مەترسیدارترین مرۆڤ لەلای ئەمریکا و ڕۆژئاوا

د. سەعید عەلی محمد
دوێنێ پێنج شەممە  پەنجا و هەشت ساڵ تێپەڕی بەسەر لە سێدارەدانی ( سەیید قوتب ) دا، (سەیید قوتب) لە 9ی 10ی 1906 لە شاری (ئەسیوت )ی میسر لەدایک بووە ، ڕۆژی 29ی 8ی 1966 لەلایەن (جەمال عبد الناصر)ی سەرۆکی ئەوکاتی میسرەوە لە سێدارە درا ! دوای ئەوەی لە لایەن هەریەک لە زانای بەناوبانگی سعودیە (عبدول عەزیز بن باز) و (شافەیسەڵ) و سەرۆکی پاکستان و چەندین کەسایەتی گەورەی تری جیهانی ئیسلامییەوە هەوڵدرا ناوبراو لە سێدارە نەدرێت ، بەڵام بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجی کرا، لەبەر هیچ هۆکارێک نا تەنها لەبەرئەوەی ئەو پیاوی (عەقیده) و پیاوی (دەعوە) بوو، ژیانی خۆی لەپێناو باوەڕەکەیدا بەخشی !

من لەم یادەدا دەمەوێ بەخێرایی ئەم چەند سەرنجەی خوارەوە بخەمە ڕوو :

یەکەم : ( سەیید قوتب ) لای ئێرانیەکان و عەرەبەکان و تورکەکان و هیندییەکان و ئەفغانیەکان، هەروەها لەلای ئیخوانەکان و سەلەفیەکان و جیهادیەکان و تەنانەت بەشێک لە سۆفیە ڕاستەقینەکانیشەوە بە (موفەسیری گەورە) و (ئەدیب و نووسەری عیملاق) و  (بیرمەندی عەبقەریی) و (کەڵە پیاوە گەورەکەی ئیسلام و موسوڵمانان و ڕەوتی ئیسلامیی هاوچەرخ) دەناسرێ ! کتێب و نووسین و بەرهەمەکانی (سەیید قوتب) لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ گرنگترین و دیارترین و کاریگەرترینی ئەو بەرهەم و نووسراوانەن کە نوخبەی ڕووناکبیر و تەواوی گەنج و لاوەکان ڕوویان تێدەکەن ، ئەمە سەرەڕای قەدەغەکردنی ئاڕاستە و ئەفکار و بۆچوونەکانی (سەیید قوتب) نەک تەنها لەلایەن حکومەت دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵکو لەلایەن هەندێک له ڕەوت و کەسایەتی و ڕەمزە ئیسلامیەکانیشەوە ! 

دووەم : کاتێک (سەیید قوتب) هەستی کرد و بۆی دەرکەوت ڕۆژئاوا و بیرمەندەکانیان مایەپوچ و دەستەوسانن لەوەڵامدانەوەی پرسیارە جەوهەریەکانی پەیوەست بە مرۆڤ و گەردوون و ژیان ، کاتێک زانی خۆرئاوا بووەتە دیلی دنیای مادده و لایەنی ڕۆحی فەرامۆش کردووه هەوڵی دا لە دەروازەی قورئانەوە ئامانجەکانی پشت هاتنە کایەی مرۆڤ بۆ ئەم دنیایە دەست نیشان بکات و، ڕۆڵی مرۆڤ لەم ژیانەدا دیاری بکات ، ئەو ویستی ئەو ڕێڕەوە بدۆزێتەوە کە مرۆڤ لەڕێی ئاوێتەکردنی ڕوح و ماددە پێکەوە دەگەیەنێتە بەختیاریی و ئاسوودەیی و کەناری ئارامیی ! لەکۆتاییدا (سەیید قوتب) گەیشتە ئەو بڕوایەی ئیسلام ئەو بەرنامە و یاسا و دەستوورەیە که کەرامەت و شکۆ و گەورەیی بۆ مرۆڤەکان بەدی دەهێنێ و لەهەموو کۆت و بەندو کۆیلایەتییەک لەم جیهانەدا ڕزگارییان دەکات !

(سەیید قوتب) لەکۆتایی قۆناغەکانی ژیانیدا سەرقاڵ بوو بە توێژینەوە لەسەر چۆنیەتی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لەو موعانات و نەهامەتیانەی پێوەی دەناڵێنێت ، ئەو پێی وابوو دەبێت بە ڕۆحیەتی (کارپێکردن و پراکتیزەکردن) مامەڵە لەگەڵ سروش و (وحی)دا بکرێت و سەیری دەقەکانی قورئان و سوننەت بکرێت !

سێیەم : لە کولتوورو ئەدەبییاتی  ئیسلامیدا هەندێک کتێب و نووسین تایبەتمەندیی و ناوبانگی تایبەتی خۆیانیان هەیە ، چونکە توانیویانە بۆشایی و کەلێنێکی گەورە لە هیزری ئیسلامیدا پڕبکەنەوە ، کتێبی ( في ضلال القرآن) یەکێکە لە شاکارە هەرە گەورەکانی (سەیید قوتب) و ڕاڤەکردنێکی سەرسوڕهێنەری ڕۆحی قورئانی لەخۆگرتووە ، کە زانست و باوەڕ تێیدا ئاوێتەن و لەیەک جیاناکرێنەوە ، ئەحکام و یاسا و ڕێساکان لە زوهد و تەقوا و ئەخلاق و خواناسیی لەیەک جیاناکرێنەوە ، کارو کردەوەو ئەرکی دڵەکان لەکار و کردەوە و ئەرکی لاشە و ئەندامەکان جیاناکرێنەوە ! شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ڕاڤەکردنی قورئان و زۆرێک لە بیرمەندە گەورەکان بڕوایان وایە (في ضلال القرآن) تا ئێستا دووبارە نەبووەتەوە و دووبارەش نابێتەوە و، هیچ تەفسیرێکی تری قورئان لە ( في ضلال القرآن )ەکەی سەیید قوتب ناچێ ، تا ئێستا هیچ ڕاڤەکردنێکی قورئان وەک (في ضلال القرآن)ەکەی سەید قوتب ئاسەوار و کاریگەریی دەروونیی و سیحریی لەسەر مرۆڤەکان بەجێ نەهێلاوە و ناهێڵێ! زۆربوون ئەوانەی هەوڵیاندا ڕاڤە و شیکردنەوه بۆ دەقەکانی قورئان بنووسن بەشێوەیەک ڕۆحی قورئان بۆ خەڵک بگوازنەوە بەڵام نەیانتوانی !! 

(في ضلال القرآن) ماناکان و وشەکان و دەقەکان لەیەکتر نزیک دەکاتەوە و ڕۆحەکان و دڵەکان دەبوژێنێتەوە و شۆڕش لەژیانی مرۆڤ و تاک و کۆمەڵگەکانیشدا بەرپا دەکات ، هەرئەوەش وایکرد ئەم تەفسیرە بۆ (34) زمانی جیهان وەربگێڕدرێت و تاکە تەفسێرێکە کە تا ئێستا (33) جار لەچاپ دراوەتەوە !

(صەڵاح خالیدی) کە زاناو پسپۆڕێکی ئەکادیمیی بواری قورئان ناسی یەو (ماستەرنامە) و (دکتۆرانامە)ی لەسەر کتێبی (في ضلال القرآن) نووسیوە دەڵێ :  لەماوەی ئامادەکردن و نووسینی ماستەرنامەکەمدا شەش جار کتێبی (في ضلال القرآن)م خوێندەوە ، دواتریش لەماوەی نووسینی (دکتۆرانامەکە)مدا هەشت جاری تر بەوردی هەموویم خوێندەوە ، ئینجا دوای 14جار خوێندنەوەی ورد و قوڵی ئەم کتێبه گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەو کەسەی (في ضلال القرآن) نەخوێنێتەوە لە ڕۆحی قورئان شارەزا نەبووە و لە ناوەڕۆک و کرۆکی ئاینی ئیسلامیش حاڵی نەبووە.

چوارەم : ڕاستە (سەیید قوتب) زانای تایبەتی شەریعەت نەبوو، بەڵام بیرمەندێکی گەورە بوو کە زۆر جیاواز لەکەسانی تر لە دین حاڵی بوو بوو، ئەوانەی دژایەتیان دەکرد و دژایەتی دەکەن لەبەر هۆکاری زانستیی دژایەتیان نەدەکرد ، بەڵکو هۆکاری سیاسیی پاڵنەری دژایەتیەکە بوو، دیارە ڕاوبۆچوون و ئەفکارەکانی (سەیید قوتب) لەلای کەسانی بەڕواڵەت زانا و دەرگاوانانی دەسەڵات و ئەوانەی بەدوای تێرکردنی ئارەزووە دەروونیی و بەرژەوەندییە دنیاییەکانی خۆیانەوەن هەزم ناکرێن و جێی قەبووڵ کردن نەبوون و نین.

پێنجەم : لەیادی ڕۆژی لەسێدارەدانی (سەیید قوتب)دا لێدوانێکم بەبیرهاتەوە و خاڵێکیش سەرنجی ڕاکێشام : 

لەم یادەدا لێدوانی ئەو لێکۆڵەرە ئەمریکیەم بەبیرهاتەوە کە لە گرتووخانەی (گوانتانامۆ) لێکۆڵینەوەی لەگەڵ زیندانییەکانی نێو گرتووخانەکەدا کردوەو و لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێ : لەڕاستیدا بەبێ هیچ دوودڵیەک دەتوانم بڵێم مەترسیدارترین مرۆڤ لەسەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەسەدەی ڕابردوودا (سەیید قوتب) بوو، بۆیە ڕێگە نادەین کتێبەکانی بفرۆشرێن و بڵاوبکرێنەوە و ڕەواج بە ئەفکارەکانیشی بدرێ ! لێرەدا ئەوەی کە زیاتر لە وتەکەی ئەو لێکۆڵەرە ئەمریکیە سەرنجی منی راکێشا ئەوەیە : مەترسیدارترین مرۆڤ لەلای ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە لەسێدارە نەدرا، بەڵکو لەلایەن (جەمال عبدول ناصر)ەوە لەسێدارەدرا، ئەو سەرۆکەی کە زیاتر لە هەر سەرکردە و سەرۆکێکی تر لاف و گەزاف و دروشمی دژایەتی کردنی ڕۆژئاوا و ئەمریکای لەسەدەی بیستەمدا بەرزکردبوەوە ، ئەو سەرۆکەی کە زیاتر لەهەر سەرۆکێکی تر شانس و هەلی زەعیمایەتی عەرەبیی بۆ ڕەخسێنرا بوو.

03/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر