عێراقی ستەمکار، یان کوردی دەرددار؟

نوری بێخاڵی




ڕاستییەکەی بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی، کورد لە عێراقدا ڕووبەڕووی لەمپەری یەک جۆر لە عەقڵیەت و دەستەبژێری عەرەبی بووەتەوە و دەبێتەوە، نەک دوو. واتە شتێک نییە بەناوی دەستەبژێری عەرەبی (شیعە و سووننە، چەپ و ڕاست، لیبڕال و کۆنزەرفاتیڤ، ئیسلامی و عەلمانی)، بەڵکوو تەنیا یەک تایپ عەقڵیەت و دەستەبژێر (بەتایبەتی سیاسییەکەی) هەبووە و هەیە، کە هەمیشە ویستوویەتی و دەیەوێ، کورد مەوالی و نۆکەری ئەو بێت.

 
 
بۆ مل پێ کەچکردنی کورد و وازهێنانی لە ئامانج و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشی، ئەم تاقانە عەقڵیەتە، سڵی لە گرتنەبەری هیچ سیاسەتێک نەکردووەتەوە و ناکاتەوە. ئەگەر جاران کوردی جینۆساید دەکرد، ئەمڕۆ کورد برسی دەکات. قسەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سەبارەت هەڵوێستی بەغدا، دیوێکی ئەو ڕاستییەیە کە دەڵێت: “هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق لە پەرلەماندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر ستەمكارانه و سیاسەتێكی پڕ لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بوو”. 

 


ئەوەی بە درێژایی سەدەی بیستەم لە عێراقی سایەی سووننەدا بەسەر کورددا هات و ئەوەی ئێستاش و بە درێژایی حەڤدە ساڵ، لە سای عێراقی شیعەزاڵدا بەسەر کورددا دێت، هەمان شتە، بەڵام بە فۆڕمی جیا و لە سای هەلومەرجی جیاوازدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گوناهەکەی چەندە لە ئەستۆی ئەوانە، ئەوەندە و زیاتریش لە ملی کورد خۆیەتی.

 


بەداخەوە، کورد هێندەی مەست و حەیرانی برایەتیی ساختەی بەرامبەرەکانیەتی، چارەگی ئەوە لە خەمی برایەتیی کورد و کورددا نییە. بۆیە ئەوەی ئێستا لە بەغدا و لە دژی کورد دەگوزەرێ و تا دێت دەنگی عەرەب نێرتر دەبێت، خەتاکەی پێشوەختە لەئەستۆی کوردە، ئینجا عەرەب!

 


بەچاوپۆشین لە ستەمکاریی و سیاسەتی شۆڤینیانە بەرامبەر بە کورد، بەڵام بە درێژایی مێژوو، ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی، هۆکاری سەرەکی بووە لەوەی کورد، لە بەرامبەر عێراق لاواز دەرکەوێت. وەک چۆن ئێستاش ئەو ناکۆکییە بووەتە چەکی کاریگەری دەستی بەغدا، تاکوو بە هۆیەوە هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان بکات.

 


ئەوەی دۆخەکەی مەترسیدارتر کردووە و ناکۆکییە سیاسییەکانی بە ئاقارێکی ترسناکتردا بردووە و سەرۆکی هەرێم گوتەنی: “باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستانی خراپتر كردووە”. ئەو “شەڕە ئاستنزمەی سۆشیال میدیا”یە کە لایەنە ناکۆکەکان لە دژی یەکتری بەرپایان کردووە. شەڕێکی ناچیزە، کە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت، ئەوا  “دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گەورەی كۆمەڵگە و تێکدانی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان”. 

 


لەم شەڕەدا هیچ کام لە لایەنە ناکۆکەکان ناتوانن بێتاوانیی خۆیان بسەلمێنن. چونکە بابەتەکە کرداری ئەم و پەرچەکرداری ئەو نییە، بەڵکوو گەیشتووەتە ئاستێک، پێشبڕکێشیانە لەسەر ئەوەی، کامەیان داهێنان لە جنێوی نوێ، زمانێکی زبرتردا دەکات و زۆرترین سووکایەتیی بە بەرامبەرەکەی دەکات. بۆیە هەتا ڕۆحی یەکتر نەخوێندنەوە و گوتاری تەخوینکردن و بە شەیتانکردنی یەکتری مابێت، داشی بەغدا هەر سوار و دۆخی ئێمەش هەر خراپتر دەبێت!

 


لێرەوەیە، بەدەنگەوەچوونی لایەنەکان بۆ بانگەوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەوەی کە “دەبێ دەستبەجێ كۆتایی بەو ناكۆكییە سیاسییانە بهێنرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن”. هەروەها پێداگیریی بەڕێزیان لەسەر ئەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، وهك چەتری کۆکەرەوە و ماڵی هەمووان، هەمیشه و به هەموو شێوەیەك هاوكاری سەرخستنی هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکڕیزیی کورد دەبێت، هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی.











02/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر