كرانەوەیەكی عەرەبی

هەندرێن شێخ راغب
 
عێراق دوو قۆناغی زۆر سەختی بڕی، یەكەمیان پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی سودانی، دووەمیان پەسەندكردنی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو. دوای ئەم دوو قۆناغە كرانەوەیەكی عەرەبی رووی لە عێراق كردووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی میصری كرد، مەلیكی ئوردن هاتە عێراق، وەزیری دەرەوەی سوریا هاتە عێراق، میری قەتەر هاتە عێراق، سعودیەو ئێران رێككەوتن و سوپاسی رۆڵی نێوانگیری عێراقیان كرد. كوێت و ئیمارات و جەزائیرو لوبنان و رای گشتی عەرەبی بەسەر عێراقدا كراونەتەوە..ئەمە چەند خوێندنەوەیەكی جیاوازو پڕ گۆڕانكاری لێ دەخوێنرێتەوە لەوانە: 

-دووركەوتنەوەی عێراق لە هەژمونی توركیاو ئێران و گەڕانەوەی بۆ دنیای عەرەبی.

-تۆخبوونەوەی ناسنامەی عروبیەتی عێراق و كاڵبوونەوەی مەزهەبیەت، واتە خاوبوونەوەی ململانێی شیعەو سونەو هاتنە پێشی شوناسێكی عروبەیی.

-ئاڵۆزی ئەم دۆخەی گەڕانەوەی عێراق بۆ دنیای عەرەبی، چونكە دەوڵەتانی عەرەبی بەسەر جەمسەربەندی نێودەوڵەتیدا دابەش بوون، وەك روسیا، ئەمریكا، چین، تەنانەت هەندێكیان رێككەوتنی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. ئەمەش بۆ عێراق دۆسیەكی دژ بەیەكەو مامەڵەكردن لەگەڵی ئاسان نیە. 

كەواتە چاوەڕێ دەكرێت ئەم كرانەوە عەرەبیەی رووی لە عێراق كردووە، دەرەنجامی راستەوخۆی لێ بكەوێتەوە، كە بە هەر بارێكدا بێت كاریگەری لەسەر كورد هەیە لە عێراق، تەنانەت لەسەر كوردی سوریاش.
 
بۆ بابەتی كورد دوو شت زۆر جێگای لێبوردنەوەیە:

-ئەم شاندە عەرەبیانە كە دێنە بەغدا، هیچیان نایەنە هەرێمی كوردستان.

-ئەم وەبەرهێنان و گرێبەستانەی ئەنجامیان دەدەن، باسی كوردستانی تێدا نیە. بۆ نمونە میری قەتەر باسی ئەوە دەكات كە بایی پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراق ئەنجام دەدەن، ئایا چەندەی ئەم پارەیەو وەبەرهێنانە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت؟ 

رۆڵی كورد لەم عێراقە تازەیە چیە كە بەسەر كرانەوەیەكی عەرەبیدا كەوتووە؟ ئایا كورد بۆتە بارمتەی شكستەكانی بەدەست حكومەتی بەغداوە؟ ئایا توركیاو ئێران هەروا ئاسان دەستبەرداری بەرژەوەندی و پێگەی ستراتیژی خۆیان دەبن لە عێراق؟ ئەگەر عێراق كوردی تەواو فەرامۆش كردو وەك دەوڵەتێكی عەرەبی كارابوو، چالاكی كردو سیاسەتی كرد، ئایا كورد پڕۆژەی چیە؟ كورد سێ شتی گرنگی لەدەستداوە، كە مەترسیدارن:

-لە 51% لەسەدا پەنجاویەكی خاكی كەوتەوە دەست حكومەتی عێراق بە كەركوكیشەوە.

-نەوتی نەما، دادگای پاریس بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانی وشك كرد. كە دەسەڵاتداران پێیان ناخۆشەو موچەخۆران و مامۆستایان و فەرمانبەران پێیان خۆشەو موچەیان لە بەغداوە دەوێت. ئەمەش بە دروشمی كوردایەتی چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت زۆر بە راشكاوی هۆكارەكانی ئەم هەستەی هاوڵاتیان و موچەخۆران لێكبدەنەوە. 

-قەوارەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەر ڕكەو قۆڵبادانی ناوخۆ، كورد لە عەرەب زیاتر هەوڵی لاوازكردنی قەوارەكەی دەدات، ئەمەش بەم عەقڵیەتە سیاسیە بچوكەی كاری لەسەر دەكەن. كورد دەرفەتی باشی بۆ هاتۆتە پێش ئەگەر بتوانێت كوردستانی و نیشتمانی بیربكاتەوە وەك:

-ئەنجام دانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو، كە رەزامەندی نێودەوڵەتی وناوخۆیی بەدەست بهێنێت.

-رێكخستنەوەو بەنیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگەو جێبەجێكردنی چاكسازیەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

-دەستكردن بە ئاشتكردنەوەی موچەخۆران و پێدانەوەی مافیان و چارەسەركردنی كێشەی موچەخۆران.

-كەمكردنەوەی باج و خەراجی زۆری سەر شانی خەڵك‌و دەستگیرۆیی بۆ هەژاران و هاوڵاتیان بێ جیاوازی و دابەشكاری حیزبی. 
-خۆئامادەكردنی كورد بۆ ئەم كرانەوەیەی عەرەبی لەبەردەم عێراقدا ئەوكاتەی توركیاو ئێران نائومێدبوون لەوەی بتوانن جڵەوگیری عێراق بكەن، ئەوكاتە كورد دەرگای گەڕانەوەی توركیاو ئێران دەبێت بۆ ناو عێراق، ئەمەش دەرفەتی باش دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی كورد بتوانێت هەندێك شت لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە یەكلایی بكاتەوە. بەڵام پرسیارە هەر گرنگەكە ئەوەیە ئایا عێراق دەتوانێت ئەوەندە بەهێز بێت لەژێر هەژمونی ئێران و حەوزی مەزهەبی شیعە بێتە دەرەوە؟ ئایا توانای لاوازكردنی ئێرانی هەیە لەسەر شانۆی سیاسی عێراق؟ ئایا توركیا هەروا ئاسان لەعێراق دەردەكرێت؟ هەموو ئەمانە دۆسیەی داهاتووی سیاسەتی عێراقن، كورد خۆتی بۆ ئامادە بكە.

19/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر