ئەوانەی بەڕاسگۆیی درۆ دەکەن

محەمەد خۆشناو

دان بەوەدا دەنێم ، دوای ئەزموونی قووڵ و درێژ لەگەڵ دەروونی مرۆڤدا ، کە نەمتوانی بزانم مرۆڤەکان چۆن دەتوانن لەگەڵ ئەو هەموو درۆیانەدا بژین .
                                                سیگمۆند فرۆید

بەداخەوە بەرژەوەندی و ململانێی تەسکی سیاسیی و حزبی نێوان حزبەکان وایکردووە دیاردەی فریودان و درۆکردن وا تەشەنە بکات بگاتە ڕادەی ئەوەی بیکاتە پەردەیەک بۆ ناپاکیی و ،  لەهەمان کاتدا بەجلی درۆ خۆت بە پاکترینیان  دابنێیت  و گوێنەدەیتە ئەوەی کە ئەم درۆکردنە چ کاریگەریی دەکاتە سەر ژیانی خەڵک و گۆڕینی ڕێڕەوەکەی  ؟! گۆبلز-ی وەزیری پڕوپاگەندەئ هیتلەر و نازیەکان مرد  ، بەڵام ڕێبازەکەی نەمرد ، گۆبلز لەدوای خۆی ژمارەیەکی زۆری لە قووتابیانی جێهێشت کە لەسەر ڕێگای ئەودا دەڕۆن ، لەوانە هەندێکیان ئێستا لە کوردستانن وەک قوتابخانەی ئەدەبی و فکری ، قوتابخانەی  جۆرەها درۆ و تایبەتمەندی-یان بەتایبەتی لە ڕاگەیاندن هەیە ، لەو قوتابخانەیەدا  پەیڕەوانی دەگەنە قۆناغی باوەڕکردن بە درۆکانیان ، ئەم دیاردەیە بۆتە مەترسیەک لەسەر هەرێمی کوردستان ، ئەوەتا لەناو خودی سیاسییەکاندا درۆ تەقدیس دەکرێت…مەترسی پیرۆزکردنی درۆ لەوەدایە کە ئەوکەسەی ڕاستی دەشارێتەوە دەبێتە کەسێکی بێ کەموکوڕی ، بەپێچەوانەش کەسێک کە ڕاستیەکان ناشارێتەوە ناسروشتی دەردەکەوێت تۆنێکی ناتەبایە لە سمفۆنیای گەردووندا و بەروەڕووی مرۆڤەکان بە ناشیرینی و گاڵتەجاڕی دەبێتەوە ، لەو بڕوایەدام کە نەخۆشیە درێژخایەنەکە درۆ نیە ، بەڵکە لە ڕەوایەتیدان و پیرۆزکردن و شکۆدارکردنی درۆیە ، چەندان ڕەنگیان بۆ درۆ داهێناوە ، لەوانە ڕەش و سپی و پورتەقالی ، سیاسەت بە هونەری درۆکردن ناو دەبەن ، وەرە سەیربکە تووشی چ دۆخێکی ماڵوێرانی بوینەتەوە ، خیانەت بە مۆدێرنە و دووفاقی بە زیرەکی و درۆش بە نواندن دادەنرێت ، ڕۆژێکیان لە « بیکاسۆ»ی هونەرمەندی بەناوبانگی شێوەکار-یان پرسی ، بۆچی ناچیتە شانۆگەری ؟ وەڵامیدایەوە ( پەنجەرەیەکم هەیە دەڕوانێتە سەر شەقام و پێم وایە ئەوە بەسە ! هەمووان نواندن دەکەن ) درۆکانی ئێستا پاڵەوانی خۆیان هەیە و ، هەندێک لەو درۆزنانەی کن خۆمان شەرعیەتیان داوەتە درۆ و بێ شەرم و حەیا لە شاشەی سەتەلایت و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە ئاشکرا درۆ دەکەن ، ڕێگەیەکی تری درۆکردن بەتایبەتی لە سۆشیالمیدیا هەیە ، ئەویش ئەوەیە درۆیەک دروستبکە و دەستبکە بە پەرەپێدانی و کار لەسەر شیکردنەوەی ئەو درۆیە بکە کە دروستتکردوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویبکەوە و وەک ڕاستیەکی ڕەها مامڵەی لەگەڵ بکە  بۆ سایتەکانی هەواڵ و سەتەلایتەکان بنێرە و هەندێک کەسیش میواندار بکە بۆ شیکردنەوە و تیرۆزەکردن و زیادکردنی بەهارات بۆی ، لەولاوەش جەماوەرێکی بەرمەجەکراویش ئامادەیە بۆ باوەڕکردن بە قسەکانی سەرکردەکەی یان حزبەکەی و ڕەتکردنەوەی لێدوان و قسەی نایار بێ بیرکردنەوە ، درۆکردن لە سیاسەتدا پرسێکی کەسیی نیە ، بەڵکە تەواوی پیشەسازییەکە لەسەر بنەمای سەکردە و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیانکاران جەماورێکی زۆر کە کۆدەرێنەوە و ئامادەدەکرێن. بە لێشاوێک لەدرۆ  پێی وایە ڕاستیە ، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی درۆیەکە سەرلێشێواوی لەناو هاوڵاتیان دروستدەکات ، وەک ئێستا کە هەندێک پەرلەمانتار لە بەغدا و سیاسی لە هەرێم پیڕەوی دەکەن ، نازانم چی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغە لە تێکەڵکردنی وەرەقەکان و داهێنانی دەمامک بۆ ئەوەی بەم قەڵەباڵغیە دووانەی دژبەیەک تێپەڕێت ؟ ئایا کۆتە کۆمەڵاتیەکانن یان نەریتی بەردیین یان ونبوون لەناو جەنگلستانی دارستاندا !! ڕووداوێکی سادەی ڕاستیی ڕێڕەوی ژیانی تەواوی گەلێک دەگۆڕێت ، هەروەکچۆن درۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ ژیانی گەلێک دەخاتە ناو ئاژاوەگێڕی و خوێن و کۆدەتاکان کە ئەوڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوودەدەن ، زۆرێک لە سیاسەتمەداران پەنا دەبەنە بەر درۆ بۆ فریودانی نەیارەکان بۆئەوەی بتوانن لە پێگەی خۆیان بمێنن و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان بکەن ، ئەوەی لەبەرچاوانە ڕاستیی و درۆ لەژێر ئەو ڕەوتە گەورەیەی زانیاری وا تکەڵاوبوونە کە لە ئەنجامدا سنوورەکان لەنێوان ڕاستی و درۆ ، نێوان ڕاستگۆ و ساختە ، نێوان عەقلانی و گەمژە ، نێوان ڕێزدار و بێڕێز کاڵ بۆۆتەوە و ، ئەو کەسەی کە بەرژەوەندی لە بەردەوامی گەندەڵیدا هەیە ، دەبینیین قسە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکات ، ئێمە لە دونیایەکی فەوزا و ستەمکردن و درۆدا دەژین ، ساتێکی بێوێنەیە کە شتە ڕاستەکە خۆی دەکوژێت و شەرم نەماوە و ، هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر بە ڕێکوپێکی هەبوون و لەسەردەمی قەیران و ناخۆشیدا پشتی یەکتریمان دەگرت لەگەڵ «با»دا ڕۆیشت

24/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر