گفتوگۆیەکی"مەنتقیانە"لەگەڵ مەلا بەختیار.."سەنگی دەنگ لای مەلا بەختیار یەکسانە بە هیچ"

عەدنان عوسمان
کاک مەلا بەختیار بەوە ناسراوە لە گفتوگۆکانیدا، زۆرترین بەکارهێنەری چەمکی دیموکراسی و ئازادیە، کتێب و دیبەیت و سیمیناری لەسەر هەیە. ماوەیەکی زۆریش سەرپەرشتی رێکخراوە دیموکراسیەکانی یەکێتی و ئێستاش دابڕان و مەدەنیەت ئەکات. کەچی لە مێژوی فکری دیموکراسیدا، هیچ قسەیەک، بەقەد ئەم قسانەی دوێنێی کاک بەختیار، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاک رەنج سەنگاوی بۆ تەلەفزیۆنی روداوی کردبو، بێنرخ پیشاندان و نابوتکردن و فشۆڵ پێشاندانی فکر و فەلسەفەی دیموکراسی نادۆزیتەوە.
کەمجار بوە کەسێک جورئەت بکات، بەناوی رێزگرتن لە دیموکراسیەتەوە، بەناوی پابەند بون بە دیموکراسیەتە، باس لەوە بکات حزبەکەی( بەڵێ حزبەکەی) هێزی چەکدار، ئاسایش و تەنانەت دەزگای ئیستخباری تایبەت و حەتمەن زیندانی تایبەت و دادگای تایبەت...هتد هەیە. دەگمەنە لە مێژودا، لەپەنا پاڵی دیموکراسیەتەوە، یەک دەنگ و سەد دەنگ یەکسان بکەی بە یەک!، ئەمە سەرباری ئەوەی رێزنەگرتنە لە پایە سەرەکیەکەی دیموکراسیەت کە هەڵبژاردنە، رێزنەگرتن و بێحورمەت پێشاندانی دەنگی تاکیشە.( کەروێشکت ئەوێ کەروێشک ببەو ئاسکت ئەوێ هەر کەروێشک ببە).
من لێرەدا نامەوێت گفتوگۆیەکی سیاسی لەگەڵ بەڕێزیاندا بکەم، بەڵکو دەمەوێت بەمەنتق وەڵامێکی ئەمەی خوارەوەم بدات:
ئەو ئەڵێ یەک کورسی و سەد کورسی لەسەنگی یەکێتی ناگۆڕێت، باشە گریمان یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتودا تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا، کە دەکاتە نزیک بە ٢٠ هەزار دەنگ. حەتمەن لەم رێژەیە، بەشێکی زۆری دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی و ناوەند و ئەنجومەنی مەڵبەندەکان و فەرماندەیەکان و دەزگاکانی ترئەبێت، کەواتە لەو رێژەیە تەنها بەشێکی کەمی ئەمێنێتەوە کە وەک دەنگدەری ئاسایی ( هاوڵاتی و موچەخۆران و هێزەکان) ئەبن. باشە ئەبێ سەنگی حزبێک چی بێت کە تەنها بەشێکی کەمی هێزە چەکدار و ئاسایش و موچەخۆرانی وڵات( کەپێ ئەچێت تەنها لەبەر ئەوەی ئەو موچەیان دابین ئەکات، کاک بەختیار بە تاپۆی حزبەکەی بزانێت) دەنگ و متمانەی پێ هەبێت؟ لێرەدا ئەبێ وەلائی ئەو رێژە زۆرەی کە دەنگی بە لیستەکەی ئەو نەداوە چی بێت و بۆ کوێ و کێ بێت؟. پاشان مەعلومە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانە، ئاخر ئەبێ سەنگ و قوەتی تەنها یەک کورسی لە پەرلەماندا، لە کاتی دەنگدان بە کابینەو پرۆژەکان و گفتوگۆکاندا چی بێت؟
کورتەی قسە ئەوەیە دەبێ بپرسین کاک مەلا بەختیار چۆن سەیری ئەو هێزانە ئەکات کە پێکهێنەری یەکێتین؟ هێزی یاخی لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و بەتایبەت ئیرادەی جەماوەر، کە سەرباری هەمو ئەو ئیمتیازاتانە، کەچی دەنگ بەو لیستەی مەلا بەختیار نادات و متمانەی پێ نیە، یا هێزێک کە بڕوای بەدەستاودەستی دەسەڵات و دەنگی جەماوەر و ئیرادەی هەیە؟؟ 
جگە لەم دوو بژاردەیە هیچی تر نیە. کاک بەختیاریش هەم تێگەیشتن و بڕوابونی خۆی بەو پرەسنیپانە دوپاتکردەوەو، هەم نیەتی داهاتوی ئەو بەشەی حزبەکەشی دەرخست کە هاوڕای ئەون.


08/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر