ڕاوێژکار و جلی شیک و قژی کەشخە !!

محەمەد خۆشناو

زۆربەمان ئەوە دەزانین کە لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێکی زۆری ڕاویژکار و بەڕێوەبەری گشتی و پلەبەرزەکانی تر لەناو حزب و دەسەڵات و کۆمپانیاکاندا هەیە ، ئاساییە ئەوانە هەبن ، بەڵام ئایا ئەوانە کاری ڕاوێژکاریی ڕاستەقینە دەکەن ؟! ڕاوێژکار ئەوکەسەیە کە ڕۆلی گەورەی هەیە لە ڕاوێژ و ئامۆژگاری بونیاتنەر بۆ ئەو لایەنەی کە کاری تێدادەکات یان کاتێک تەنگوچەڵەمەیەک یان گرێکوێرەیەک سەرهەڵدەدات پەنا بۆ ڕاوێژکار دەبردرێت بۆئەوەی ڕای خۆی و دیدگایەکی دروست بەشیوەیەکی ڕاستگۆ و ئەمین بەو ئەزموونەی هەیەتی پێشکەشبکات ، بۆیە دەبینین کە زۆر لە وڵاتان و کۆمپانیای گەورە و وەزارەت و دەستەی حکومی و ناحکومی پارەیەکی زۆر دەدەنە ڕاوێژکاران لەپێناو وەرگرتنی ڕاوێژ و ڕای تایبەتمەند بۆ ئەوەی ئەو تەنگوچەلەمانە چارەسەر بکات کە بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەدای ئەرکەکە ،  نکوڵی ناکرێت کە جێ پەنجەی هەندێک ڕاوێژکار لە هەڵسان و پێشخستنی وڵاتان و کۆمپانیاکان بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی-یان دیارە ، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕاوێژکار ئەوەیە کە دەبێت ڕاستگۆ بێت و بوێری ئەوەی هەبێت هەرچی هەڵە و نارێکی لە بڕیارەکانی بەرپرسەکەی هەیە بیڵێت و ، هۆشیاریەکی وای هەبێت کە درک بە واقیع و ئەو ڕاستیانە بکات کە لە دەوروبەرمان هەڵدەقوڵێن ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندی خۆی بەو دەورووبەرەی کە تێیدا دەژیت و کارلێکی لەگەڵدا دەکات و ئەمانە بەسەرڕاستی بیخاتە بەردەم بەرپرسەکەی ، نەک بڕیار و بۆچوونە هەڵەکانی بەرپرسەکەی بڕازێنیتەوە و بەدڵی بەرپرسەکەی چارەسەر بخاتەڕوو وەک ئەوەی ئێستا هەندێک ڕاویژکار و پلەباڵای دووڕوو دەیکەن ، گەورەترین هەڵەی بەرپرسانی حزبی و حکومی و دەسەڵات بەگشتی ئەوەیە کە کەسێکی نەشیاوی وا لە شوێنێک دادەنێن کە نابێت ئەو کەسە لەوێ بێت ، بەداخەوە کەسەکە پلە و پایەی دەدریتێ لەبەر نزیکی لە بەرپرسەکە یان خزمایەتی یان بۆ موجامەلە دەیکاتە ڕاوێژکار یان پلەیەکی تری باڵا و بەرپرسیاریتیش وەردەگرێت یان هەندێک بەرپرس ئەو ڕاوێژکارانە دێننە کن خۆیان چونکە ڕەفتار و کرداریان لە بەرپرسەکە دەچن،  هەڵبژاردنی ئەوانە بۆ ئەو شوێنە گرنگانە  وەک ئەو پزیشکە وایە کە لە کارەکەی خۆی نەگات و هەڵە لە چارەسەرکردنی نەخۆش بکات کە سەرەنجام دەبێتە هۆکاری مردنی ، یان وەک ئەو وەزیرە وایە کە بەنداو و بەربەست لەنێوان خۆی و خەڵک دابنێت و ، ئەم وەزیرە هی ئەوە نیە لەو پۆستەدا بمینێت ، وەزیفە لەکن هەندێک لەو بەرپرس و ڕاوێژکارانە لە شتێکی بریقەدار زیاتر نیە ، شتێک پێشکەش ناکەن جگە لە نازناو و ئۆتۆمبێل و کشکی پاسەوانان نەبیت ، ئەگەر داوا بکەیت کە گرنگی بە بەرژەوەندی خەڵک بدات و واز لە بەرژەوەندی کەسیی و حزبی بێنێت نایبینی تەنها لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نەبیت !!!

تەنگوچەلەمەی ئەو هەرێمی کوردستانە بریتیە لە هەڵبژاردن (الاختیار) لە هەموو شتێک ، هەڵبژاردنی هەڵە کارەساتە ئەگەر بێت و مرۆڤەکە خزمەتگوزاریەک پێشکەشبکات یان بڕیارێک بدات یان بەرپرسیاریتیەک سەبارەت کاروباری ژیان هەڵگریت….زۆر ناخۆشە ئیدارەیەکی خەراپت لە تیمێکی کار-ی کۆمەڵێک نەزان لە ڕاوێژکار و پلەکانی تر  هەبێت یان سوودی هەبوونی تیمێکی پیشەگەر چیە ئەگەر کاپتنێکی لاواز فەرمانڕەوایی کەشتیەکە بکات ، هەندێک لەو ڕاوێژکار و پلەباڵایانە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ بەرپرسەکەیان هەیە بەڵام زۆر خەراپن لە مامڵەکردن لەگەڵ خەڵکانی تر ، ئەوانە ئەوەیان لەبیر چوو کە بەدەستی خۆیان ناو و ناوبانگیان لەناودەبەن ، هەندێکی تریان هەر قسەیان هەیە و کرداریان نیە ، هاوڵاتی بێتاقەت بووە لەو ڕاوێژکار و پلەدارانەی کە خۆیان واپێشان دەدەن کە زانیاری و مەعریفە و پسپۆر-یان لە زۆربەی بوارەکان هەیە ، بەڵام تەنها ڕووالەتیان هەیە ئەویش لە پۆشینی قاتی سێ پارچە و پێڵاوی مارکەی بەرز و قژداهێنانی کەشخە وەک ئەوەی گەورەترین عاقلمەندبن و نوێترین کۆمپییوتەر و دوا مۆدیل مۆبایلی پێیە و هەر لە جوولە و قسەکردندایە ، کە قسەش دەکات هەندێک وشەی ئینگلیزی یان فەڕەنسی بەکاردەهێنیت گوایە فوولە لەو زمانانە ، خۆزگە و  چەند ڕاست و جوان دەبوو کەسێکی شیاو هەڵبژێریت بۆ پۆست و شوێنێک تا خەڵک لە نیگەرانیە قووسەکان ڕزگار بکات و کێشەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و چەقبەستوویی چارەسەربکات

10/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر