کۆچ وەک چارەسەر

سامانی وەستا بەکر
کۆچ:

کۆچ گواستەوەی ڕەوانی مرۆڤە لەشوێنێکەوە کە خەونەکانی تیا بەدینەهێناوە بەرەو شوێنێک کە پێشتر بەڕۆح بۆی ڕۆشتووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەون پێش گواستنەوەی فیزیکی جەستە.

کۆچ ناڕەزایی مرۆڤ نییە لەهۆکارێک یان زیاتر، بەڵکو پرۆتێستە لەکۆی سیستمی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ئیداریی‌و سیاسی. کۆچ ڕووخانی پایەکانی مرۆڤە لەسەر زەوی باوباپیران‌و دروستکردنەوەیەتی لەسەر خاکی بێگانەکان. کۆچ ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ بەتاڵ ئەبێتەوە لەهیوا، ئەو ساتەیە کە بڕیاری دابڕانی تیا ئەیا، ئەو ڕۆژەیە کە ڕووئەکاتە نادیار.

کۆچ لەدەستدانی ماتمانەی مرۆڤەکانە بەئێستاو داهاتوو لەشوێنێکی دیارکراو، گەڕانیشە بەدوای شوێنێکا بۆ ئێستاو داهاتوو. کۆچ بێئومێدی مرۆڤەکانە لەئایندە، دڵشکانیانە لەدادوەری، ناڕەزاییانە لەسەرۆکەکان، بێزاربوونیانە لەبەڕێوەبردن، ساردبوونەوەیانە لەنیشتمان، نامۆبونیانە بەخاک، شەرمکردنیانە لەناسنامە، دابڕانیانە لەداهاتوو، نەفرەتکردنە لەنایەکسانی.

کۆچ تەنگپێهەڵچنینە لەجوگرافیایەک کە مێژوی ڕەچەڵەکی مرۆڤێکی تیا نوسراوەتەوە، بەرەو جوگرافیایەک کە لەخاڵی سەرەتاو لەسفرەوە بینوسێتەوەو بیناسێنێ‌و بیسەلمێنێ. کۆچ دیاریەیەکە لەدروستبوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە، جا خۆیست بووبێت یان بەزۆرەملێ، بەڵام کۆچی ناچاری دیاردەیەکی نوێیە کە سیاسی‌و کەسانی دەسەڵاتدار مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ناچارئەکەن‌و هانیان ئەیەن کە وڵات‌و زێدو ماڵ‌و مێژووەکەیان جێبهێڵن، ئەویش لەڕێی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی کە کەمینەیەکی وڵات ئەبێتە دەرەبەگ‌و زۆرینەکەش بەمسکێن، بەجۆرێک کە درەبەگ نەک تەنها زەوی‌و سامانی گشتی وڵات بۆ خۆی ئەبات، بەڵکو بەری ڕەنج‌و ماندووبوونیش بەزۆرینە ڕەوانابینێ، هەمیشە لەهەوڵی بەدەستهێنانی زیاترایە تا کارئەگاتە ئەوەی کە زۆرینە هەست بەنامۆبوون، چەوسانەوە، زوڵم‌و ستەم بکات‌و بەشێکی بیر لەکۆچ بکاتەوە، ئەو بەشەشەشی کە ئەمێننەوە بیر لەدوو شت ئەکەنەوە "ڕاپەڕین‌و کۆچ"، هەرێمی کوردستان بەنمونە.

زۆرینەی کۆچبەر ئەگەر کزترین تروسکای لەئاسۆی وڵاتی خۆیا بەدیبکات ئەوا بەهەموو ڕۆشنای جیهانی ناگۆڕێتەوە. مرۆڤی کۆچکەر ئەو کەسەیە نە لەسەر خاکی خۆی بواری ژیانی هەیەو نە ئەشتوانێ لەتاراوگە ئۆقرە بگرێ، ئەوکەسەیە کۆتایی هەموو ڕۆژێ ئومێدەخوازێ ئەو ڕۆژە دواڕۆژی بێ لەغوربەت، ترسی ئەوەی هەیە لەسەر خاکی غەریبی چاولێکبنێت.

بۆچی کۆچ:

خەڵک لەدەست حکومەتێکی دەست پیسەوە  بۆ دەستی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی ڕائەکەن. خەڵک لەدەست بازرگانی سیاسی گەندەڵ‌و خۆسەپێن بۆ دەست سیاسی تازە هەڵتۆقیوی قەرزارو قەزەم ڕائەکەن. خەڵک چۆن کۆچناکەن کە  زیاتر لە30 ساڵە باجی چەند ساڵێکی بەناو خەباتی شاخی بەشێک لەسیاسیە بازرگانەکان ئەیاتەوە، بەشێکیشیان بەرهەمی بەناو خەباتی باوک‌و باپیریان ئەخۆن، بوونەتە هۆکاری پێگەیاندن‌و دروستبوونی بەناو ئۆپۆزسیۆنێک کە گڕوگاڵ بەدزی ساختەچێتی‌و گاگۆڵکێ بەرەو کۆڵانە نادیارو تاریکەکانی پارەی دزراوی میلەت بکات.

ئێستاش ڕەوشتی ڕامیاری‌و کۆمەڵایەتیان گەشتۆتە ئاستێک کە یەکتری ژەهرخوارد بکەن، تا تەمەنی گەندەڵی‌و دزیی‌و خۆسەپێنی‌و ژیانی شاهانەیەن لەسەر شانی خەڵکی مافخوراو درێژە پێبەن کە ئەمە ڕەوشتی نوخبەی سیاسی میلەتێکبێت بێگومان خەڵکی متمانەی نامێنێ‌و لە شوێنێکی تر بەدوای ژیانا ئەگەڕێ کە دڵنیابێ لەخواردنەوەی قومێ ئاو یان پارویەک نان بەدڵنیایی‌و بەبێ ترس.

خەڵک چۆن کۆچ نەکەن کاتێ بەشێک لەسیاسیەکان هێندەی پێشکەشکارێکی هەواڵی ڕۆژانەی  تێڤییەکان لەمێدیا جیاوازەکانەوە دەرئەکەون‌و باس لەچەمکەکانی دیموکراسی‌و دادپەروەری‌و یەکسانی ئەکەن کەچی کاتێ دوای "ژەهر" خواردکردن لەباشترین نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەرەگرن بەفرۆکەی تایبەت ئەگەڕێنەوە کەچی لەیەکەم قسەیا ئەڵێ"بەردەوام ئەبم لەدژایەتیکردنی گەندەڵی"، خەڵکێکی زۆری قەزایەک بەچەندین پاس ئەگوێزنەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ پێشوازی تا بڵێن تائێستاش خەڵکمان لەگەڵە، هەموو ئەمانەش بەپارەی دزراوی میلەت.

کاتێک لەناوچەکانی مادەی ١٤٠و ناوەڕاست‌و باشوری عێراق مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگیرێ، موچەی فەرمانبەرێکی ئەو ناوچانە زیاتربێ لەهاوتاکەی لەهەرێم، لیتری بەنزین لەو ناوچانە ٤٥٠ دیناربێ، بەڵام لەهەرێم دووقاتبێ ئیتر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ بێئومێدبوون.

کۆچی چوگرافی یان ئابوری؟

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، یابان، سەنگافورە، نیوزلەند، ئەسکەندەنافیا….هتد وڵاتەکانیان بەجێناهێڵن؟ بێگومان وەڵامی زۆرینە ئەوە ئەبێ کە لەو وڵاتانەتا دیموکراسی و مافی ڕادەربڕینی ئازاد هەیە.

لەڕاستیا ئەمە نیوەی وەڵامەکەیە بەڵام نیوەکەی تری کە گرنگترە ئەوەیە کە خەڵکی ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهم کراوە، سکی تێرە، مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگرێ و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، جیاوازی چینایەتی لە نزمترین ئاستایە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، عومان و کوێت وڵاتی خۆیان بەجێناهێڵن، لەکاتێکا سیستمی سیاسی ئەم وڵاتانە دیکتاتۆریە و لەلایەن بنەماڵە و خێزانە خۆسەپێنەکانەوە بەڕێوەئەبرێن؟

ڕاستە لەم وڵاتانە مافی ئازادی دەربڕین و سیاسی لە قاڵبدراوە کەچی خەڵکەکەی کۆچ ناکەن، بەڵکو لەبری کۆچ ساڵانە چەند گەشتێک ئەکەن بۆ هەڵمژینی هەناسەیەکی ئازادی و ئەگەڕێنەوە وڵات و ماڵی خۆیان هۆکاری ئەمەش تەنها یەک خاڵی جەوهەریە ئەویش "گیرفانی پڕ”ە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای باشور و بەشێک لە ئاسیا وڵاتەکانیان بەجێئەهێڵن لە کاتێکا دیموکراسی و مافی ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە؟ ئەمجارەشیان هۆکارەکەی هەر ئابوریە، خەڵکی ئەم وڵاتانە وێڕای بوونی دیموکراسی بەڵام بەهۆکاری بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر و بژێویەکی باشتر بۆ ژیان کۆچ ئەکەن.

ئاخر مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکا هەڵەکا بەڵام دەرەقەتی برسێتی نایەت، دایکان و باوکان هەست بە نەنگی ئەکەن کاتێک کارێکی زۆرئەکەن بەڵام ناتوانن پێداویستی مناڵەکانیان دابین بکەن. گەنجەکان هەست بەدابڕان لە ژیان ئەکەن لەکاتێکا نەک توانای گەشت و گەڕانیان نیە بەڵکو شانسی هەلی کاریشیان نیە. فێرخوازان هەست بە دۆڕان ئەکەن کاتێک ئەبینن هاوڕێکانیان ٩٩ لە ١٠٠لە تاقیکردنەوەی کۆتاییا ئەهێنن و لە هیچ زانکۆیەک ناویان نایەتەوە ،کە ئەمە ئەکرێ یەکێکبێ لە بەهێزترین و ترسناکترین هۆکار بۆ پاشەکشێی وڵات لە و ڕەوڕەوەی گەشەکردن و زانست.

گرنگە دەسەڵاتدار ئەوە بزانێ کە تەنیا ئازادی و دیموکرسی سک تێر ناکات و بەس نیە، لەکاتێکا ئەم دوو چەمکە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری جدیایە، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ بەخاک و نیشتمانەوە ئەبەستێتەوە سکی تێرە، پاشان دیموکراسی و هاوتایی و یەکسانی و هەموو چەمکەکانی تر، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەم ئازادی سیاسی و کاری مێدیای لەژێر هەڕەشەی جدیایە هەم برسێتیش لە هەڵکشانایە. مرۆڤ کاتێ برسیبێت تەنها بیر لە خواردن ئەکاتەوە، کاتێ کە تێریش بێت بیر لە دادپەروەری ئەکاتەوە.

ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە لە دەسەڵات و هەردوو بنەماڵەی خۆسەپێنی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنە ساختەچییەکەش، ئایا بە بەرنامە خەڵک برسی ئەکەن تا بیر لە دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی نەکەنەوە؟

دەسەڵات و کۆچ:

دەسەڵاتی هەرێم لەڕێێ ووتەبێژەکەیەوە سوکایەتی بە کۆچبەران ئەکات و خۆی لە بەرپرسیارییەتی ئەدزێتەوە. وتەبێژەکەی دەسەڵات ئەڵێ بەشێکی کۆچبەران خەڵکی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ن، بەشێکیش خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "پ.ک.ک"ن و بەشێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەن، بەواتایەکیتر مەبەستێتی بڵێ خەڵکی هەولێر و بادینان کۆچ ناکەن و ڕازین بەوەی کە هەیە. خۆ ئەگەر دابەزینە ئاستی بیرکردنەوەی ووتەبێژەکەی دەسەڵات، ئەوا عوزر لە قەباعەت خراپتر:

ـ حکومەت نابێ جیاوازی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکیترا بکات.

2ـ ئەبێ ماف و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنێک بە هاوتای و یەکسانی دابین بکات.

3ـ حکومەتی ڕەشید ئەبێ خۆی بە بەرپرس و باوکی کۆی هاڵاتیان بزانێ نەک بەهۆکاری ئینتمای سیاسی پۆڵێنیان بکات.

4ـ حکومەت نابێ خۆی بدزێتەوە لە چارەسەر و ئەستۆ پاکی بکات لە بەرپرسیاریەتی.

5ـ حکومەت کاتێ خۆی دانی پیائەنێ کە کۆچبەران خەڵکی زۆنی زەردنین، واتە ڕاستەوخۆ دانی پیائەنێن کە ئەوان تەنها حکومەتی ئەو ناوچانەن کە دەسەڵاتیان بەسەریا هەیە و خۆیان بەبەرپرسی شوێنەکانیتر نازانن.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی هەرێم، ئەڵێ ئەو خوڵکە درۆئەکەن و چیرۆکی ناڕاست لەسەر  هەرێمی کوردستان دروست ئەکەن! گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینترێست) ئەنوسێت سەرکردەکانی کورد بە فرۆکەی تایبەت گەشتئەکەن کەچی خەڵکەکەی بەدەست بێ مووچەییەوە ئەناڵێنێ، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە.

هەر ئەو گۆڤارە ئەنوسێ حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر داهاتی خەڵکیا گرتووە و بانکەکان پارەی خەڵکی ناگێڕنەوە، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە. کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری لە دێکۆمێنتارییەکا لەسەر کۆچبەران بەووردی باس لە ڕەوشی ئابوری و نایەکسان وی هەلی کارو نادادپەروەری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و گیراوانی بادینان ئەکات وەک چەند هۆکارێک بۆ کۆچکردن، خۆ ئەمەشیان قسەی کۆچبەران نین.

خەڵک لەدەست ئەوە ڕائەکەن کە کەرتی گشتی وڵات ڕادەستی گوایە کەرتی تایبەت کراوە تا هەلی کار بارەخسێنرێ، بەڵام کۆی کەرتی تایبەت لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی هەردوو حیزبی بنەماڵەیایە و ئەوانیش لەبری ڕەخساندنی هەلی کار، داهاتی وڵاتیان بەبارمتە گرتووەو کارمەندەکانیش بە کۆیلە

ئایا  ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئاگایارن کە نزخی یەکەی نیشتەجێ بوون و زەوی و موڵکداری لە بادینان بەتایبەتی لە زاخۆ بەڕێژوی سەرو ٪٢٠ دابەزیووە؟ ئایا پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە موڵک و ماڵیان تاڵان فرۆش ئەکەن و ملی ڕێئەگرنە بەر و ئەو سەرمایەی جەنگەڵەکانی ڕوسیای سپیان پێخۆشترە لە دوبەیەکی دەسەڵات؟

ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن زیندانی کردنی بەناهەقی شیروان شێروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری و هەموو ئەوانەیتر یەکێکن لەو هۆکارانەی کە گەنجان ئومێدیان بە داهاتووی خۆیان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێ. ئایا  وتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن کە بادینان و زاخۆ، نە گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەی برا سەوزەکەیانە و نە شنگال و قەندیل و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "پ.ک.ک"ن دوژمنی دوژمنەکەیان*؟

(تورکیا دۆستی خەونی شاعیری پ.د.ک)
نابێ ئەوش لەبیر بکرێ کە مرۆڤەکان بەردەوام کۆچ ئەکەن، خەڵکی ئەسکەندەناڤیا بەرەو هەتاو "خۆر"، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی گەرموگوڕتر، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای باشور بەرەو ئابوریەکی ىاشتر، خەڵکی ئەفریقا بەرەو مافەکانی مرۆڤ، خەڵکی هندستان و وڵاتانی چواردەوری بەرەو  هەلی کار.

پرسیارێک بۆ دەسەڵاتدران، ئاخۆ خەلكی هەرێمی کوردستان بەرەو کام لاو بەچ هۆکارێک کۆچ بکەن، کێش هۆکاری کۆچی بەلێشاوە دوای سی ساڵ حوکمڕانی کوردی؟

سامانی وەستا بەکر
15ى 11ى 2021
سوید - ستۆکهۆڵم

15/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر