بۆچی پەیوەندیی و دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان چێژو كاریگەرییان نەماوە !

د. سەعید عەلی محمد

ئەگەر سەرنج بدەینە ژیانی ڕۆژانەمان هەست دەكەین وەرچەرخانێكی كۆمەڵایەتیی گەورە هاتۆتە كایەوە ، كە تەواو دژو پێچەوانەیە لەگەڵ عورف و نەریتی پێشینەكان و ژیانی كۆمەڵایەتیی ژینگەی ڕابردوو، وەرچەرخانەكە بریتیە لەوەی ئێستاکە زۆرێک لە خێزانەکان وتاکەکانی کۆمەڵگە سكاڵای ئەوە دەكەن پەیوەندیە خێزانییەكان و دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی گشتی ئەو تام و چێژو نرخ و كاریگەرییەیان نەماوە كە لە سەردەمانی ڕابردوودا هەیانبووە و، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و بەتێپەڕبوونی زەمەن كەمترو كاڵتریش دەبنەوە!

لە ژیانی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای ئێستادا ئەندازەیەكی زۆر پەیوەندیی و سەردانە خێزانییەكان و دانیشتنە كۆمەڵایەتییە گشتییەكان لاواز بوون یان هەر نەماون ، ئەوەی كە ماوە تەنها كۆمەڵێ دانیشتن و مەراسیمی عورفی ڕواڵەتیی ناچارییە كە ئەرك و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان فەرزیان دەكەن و دەیانسەپێنن وەك : ئاهەنگەكانی شایی كردن و دانیشتنی پرسەكان و بۆنە گشتییەكانی تر! كە تەنانەت ئەوانەی ئامادەی ئەم بۆنە و دانیشتنە تایبەتە ناچارانەش دەبن زۆر ئارەزووی مانەوە ناكەن تێیاندا و، حەز دەكەن زوو بڕۆنە دەرەوەو باری سەرشانیان سووكتر بكەن! ئەمە جگە لەوەی كۆبوونەوە و دانیشتنی دۆست و هاوەڵەكانیش چێژو خۆشیەكی ئەوتۆیان نەماوە و، ئەو كەسانەی كە پێشتر بە هاوەڵ و هاودەم و دۆست و نزیك لە قەڵەم دەدران لەڕۆژگاری ئێستادا زۆر حەز بە نزیك بوونەوە ناكەن و ئارەزووی تەنیایی و دووركەوتنەوە و سەرقاڵ بوون بە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیانەوە دەكەن!

هۆكارەكارەكانی ئەم دیاردەیە :

بێگومان هۆكارەكانی پشت پەیدابوونی ئەم حاڵەتە و تەشەنەكردنی ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییە زۆرن ، لەوانەش :

-زیادبوونی بەرپرسیاریەتیە خێزانیی و حەیاتییەكان.

-بەردەست نەبوونی كاتی پێویست.

-هەڵكشانی ماندووبوونی دەروونیی و لاشەیی مرۆڤەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی ئەركەكانی ڕۆژانەوە.

-زیادبوونی فشارو ناڕەحەتییەكانی ژیان ، كە ئەمەش قەلەق و بێزاری و بێ تاقەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ و، خۆی لەخۆیدا ڕێگرە لەبەردەم بەهێزبوون و گەشەكردنی پەیوەندییەكان و جۆشدانەوەی سەردان و بەسەركردنەوە كۆمەڵایەتیەكان.

-كزبوونی باوەڕو لاوازبوونی پابەندییە ئاینییەكان و كاڵبوونەوەی نەریت و ئادابە ئیسلامییەكان.

-زاڵبوونی مادییەت و گیانی ئەنانییەت و بەرژەوەندپەرستی كە هیچ نرخ و ڕەواجێك بۆ بەها مەعنەویی و مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان ناهێڵێتەوە.

ئەڵبەتە جگە لەو هۆكارانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین : تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مۆبایلە زیرەكەكان هۆكاری بنەڕەتی و سەرچاوەی سەرەكی تەشەنەكردن و پەرەسەندنی ئەو دیاردەیەن ، چونكە ئەنتەرنێت و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان حەزو ئارەزووە دەروونییەكانی هەمووانی تێركردووە و، تاكەكان هەست بەوە دەكەن شاشەكانیان لەهەموو جۆرە دانیشتن و قسە و باس و ڕووداو و هەواڵ و وێنە و دیمەن و بابەتێكی تر تێرو بێ نیازی كردوون ، شاشەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا بەڕادەیەك هەیمەنەیان بەسەر عەقڵ و هیزرو بیرو هۆش و دەروونی تاكەكاندا كردووە كە لەتوانای هیچ كەسێكدا نەماوە بتوانێ سەرنجی ئەوانی تر بۆ لای خۆی ڕابكێشێ!

ئەگەرچی ئەو كەسە كەسێكی زیرەك و زمان پاراوو خاوەن ڕەوانبێژیی و لە باقەتێكی نمونەیی و بێ وێنەش بێت لەدواندن و دەربڕین و گفتوگۆكردندا... یان كەسێكی ئەدیب و شاعیرو ڕۆماننوسێكی كاریگەریش بێت ، یان مێژوونووس و چیرۆك نووسێكی عەبقەریی بێت ، تەنانەت ئەگەر توێژەرێكی بواری پزیشكیی یان فەلەكناسیی یان زانایەكی بە توانای شەرعزانیش بێت!! دەزانن بۆ؟

وەڵام : لەبەرئەوەی ئەوەی لە یوتیوب و سۆشیال میدیادا هەیە زۆر زیاتر لەوانەی ڕیزمان كردن بەتواناترو كاریگەرترو سەرنجڕاكێش تر و چێژ بەخشترە! بەتایبەت كاتێك هەمووان خۆیان بە خاوەن زانیاری و مەعریفە و هۆشیاریی پێویست دەزانن و هیچ یەكێك ئامادە نیە بایەخ بەو ووتە و زانیارییە گرنگ و دەگمەنانە بدات كە تۆ دەیانخەیتەڕوو لەبواری : (پزیشكیی) و (فیزیا) و (كیمیا) و (چینەكانی زەوی) و (درێژی ڕووبارەكان) و (هۆكاری بومەلەرزەكان) و (ئەوەی دەگوزەرێ لە كەش و هەوا) و (فەلەكناسیی) و (ئەستێرەناسیی)...تاد ، چونكە هەمووان پەنجەیان لەسەر شاشەكانە و ئەو دیمەن و زانیارییانە دەبینن كە تۆ دەیانبینی و دەیانزانی!

گۆڤاری (زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتیی) كە گۆڤارێكی زانستیی ئەكادیمیی باوەڕپێكراوی مانگانەیە و گرنگی بەبڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانی بواری زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتیی دەدات و بارەگاكەی لە شاری (فیلادلفیا)یە لە ویلایەتی (بەنسلفانیا)یە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەم گۆڤارە ساڵی 2022 توێژینەوەیەكی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (كاریگەری تەكنۆلۆژیا لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان)، لە توێژینەوەكەدا هاتووە :

گەشەكردنی خێرای تەكنۆلۆژیا و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئامێرە زیرەكەكان و ئامڕازەكانی پەیوەندیی كاریگەری و ئاسەوارێكی ئێجگار گەورەی لەسەر جۆری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەجێهێڵاوە!! توێژینەوەكە دەڵێ : سەرەڕای ئەو ئاسانكاریانەی كە تەكنۆلۆژیا پێشكەشیان دەكات بۆ خێراكردنی پەیوەندییەكان و نزیكبوونەوەی نێوان مرۆڤەكان ، لە هەمان كاتدا ئەم تەكنۆلۆژیایە بۆتە هۆی كۆمەڵێك هەڕەشە و ئاسەواری خراپ بۆ سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان!! لەوانەش :

كاڵبوونەوەی پەیوەندییە كەسییەكان ، هەڵكشانی حاڵەتەكانی دوورەپەرێزیی و دووركەوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان ، بڵاوبوونەوەی چەندین دیاردەی مەترسیداری وەك : گێچەڵی ئەلیكترۆنی و شێواندنی زانیارییەكان! توێژینەوەكە لەكۆتاییدا داوای ئەوە دەكات هاوسەنگی تەندروستی پێویست بكرێ لەنێوان بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و پاراستنی پەیوەندییە كەسیی و كۆمەڵایەتییەكان.

ماوەتەوە بڵێم : ئەركی سەرشانی هەر یەكێك لە ئیمەیە هەوڵ و كۆشش و ماندووبوون و كاتێكی زیاتر بە ڕەنج بدەین بۆ پاراستن و بەهێزكردنەوەی پەیوەندییە گشتییەكان و گەرمكردنەوەی دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان ، هەروەها زیاتر برەو بدەین بە بەشداری كردن و سازدانی چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و خێزانییەكان ، كە ئەمەش لێمان دەخوازێ جارێکی ترو سەرلەنوێ پەیوەندییە ڕۆحیی و پابەندییە ئاینییەكانمان تازە و دەمە زەرد بكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە تواناكانمان بدەین لەبواری چۆنیەتی بنیاتنانەوەی یەیوەندیی و دۆستایەتی و ئیدارەدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوروبەر و نزیكەكانمان.



10/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر