فیشەکی رەحمەت لە گرتی زەرگەتە درا

چیا عەباس
تاقمەکەی چیا نەوشیروان مستەفا بە داخستنی دەروازەی گردەکە بەروی ئەوانەی بەنەیاریان دەزانێ فیشەکی رەحمەت بو نای بە یەکێک لە سیمبۆڵی نەتەوەیەک بۆ گۆرانکاری و چاکسازی کە لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفای باوکی لە دۆخێکی ئاڵۆزی بزافی کوردایەتی بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی چەسپاندی، تا لە ژیانیشدا مابو بەهاکانی گردەکەی پاراست.

ئەو بەرپرس و هەڵسوراو و کارمەندانەی بزوتنەوەی گۆڕان کە چیا دەرگای بەرویاندا بە بلۆک و بەتەنیشتیشەوە چەند چەکدارێک داخست خەتابارن کە لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتداریان لە گردەکە وایان دەزانی ئیتر جادەکەیان بۆ تەخت بوە و چیان مەبەست بێت دەیکەن، هەر واشیان کرد و گوێیان لە هیچ دەنگێکی دڵسۆز و خەمخۆر نەگرت تا گەیشتن بەم رۆژە کە رێگرییان لێ بکرێت هەنگاوێک بنێنە ئەودیو دەروازەی قەڵاکەی چیا و نما.

زەمینەی ئەم روداوە زۆر دور و درێژ و ئاڵۆزە، ئەوەی ئێستا گرنگ و مەبەستە دانای احمد مەجید بکرێت بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە و لە حوجرەیەکی وەک ئەوەی مەلا نەجمەدین کە لە شەقمی سابونکەران بو دەوام بکات، رای بگەیەنێت و بە کردار و هەڵوێست بیسەلمێنێت رێز لە لایەنە جوانەکانی مێژوی گۆڕان دەگرێت و سەرجەم هەڵە و ململانێی و خۆپەرستیەتی و پاشکۆیەتی گۆڕان رەتبکات.
ئاوازێکی رەسەن، ئۆرکێسترایەکی لێهات و دڵسۆز و نوێکردنەوەی جومگەکانی هزری گۆرانکاری لە هەمو بوارەکاندا بکاتە کارنامەی ئایندە، ئەوسات نەک چیای نەوشیروان مستەفا هەزارانی تری وەک خۆی جورئەتی ئەوە ناکەن بەلای حوجرەکەی دانای احمد مەجیدا برۆن.
ئەمرۆ، چیا، سەلماندی گردەکە بە مولکی خۆی دەزانێت، چۆن بوە بە مولکی خۆی و نمای برای چیرۆکێکی درێژە بۆ ئایندە جێی دەهێڵین.
رۆتەردام ٢٧ سێپتەمبەر ٢٠٢٤   


28/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر