پارتی هەنگاو بەرەو شەڕی ناوخۆ دەنێت

عەدنان عوسمان
تکایە دیقەت بدەن:
- سەرەتا پارتی ویستی لە رێگەی بەخشینی پۆست و ئیمتیازاتەوە،  گۆڕان لە قاوغ بدات و بیخاتە نێو گێژاوی پلانەکانی بۆ مانەوەی دەسەڵات لای مەسعود بارزانی و دواتریش تەوریس کردنی دەسەڵات لای بنەماڵەکەی. کەواتە پارتی تەنها لەخەمی ئەو پۆستەیە.
- کە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی هەر چوار لایەنەکە دژ بەو پلان و پیلانە وەستانەوە، هەموو دەزگایەکی شەرعی لە وڵاتدا پەکخست، بێ دودڵی رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد کە ئەمە لە سادەترین پێناسەدا کودەتایە بەسەر شەرعییەتدا. لە ئێستاشدا کە داوای گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان ئەکات تەنها بەمەبەستی بێدەنگ کردنی ئەو دەنگانەیە کە داوای دەستاودەستی کورسی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن. کەواتە پارتی بۆ پاراستنی ئەو پۆستە دەست لە هەنگاوی کودەتایی ناپارێزێت.
- کە کاک نەوشیروان سەفەری دەرەوەی کرد و ، هەڵچون و خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد، پارتی پەنای بۆ هەموو جۆرە تەشهیر و بێرێزی کردن و تۆمەت بەخشینەوەیەکی دژ بە کەسایەتی نەوشیروان موستەفا و گۆڕان و چالاکوانانی سیاسی کرد.  هێرشەکانی پارتی هەموو جۆرە سنورێکی ئەخلاقی و نییەتی پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردنی تێپەڕاند. کەواتە پارتی بۆ نابوتکردنی نەیارەکانی زمان دوژمنکارانە بەکار دەهێنێت تا ئاستی تەشهیری کۆمەڵایەتی.
- پارتی بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی( کە ئەو بە دوژمنیان دەزانێت) دەستی کرد بە داهێنانی قەوانی ریفراندۆم، گوایە نەیارەکانی دژ بەو ویستەن و لە ژێر فشاری دەوڵەتانی دراوسێدا کار بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە دێرینەی کورد ناکەن. کاتێک گۆڕان و یەکێتی چەند جارێک پێداگریان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی کرد، پارتی هیچ پەرچەکردارێکی نەبوو وە خۆی لەو هاوهەڵوێستیە بێدەنگ کرد. تەنانەت رێژەی فشاری ریفراندۆمکردنیشی بەرەو دابەزین رۆشت. کەواتە سەربەخۆیی و ریفراندۆم لای پارتی تەنها دروشمی لاوازکردنی نەیارەکانێتی و بۆ ئیستهلاکی ناوخۆییە.
- سیناریۆی ئەسڵی پارتی لە غیابی نەوشیروان مستەفا و نارۆشنی سیاسەتەکانی گۆڕان و یەکێتی، ئەوەبوو کار لەسەر تێکدانی باری ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە(سلێمانی) بکات. ئابڵوقەو فشاری دارایی و ئابوری و پەکخستنی دامەزراوەکان یەکێک بون لەو سیاسەتانە. ئەوان دەیانزانی ئامادەسازی خەڵکی ناوچەکە بۆ بەرەنگاری و خۆپیشاندان بەهێزە، بۆیە بەهیوای ئەوە بون لە رێگای ئەوە جۆرێک لە پشێوی و باری نائەمنی باڵ بەسەر ناوچەی سلێمانیدا بکێشێت و ئەوەش بیانویەک بێت بۆ هاتنی هێزی چەکداری پارتی بۆ ناوچەکەو گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆنترۆڵ کردنی شارەکانی ناوچەکە. کەواتە پارتی لە رێگای سیناریۆی رەشەوە سەرقاڵی بەهێزکردنی پشێوی و ناسەقامگیری ناوچەکە بوو.
- پارتی پێی وابونەوشیروان مستەفا  چیتر کارەکتەرێکی سیاسی بەهێزی ناوچەکە نابێت و گۆڕان بێئیرادەیەو یەکێتیش دەستەمۆیە، بۆیە لەسەرخۆ سەرقاڵی بەهێزکردنی هەژمونی خۆیان بون. کەچی لە پرێکدا ئەم هاوکێشەیە گۆڕانێکی ریشەیی بەسەردا هات. هەموو رۆشناییەکان رویان لە کاک نەوشیروان کرد، گۆڕان و یەکێتی رێککەوتنێکی مێژویی گرنگیان بەست، سەرقاڵی هەنگاوی گەورەترن، زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان هاوپشتی ئەو هەنگاوانەن، پەیتا پەیتا نێوەندەکانی وڵاتان سەردانی ماڵی نەوشیروان مستەفا ئەکەن. ئەم هەنگاوانە پارتی شێتگیر کرد و توشی هێستریای کردوە.  کەواتە پارتی سیناریۆ رەشەکەی بەسەرخۆیدا قەڵپ بۆتەوە.
- پارتی لە ئیدعای دەوڵەتی سەربەخۆوە ئێستا هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە یەکێتی و گۆڕان و ناوچەی سلێمانی دەکات. کەواتە دروشمی ئەسڵی پارتی ئەوەیە یا لەگەڵمدای بە بچوکی و لاوازی و دەستەمۆیی، وەیا دوژمنمیت و هەموو شیوازێک بەکار دێنم بۆ نابوتکردنت.
- مێژوی دور و نزیکی پارتی پڕاو پڕە لە نەسڵەمینەوە لە پەنا بردن بۆ هەر شێوازێک بۆ هێشتنەوەی قەڵەمڕەوی و باڵادەستی خۆی. کەواتە هەموو رێگایەک بەو ئاراستەیەدا لای پارتی شەرعی و ئسوڵی و رێگەپێدراوە.
- پارتی ماوەی زیاد لە ساڵێکە تەنها یەک کار دەزانێت: روخاندنی هەموو پردێکی پەیوەندی، سڕینەوەی هەموو شاڕێیەکی کاری پێکەوەیی و پێکەوە ژیان، بڕینی زمانی دیالۆگ و تیژ کردنی زمانی موهاتەرات و دڕدۆنگی و قیناویی. کەواتە ستراتیجی هێزی دەسترۆییشتوی پارتی رۆشنەو لە هیچ هەنگاوێک بۆ تێکدانی ئەم رەوشە ناسڵەمنەوە..
- دەشێ خوێنەری بەڕێز چەندین فاکتەر و شیوازی تری پارتی لەم ماوەی رابردوە یا پێشتر ریز بکات..
 بۆیە لەو روانگەیەوە، پێم وایە پارتی لە ئێستادا بەرەو دوو هەنگاوی مەترسیدار دەجوڵێت:
یەکەم: جیاکردنەوەی ئیدارەی ژێر نفوزی خۆی هەرچەندە لەوێشدا هێزی زۆرینەی رەها نییەو بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە متمانەی خۆیان بە پارتی نەداوە. بەڵام بە هۆی توانا سەربازی و داراییەکان و مانەوەی ئەو ناوچەیە بۆ ساڵانێکی دورو درێژ لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا وای کردوە بە ناواقعیانە بە زۆنی زەرد بناسرێت. بۆیە پارتی بۆ هێشتنەوەی ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا گەر ناچار بکرێت ئەوا هەنگاو بەرەو دوو ئیدارەیی دەنێت. هەموو لایەکیش ئەزانن تەنها پارتی بووە لە ماوەی ساڵانی رابوردودا بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و ئەوانەی نەبوە. مەعلوم بۆ رۆژێکی وەک ئەمڕۆی بووە.
دووەم: ئەم زمانەی ئێستای پارتی، ئەم روخاندنی پردی پەیوەندی و دیالۆگ، ئەم هەوڵی نابوتکردنی نەیارەکان و بە دوژمن پێشاندانیان، ئەمانە هەموی زەمینەسازی پارتیە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ. دڵنیام سەرباری قێزەونی ئەم هەنگاوەو چاوەڕوانکردنی ماڵوێرانیەکی زۆر و بەفیڕۆدانی سەرجەم دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان، پارتی بۆ مانەوەی هەیمەنەی خۆی هیچ دوو دڵ نابێت لە هەنگاونان بۆ ئەو ئەگەرە نەگریسە.
بۆیە دەبێت نوخبەی سیاسی کوردستان لەو ئەگەرە ئاگادار بن. بەهەموو لایەکیشەوە کار ۆ رونەدانی بکرێت.بەلام نەک بەمەرجی قبوڵکردنی کوێخایەتی پارتی، بەڵکو بە فشاری زیاتر لەسەر بڕیاربەدەستانی پارتی.


16/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر