لەمیدیایی خاوەن جینۆسایدەوە بۆ میدیایی گرفتدار بە کوێخا دێرین

زمناکۆ ئیسماعیل

   دوو ڕۆژە چەناڵی العربیە، دیمانەیەکی چەند دەمژمێری پەخش دەکات، لەتەک هەریەکە لە هاوژینی ئەبوبەکر بەغدادی ئەسما محەمەد و کچەکەی ئەمیمە ئەبوبەکر بەغدادی، کە بۆ یەکهەمینجارە لەمیدیادا دەر بکەون و بپەیڤن، ئەم بابەتە میدیاییە، بەتەنها لە وێبسایتێکی ئاست ناوەندی کوردیی نەبێ، کە چەند ڕستەیەکی ئەم چاوپێکەوتنەی دانابوو، لەهیچ میدیایەکی دیکەدا نەمبینی بیکەنە بابەتی سەرەکی خۆیان،  لەڕاستیدا ئەم چاوپێکەوتنە، بەڕوونی دەستکەوتی لەسەر جینۆسایدی نەتەوەیی کورد تیایە، کە دەبوو میدیایی کوردیی، وەک سەرجەم بەپەلەکانیان، ئەمەیان بکردایە بەپەلە، نەک هەواڵی کوێخا دێرین بکەن بەسەر دێڕی هەواڵ و هەواڵێکی پەیوەست بەجینۆسایدی نەتەوەیی کورد، وەلا بنێن.

   یەکێک لەخاڵە زۆر گرنگەکانی پەیوەست بەجینۆسایدی کورد، لەم دیمانەیەدا، ئەوە بوو کەسی پێشکەشکار دەپرسێ، " ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە ١٠ سەبایەی ئێزیدی هەبووە"، ئەسما محەمەد ژنی یەکهەمی ئەبوبەکر بەغدادی دەڵێ " ئەو خەلیفەیە چوار ژنی موسڵمان و زیاتر لە دە سەبایەی ئێزیدی هەبووە"، ئەمە خاڵێکی زۆر بەهێزە لەنێو جینۆسایدی ئەم نەتەوەیە، ئێمە وەک خاوەن ئەم بابەتە، دەتوانین وەک کەیسێکی یاسایی زۆر بەهێز بەکاری بهێنین.

   یەکێک لە دەردە هەرە کوشندەکانی میدیایی ئێمە ئەوەیە، کە وازیان لە بابەتی جینۆسایدی ئەم نەتەوەیە هێناوە، بەتەنها ساڵیادو ساڵیاد باسی ئەم کارەساتە دەکەن، لەڕاستیدا من وەک میدیاکارێک بۆ ماوەی ١٠ ساڵە لەنێو جینۆسایدیی ئێزیدییەکان کار دەکەم، ئەمڕۆش پاش ئەو بەرنامەیە کەبینیم، لەپەیوەندیدا بووم بە حاکمی ئێزیدییەکان و چەند ڕۆژنامەنوسێکی بیانی هاوبەشی ئەو کارەم، دەربارەی ئەو ددان پێدانانەی، ئەو ژنەی بەغدادی.

   گرنگە میدیاو میدیاکاری ئێمە، بەدەست و ددان، بەباوەش و ئامێز، توند توند جینۆساید بگرێ، چونکە جینۆسایدو کارەساتەکان، بەتەنها کارتی سەربەخۆیی نەتەوەکەمانە، لەدەست سەرجەم ستەمکارێکی ناوخۆیی و دەرەکی، ناوخۆیی عێراق و هەرێم و وڵاتانی داگیرکاری کورد کە جینۆسایدیان کردوین وەک ئێران و تورکیا و سوریا، دەرەکیش وەک وڵاتانی بەشداربوو بەکردەی جینۆساید، بۆیە دەبێ بچوکترین دەرفەت بقۆزینەوە لەسەر ددان پێدانان بەتاوانەکانی جینۆساید و نەهێڵین لەدەستمان بچێ، دەبێ بیکەینە بابەتی گەرمی میدیاکانمان، نەک بابەتی کوێخا دێرین بکەینە بابەتی گەرمی هەواڵ و بابەتی جینۆسایدیی نەتەوەیەک، لەیاد بکەین و بیخەینە پشت گوێمان.

17/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر