تورکیا و دەسەڵاتدارانی باشور: سەربەخۆیی یان لەبارچواندن

محەمەد کیانی
تورکیا لە سەور و سەودای بەسودانی چەتە بەناوئۆپۆسیسیۆنەکانی تورکیایە لە ئەستانە. سەفیری سعودی لە توکیا خۆی پێنەگیرا و پەردەی لەسەر راستیەکانی پیلانگێری تورکیا هەڵماڵی، لەدوای بێ هیوابونیان لە تورکیای برا دوژمنەکەیان. 

ئەوەی گرنگە بەلامەوە ئەوەیە، دەبێ تورکیا کەی دەگەی خۆی لە هەرێم بدات وەك چۆن پاشکۆ سوریایەکانی تەزاند و بردنی بۆ ئەستانە و ئاشبەتاڵی پێ کردن. هەر چەندە ئەردۆغان کش مەلیکی لە هەرێمی کوردستان کرد دوو سێ رۆژ لەمەوەبەر وتی: قبول ناکەین رۆژهەلاتی ناوین کەرت ببێت، وە وتی لە یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ سەرۆك ترەمپ باسی ئەو مەسەلەیە دەکەم بە دوور و درێژی. بێگومان ئەو قسەیەی ئەردۆغان هێمایە بۆ هەرێمی کوردستان و پێچەوانەی قسەکانی سەرانی هەرێمە. بن عەلی یەلدریم لە سەردانەکەی بۆ عێراق و لە پێش میدیاکان هەمان قسەی کرد کە وتی یەک پارچەی عێراق دەپارێزین. لە پاش کودەتاکەی ١٥ی تەموز و پاش سەردانی بارزانی بۆ تورکیا یەلدریم لە پێش میدیاکان وتی: کۆڕان و یەکێتی سلێمانیان کۆنترۆل کردووە بەرێوەی و دەبەن و بارزانیش هەولێر و دهۆكی کۆنتڕۆل کردووە و بەڕێوەی دەبات. یانی وەك سەرۆکی هەرێمیش نایناسێنن. جگە لە وتەکانی چاوشئۆغلو و کولترموش و ... ئەوانی تر. 

راستیەکەی دەبێ سەرانی هەرێم لە هەموو کەس باشتر بزانن کە ئەو هیوایەی بە تورکیایانە دەولەتی سەربەخۆیان بۆ دورست بکات ئەوە خەونی حوشترە. دەبێ ئاگادار نەبن لەوەی پاش زیاتر لە ٤٠ ساڵ وا ئێستا ئەردۆغان لە هەولی دانوستاندندایە بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو قوبروس وەك دەوڵەتێکی فیدڕال. 

من گومانم لەوە نییە بانگەشەی سەربەخۆی کوردستان هەیە لەلایەن سەرانی هەرێم بانگەشەی جددی نیین و تەنها هەولی گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی خەڵکی کوردستانە لە ئاست ئەو قەیرانە کوشندە ئابوری و داراریی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ئەو دەسەڵاتدارانە توشی ئەو گەلە بێ چارەیان کردووە. بێگومان سەرجەم سیستەمی سیاسی و حیزبەکانی حوکمەتی "بنکە فراوان" بەشداری دورستکردنی ئەو قەیرانانەن بەهۆی ئەوەی لەکاتی دورستکردنی حوکمەتەکەیان هەمو پرنسیپ و بەڵێنەکانی بە جەماوەریان دابوو، بە بەڕنامەکانیشیانەوە، لەبیرخۆیان بردنەوە بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاری و چەند دەستکەتێکی تایبەتی شەخسی و حیزبی. 

تورکیا بەوعەقلیەتە نەتەوەپەرستیە فاشستیەی ئێستا بێگومان نایەلێت هیچ کیانێکی کوردی دورست ببێت. ئەو یاری پشیلە و مشکەی تورکیا و دەسەڵاتدارانی هەرێم مەرامی هەردو لا جێبەجێ دەکات: بۆ لایەنی دەسەلاتدارانی هەرێـم دوو ئامانجی گرنگیان بەجێ دەهێنێ، یەکەمیان کە سودێکی بێ ژمارە لە فرۆشتنی نەفت و کۆکردنەوەی باج و بارزگانیێکی هەمەجۆرەی هەردوو دیوی سنور دابین دەکات بۆ دەسەڵاتداران و بنەماڵەکانیان. دووەمیان، زامن کردنی مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمە لە دەسەڵاتدارێتی و سەپاندنی هەژمونیان و مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ داهاتوێکی دوور و درێژ بە پاڵپشتی تورکیا کە گرێدراوە بە چەندین مەرج کە بریتیە لە سودەکانی تورکیا لەم سەردوسەودایە. بەلایەنی تورکیاوە چەندین مەرام دەپێکێ، لەوانە: سەپاندنی هەژمونی بەسەر بەشێکی عێراق بە هۆی هەرێمەوە بەمەش کاریگەریێکی ستراتیجی بەسەر سیاسەتی عێراقەوە دەبێت. یەکی تر، زامنکردنی سەرچاوەی وزە لە نەفت و گاز بە بوونی لە هەرێـم و بەیارمەتی هەرێـم و هەروها بەدەستهێنانی وزە بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ. گرنگتریان، دژایەتی کردنی تورکیایە بۆ کوردی باکور و رۆژاڤا و باشور بەناوی کورد و دۆستایەتی کورد و بەشدار کوری باشور و کۆکردنەوە پاشکۆ لە رۆژاڤا و باکور. ئامانجێکی تری تورکیا مراندنی هەست و ئیرادە و کاریگەری بیری سەربەخۆیی کوردستانە لە باشور بە یارمەتی و جێبەجێکردنی دەسەڵاتدارانی باشور بە هۆی بانگەشەی سەربەخۆیی بێ بنەما و ناجددی و نانەوەی ناکۆکی و دوبەرەکی و زاڵکردنی بەرژەوەندی تاك و گروپ و هەژارکردنی زۆرینەی گەل و نەهێشتنی باوەڕی بە دەسەڵاتدارێتی کوردی بە گشتی بەهۆی بە نابەجێ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دەسەلاتدارانی ئێستای هەرێمی وابەستەی دەرەکی. 

نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت، وابەستەبوون بە تورکیاوە هەڵەیەکی کوشندەیە و بۆ هیچ لایەنێکی جددی کوردی نەشیاوە و نادورستە، مەگەر تەنها بۆ مەرامی تایبەت نەبێت کە بێگومان لەگەڵ داواکاری و بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و کوردستانی تەواو پێچەوانەیە. ئەم وابەستەییەی تورکیا زیانێکی گەورە لە دۆزی رەوای کورد دەدات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە تورکیای ئەردۆغان وەك دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی ئیسلامی تەوەسوعی وێنا دەکرێت. دۆست و پاشکۆکانی تورکیاش بە داردەست و  یارمەتیدەری بەدیهێنانی هەولی تورکیا بۆ بوون بە سوپەرهیزی ناوچەیی سەیر دەکرێن. ئەو غەزەبەی لە تورکیای دەگرن لەو هێزە دۆست و پاشکۆیانەی تورکیاشی دەگرن.

25/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر