵکردنی چالاکیەکانیان لە زانکۆدا. هەمان ئەندامانی فراکسیۆن لەسەردەمی عەلی ئەلعادیەوە تائێستا بەردەوام بوون و هاوسۆزیەکی زۆریان بۆ گروپی کوڕانی موهەندیس و ئەو ئامانجانە هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
نەعیم العبودی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵای وەک بەشێک لە حکومەتی محمد شیاع ئەلسودانی بەدەست هێنا، گەورەترین گۆڕانکاری ئیداری لە مێژووی وەزارەتەکەدا بە قازانجی "ولایەتیەکان" بەکارهێنا، نەعیم العبودی، ناسراوە بەوەی سەر بە میلیشیای (عەسائیبی ئەهلی حەق) و وتەبێژی فەرمی و نوێنەری ئەو بزووتنەوەیەیە، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی سەرپەرشتی عەقیدەیی لە بزووتنەوەکە لە ئەستۆ گرتووە، بووە پاڵپشتی ڕۆڵی کوڕەکانی موهەندیس، لەوڕێبازەی لەنێو خوێندکاراندا پەیڕەوی لێدەکەن.
سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی لایەنگرەکانی ئێران لەناو ئیدارەی زانکۆدا بەفەرمی بەدەستیان هێناوە، بەڵام هیچ قبوڵکردن و هیچ جۆرە ڕەزامەندیەک لەنێو خوێندکاراندا نیە بەرامبەر بەو کارەی کە کۆمەڵەی کورەکانی موهەندیس دەیکەن، یان هەریەکێک لەو گۆڕانکاریە ئیداریانەی کە دەوریانداوە. لەیەکێک لە نمونە تۆمارکراوەکاندا، کۆبونەوەی کوڕانی موهەندیس ئاهەنگێکیان لە زانکۆی واست - کۆلێژی پزیشکی ددان سازکرد، تەنها (٣) خوێندکار لە کۆی ٨٣ خوێندکار لەیەکێک لە قۆناغەکانی کۆلێژەکەدا بەشداریان کرد. ڕێژەی هاوشێوە لە پارێزگا و زانکۆ جیاوازەکاندا بەردەوامە و فۆڕمی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لە ئامادەنەبون و بایکۆتکردنی ئەم بۆنانە و تەنانەت هێرشکردن و تێکدانیان لە هەندێک حاڵەتدا درێژدەبێتەوە.
لەیەکێک لە دیمەنەکانی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لەبەرامبەر ولایەتیەکاندا، ئەوەبو کە لە بەشی ئەندازیاری شارستانی- زانکۆی تەکنەلۆجیا ڕوویدا، لەسەر وێنەی ئەبومەهدی موهەندیس بوو، تەنها بۆئەوەی لەلایەن خوێندکارانەوە تێک بدرێت  هێمای "X " ێکی گەورە درا بەسەر وێنەکەدا. خوێندکاران وەک دروشمێکی دژە ئێران تەعبیریان لێکرد.
لەلایەکی ترەوە چالاکیەکانی کوڕانی موهەندیس کاریگەریان لەسەر ژنان هەیە، ڕێگەیان داوە چەندین خوێندکاری کچ بۆ خۆیان ڕابکێشن و کلتوری نیقاب و حیجابی توند لەناو زانکۆکاندا بڵاوبکەنەوە. بەڵام گروپی خوێندکاری ژنان کە بەشدارن لەم چالاکیانەدا دەگۆڕدرێن بۆ گروپی دابڕاو لە باقی خوێندکاران، ئەمەش سەرلێشێواوی بۆ کۆمەڵگەی زانکۆی گەنجان پێکدەهێنێت.
گەنجانی پێشڕەوی ناڕازی کە مەیدانی تەحریری بەغداو ناوەندی شارەکانی خواروویان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە هەژاند، پێویستە زیاتر مەترسی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان بەسەر خوێندکارە گەنجەکانی عێراقدا بە هەڕەشەیەکی ستراتیژی درک پێبکەن، کە هەوڵەکان بۆ هەبونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و هاوچەرخ و ئازاد و خۆشگوزەران تێکدەدەن. ئەم کۆنتڕۆڵە میلیشیایە هەڕەشە لەئاسۆ و خواستی گەنجانی عێراق دەکات بۆ کرانەوە بەڕووی جیهان و ژیانێکی ئاسودەو هاوچەرخدا، ناسینەوەی مەترسیداری ئەم گروپە بەوڕادەیە پێویستە کەوەک داعشێکی تازە پێناسەبکرێت و مامەڵەی بکرێت. 
گرنگترین فرسەتێک بۆ گەشەپێدانی ناڕەزایەتی گردبونەوەو خۆڕێکخستنی خوێندکاران و گەنجانی عێراق، خۆڕێکخستنە بەدەوری ڕێکخراوێکی جەماوەری سەربەخۆ، کە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی خەڵک ئامانجی بێت، هەنگاوێکی پێشڕەوانەیە لەڕاستای کۆتاییهێنان بە تەواوی دەسەڵاتی هێزە ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی میلیشیاکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای عێراق، وەک بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بەڕێ بخات.
---------------------------------------------------------
بۆ هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی جەواد مەهدی کە توێژەرێکی عێراقیە، وەرگیراوە بە ناونیشانی:
"الاستیلا‌و التدریجی علی التعلیم العالی فی العراق"


10/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر