زانیاری لە بارەی ڕووسیاوە

د. جەبار قادر

لە باری سیاسی ئاڵۆزی هەرێمەکەمان و تێوەگلانی ڕووسیا لە کێشەکانی سوریا و گرژیی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیادا،کە هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لە سەر کورد دەبێت، ڕەنگبێ پێشکەشکردنی زانیاری دروست لە بارەی ڕووسیاوە کارێکی بەسودە. سەرچاوەی زانیارییەکانمان بڵاوکراوەی فەرمی دەوڵەتی ڕووسیان. هەڵبەتە بۆ لێکدانەوەی سیاسەتی ڕووسیا ناکرێ زۆر پشت بە سەرچاوە ڕووسییەکان ببەستین، چونکە ئەوانیش وەکو هەموو لایەنەکانی دیکە و ڕەنگبێ زیاتریش دیوە شاراوەکانی سیاسەتەکانیان ناخەنە ڕوو و بەشێکی گرنگی بەدوادچوونەکانیان پڕوپاگەندەیەکی زەقن. بەشێکی زۆری ئەوەی لە میدیای ڕووسیا بڵاودەکرێتەوە بریتییە لە پڕوپاگەندە بۆ سەرۆکی وڵات ڤڵادیمێر پوتین و سیاسەتەکانی. هەوڵدەدەم لە زنجیرە وتارێکدا بڕێک زانیاری سەرەکی و پێویست بە خوێنەران بکەم. بیرۆکەی ئەم زنجیرە وتارە لە داخوازی برادەرێکی فەیسبووکەوە بە ناوی میری کوردان، کە نازانم کێیە، سەرچاوەی گرتووە. 

ڕووسیا ( بە ڕووسی ڕەسییا) یا ڕووسیای فیدیرالی، کە ناوە فەرمییەکەیەتی، لە ٨٥ یەکەی فیدیرالی: کۆمار (٢٢)، هەرێم (٤٦)، ناوچە(٩)، شاری فیدیرالی (٣)، ناوچەی ئۆتۆنۆمی (٤) و دەڤەری ئۆتۆنۆمی (١)پێکهاتووە. هەموو ئەم یەکانە بە پێی دەستور: بە بێ گوێدان بە پانتایی جوگرافی و ژمارەی دانیشتوان یەکسانن و هەر یەکەیان ئاڵا و دروشمی خۆی هەیە و سنوورە جوگرافییەکانی و ژمارە دانیشتوانی دیارن و دەستنیشان کراون. هەڵبەتە باسی یەکسانی لە نێوان ئەو یەکانەدا تەنها قسەی دەستورە و لە باری واقیعیدا نە دەکرێ و نە دەگونجێ ڕووسیایەکی زەبەلاح لە گەڵ یەکەیەکی ئۆتۆنۆمی بچووکدا هاوسەنگ و هاوتا و یەکسان بێت. ئەم یەکە فیدیرالییانە لە تەك دەزگا و ئۆرگانە فیدیرالییەکاندا، دەستور و ناوەندی دەسەڵاتی جێبەجێکار، قانوندانان و دادوەری تایبەت بەخۆیان هەیە. ئەم یەکانە مافەکانیان بە پێی دەستور دیاری کراون. لە دوای تێکچونی یەکێتی سۆڤیەت و جیابوونەوەی کۆمارەکانی، مافی جیابوونەوە لە گەلانی نێو سنوورەکانی ڕووسیای فیدیرالی سەندرایەوە، بۆیە ئەم یەکانە مافی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی ڕووسیای فیدیرالی نیە. پاڕلەمانی ڕووسیای فیدیرالی لە دوو ژوور پێکهاتووە: ئەنجومەنی فیدیرالی کە دوو نوێنەر لە هەر یەک لە یەکە فیدیرالییەکان دەگرێتە خۆ، لە گەڵ دومای دەوڵەت کە لەو نوێنەرانە پێکهاتووە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن دانیشتوانەوە هەڵدەبژێردرێن.

ڕووسیای فیدیرالی دەوڵەتێکی زلهێزە و لە دوو کۆنتینێتدایە و دەکەوێتە ڕۆژهەلاتی ئەوروپا و باکوری ئاسیاوە. بە پێی پانتایی جوگرافی (١٧،١٢٥،٤٠٧) کم٢ یەکەمین وڵاتی دونیایە. ڕووسیا لە گەڵ هەژدە وڵاتدا سنووری هاوبەشی هەیە. لە ڕێگەی زەوییەوە لە گەڵ نۆروێژ، فینلاند، ئیستۆنیا، ڵاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵۆنیا، بێڵەڕووسیا، ئۆکراینا، (ئەبخازیا، باشوری ئۆسیتیا – ئەمانە دان بە سەربەخۆییاندا نەنراوە)، گورجستان، ئازەربایجان، کازاخستان، چین، مەنگۆلیا، کۆریای باکور و لە دریاشەوە لە گەڵ ئەمریکا و ژاپۆن.
ژمارەی دانیشتوانی (١٤٦،٢٦٧،٢٨٨) کەس بوو لە دەسپێکی ئەم ساڵدا (٢٠١٥)، بەمەش نۆیەمین وڵاتی دونیایە بە پێی ژمارەی دانیشتوان. پایتەختی ڕووسیا مۆسکۆیە ( بە ڕووسی مەسکڤا)، کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە دوازدە ملیۆنە. سان پیتەربورگیش (پیترەگراد، لێنینگراد) زیاتر لە ٥ ملیۆن دانشتوو دەگرێتە خۆ. لە سەرانسەری ڕووسیا  (١٥) باژێر ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە یەک ملیۆن کەسە. لە سەر خاکی ڕووسیا زیاتر لە دوو سەد گەل و نەتەوە و گروپی ئەتنیکی دەژێن و سەد زمان و دیالێکت بەکار دەهێنرێن. بەربلاوترین زمان ڕووسییە کە زمانی هاوبەشی هەموو دانیشتوانە. ڕووسەکان زیاتر لە ٨٠% دانیشتوان پێکدێنن. ئەم گەل و گروپە ئەتنیکییانە بەشێکیان چەند سەدەیەکە دانیشتوی ئەو ناوچانەن، کە بەشێک بوونە لە ئیمپراتۆریی ڕووسیا و بەشێکیشیان لە سەردەمانی یەکێتی سۆڤیەتدا تێکەڵ بەیەك بوونە و لە چوارچێوەی ئەو ولاتەدا جێگەی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوەو یا پەناهەندە و قوتابی بوونە و لەوێ ماونەتەوە. هەندێ لەوانەش کە لە سەر ژمێرییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە لەم چارەکە سەدەی دوای لەنێوچوونی یەکێتی سۆڤیەتدا چوونەتە ڕووسیا و لەوێ دەژێن و کار دەکەن. لە سەرژمێرییەکاندا کەسەکان چۆن خۆیان پێناسە کردووە ئاوها نووسراون. کورد لەوێش وەکو لە هەموو شوێنێكی دیکە هەر خەریکی ناسنامە لاوەکییەکانە و هەر یەکەی خۆی بە شێوەیەك پێناسە کردووە. بۆ نموونە (٤٦،٥٨٦) خۆیان بە ئێزیدی ناونووس کردووە و (٢٣،٢٣٢) کەسیش بە کورد و (٤٢) کەسیش بە کرمانج، کاری ڕووسەکان ڕاز بێت ئەمانەیان لە گەڵ کوردا تۆمار کردووە. 

 ڕووسیا دەوڵەتێکی عەلمانی (سیکیولارە، لایک)، دەستوری وڵات گەرانتی ئازادی بیر و باوەڕ و ئاین بە هەموو دانیشتوانی دەدات. مافی داوە بە هاوڵاتیان بە تەنیا یا لە گەڵ کەسانی دیکەدا بە ئازادی هەر ئاینێک دەیانەوێ پەیڕەوی بکەن، یان باوەڕیان بە هیچ ئاینێک نەبێت. بۆیان هەیە بە ئازادی باوەڕی خۆیان هەڵبژێرن، بڵاوی بکەنەوە و پەیڕەوی بکەن. بە گوێرەی قانونی پارتە سیاسییەکانیش، کە لە ساڵی ٢٠٠١ دەرکراوە، ڕێگە نادرێت پارتی سیاسی لە سەر بنەمای ئاینی دابمەزرێنرێت. لە ڕووسیا کریستیان، موسوڵمان، جولەکە، بێدین، بودی، پەیڕەوانی ئاینە شامانی و ئاینە کۆنەکانی دیکە دەژێن.   
لە ساڵی ٢٠٠٢ لە سەدا ٩٩،٨% دانیشتوانی ڕووسیا، کە تەمەنیان لە نۆ ساڵان بەرەو ژوور بووە خوێندەوارییان هەبووە. هەموو منداڵێك دەبێت بچێتە قوتابخانە و خوێندنی بنەڕەتی تەواو بکات. باوکان و دایکان ئەرکی ئەوەیان لە سەرە منداڵەکانیان بنێنە بەر خوێندن. پارەی ڕووسیا (ڕوبل) و هەر ڕوبلێك سەد (کەپیک). ئێستا دۆلارێك زیاتر لە ٦٧ ڕۆبلە.  
گەلی ڕووس گەلێکی سڵاڤییە و زمانی ڕووسیش یەکێکە لە زمانە سڵاڤییەکانی سەر بە گروپی زمانە هیندۆ- ئەوروپاییەکان. زمانی ڕووسی بەربڵاوترین زمانی گروپی زمانە سڵاڤییەکانە و بە شەشەمین زمانی دونیا دادەنرێ بە پێی ژمارەی ئەوانەی قسەی پێدەکەن و بە هەشتەمین زمانیش بە پێی ژمارەی ئەوانەی بە زمانی دایکی دادەنێن. بە پێی فراوانی جوگرافی و ژمارەی هەڵگرانی زمانەکە وەک زمانی دایک بە بەربڵاوترین زمانی ئەوروپا دەژمێردەێت. لە جیهان نزیکەی 260 ملیۆن کەس بە ڕووسی قسە دەکەن. هێشتا لە بێڵەڕووسیا بە دووەمین زمانی فەرمی وڵات دەژمێردرێ و لە کازاخستان و کیرگیزیاش بە یەکێ لە زمانە فەرمییەکان دادەنرێ. لە کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان قسەی پێدەکەن بە تایبەتی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ڕووسن . گروپی زمانە سڵاڤییەکان لەم زمانانە پێکدێ: زمانی بێڵەڕووسی، ئۆکرانی، پۆڵۆنی، چیکی، سلۆڤاکی، بەڵگاری، مەکەدۆنی، سێربەکرواتی (کە لە دوای هەڵوەسانەوەی یۆگسلاڤیاوە بووە بە چەند زمانێک وەك سێربی، بۆسنی، کرواتی، چێڕنەگۆری یا مۆنتینێگرۆ، سڵۆڤێنی)....هتد.

زمانی ڕووسی بە پیتی کیریڵی دەنووسرێت. ئەم پیتانە لە سەر بنەمای ئەلفبای یۆنانی دانراون. دوو برای یۆنانی (بیر و بۆچوونی جیاواز لە بارەی ڕەچەڵەکیانەوە لە ئارادان، هەندێ بە بەڵگاریان دادەنێن و هەندێکیش بە یۆنانی) کە خەڵکی سالۆنیک بوونە و ناویان کەنستەنتین (کیریڵ) و میدۆفی لە ساڵی 863 لە سەر داخوازیی ئیمپراتۆری بیزەنتی میخائیلی سێیەم ئەم پیتانەیان داناوە، بۆیە لە مێژوودا بە ئەلفبای کیریڵی نێوی ڕۆیشتووە. مەبەست لە کارەکەیان ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بووە بە زمانێک دانیشتوانی ڕووسیا لێی تێبگەن.

لە بارەی ڕووسەوە تا سەدەی دەیەمی زاینی زانیارییەکی ئەوتۆمان لەبەر دەستدا نیە. یەکەمین نووسراو کە ئاماژەی بە ڕووسیا کردووە بە زمانی یۆنانییە و دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی دەیەمی زاینی بووە. لە دەقی ڕووسیدا بە پیتی کیریڵی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1387 باس له‌ ڕووسیا کراوه‌. له‌ سه‌ده‌کانی پازده‌ و شازده‌ له‌ دوای دامه‌زراندنی میرنشینی مۆسکۆ ئه‌و جوگرافیای ڕووسه‌کانی تێدا بڵاوببوونه‌وه‌ به‌ ڕووسیا ناو ده‌برا. میرنشینی مۆسکۆ توانی میرنشینه‌کانی تر بخاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌ و ستاتوی ڕووسیای تساری (چاری یا قه‌یسه‌ری) له‌ سه‌رده‌می ئیڤانی چواره‌مدا ناسراو به‌ ئیڤانی سامناک یا ترسناک به‌ فه‌رمی له‌ ساڵی 7154 ڕابگه‌یه‌نێت و نازناوی تساریش به‌ خۆی بدات. له‌ سه‌رده‌می پیۆته‌ری یه‌که‌م یا مه‌زن( پوتروس)  له‌ ساڵی  1721 ڕووسیا به‌ ئیمپراتۆریا ڕاگه‌یاندرا. پیۆته‌ری مه‌زن ڕیفۆرمی زۆری له‌ ڕووسیا ئه‌نجامدا و ئه‌و ولاته‌ی به‌ ڕووی ڕۆژئاوادا کرده‌وه‌. تا ئه‌و ده‌مه‌ ڕووسیا له‌ پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا له‌ سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه‌ بێ ئاگا بوو. پیۆته‌ر شارێکی نوێی به‌ نێوی پیترۆگراد یا سانکت پیته‌ربورگ ( سان پیته‌ربورگ) بنیات نا و له‌ ساڵی 1712 کردی به‌ پایته‌ختی ڕووسیا. له‌ یه‌کی ئه‌یلولی 1917، واتا له‌ نێوان هه‌ردوو شۆڕشی شوبات و ئوکتۆبه‌ردا، کۆماری ڕووسیا ڕاگه‌یاندرا. له‌10  کانونی دووه‌می 1918 ڕووسیا بوو به‌ کۆماری ڕووسیای فیدیرالی سۆڤیه‌تی سۆسیالیستی و له‌ ساڵانی 1922 – 1991 به‌و ناوه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی کۆماره‌کانی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی سوسیالیستیدا مایه‌وه‌. له‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش له25 ‌ دیسه‌مبه‌ری 1991 نێوی گۆڕدرا و بوو به‌ ڕووسیای فیدیرالی.

له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زاینیدا ( (988ده‌وڵه‌تی کۆنی ڕووسیا، که‌ ئه‌و کاته‌ کییفی پایته‌ختی ئێستای ئۆکراینا پایته‌ختی بوو، ئاینی مه‌سیحی به‌ پێی کڵێسای ئه‌رسه‌دۆکسی قه‌بوڵ کرد.
ده‌سپێکی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مین خاڵێکی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ مێژووی نوێی ڕووسیادا. پیۆته‌ری یه‌که‌م گۆڕانکاری گرنگی له‌ سیاسه‌تی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هێنایه‌ کایه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕه‌کانی باکور  - 17001721 سوپای به‌هێزی سویدی تێکشکان و ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ ڕووسیانه‌ی له‌ چه‌نگی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رهێنا که‌ له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م داگیری کردبوون و هه‌ر له‌وێ پایته‌خته‌ نوێکه‌ی بنیات نا. ڕیفۆرمه‌کانی په‌یته‌ر بوونه‌ هۆی مۆدێڕن ‌کردنی سوپا و سیسته‌می   کارگێڕی ده‌وڵه‌ت و دام و ده‌زگاکانی خوێندن. له‌ ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها ئیمپراتۆر یا تسار دامه‌زرا و هه‌موو لایه‌ک ناچار کران ملکه‌چی بن به‌ کلیسای ئه‌سه‌دۆکسیشه‌وه‌. ده‌ره‌به‌گ و فیۆداله‌کان بوونه‌ به‌ توێژی ئوروستوکراتی ده‌رباری تسار. له‌ دوای مردنی په‌یته‌ر مه‌زن سه‌رده‌می کوده‌تای کۆشک ده‌ستی پێکرد، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئێلیزابێت یا ئێلیزابێتا پیترۆڤنا سه‌قامگیری گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ڕووسیا. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌ سه‌ر ئاستی زانستی و خوێندن هه‌نگاوی گرنگ نرا. ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی 1755  زانکۆی به‌ناوبانگی مۆسکۆ کرایه‌وه که‌ به‌ زانکۆی مۆسکۆ به‌ ناوی لۆمه‌نۆسه‌ف نێوی ده‌رکردووه‌‌. له‌ هه‌مان کاتدا و له‌ سه‌ر ئاستی سه‌ربازی سوپای ڕووسیا له‌ شه‌ڕدا بوو له‌ دژی پروسیا (1756 - 1763 ) و سه‌رکه‌وتنی گرنگی به‌ده‌ست ده‌هێنا.
له‌ سه‌رده‌می ئیکاترینای مه‌زن ( کاترین) ده‌سه‌ڵات له‌ ڕووسیا به‌ ته‌واوی جێگیر بوو و شه‌ڕی ڕووسیا له‌ دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕاگه‌یاند. مه‌به‌ست له‌و شه‌ڕانه‌ گه‌یشتن بوو به‌ ده‌ریای ڕه‌ش و داگیرکردنی کڕیم ( قرم) که‌ له‌ ساڵی 1783 ئه‌و خه‌ونه‌ی ڕووسیا به‌دیهات. هه‌ر له‌م کاتانه‌دا بوو پاره‌ی کاخه‌ز په‌یدا بوو. له‌ دوای مردنی ئیکاترینا، پاڤڵی یه‌که‌م تاجی له‌سه‌ر نرا. پاڤڵ ده‌ستی کرد به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قانون و ڕێساکانی ئیکاترینا و به‌ پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ی که‌ ئه‌و داینا نه‌ده‌بوو ژن ببێت به‌ ئیمپراتۆری ڕووسیا. ناڕه‌زایی له‌ دژی په‌ره‌ی سه‌ند و له‌ کۆتاییدا له‌ ساڵی 1801 کوژرا.

له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تداری ڕووسیادا چه‌ند چرکه‌یه‌ك زۆر به‌ گرنگ و خاڵی وه‌رجه‌رخان داده‌نرێن، له‌وانه‌: سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر مه‌گۆله‌کاندا و ده‌رکردنیان له‌ ڕووسیا‌، یه‌کخستنی میرنشینه‌کانی ڕووسیا له‌ سه‌ر ده‌ستی میری میرنشینی مۆسکۆ و یه‌که‌م تساری ڕووسیای تساری ئیڤانی سامناک له‌ سه‌ده‌ی شازده‌مین، ڕیفۆرمه گرنگه‌کانی پیۆته‌ری مه‌زن و سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌و ئیکاترینای مه‌زن له‌ شه‌ڕه‌کانیان له‌ دژی پروسیا، سوید و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌میندا. سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان و ڕیفۆرمه‌کانیان بوون به‌ به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی زلهێزی ڕووسیا.   

له‌ ژێر کاریگه‌ری کولتوری و ڕۆشنبیری ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، پشتیوانی له‌ بیر و بۆچوونی لیبیرالی له‌ نێو توێژی باڵای  ڕووسه‌کان له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مین هاته‌ ئاراوه‌. له‌ سه‌ده‌ی دواتر، واتا سه‌ده‌ی نۆزده‌مین توێژێکی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ڕووسیدا که‌ به‌ ئینتێلیجێنسیا ناو ده‌برا هاته‌ کایه‌وه‌. به‌رهه‌مه‌ فکرییه‌کانی بیلینسکی، چیڕنه‌شێڤسکی و ده‌بره‌لوبه‌ف ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان بینی له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌  و زه‌مینه‌یان ‌ساز کرد بۆ گۆڕانکاری شۆڕشگێرانه‌ له‌ په‌یکه‌ری ده‌وڵه‌تی ڕووسیدا که‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مین ڕوویدا. له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌میشدا شکستی سوپای نیو ملیۆنی ناپۆلیۆن له‌ به‌ره‌دینۆ له‌ ساڵی 1812 به‌ ڕابه‌رایه‌تی کوتوزه‌ف و لکاندنی که‌فکاز (قه‌وقاز) به‌ ئیمپراتۆری ڕووسیاوه‌ ڕووداوی زۆر گرنگ بوون له‌ مێژووی نوێی ڕووسیادا.

تێبینی: لێرەدا من ناوی کەسەکان و شوێنەکان بە شیوە ڕووسییەکە دەنووسم نەک ئەو شیوەی لە ڕێگەی زمانەکانی دیکەوە گەیشتووەتە خوێنەری کورد، بۆیە ڕەنگبێ لێرەدا جیاوازی بەدی بکەن. بۆ نموونە عەرەب پیتی چ نیە دەیکات بە تش وەک ڤڵادیمێر ئیلیج دەکات بە فلادیمیر ئیلیتش و فارس ڤ نیە دەیکات بە ولادیمێر و تورک خ نیە پلیخانەف دەکاتە پلیهانەف، لە کاتێکدا ئێمە هەموو ئەم دەنگ و پیتانەمان هەیە هیچ کێشەمان لە نووسینیاندا نیە.



29/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر