گۆڕان وا نابێت

عەدنان عوسمان
دواجار کاندیدەکانی گۆڕان بۆ وەزارەتەکان دیاریکران. دڵنیام لە نێو گۆڕاندا بەشی چەند کابینەیەک کەسی بە تواناو دڵسۆز و خەمخۆر و خاوەن شارەزایی هەیە لە بوارە جیاجاکاندا، بەڵام بۆ پشکێکی کەم لە کابینەیەکدا هەر ئەوەندە دەکرێت. بۆیە  لێرەدا نەک هەر هیچ کێشەیەکم لەسەر کاندیدەکان نیەو بە کەسی دڵسۆز و خاوەن ئەزمونیان دەزانم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازم، بەڵکو تا لە توانامدابێت بە گوێرەی ئیمکاناتی متەوازعانەی خۆم هاوکاریان دەبم و داوا لە هەمو گۆڕانخوازانیش دەکەم بە توانایی و ئەزمونی خۆیان پاڵپشتی لە وەزیرەکانمان و پەرلەمانتارانمان بکەن لە پێناو ئەوەی نمونەیەکی جیاوازتری کاری حوکمڕانی پێشکەش بکەن. 
قسەی من لێرەدا لەسەر دیوێکی مەترسیداری پرۆسەی دانانی کاندیدەکانە کە نمونەیەکە لە ئیدارەدانی گۆڕان.
پێش کۆنگرەی یەکەمی گۆڕان هەیئەتێک دانرا بە ناوی جڤاتی نیشتمانیەوە بۆ ئیدارەدانی سەرجەم بوارەکانی ئیشکردنی گۆڕان و لەیەکەم کۆبونەوەیدا بڕیار لەوەدرا کە مەرجەعی سەرجەم کارەکانی گۆڕان بێت. دواتر لە کۆنگرەی یەکەمی گۆڕان ئەو دەزگایانە سەلمێندران و بون بە بەشێک لە پەیکەرەی رێکخستنی گۆڕان. 
 دەبوایە لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ، لە سەردانەکان، رێککەوتنەکان، دیاری کردنی کاندیدەکان، وەرگرتنی پشکەکاندا پرس و راوێژ بەم دەزگایەو کۆمەڵێک کەسایەتی تری گۆڕان بکرایە کە لەدەرەوەی ئەم جڤاتەن.  کەچی نەک ئەمە نەکرا، بەڵکو بە گوێرەی زانیاریەکانی من بۆ پرسی دانانی وەزیرەکانی گۆڕان، بەڕێز رێکخەری گشتی پرس و رای بە هیچ کەسێک تەنانەت بە کەسە نزیکەکان و کەسایەتیە ناسراوەکانی بزوتنەوەکەش نەکردوەو، بەشی هەرە زۆریان وەک هەر هاوڵاتیەکی تر لە راگەیاندنەکانەوە ئاگاداری ناوی وەزیرەکان بون.
هەمومان دەزانین عەشقی تاکڕەوی یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی سەرکردەی پارتە کوردیەکان کە بەداخەوە بزوتنەوەی گۆڕانیشی لێبەدەر نەبوە و  ئەم رەفتارانە بەردەوام لەم ساڵانەی ڕابردودا پەیڕەو کراوەو بەرێز رێکخەری گشتی   وەک رابەرێکی گشتی و تاکە مەرجەع کاری کردوە. زۆر جار کەم تا زۆر قسەمان لەسەر ئەم پرسە کردوە، بەڵام  ئەم دوا هەنگاوە نیشانەی پرسیارێکی قوڵ و مەترسیدار دائەنێت لەسەر جدیەتی گۆڕان لە پێناو گۆڕانکاریدا، چونکە ئەم پرسە،  چارەنوسسازە بۆ گۆڕان، لەبەر ئەوەی دەبێتە سەرمەشقی کاری چاکسازی و گۆڕانکاری کردن و هێنانەدی بەشێک لە دروشم و کارنامەکانی. بۆیە لەم مەسەلەیەدا دەبوایە پرس و را و راوێژبکرایە و دواجاریش بڕیاری دەستەجەمعی بدرابایە.
 بەرێز رێکخەری گشتی گۆڕان کە یەکێکە لە کەسایەتیە گەورەو بە تواناو خاوەن ئەزمونەکانی میللەتەکەمان،  ساڵانێکی دورودرێژ لە پاڵ بەڕیز تاڵەبانیدا کاری کردوەو هاوکار و یاریدەدەری بوە، لە بەشێکی یادەوەری و نوسینەکانیدا ئاماژە بە کۆمەڵێک رەفتاری  تاڵەبانی دەکات کە جێگای رەخنەو تیبینی بەڕێزیان بوە،وەک: دەستەمۆکردنی سەرکردایەتی و بێئیرادەکردن و لاوازکردنیان،  بڕیارە فەردیەکان، کۆنترۆڵکردنی سەرجەم پەیکەرەی حیزبەکە لە روی سیاسەتی گشتی و دارایی و پەیوەندیەکان و دانانی کەسەکانەوە،  سەردانە یەکلایەن و تەنهاکەی بۆ لای بەڕیز مەسعود بارزانی بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ستراتیجی،  بونی کۆمەڵێک کەس کە رەخنەو تێبینی زۆری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیان لەسەرە لە دەوری. ئەو رەخنە و تێبینیانەی بەڕێزیان ئومێدی چاکسازیەکی ریشەیی دەبەخشی لە ناو گۆڕاندا ،بەڵام لەگەڵ نەهاتنەدی تا ئێستای ئەو ئومێدە و زیاتربونی مەترسیەکانی تاکڕەوی لەسەر هەمو جومگەکانی بزوتنەوەکە دەبێت راشکاوانە و شەفافانە لە خۆمان بپرسین:
ئایا گۆڕان بەردەوامە لەسەر کارنامەو پلان و دروشم و خەون و خۆزگەو ستراتیجی خۆی، کە بە ماندوبون و ئازایەتی و خۆڕاگری و نانبڕاوی و سنگ بە گولەوەنانی دەیەهاو سەدەها گۆڕانخواز دروست بو؟
پرسیاری گرنگتر لێرەدا ئەوەیە ئایا رێکخراوێک لە توانایدا نەبێت لە نێو خۆیدا کاری موئەسەساتی بکات، بە پرس و راوێژ کار بکات، ئۆرگانی بڕیاردان دابنێت و رێزی لێبگرێت، دور بکەوێتەوە لە ئیجتیهادی تاکەکەسی و مەزاج و بڕیاری فەردی، چۆن دەتوانێت شان بداتەبەر پڕۆژەیەکی گەورەی چاکسازی و گۆڕانکاری لە سەرجەم جومگەکانی وڵاتدا؟؟ 
لە ئێستادا دەبێت ئیتر یا بپرسین وەیا بە ناچار لەوە تێبگەین کە بۆچی ساڵانێکە بەرێز رێکخەری گشتی ئامادە نیە نە دەزگایەکی راستەقینەی رابەرایەتی، نە هەیئەتێکی پرس و راو بڕیار دان و نە تەنانەت لیژنەیەکی بچوکیش لە کەسە نزیکەکانی خۆی دابنێت و دەسەڵاتی دوابڕیاریان بخاتە دەست؟  ئەمە گەر بۆ سەرەتای جوڵانەوەیەکی رۆشنبیری بەرتەسکی وەک کۆمپانیای وشە ئاسایی بوایە، چۆن دەبێت بە هەمان میکانیزم جوڵانەوەیەکی جەماوەری بەهێز و گەورەی وەک گۆڕان کە خاوەنی سەدەها هەزار دۆست و ئەندام و لایەنگرە بەڕێوە ببرێت.
ئەوەی کە لە هەموی زیاتر جێگەی نیگەرانیە، زاڵ کردنی فەزایەکە لە بێدەنگکردن و رەخنە نەگرتن  و تا ئاستێک ترس لە بەدەنگی بەرز قسە کردن، کە خەریکە دەبێتە یەكێک لە سیماکانی گۆڕان و، هەر جارەی لە ژێر بیانویەکدا.
 بۆ جوڵانەوەیەک کە بە رەخنەگرتن و خۆ جیاکردنەوەو دانانی هێڵی جیاوازی  لەگەڵ لایەنەکانی تر دەستی پێکرد، بوژاندنەوەی گیانی یەکتر قبوڵکردن و رەخنە گرتن و رێزگرتن لە جیاوازیەکان، سەرەتای بە خۆدا هاتنەوەو گەڕانەوەیە بۆ سەر هێڵە ئەسڵیەکانی بزوتنەوەکە. لەم پێناوەدا هەق وایە رێگە بدرێت لە ئۆرگانەکانی گۆڕانەوە، بۆچونە جیاوازەکان و دیدگا ناکۆکەکان و ئیجتیهادە سیاسیەکان پەخش بکرێت و گۆڕانخوازان ئازادانە لە پێناو دروشم و بەرنامەکەیان قسەی خۆیان بکەن.


15/06/2014



وتارەکانی تری نوسەر