سودانی بە ئاسانی نابێت بە سەرۆك وەزیران

عیماد عەلی
جارێك هیچ نەبووە ، زۆر لایەن و كەسایەتی بە كوردیشەوە پیرۆزبایی لە سودانی دەكەن. ئەوەی عیراق و باری سیاسی و راوبۆچونی خەڵك و لایەنی شیعە و بە تایبەتی صەدریەكان بە باشی بناسێت، دەزانێت باری سیاسی وای لێهاتووە كە سەرجەم لایەنەكانی عیراق بەدوور لە دەسەڵات دەپوكێنەوە و هیچ لایەكیشیان بەرگەی دووریی ئیمتیاز و چێژەكانی دەسەڵات ناگرێت، لەبەر ئەوەی باش لە كۆی بیركردنەوە و فیكری عیراقیەكان تێگەیشتوون كە دەسەڵات چیان بۆ دەگەیەنێت و هەڵوێستیان چیە لە بەرامبەر دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتدا  و ، هەروەها دەزانن كە موقتەدا باش لە عیراقیەكان تێگەیشتووە و هەروا بە ئاسانی لەزۆر شتی چارەنوسساز بۆ رەوتەكەی و بە تایبەتی دەسەڵات لێناگەرٍێت و ناهێڵێت بە ئاسانی پەراوێزبخرێت و دوور بخرێتەوە.

دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە بەردەم ماڵی سودانی نیشانەی سەرەتای ئاڵۆزیەكانە و گڵًۆپێكی سوورە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و خودی سودانیش لە هەوڵی كاركردنیان بەدوور لە موقتەدا ، بۆیە ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێت.

زۆر رێگە لەبەردەم صەدریەكان ئاواڵەیە و دەتوانن رێگری لە رەوتی بەرێوەچونی كاروباری سیاسی عیراق دروستبكەن و لەو پێناوەدا جەماوەرێكی زۆریان هەیە و دەتوانن بەكاریان بێنن و نەهێڵن ئەوەی ركابەرەكانیان دەیانەوێت تێپەرٍێت و بەهێزترین و كاریگەرترین ئامرازی دەستی موقتەدا خۆپیشاندان و دروستكردنی پشێویە، وەك دەزانین ئەویش لەو بوارەدا سڵناكاتەوە. لەدواجاردا ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن  و دروستبونی كوتلەی گەورەیە لە رێی خەڵك و بەس، ئەگینا ئەم گێژاوە هەر بەردەوام دەبێت.

27/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر