پیلانە یان گەڕانەوەیە

ئاکۆ محەمەد

بەرهەم ساڵح متمانەیەكی شكاند كە دەبووایە بەهیچ نرخ و شێوەیەك ئەو متمانەیە لەلای لایەنگرانی لەنێو یەكێتی و خەڵكی كوردستان و لەلای سەركردایەتی پارتی نەیشكێنێت ، چونكە ئەوە سەرمایەیەكی زۆر گەورەبوو بۆ گەورەبوونێكی سیاسی زۆر سەرنجڕاكێشی ئایندەیی بۆ ئەو . بەڵام شێوەو بازنەی رێككەوتنەكەی بۆ دیاریكرانی وەك بەربژێری سەرۆكایەتی كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە ، زیاتر لەوەی لە رێككەوتن بچێت وەك سەپاندن و پیلانگێڕی دەركەوت .

بەرهەم ساڵح ، وای لێهاتبوو بەبێ ئەوەی پرسیار لە شوێن و بەرپرسیارێتییەكەی بكرێت ، وەك كەسایەتییەكی سیاسی كوردستان جێگەی رێزبوو ، لەبەرئەوەش خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی پارتیش كە قسەی یەكەم دەكات لە باشووری كوردستان ، كەسایەتی ئەویان وەك خاوەنی دوو كورسی تەماشا نەدەكرد . بەڵام لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ئەو كەسانە هەبوون كە دەیانویست بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆیەكی نهێنی و شەخسی و سەفقەییدا ، وەك خاوەنی تەنیا دوو كورسی و وەك شێت و شەیدای پۆستی سەرۆككۆماری وێنا بكەن و بەوشێوەیە بیگێڕنەوە ناو ئەو یەكێتییەی ئەوان لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەیانەوێت .

بەرهەم ساڵح ، كوڕی باوكێكی رۆشنبیر و دایكێكی كوردپەروەرە ، واتە پەروەردەی خۆی لە ژینگە و ماڵێكی بەوشێوەیەدا وەرگرتووە . بۆیەش زیاتر وەك كەسێكی مەدەنی دەردەكەوێت ، بەڵام بەداخەوە ئاسان دەكەوێتە نێو ئەو داوە سیاسییانەوە كە بەڵێنەكە بۆ ئەو تێیدا پۆستی سەرۆككۆماری بێت .

ئەگەر بەرهەم ساڵح لە جێگەی كاك مەسعوود و سەركردایەتی پارتی بووایە هەمان ئەو هەڵوێستەی ئێستای پارتی دەبوو. بەرهەم ساڵح كە بەئاشكرا بە هاودیدەكانی خۆی دەگوت ئەو لەبەر شێوەی بەڕێوەبردنی ئەوانە یەكێتی بەجیهێشتووە كە ئامادەبوون خیانەتی 16ی ئوكتۆبەر بكەن ، ئێستا چووە لەگەڵ ئەوان رێككەوتنێكی شەخسی و شاراوەی كردووە . 16ی ئوكتۆبەر بەلای پارتییەوە خەنجەر لەپشتەوە لێدانی كوردستان و پارتی بوو ، رێككەوتنی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەواندا و لە چوارچێوەیەكی نهێنی و شاراوە لە سەركردایەتی یەكێتی و تەنانەت لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، زۆر جێگەی گومانێكی گەورەیە ، كە بەهیچ شێوەیەك چاوەڕوانی پارتی بەوشێوەیە نەبووە لە بەرهەم ساڵح . لەبەر تەرەفی گفتوگۆ و رێككەوتنەكەی . ئەگەر گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆسرەت رەسولی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی بووایە و ئەو ئەندازیاری رێككەوتنەكە بووایە ، هەڵوێستەكەی پارتی زۆر جیاوازتر دەبوو . بەڵام ئێستا رێككەوتنەكە وەك سەفقەیەكی شەخسی و بازنەیی بچووك و دارایی دەبینرێت ، كە چاوەڕوانی پێدا تێپەڕینی هەموو پیلانێكی دیكەی تێدا دەكرێت لە ئایندەدا .

ئەگەرنا پێش تەواو جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح ، نێچیرڤان بارزانی وەك جێگری سەرۆكی پارتی زۆر هەوڵیدا بەرهەم ساڵح لە یەكێتی دوورنەكەوێتەوە و لەناو یەكێتیدا بەردەوامبێ و بگەڕێتەوە بۆ كاركردنێكی كارا لەنێو یەكێتیدا ، هەموو پارتی و گشت نزیكەكانیشی لەناو یەكێتیدا كە لەگەڵی نەڕۆیشتن، هەر ئەوەیان دەویست . هەروەك چۆن كاك مەسعوود زۆركات تاوەكو رادەی هەموو هەوڵدانێك بۆ مانەوەی یەكێتی هەوڵیداوە ، لە ناسكترین و سەختترین دۆخەكانی یەكێتیدا .

بەرهەم ساڵح خۆی باش دەزانێت ، ئەو گەڕانەوەیە بە رێككەوتن لەگەڵ كەسی یەكەمی فەرمی كۆسرەت رەسوڵ و ئۆرگانی یەكەمی یەكێتی ،مەكتەبی سیاسی ، نەبووە . بەرپرسی دەستەی كارگێڕی (كە كۆبوونەوەكەی بەجێهیشت ) و هێرۆخان (كە هەر نەچووە كۆبوونەوەكە) و 16 ئەندامی سەركردایەتیش كە رێككەوتنە نەنووسراوەكەیان وەك فەرمان برایە بەردەم لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ، سەرەڕای هەموو گوشارەكان ، دەنگیان بۆ نەدا . بەوشێوەیەش چۆن هەموو سەركردایەتی یەكێتی لەو رێككەوتنە هیچ لەبارەوە نەگوتراوە دڵنیا دەبێت ؟ ئایا بەیاننامەی ناوەندی بڕیار كە بەرهەم ساڵح خۆی نووسەری بوو ، لەدژی ئەوانە نەبوو كە ئێستا بە شاراوەیی لەگەڵیان رێككەوتووە ؟ چ گۆڕاوە ؟ ئایا ئەویش بەشداربووە لەگەڵیان لە 16ی ئوكتۆبەردا كە ئێستا ئاسان بەوشێوەیە پێكەوە بەشاراوەیی لە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتی، پێكەوە رێكدەكەون ؟ ، من باوەڕناكەم بەرهەم ساڵح دەستی لە 16ی ئوكتۆبەردا هەبێت ، بەڵام رێككەوتنەكەی بەوشێوەیە زۆر گوماناوییە .

فوئاد مەعسووم ، ئەوكاتەی سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بوو لە پەرلەمانی عێراق ، كەسێكی چالاك بوو و چەند جاریش لەلایەن مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەی ئاشكرا سوپاسكراوە ، بەڵام كە بە رازیبوونی تەنیا بەشێكی یەكێتی و بەوشێوە لاوازەی كە بینیمان و بە دەنگۆی هەندێ رێككەوتنی شەخسی ناوخۆیی بووە سەرۆككۆمار ، لە كوردستان و عێراقیش زەمینەی سەرۆككۆمارییە بەهێزەكەی تێكدرا ، ئێستا گونجاوە بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی زۆر خراپتر لەوە ببێتە سەرۆككۆمار بە رێككەوتنێكی گوماناوی؟

بەرهەم ساڵح هەر لەسەر باشكردنی سیاسەت و دەسڵاتدارێتی كوردستان قسەی دەكرد ، لەبەرئەوە كە یەكسەر لە دوای 16ی ئوكتۆبەرەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتی رزگاری نیشتمانی دەكرد بە بەشداری خۆی ، بە گومانەوە تەماشای ئەو داوایەم نەدەكرد . بەڵام وادیاربوو ئەمریكا زانیاری و لێكدانەوەیەكی دیكەی هەبوو لەبەرئەوە بە بەیاننامەیەك كۆتایی بەو ئاراستەیە هێنا . هەروەك چۆن دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ، كە 10 هەزار پێشمەرگە بە رێنوێنی شەریكە ئاشكراكانی ئێستای ، وێنەی بەرهەم ساڵحیان بە ناونیشانی "خائین" بەرزكردەوە لە زۆنی سەوز ، لەبەرئەوەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك بوو ، وێنەكە بۆ خەڵكی بەشێوەیەكی دیكە خۆی دەنواند .

د.بەرهەم ساڵح وەك كەسێكی بە توانا لەلای كورد ناسرا . كەسی بە توانای وەك بەرهەم ساڵح لەنێو یەكێتی و حیزبەكانی دیكەشدا هەبوون ، بەڵاممام جەلال لە كەسێكی بەتوانای نەناسراوەوە لە دەرەوەی كوردستان گەورەی كرد و دواتریش سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگەی شاخ نەبوو و زۆر كەسی دیكەش خۆیان لەو بە شایانتر دەزانی ، كردییە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی . تاوەكو ئێرە مام جەلال تەنیا بوو لە گەورەكردنیدا ، بەڵام دواتر سەركردایەتی پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو لەوەی بەرهەم ساڵح لە وێنەی كەسێكی ئیداریی شەڕنەخواز و ئاشتەوایی خواز لە كوردستان بناسرێت و لە بەغداش پشتیوانی لێبكات . لەبەرئەوەش خۆیشی چەندین جار كە لەگەڵ كەسانی پارتیدا دانیشتووە باسی لە پشتیوانی سیاسی فراوانی كاك مەسعوود بارزانی كردووە ، تەنانەت لەكاتی كۆتایی كابینەی شەشەمدا خۆیشی دەزانێت ، كاك مەسعوود لاری لەوە نەبوو تێپەڕتر لە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر دوو ساڵ بە دوو ساڵی سەرۆكایەتی حكومەت ، لەبەر خاتری بەرهەم ساڵح ، دوو ساڵی دیكەش وەك سەرۆكی حكومەت بمێنێتەوە ، بەڵام مام جەلال بەڕوونی ئەوەی بە كاك مەسعوود گوت كە بەهیچ شێوەیەك حەزناكات دوو ساڵی دیكە بمێنێتەوە ، تاڵەبانی ئەوەی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیشدا یەكلاییكردەوە . جگە لەوەش بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی ، هەمیشە وەك پاڵپشتی یەكتر ناسرابوون ، كە پەیوەندییەكی بەهێزی بەردەوام كۆیدەكردنەوە .

هەموو ئەوانە راستی چەند ساڵێكن كە زۆر دوور نین و خەڵك هەموو ئەو رووداوانەی زۆر بەچاكی لەبیرن ، بەڵام بەرهەم ساڵح بەو رێككەوتنەگوماناوییە هەموو ریسە سیاسییەكەی خۆی لە پێش چاوی خەڵك كردەوە خووری ، بەبێ ئەوەی هیچ پێویست بكات ئەو ریسكە بكات . چونكە شێوەی گەڕانەوەو بەربژێركردنەكەی زیاتر لە پیلانێكی سیاسی دەچێت بۆ بارودۆخی كوردستان و دۆخی ناو یەكێتیش ، لەبەرئەوە خەڵكی كوردستان و زۆر لە نزیكەكانیشی لەنێو یەكێتیدا ئەو چاوەڕوانیەیان لە د.بەرهەم ساڵح نەبوو . ئەگەر مەبەستەكەش شكاندن و لاوازكردنی بەرهەم ساڵح نەبووایە ، نەدەبووایە گەڕاندنەوە و بەر بژێركردنەكەیشی بەوشێوەیە بێت .


24/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر