گۆڕان چی ئەکات؟

عەدنان عوسمان
لە ماوەی ئەم یەک دوو ساڵەی بەشداری کردنی گۆڕان لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، نەیتوانی لایەنەکان بەرەو هیچ هەنگاوێکی چاکسازی ببات. 
دەرکەوت چاکسازی بەم عەقڵیەتی حوکمڕانییەی ئێستا لە توانادا نییەو نییەتێک لای هێزە باڵاکان نییە بۆ هیچ گۆڕانکاریەک لە سیستمەی حوکمڕانیدا.
حکومەت حکومەتی پارتیە، پەرلەمان کە ویستی پەرلەمانی پارتی نەبێت پەکخرا. واتە یا دەبێت تابعی پارتی بیت وەیا شانسی بەشداریت لە حوکمڕانیدا نییە. رێژەی دەنگ و پۆستەکان هیچ لەو واقعە ناگۆڕن.
هەندێک لایەن ئیتر بەتەواوی رازین بەو باڵادەستیەی پارتی بێ هیچ گۆڕانکاریەک، بێهیچ چاکسازیەک، تەنها بە زیادکردنی هەندێک لە پشکەکانیان.
لە رۆژی یەکەمی ئەم قەیرانەوە هەندێک ناوەندی هەندێک حزب بڕیاری خۆیان دابوو کە پشتگیری گۆڕان نەکەن و تێکەڵ بەو شەڕە نەبن، بۆیە هەر سەرقاڵی وتاری ناڕاستگۆیانە و کات کوشتن بون. بەڵام دیار بوو بڕیاری خۆیان داوەو شەریکایەتی پارتیان پێ باشترە.
پارتی و ئەو شەریکە مەخفیانەی پرسەکەیان لە کێشەی سەرۆکی هەرێمەوە کردووە بەوەی رێگە بدرێت سەرۆکی شەرعی پەرلەمان بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان یا نە؟ ئەگەر گەڕایەوە بۆ چەند رۆژ بێت!!!
وردە وردە خەریکە پرسە سەرەکیەکانی گۆڕان: لە عەدەلاتی کۆمەڵایەتی، چاکسازی، دژایەتی گەندەڵی، مەشروعییەتی دامەزراوەیی، دەبێتە گەڕانەوە بۆ نێو حکومەت و ئاسایی کردن و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش ١٢ی تەشرینی یەکەم و کروزانەوە بۆ گەڕاندنەوەی وەزیرەکانمان.

ئێستا گۆڕان دەبێت چی بکات؟
هیچ هیوایەک نییە بۆ بەشداری گۆڕان لە دەسەلاتدا. پەرلەمان و حکومەت بێنرخکران. گەڕانەوەی وەزیرەکان بە مانای ئەوە دێت دوای تەمبێکردنیان لەلایەن پارتیەوە ئێستا وانەکە فێر بون و ئیتر بە کپی لەسەر کورسیەکانی خۆیان بە بەشی خۆیان رازی ئەبن. گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان بەو مەرجانەی پارتی دەیەوێت، بە واتای ئەوە دێت چیتر کەس جورئەت نەکات باس لە دۆسێی سەرۆکی هەرێم بکات.
بۆیە ئیتر دەبێت گۆڕان خۆی یەکلا بکاتەوە: ئایا دەگەرێتەوە بۆ پرەنسیپەکانی خۆی کە بونە هۆی ئەوەی سەدان هەزار هاولاتی ئەم نیشتمانە دەنگی پێ بدەن و بیکەنە هێزی دووەمی وڵات، واتە بە شەهامەتەوە کار لەسەر بەرنامەکەی خۆی دەکات،
وەیا وەک لایەنەکانی تر ملکەچی ئیرادەو گوندەیی پارتی دەبێت و کونجی قەناعەت دەگرێت و بە بەش و پشکی خۆی لە دەسەلاتدا رازی دەبێت.
گۆڕان لە نێوان: کەرامەت و شەهامەت و بەرژەوەندی باڵای میللەت و دوارۆژی گەلەکەمان و دیموکراسیەت، یا زەلیلی و پاشکۆیەتی و خێر و سەدەقە، کامەیان هەڵدەبژێرێت؟؟
ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە هەنگاوی یەکەم رایبگەیەنێت کە نە ئیعتراف بە شەرعییەتی پەرلەمانی زەوتکراوو نە بە حکومەتی پاوانکراو دەکات و نە ئامادەشە ئۆپۆزسیۆنێکی لە قاڵب دراو بێت.
کاتی نەهاتووە روحە جنگاوەریەکە: لە پێناو مافی خڵک، بەشمەینەتان، ئازادی ،مافی مرۆڤ، دیموکراسی، نیشتمانسازی،،هتد بگەرێتەوە؟
کە بڕیاریان دا بەتەنهامان جێ بهێڵن دەبا بزانن هیچ زریانێک ناتوانێت بمانچێلێ.


03/12/2015




وتارەکانی تری نوسەر