ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوکوێ؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش محمد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، لە کۆشکی سپی بوو. ئەمە یەکەمجاری بوو لەوێ پێشوازی بکرێت. خاڵی گەورەی دیدارەکە واژۆکردنی پەیوەندی ئاسایشی بوو لە نێوان ئەمریکا و ئیماراتدا. بەم پێیە ئەمریکا پاراستنی ئیمارات لە ئەستۆ دەگرێت. ئەمریکا تەنها لە گەڵ هینددا ئەم جۆرە ڕێکەوتنامەی هەیە. 
ئەم جۆرە ڕێکەوتنامەیە بە ئاستی ڕێکەوتنی ناتۆنیە، بەڵکو لە ئاستێکدایە کە ئۆتۆنۆمییەکی ستراتیژی دەدات بە هیند و ئیمارات، کە یانی هەندێک سەربەخۆییان هەیە کە هەندێک جار هاوڕا نەبن لە گەڵ ئەمریکادا، بەڵام بە گشتی دژایەتی نەکەن و بەرژەوەندییەکانی بپارێزن.
مەرجی سەرەکی ئەم ڕێکەوتنە، دوو خاڵە، دۆستایەکی لە گەڵ ئیسرائیلدا و سنوردارکردنی پەیوەندی لە گەڵ چیندا. وەک دەبینین نەوت چیدی بەشێک نیە لە هاوکێشەکە. ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەدەی بیستدا، کە سەدەی نەوت بوو، یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی سیاسەتی ئەمریکی لە سەرەتادا ئەوەبوو کە سۆڤیەت دەست بە سەر کانە نەوتەکانی کەنداودا نەگرێت هەروەها ڕۆشتنی نەوت بۆ ئەمریکا و دونیا بەردەوام بێت، لە گەڵ پاراستنی ئیسرائیل.
بەڵام بە بونی ئەمریکا بە خاوەن سەرچاوەی نەوتی خۆی، ستراتیژی ئەمریکی گۆڕا بۆ ئیسرائیل و چین. 
سەربارەت بە ئیسرائیل ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ جۆرە: ئەوانەی دژن، ئەوانەی لە ئاشتیدان لە گەڵ ئەوانەی کە پەیوەندییەکەیان ئاسایی کردوەتەوە. 
بەرەی ئاساییکردنەوە کە بە بەرەی ئەبراهام دەناسرێن هەموو وڵاتانی کەنداو دەگرێتەوە، بە شێوازی جیاواز. ئیمارات پێشەنگی ئەمە بوو. بۆیە پێدانی پێگەی پاراستنی ئیمارات لە لایەن ئەمریکاوە وەک پاداشتێکە. سعودیە هەمان شتی دەوێت بەڵام هەتا ئێستا ئەمریکا ئامادەنیە. هەرچەندە ئەگەر ترەمپ بێت ئەوا ئەگەری واژۆکردنی هەمان شێوازی ڕێکەوتن بونی زۆرە.
بەرەی موقاوەمە، لە ئێستادا لە ژێر فشاردان، بە تایبەتی پاش هێرشەکانی حەماس. ئیسرائیل بە دەرفەتی دەزانێت کە نەیارەکانی تەواو لاواز بکات و بۆ ئەمە ئەمریکا بە خشکەیی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوە.
ئێستا ئەمریکا هەموو ئەم لایەنانە بە بەشێک لە ئێران دەزانێت و ئێران بە مەترسی دەبینێت. ئێران دوو ستراتیژی هەیە، یەکەم، هیورکردنەوە و داوای دانوستان، دووەم، دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بە نهێنی.
ڕەنگە لە ئێستادا هەردوو ستراتیژییەکە بگرێتە بەر بەڵام هەردوو لە بەردەم ئاستەنگی زۆردان.
ئەگەر ترەمپ بێتەوە ئەوا عێراق وەک بەشێک لە ئێران مامەڵە دەکاتم وەک کەسێک لە واشنتۆن پێی گوتم ڕۆژانی ڕابوردوو.
کەواتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار ئەکتەری سەرەکی هەیە، ئیسرائیل، ئەمریکا، ئێران، لە گەڵ چین. ستراتیژی هەموو ئەمانە لە گۆرانکاریدایە. نەوت دەچێتە دەرەوە، بەڵام زیرەکی دەستکرد دەبێتە فاکتەرێکی گەورە.

28/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر